هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ڕایدەگەیەنێت هیوامان پێكهێنانی هەنگاوی ئەرێنییە، دەڵێین ئیدی لە بری قسەکردن، پرۆسەکە پێویستی بە هەنگاوی پراکتیکییە. دوای کۆبوونەوەی پارتەکەی لە بینای پەڕلەمان، تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتی (دەم پارتی) وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ قسەکانی وتەبێژی ئاکەپە عومەر چەلیک کرد کە گوتبووی، "لە نێو مانگێکدا پرۆسەکە پێشکەوتنی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت." باقرخان وتی: ئێمەیش بەشداری ئەو قسەیە دەبین، ئیدی با پێشكەوتنی نوێی کاریگەر بڕەخسێندرێت. کۆمەڵگەی تورکیاش لەم چاوەڕوانییەدایە. شاندەکەشمان لە بینینی بەڕێز ئۆجالاندا هەمان شت و خواستییان دەربڕییوە. هیوامان پێكهێنانی هەنگاوی ئەرێنییە. دەڵێین ئیدی لە بری قسەکردن، پرۆسەکە پێویستی بە هەنگاوی پراکتیکییە." باقرخان دەربارەی کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دادی تورکیادا گوتی: "داواکاری پێشکەش کراوە. هێشتا کاتەی دیار نییە، بەڵام ڕەنگە لەم چەند ڕۆژەدا ئەنجام بدرێت." باقرخان پەیوەست بە پرسی چەکدانانەوە ئەمەی گوت: "هیچ لەو ڕووەوە نازانین، بڕیاری ڕێکخستنە. بەڵام شتێکی گرنگ هەبوو کە سەرۆک پەروین بوڵدان گوتبووی، 'لە هەموو جارەکان زیاتر هیواداری و پێداگری بەڕێز ئۆجالانم هەستپێکرد پەیوەست بە پرۆسەکەوە." ئەمە پێشکەوتنێکی گرنگ و باشە. هیواخوازین ئەو مۆراڵ و هیوادارییە کاریگەری لەسەر سەرانسەری تورکیا دانێت." باقرخان پەیوەست بە دۆخی تەندرووستی سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی گوتی: " ئەوەی گرنگە بەلامانەوە ئەوەیە سەرۆک سری بە زووترین کات چاکبێتەوە و بە شێوەیەکی چالاک بەشداری کارەکانی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ببێتەوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەى ئامادەنییە بەهیچ شێوەیەك گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ئاشكرا لەگەڵ بەرپرسانى ئەمەریكا بكات، هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو چەند لایەنێک دەیانەوێت لە ڕێگەی فشاری میدیایی و ئاراستەكردنی سیاسییەوە ڕێرەوی دیپلۆماسی بشێوێنن. ئاژانسی تەسنیم، لەڕاپۆرتێکدیدا ئاماژەى بە پۆستکێکى پێشووى عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کردوە کە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویکردوەتەوە، دەڵێت: ئەوكاتەی ڕەزامەندیم لەسەر وتارەكەم لە كۆنگرەی كارنیگی نێودەوڵەتی بۆ سیاسەتە ئەتۆمییەكان دەربڕی، هێشتا ئەمەریكا و ئێران كاتی گفتوگۆی داهاتوویان دیاری نەكردبوو، كە بڕیارە چوارشەممە گفتوگۆی پسپۆڕان و شەممەش لەسەر ئاستی باڵا كۆببنەوە". هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختى لەسەر ئەوەکردوەتەوەو ئاماژەى بەوتەیەکى پێشترى خۆیکردوە کە ئێران ناچێتە دانوستانی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ئەمەریكا. عێراقچی ئەوەش دەڵێت: لە وتارە ئامادەكراوەكەیدا ئاماژەی بە هەوڵی چەند گروپێكی خاوەن بەرژەوەندی تایبەت داوە بۆ تەگەرەخستنە بەردەم گفتوگۆكان ئەویش لە ڕێگەی شێواندنی وێنای دانوستانكارە ئێرانییەكان، هەروەها هاندانی ئیدارەی ئەمەریكا بۆ زیاتركردنی داواكارییە قورسەكانی، بە ئامانجی ئەوەی رێرەوی دیپلۆماسی لە رێرەوی خۆی لا بدەن". وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت "من راهاتووم روبەڕووی پرسیاری قورسی ڕۆژنامەنوسان ببمەوە، یاخود وەڵامی ترسی هاوڵاتیانی ئاسایی بدەمەوە، بەڵام گۆڕینی وتارەكە بۆ دانیشتنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەبێتە گفتوگۆی ئاشكرا، ئەوەش شتێكی قبوڵ نەكراوە، دەبێتە هۆی بێزاربوونی بەشێك لە ئامادەبووان كە دەیانەوێت زانیاریی ورد لەبارەی رێرەوی گفتوگۆكان بزانن". رۆژی یەكشەممە 20 ی نیسان، گەڕی دووەمی دانوستانە نافەرمییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەپێی خشتەی كاتیی دیاریكراو كۆتایی هات.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە سەرۆكی "ئێكس" نوسیویەتی: بە خۆشحاڵییەوە بە گەلەکەمان رادەگەیەنین کە کۆنفرانسی "یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە رۆژئاوا" رۆژی (٢٦)ی نیسان بەڕێوە دەچێت. یەکگرتوویی کورد پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد لە سوریا. هیوادارین هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتی نیشتمانی خۆیان جێبەجێ بکەن. بەم بۆنەیەوە سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە هاوکار بوون بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە بكەوێتە سەرپێ و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکە دەخوازین. بەگوتەی سەرچاوەیەکى ئاگادار، گفتوگۆکانی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە تەواو بوون و ئێستا لەوبارەیەوە هیچ ناکۆکییەک لەنێوانیاندا نەماوە و لە کۆنفراسەکەشدا رێککەوتنی نێوانیان و رەشنووسی هاوبەشی کوردی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق رادەگەیەنن. کۆنفرانسەکە بە بەشداریی 300 کەس دەبێت، پەیەدە 130 ئەندام و ئەنەکەسەش 130 ئەندام، هەردوولاش بە رێککەوتن 40 میوان لە توێژە جیاوازەکانی رۆژاڤا دیاری دەکەن. بە گوتەی سەرچاوەکە، هیچ بڕیارێک لە کۆنفرانسەکەدا نادرێت و کۆمیتەی تێدا پێکناهێنرێت، ئەوەی هەیە راگەیاندنی رێکەوتنی کوردی – کوردیی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە و رەشنووسی هاوبەشی کوردییە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق لەبارەی ماف و داواکارییەکانی کورد.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، حكومەتی ئێران درەنگانێكی شەوی رابردوو زیندانییەکی سیاسی کوردی لە زیندانی ورمێ لەسێدارەداوە، کەسوکارەکەشی ئاگادار کراوەتەوە نابێت پرسەی بۆ دابنێن. بەگوێرەی سەرچاوەكە، زیندانییەكە ناوی حەمید حسێن نەژاد حەیدەرئلوو لە زیندانی ورمێ بە شێوەی نهێنی لەسێدارە دراوە، کەسوکاری لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێ ئاگادار کراوەتەوە، کە نابێت پرسەی بۆ دابنرێت. لە (٢٧)ی ئازاری ئەمساڵ، حەمید حسێن نەژاد حەیدەرنلووی تەمەن (٣٩) ساڵ خەڵکی گوندی سگریکی سەر بە شارۆچکەی چاڵدێرانی سەر بە پارێزگای ورمێیە، لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە بە تۆمەتی یاخیبوون دژی دەوڵەت سزای لەسێدارەنەکەی پەسەندکراوە. لە رۆژی (١٣)ی نیسانی (٢٠٢٣)حەمید حسێن نەژاد حەیدەرئلۆ بەبێ فەرمانی دادوەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە، (١١) مانگ لە ژێر ئەشکەنجەو لێكۆڵینەوەدا بووە، لە مانگی تەموزی (٢٠٢٤) لە دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی یاخیبوون دژی دەوڵەت سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، دوای تێهەڵچونەوە، دادگای باڵا بڕیارەکەی پەسەند کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە یەک دۆلار بە کەمتر لە 82 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەم بەرزبوونەوەیەش لەکاتێکدایە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەیەو پاڵپشتی بۆ نرخی تمەن دروستکردووە. بەپێی ماڵپەری نەڤەسان، تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نیوخۆی ئێران، یەک دۆلار بە 81 هەزار و 900 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت. شرۆڤەکاران و بازرگانانی دراو لە ئێران دەڵێن، ئاماژە سیاسییەکان بۆ رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی خواست بۆ کڕینی دۆلار کەم ببێتەوە خەڵک روو لە فرۆشتنی دۆلار بکەن. سەرەڕای ئەوەش، ئەو بازرگانانە پێیانوایە نرخی راستەقینەی دۆلار بەرامبەر تمەن هەر نزیکەی 80 هەزار تمەنە و ئەگەر دەسەڵاتدارانی بانکی ناوەندی و حکومەتی ئێران بیانەوێت خستنەڕووی دۆلار لە ناو بازاڕدا زیاد بکەن، چاوەڕوان دەکرێت نرخی تمەن زیاتر بەرزببێتەوە و بەوپێیەش نرخی یەک دۆلار دەتوانێت تاوەکو 70 هەزار تمەنیش دابەزێت. گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ـی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد. ڕۆژی 19ـی نیسانی 2025، گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
لە ڕێگای شاندی ئیمراڵییەوە ڕێبەر ئاپۆ پەیامێكی نوێی بڵاوكردەوە و تیایدا هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ سری سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری دەمپارتی خواست. شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی دوای دیدارێکەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایگەیاند، ئۆجەلان هیوای چاکبوونەوەی بۆ سرری سورەییا ئۆندەر خواستووە و جەختیکردووەتەوە کە هیوای زۆری بە پرۆسەی ئاشتی هەیە. پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی رایگەیاند کە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کردووە و دیدارێکی "زۆر بەرهەمدار"یان لەگەڵ ئۆجەلان کردووە. بوڵدان سەبارەت بە وردەکاریی دیدارەکە گوتی: "یەکەمین تەوەری باسەکانمان تەندروستیی سرری سورەییا ئۆندەر بوو و عەبدوڵڵا ئۆجەلان هیوای چاکبوونەوەی بۆ خواست." دەشڵێت: سڕی سورەیا ئۆندەر، کلتورى دژایەتیی تورک و کوردى لە توركیا تێکشکاند. شەوی (15ـی نیسانی 2025) سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی توشی جەڵتەی دڵ بو، بەپەلە گەیاندرایە نەخۆشخانە و لە ئەستەنبوڵ نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ ئەنجام درا.
دوای دوو ڕۆژ لە کۆتایی هاتنی خولی دووەمی دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا وتووێژێکی زۆر باشی لەگەڵ ئێران ئەنجامداوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە هەنگاوى دواتر چی ڕوودەدات، ترەمپ وەڵامی دەداتەوە، “هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە کە پێویستمان بە کەمێک کات هەیە”. ڕۆژی 19ـی نیسانی 2025، گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو. هەروەها ڕافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گەشبینی خۆی دەربڕی بەرانبەر کۆبوونەوەکان، کەشوهەواکەی بە هاندەرانە و پڕ لە توانای پێشکەوتن زانی، سەرەڕای ترسی ڕاستەقینە پێش دەستپێکردنی خولەکە کە ڕەنگە دانوستانەکان سەرکەوتوونەبن یان شکستبهێنێت. گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ـی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.
لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامن، سوپای ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا هێرشی کردووەتە سەر ٢٠٠ ئامانج لە ناوچەی کەرتى غەززەى فەلەستین. سوپاى ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند کە ئامانجەکان بریتین لە شوێنەکانی هەڵدانی چەک و قەناس بەدەست، کۆگای چەک و باڵەخانەکان کە ئەندامانی حەماس بەکاریان دەهێنن. هەروەها سوپای ئیسرائیل تیرۆرکردنی سەرکردەیەکى بزووتنەوەی بزووتنەوەی حەماس بە ناوی ئەحمەد مەنسوور ئاشکرا کرد و بە "ئەندامی یەکەی موشەک" وەسفی کرد کە بە وتەی خۆیان بەشداریی لە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەردا کردووە کە بزووتنەوەکە دژی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل ئەنجامیاندا. هەروەها سوپا وێرانکردنی ژێرخانی حەماس لە ناوچەی شەبورە و تل سوڵتان لە ڕەفەح و دۆزینەوەی کۆگایەکی چەک کە نارنجۆکی دەستی و تەقەمەنی و کەرەستەی دیکەی سەربازیی تێدابوو ڕاگەیاند.
پێش بەڕێوەچوونی خولی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن کە بڕیارە شەممەی داهاتوو لە عومان بەڕێوە بچێت، بڕیارە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی چین بکات. ئیسماعیل باقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، عەباس عێراقچى، ڕۆژی سێشەممە بەمەبەستی ڕاوێژ سەردانی پەکین دەکات. وەزیرى دەرەوەى ئێران، لە سەردانەى هەفتەی ڕابردوویدا بۆ مۆسکۆ، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام لە نزیکەوە لەگەڵ مۆسکۆ و پەکین لەبارەی پرسی ئەتۆمی ڕاوێژ دەکات. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کە تاران کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بۆ ڕووسیا بگوازێتەوە. وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئێران ئەوەشى ڕونکردەوە، وڵاتەکەى بەمدواییانە بەردەوام ڕاوێژى لەگەڵ بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیا کردوە سەبارەت بەوتووێژکانیان لەگەڵ ئەمریکا. ناوبراو جەختی کردوە کە داواکاری سەرەکی تاران لە هەر دانوستانێکدا هەڵگرتنی گەمارۆکانە، جەختی لە سەر پێویستی مسۆگەر کردنی ئەمە کردەوە، هەروەها هەموو ئەو سزایانەى بەسەر وڵاتەکەیدا سەپێنراون، به ناڕەوا و نایاسایی زانی. هەروەها ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵی تێکدانی دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەدات.
بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، هەریەک لە پەروین بوڵدان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل وەک شاندی ئیمرالی دەم پارتی بەرەو دوورگەی ئیمرالی بەڕێکەوتن. کەمێک پێش ئێستا، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، ئەندامی نووسینگەی یاسایی سەدە، بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرەو دوورگەی ئیمرالی بەڕێکەوتن. دوای ٤٣ مانگ لە گۆشەگیریی بەردەوام، لە ٢٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بۆ جاری یەکەم عومەر ئۆجالان، برازای و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ڕحا، دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا. دواتر شاندی ئیمرالی دەم پارتی، کە لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر پێکدەهاتن، لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ و ٢٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا. هەروەها لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ جارێکی دیکە شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دیداری ئەنجامدا، دوای دیدارەکەش شاندی ئیمرالی دەم پارتی لە ئەستەنبوڵ پەیامی سەدەی ڕێبەر ئاپۆی بەناونیشانی “بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک” بڵاوکردەوە و لە ئاستی جیهاندا پێشوازیی لێکرا. لە کۆتاییشدا لە ٣١ـی ئادار بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، هەریەک لە عومەر ئۆجالان و محەمەد ئۆجالان وەک خانەوادە دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا.
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای تووشبوون بە نەخۆشی، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆیە و سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکەکانی جیهان بوو. پاپا فرانسیس بە بنەچە ئیتاڵییە، بەڵام لەدایکبووی شاری بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتینە. - لە 17-12-1936 لەدایکبوو، یەکەم کەسی بە بنەچە ئەمریکای باشوور بوو کە ببێتە پاپا. ھاوکات دووەم کەسایەتیی کاسۆلیکی دەرەوەی کیشوەری ئەورووپایە لە دوای گریگۆری سێیەم ئەو نازناوەی وەرگرتبێت. - لە 13ی ئاداری 2013ـەوە وەک 266ـەمین پاپای ڤاتیکان دیاریکرابوو. - پێشتر بەرپرسیارییەتی سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکانی پێ سپێردرابوو. - پێش ئەوەش سەرۆکی ئەسقەفەکانی بۆینس ئایرس بووە و لە ساڵی 2001 پاپا یۆحەنا پۆلسی دووەم نازناوی (کاردیناڵ)ـی پێ بەخشی. - ناوی فرانسیسی بۆ خۆی دانا وەک رێزلێنانێک بۆ فرانسیس ئاسیزی پیرۆز. - پاپا فرانسیس زمانەکانی ئیسپانی، لاتینی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ئۆکراینی ھەروەھا ئینگلیزی دەزانی. - بە داکۆکیکاری ھەموو بزووتنەوەیەکی مرۆڤدۆستانە و ھێنانەدی دادگەری کۆمەڵایەتی و رێگەخۆشکردن بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی نێوان نەتەوە و ئایین و بۆچوونە جیاوازەکان دەناسرا. ھەر بۆیە دوای ھەڵبژاردنی وەک پاپای نوێی ڤاتیکان چەندین رێوشوێن و مەراسیمی ئایینی پێشووتری ھەڵوەشاندەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئایینی ڤاتیکانیش توانای گۆڕانکاریی لە رێسا و یاساکاندا ھەیە. - خێزانی پاپا فرانسیس بە بنەچە ئیتاڵین، بەڵام لە سەردەمی حکومڕانیی فاشیستی ئیتاڵی، خێزانەکە بە ناچاریی ئیتاڵیا بەجێدەھێڵن و بەرەو ئەرجەنتین کۆچ دەکەن. - لە منداڵییەوە حەزی بە میوزیک و فیلم و کولتووری وڵاتانی ئەرژەنتین و ئۆرۆگوای کردووە. - لە کاتی لاویشدا حەزی بە وەرزش و یاریی تۆپی پێ بووە و ھاندەرێکی سەرسەختی مارادۆنا و یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بووە.
سهزایی تەمەلی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دهم پارتی) ڕایگەیاند، ئهمڕۆ دووشەممە، 21-04-2025، سەرکردایەتیی دهم پارتی بۆ بڕیاردان و تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆ دەبێتەوە. بە گوتەی تەمەلی، لە کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتیی دەم پارتیدا، وادەی دیداری شاندی ئیمرالی لەگەڵ وەزیری دادی توركیا و پێشنیازی به یاساییكردنی پرۆسهی نوێی ئاشتی له توركیا و باكووری كورستان، تاوتوێ دهكرێت. تاوەکوو ئێستا شاندی دەم پارتی سێ جار لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ بوونەتەوە. پێشتر ڕاگەیەنرابوو، کە ڕۆژی 18ـی ئەم مانگە، شاندی دەم پارتی لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆ دەبێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دوا خرا. له چهند ڕۆژی ڕابردوودا، بههۆی نهخۆشییهوه، سڕی سوڕهییا ئۆندهر، ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، ڕهوانهی نهخۆشخانه كرا، ئێستا باری تهندروستی ناجێگیره و له ژێر چاودێریی چڕدایه. هەرچەندە پێشتر دەم پارتی ڕەتی کردووەتەوە، نیازیان هەبێت هیچ جێگرەوەیەکیان بۆ سڕری سوورەیا ئۆندەر دانابێت، بەڵام بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی نزیک لەو پارتە کوردییە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، دانانی جێگرەوەی ئۆندەریش تاوتوێ دەکرێت.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، پێت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا هەندێک زانیاریی نهێنیی لەسەر بۆردومانکردنی یەمەن لە گروپێکی گفتوگۆکردندا بڵاوکردووەتەوە. ئەو گروپە هاوسەری وەزیرەکە و برایەکی و پارێزەرەکەشیی تێدابووە. رۆژنامەکە نوسیویەتی، ئەمە دووەمین جارە زانیاریی نهێنیی لەدەستی ئەو وەزیرەوە دەردەچێت و دەگات بە کەسانێک کە نابێت ئاگاداری ئەو زانیارییانەبن. پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا جارێکی دیکە زانیاریی نهێنی و هەستیاری لەبارەی هێرشی داهاتووی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن لە گرووپ چاتێکی سیگناڵ بڵاوکردووەتەوە، کە لەنێو گرووپ چاتەکە هاوژین، برا و پارێزەرە تایبەتەکەی تێدایە. مانگی رابردوو، گۆڤاری The Atlantic ئاشکرای کرد، سەرنووسەرەکەی بە هەڵە خراوەتە نێو گرووپ چاتێکی سیگناڵەوە، کە تێیدا بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەنێویاندا هێگسەس و مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا باسی هێرشە ئاسمانییەکانیان کردووە پێش ئەوەی لە 15ی بکرێنە سەر یەمەن. ئاشکرابوونی ئەو بابەتە ناڕەزایی لێکەوتەوە و وەک ئابڕووچوونێک بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لێکدرایەوە. پشکنەری گشتیی پێنتاگۆن لێکۆڵینەوەی لەدزەپێکردنی زانیارییە هەستیارەکان دەستپێکرد کە هێشتا بەردەوامە. رەخنەی زۆر لە وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەگیرێت. سێ ئەندامی پێشووی ستافەکەی کە بە بڕیاری ئەو لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێگسەسیان کرد. گوتەبێژی پێشووی پێنتاگۆنیش رۆژی یەکشەممە داوای لەکارلادانی هێگسەسی کرد. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت، ئەو زانیارییانەی هێگسەس لە گرووپ چاتی دووەمدا بڵاویکردوونەتەوە، لەسەر هەمان ئەو هێرشە ئاسمانییانەی 15ی ئادار بوون کە لە گرووپ چاتی یەکەم دزە بە زانیارییەکانی کرابوو. بە گوێرەی رۆژنامەکە، خشتەی کاتی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری ئێف 18 کە دەریدەخات لە چ کاتێکدا هێرش دەکەنە سەر حووسییەکان، لە گرووپ چاتی دووەمدا لە لایەن هێگسەوە بڵاوکراوەتەوە. نیویۆرک تایمز باس لەوە دەکات، پێچەوانەی دزەپێکردنی یەکەم کە رۆژنامەڤان جێفری گۆڵدبێرگ بە هەڵە خرابووە نێو گرووپەکە، گرووپ چاتی دووەم لە لایەن هێگسەس خۆیەوە دروستکرابوو. گرووپ چاتی یەکەم لە لایەن واڵتزەوە دروستکرابوو. بە گوێرەی رۆژنامەکە، هێگسەس پێش ئەوەی لە کانوونی دووەم بکرێتە وەزیری بەرگری، گرووپ چاتی دووەمی دروستکردبوو و "هاوژین و زیاتر لە 10 کەسی دیکە"ی نزیک لە هێگسەسی تێدابووە کە هاوڕێ و هاوکارەکانی بوون. جێنیفەری هاوژینی هێگسەس، رۆژنامەڤانە و پێشتر ئامادەکاری هەواڵی کەناڵی فۆکس نیووز بووە. دوو ئەندامی دیکەی گرووپەکە پێکدێن لە فیڵ، برای هێگسەس و تیم پارلاتۆر، کە ئەوانیش هەردووکیان کارمەندی پێنتاگۆنن.
رۆژنامەی"ئیسرائیل هیۆم" لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکاوە بڵاویكردووەتەوە، پێدەچێت دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا هەرەسبهێنێت، راشیگەیاندووە، واشنتۆن دەستبەرداری داواکارییە سەرەتاییەکانی نەبووەو، ئیدارەی ترەمپ پابەندە بە راگرتنی پێشخستنی موشەکی بالیستی ئێران و، راگرتنی چالاکی گروپە هاوپەیمانەكانی تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. رۆژنامە ئیسرائیلیەكە، لەزاری بەرپرسەكەی ئەمریكاوە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، ترەمپ بە شێوازی خۆی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەڕێوەدەبات و دەزانێت چی دەکات، ئاگاداری ئەو هەڕەشە ترسناكەیە كە ئێران دروستیكردووە. هاوكات بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانیش، رایگەیاندووە، دانوستانەکانی ئەمریکاو ئێران هەرەسدەهێنن، کاتێک واشنتۆن داواکارییەکانی خۆی دەخاتەڕوو. رۆژی 19ـی نیسانی 2025، گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو. دوای کۆتاییهانتی گفتوگۆکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، دانوستاندنەکانیان "لە کەشێکی بونیادنەردا" بەڕێوەچوون؛ ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی چوارشەممە شاندە تەکنیکییەکانی هەردوولا لە عومان کۆدەبنەوە و دواتر شاندە دیپلۆماسییەکان رۆژی شەممەی داهاتوو لە هەمان وڵات دانوستاندن دەکەن. گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ـی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.
لە درێژەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى ئاسایشی رۆژاڤا توانیویانە لە کەمپی هۆل، چوار چەکداری داع.شیان دەستگیربکەن. ئاسایشی رۆژاڤا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بۆ رۆژی سێیەم بەردەوامن لە پشکنینی کەمپی هۆل و درەنگی شەوی رابردوو چوار چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە، لە شوێنی دەستگیرکردنەکەیاندا دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە. هاوکات جیهان حەنان لە ئیدارەی بەڕێوەبردنی کەمپی هۆل بە ئاژانسی هاوار نیوزی گوتووە، بەمدواییانە هەوڵی هەڵاتنی ئەندامانی خێزانەکانی داعش لە کەمپەکە زۆر زیادیان کردووە، بەتایبەت قاچاقچێتیی خێزانە عێراقییە داعشەکان زۆرتر بووە، بەڵام ئەوانەی هەوڵی هەڵاتنیان داوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کەمپەکەوە دەستگیر کراونەوە. دەشڵێت، پێشتر هەندێک خێزان توانیویانە هەڵبێن، لەنێویاندا منداڵانی تەمەن 16 ساڵی تێدا بووە و گەیشتوونەتە ناوچەکانی دیکەی سوریا. ئەو بەرپرسەی کەمپی هۆل ئاماژەی بەوەشداوە، لەلایەن خێزان و منداڵەکانی چەکدارانی داعشەوە هێرشدەکرێتە سەر کارمەندانی رێکخراوەکان و تیمەکانیان، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی کەمپەکەیان لەئەستۆیە.