کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز و ئەو دەنگۆیانەش ڕەت دەکاتەوە کە باس لە چەکدانانی بەشێک لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق دەکەن. ڕاگەیەندراوەکەی حزبوڵڵای عێراقی لە وەڵامی ئەو هەواڵەی ئاژانسی ڕۆیتەرزە کە دوێنێ دووشەممە لەسەر زاری ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و بەرپرسانی حکوومەتی عێراق بڵاوی کردەوە، گوایە بەشێک لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ خۆ بەدوورگرتن لە ئالۆزیی لەگەڵ ئەمەریکا و توڕەیی ئیدارەی ترەمپ، بڕیاریان داوە خۆیان لە چەک دابماڵن. هەروەها زانیارییەکانی ڕۆیتەرز ڕەت دەکاتەوە و ڕایگەیاندووە، هەر لێدوانێک بە ناوی ئەندام و فەرماندەکانیانەوە درا بێت، لێدوانی فەرمی نین و تەنیا گوزارشتە لە ڕا و بۆچوونی خۆیان، نەک کەتیبەکانی حزبوڵڵا. جەختیشی کردووەتەوە، کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی تەنیا لە ڕێگەی محەممەد موحی، گوتەبێژی فەرمی و جەعفەر حوسێنی، گوتەبێژی باڵی سەربازیان هەڵوێستی فەرمیی خۆی بڵاو دەکاتەوە، هەربۆیە جگە لەم دووانە هەر کەسێک هەر چییەک بڵێت "دوورە لە ڕاستی". ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی داوە، کە گفتوگۆی لەگەڵ شەش سەرکردەی گرووپە میلیشیاکانی کەتیبەکانی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتیبەکانی سەیدو شوهەدا، بزووتنەوە ئەنسارو ئەوفیا کردووە، بەڵام نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت و زانیارییان پێی داوە، کە بەشێک لە گرووپە میلیشیاکان ئامادەن بۆ ئەوەی خۆیان لە شەڕی ئەمەریکا بەدوور بگرن چەکەکانیان دابنێن.
سەدات ئاڤشار چالاکوانی کورد لە باکورى کوردستان، دوای بەسەربردنی 30 ساڵی تەمەنی لە زیندانی دیلۆک (عەنتاب) ئازاد کرا و دەگەڕێتەوە زێدی خۆی. ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە سەدات ئاڤشار کە 30 ساڵ لەمەوبەر تۆمەتی " تێکدانی یەکڕیزی و یەکپارچەیی تورکیا" بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی حوکم درا، ئەمڕۆ 7ی نیسان ئازاد کرا. لە دوای ئازادبوونی لە بەردەم زیندانەکە لە لایەن کەسوکاری و بەرپرسانی دەم پارتی و دەبەپە و چالاکوانانی تەڤگەرا ژنانێن ئازادەوە پێشوازی لێ کرا. دواتر ئاڤشار لەگەڵ کەسوکاری بەرەو شارۆچکەی مەزرێ (بیسمیل) لە پارێزگای ئامەد بەڕێکەوت. سەدات ئاڤشار لە 1995 لە شارۆچکەی کوشئاداسی لە پارێزگای ئادین کە دەکەوێتە خۆرئاوای تورکیا دەستگیر کرا. دواتر ڕەوانەی ئامەد کرایەوە و لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت دادگایی کرا. لەوێش بە تۆمەتی " تێکدانی یەکڕیزی و یەکپارچەیی تورکیا" بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی حوکم درا. ماوەی 30 ساڵی زیندانیکردنی لە زیندانەکانی ئامەد، چانکری، یۆزگات، سێرت و دیلۆک بەسەر برد. ئازادکردنی سەدات ئاڤشار لە کاتێکدایە پێنج ڕۆژ لەمەوبەر (2ی نیسان) تارق تاش کە دوای بەسەربردنی 30 ساڵی تەمەنی لە زیندان 24ی ئابی 2024 ئازاد کرا، بە هۆی نۆرەی دڵەوە لە ئادانا گیانی لەدەستدا. پێنج ڕۆژ لەمەوبەر نامەت ئەریپەک و حەوت ڕۆژ لەمەوبەر عەبدوڵڵا ڕوزگار'یش ئازاد کران کە ماوەی 30 ساڵ بوو زیندانی کرابوون. مانگی ڕابردوویش دوای بەسەربردنی 30 ساڵ و شەش مانگ لە زیندان، ئەحمەد ئادڵ ئازاد کرا.
ئەمڕۆ میدیای فەرمی ئێران لە تێلێگرام بڵاویکردەوە، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران لە (12)ی نیسان لە سەڵتەنەی عومان بەڕێوە دەچێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەلایەن عەباس عراقچی وەزیری، دەرەوەی ئێران و، ستیڤ ویتكۆف، نێردەی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت. تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات دانوستانەکان ناڕاستەوخۆ دەبن، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا باسی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەردوولا دەکات. عراقچی لە سەكۆی (ئێکس) نوسویەتی: ئێران و ئەمریکا رۆژی شەممە لە عومان بۆ ئەنجامدانی دانوستانێكی ناڕاستەوخۆی ئاست بەرز کۆدەبنەوە. راشیگەیاندووە: ئەوە چەندە دەرفەتە، ئەوەندەش تاقیکردنەوەیە، تۆپەکە لە یاریگای ئەمریکادایە. لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، ترەمپ ئاشكرایكرد، شەممەی داهاتوو ئەمریکا وتووێژی راستەوخۆ و ئاست بەرز لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدات. وتیشی، ئێمە وتووێژی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدەین، ئەگەر ئەم دانوستانە راستەوخۆیانە لە ڕۆژی شەممەوە دەست پێبکەن، دەبینین شتەکان چۆن بەڕێوە دەچن، پێموایە گەیشتن بە رێککەوتن باشترین چارەسەرە، نەک پەنا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە بەرین كە ئاشكرایە. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان لە چانسی سەرکەوتنی دانوستانەکانیان لەگەڵ تاران کەم کردۆتەوە، ئەو سەرچاوانە بە "سکای نیوز عەرەبی"یان وتووە، دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا هیچ ئاسۆیەکی جددی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر نییە. جەختیان لە بوونی کەناڵێکی دانوستانکاری راستەوخۆی ئێران-ئەمریکاش كردووەتەوە جگە لە کەناڵی سەڵتەنەی عومان .
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، دەستیان بەسەر 400 هەزار حەبی ماددەی هۆشبەری جۆری کەپتاگۆندا گرتووە. وەزارەتەکە لە پەڕەی فەرمیی خۆی بڵاویکردووەتەوە، هەوڵێکی بە قاچاخبردنی ماددەی هۆشبەریان پوچەڵکردووەتەوەو توانیویانە دەست بەسەر 400 هەزار حەبی ماددەی هۆشبەری کەپتاگۆن بگرن، کە ئامادەکرابوون لە رێگەی رووباری فوراتەوە بە قاچاخ بهێندرێتە ناو خاکی عێراق. وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، حەبەکان لەڕێگەی کامێرای گەرمییەوە ئاشکراکراون، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ رێگری لە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر لەسەر سنوورەکان. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، حەبەکان لەدەبەدا شاردرابوونەوە و ئامادەکرابوون لەناوچەی باغۆزى سووریاوە و بە رێگەى رووبارى فورات بهێندرێنە ناو خاکى عێراق. وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختیکردووەتەوە، رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر و ئەو ماددانەی دەستیان بەسەرداگیراوە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون. لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە عێراق، دەستبەسەر زیاتر لە 12 تۆن ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە دەروونییەکاندا گیراوە. کاپتاگۆن یان فینیتۆین پێکهاتەیەکی کیمیایی و دەرمانییە کە لە ساڵی 1961 دروست بووە و ئەم مادەیە وەک دەرمان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک حاڵەت وەک چالاکی زۆر(فرە جووڵە) و خەمۆکی بەکارهێنراوە، بەڵام دواتر بەهۆی دۆزینەوەی دەرمانی باشتر و زیاتر بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییەکانیەوە، بە مادەی هۆشبەر دادەنرا و بەکارهێنانی قەدەغەکرا. کاریگەری سەرەتایی خواردنی کاپتاگۆن جۆرێکە لە خۆشحاڵی(سەرخۆش بوون)، بەڵام وەک مادە هۆشبەرەکانی دیکە دواتر زیانێکی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنێت. لەبەر ئەوەی بە شێوەی حەب دەخورێت بە کارهێنانی ئاسانترە و هاوکات بە نرخێکی هەرزانتر و ئاسانتر دەگات دەست بەکارهێنەران.
نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا هۆشداریى هەڵوەشاندنەوەى عێراق و روودانى شەڕ دەدات، ئەگەر هەڵبژاردنى پەرلەمان دوابخرێت کە بڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت. مالیکى رۆژى دووشەممە ئاماژەى بەوەکرد، دەبێت ئاڵوگۆڕى دەسەڵات لە رێگەى هەڵبژاردنەوە بێت و هەر هەوڵێک بۆ پێکهێنانى حکومەت لەدەرەوەى هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە. قسەکانى مالیکى لەو بارەیەوە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کە بەپێی یاسا، دەبێت وادەی دەنگدان لانى کەم 45 ڕۆژ پێش کۆتاییهاتنی خولی ئێستای پەرلەمان دیارى بکرێت، بەو پێیەش دەبێت پێش 25ی تشرینی دووەمی 2025 وادەى هەڵبژاردن دیارى بکرێت. بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق زیاتر لە 29 ملیۆن دەنگدەر مافى دەنگدانیان هەیە کە زیاتر لە ملیۆنێک کەسیان یەکەمجارە مافى دەنگدانیان هەیە. لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى هەڵبژاردن، پێشنیازى هەموارى چوارەمى یاساى هەڵبژاردنەکان لە عێراق پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمان کرا کە تێیدا داواکراوە کاندیدى لایەنەکان سنوردار بکرێت و 30%ى کورسییەکانى هەر بازنەیەک بۆ کاندیدانى سەربەخۆ و لیستى کراوە تەرخان بکرێت.
ڕۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، بۆ خۆبەدورگرتن و بەكارهێنانی ئاسمانی ئەو وڵاتانەی كە مەترسی جێبەجێكردنی فەرمانەكەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی لاهای كە بڕیاری دەستگیركردنی بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەكانی جەنگ لەغەززە هەیە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ناچار بو گەشتێکی درێژخایەن لە بوداپێستی هەنگاریا بۆ واشنتۆن كە نزیكەی (400) كیلۆمەتر درێژترە لە رێگەیەكی گونجاو ئەنجام بدات. ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەیەکی بەپەلە و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، نەتانیاهۆ لە بوداپێستەوە راستەوخۆ گەشتی واشنتۆنی کردوە، ئەوەش بۆ خۆبەدورگرتن لە نیشتنەوەی فریاگوزاری ناچاریدا ئەو رێگە دورەی هەڵبژاردوە. ڕۆژنامە رونیكردوەتەوە، دوای هەڵسەنگاندن بۆ گەشتەكە كتوپڕەكەی نەتانیاهۆ، مەترسی هەبو كە هەریەك لە ئیرلەندا و ئایسلەندا و هۆڵەندا فەرمانەکەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لاهای دژی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جێبەجێ بکەن، بۆیە بەناچاری فڕۆکەکە سەرۆك بەسەر ئاسمانی کرواتیا و ئیتاڵیا و فەرەنسادا فڕیوە. رۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیلی رایگەیاندوە: لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە سەرجەم گەشتەکانی نەتانیاهۆ بۆ ئەمەریکا بە ئاسمانی یۆنان و ئیتاڵیا و فەرەنسادا گەشتیان کردوە و لەوێشەوە زەریای ئەتڵەسییان بەرەو ئەمەریکا بڕیوە.
سەرەڕای ئەوەی ئێران سەبارەت بە دانوستانی ناڕاستەوخۆ هیچ وەڵامێکی لەلایەن ئەمریکاوە وەرنەگرت، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن بە نێوەندگیری سوڵتانی عومان دووپاتکردەوە. عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هەموو ئەو هەواڵانەی لەبارەی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا ڕەتکردەوە. بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئێڕان دەڵێت: ئێمە پێشنیاری دانوستانی ڕاستەوخۆ بە هۆکارێک کە چەندین جار باس کراون قبوڵ ناکەین، بەڵام ئامادەین بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی دەوڵەتی عومانەوە. ناوبراو زیادی کرد: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکایە بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیارەکەی ئێران، هەرچەندە ئێمە هیچ پەلەیەکمان نییە. سەبارەت بە بەشێک لەو ناوانەی کە وەک دانوستانکار ئاماژەیان پێکراوە، ئاراغچی ڕوونیکردەوە "هەموو ئەو گریمانانەی کە خراونەتەڕوو نادروستن، بەڵام دڵنیایە بەرپرسیارێتی دانوستانی ئەگەری لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و بەڕێوەبردنەکەی دەکەوێتە سەر شانی وەزیری دەرەوە". ساڵی 2015، رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لەنێوان ئێران و پێنج دەوڵەتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بریتین لە ئەمریکا، رووسیا، چین، فەرەنسا و بەریتانیا، لەگەڵ ئەڵمانیا واژۆکرا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی. بە گوێرەی رێککەوتنەکە، دەبوو بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران سنووردار بکرێت و لە بەرامبەر ئەوەدا، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران لاببرێن. لە ساڵی 2018ـدا، لە ماوەی یەکەم خوولی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، ئەمریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی سەر ئێرانی چالاککردنەوە. لە کاردانەوەی ئەوەدا، ئێران پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکە راگرت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی خێراتر بەرەو پێش برد. رۆژی دووشەممە، عەلی لاریجانی، راوێژکاری نزیکی رێبەری ئێران، هۆشداری دا کە تاران سەرەڕای ئەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات، "ئەگەر هێرشی بکرێتەسەر، هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نامێنێت جگە لە بەدەستهێنانی".
نرخی بیتکۆین گەورەترین زیانی لە 24 کاتژمێردا بەرکەت و لەو ماوەیەدا، بەرێژەی نزیکەی 8٪ دابەزی. پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەسەڵاتی کۆشکی سپی گرتە دەست، بیتکۆین بەرزترین نرخی لە نزیکەی 104 هەزار دۆلاردا تۆمارکرد، بەڵام ئەمڕۆ نرخی یەک بیتکۆین بۆ 76 هەزار و 680 دۆلار دابەزی. هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی گەورەترین دراوی ئەلیکترۆنی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەڕە بازرگانییەی ئەمریکا بەسەرۆکایەتیی ترەمپ دەستیپێکردووە، کە لەماوەی رابردوودا گەورەترین پاڵپشتیی دراوەکە بووە، پاش ئەوەی باجی خستەسەر 185 وڵات، متمانە بە سیاسەتی دارایی ئەمریکا لاواز بووە و رێگەکانی بازرگانیکردن لەگەڵ ئەمریکا بەرتەسک بوونەتەوە. دراوە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە هاوشێوە بیتکۆین دابەزینیان تۆمارکردووە، بەجۆرێک نرخی یەک ئیسریۆم دابەزیوە بۆ یەک هەزار و 507 دۆلار، نرخی یەک سۆلانە دابەزیوە بۆ 99 دۆلار و 74 سەنت و نرخی یەک ریپڵ دابەزیوە بۆ یەک دۆلار و 70 سەنت، لەکاتێکدا، ترەمپ بەنیاز بوو وەکو یەدەگی ستراتیجیی ئەمریکا پشتیان پێببەستێت.
مانگی ئازاری ئەمساڵ خراپترین بووە بۆ درۆنە تورکییەکان، بەجۆرێک تەنها لە ماوەی دوو هەفتەدا، بەلایەنی کەمەوە دوو درۆنی ئاکنجی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا خراونەتە خوارەوە. بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری فۆربیس-ی ئەمەریکی، سەرەڕای بانگەشەکردن بۆ بەهێزی و کارایی درۆنە تورکییەکان، بەڵام لە ماوەکانی رابردوو ژمارەیەک درۆنی تورکی لە ناوچە و بارودۆخی جیاوازدا خراونەتەخوارەوە، ئەوەش گومانی لەسەر کارایی درۆنە تورکییەکان دروستکردووە. وەک لە راپۆرتەکەی گۆڤاری فۆربیسدا هاتووە، لە 16ـی ئازار، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، درۆنێکی تورکی جۆری ئاکنجیان خستەخوارەوە و ڤیدیۆکەشیان بڵاوکردەوە. پەکەکە بە بەکارهێنانی موشەک و درۆنی خۆکوژ توانی درۆنە تورکییەکە بخاتە خوارەوە. فۆربیس نوسیویەتی: "پەکەکە هەر ئامرازێکی بەکارهێنابێت، سەلمێنەری ئەوەیە کە توانایان هەیە درۆنە تورکییەکان بخەنەخوارەوە". لە رۆژئاوای کوردستانیش، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە کۆتاییەکانی 2024 توانیان درۆنی جۆری بەیرەقدار TB2 و ئانکا بخەنەخوارەوە. تێکشکان و خستنەخوارەوەی درۆنە تورکییەکان تەنها لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان نییە، بەڵکو لە 31ـی ئازاری 2025 لە وڵاتی مالی لە کیشوەری ئەفەریقا درۆنێکی تورکی لە جۆری ئاکنجی خراوەتە خوارەوە، فۆربیس وای نوسیوە. لە رابردوودا ئەنقەرە هەڵمەتێکی گەورەی بۆ بەبازاڕکردنی جۆرە جیاوازەکانی درۆنی وڵاتەکەی کردووە، جۆرەکانی ئاکنجی و TB2، زۆرترین هەناردەیان هەبووە بۆ وڵاتانی دیکە. تورکیا پێشوەختە رێککەوتنی لەگەڵ 11 وڵاتدا کردووە بۆ هەناردەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و درۆنی تورکی، بەڵام شکست و کەوتنەخوارەوە درۆنە تورکییەکان لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و ئەفەریقا رەنگە پێشهاتێکی خراپ بێت بۆ ناوبانگی درۆنە تورکییەکان. لەکۆتایشدا فۆربیس نوسیویەتی: "خستنەخوارەوەی درۆنە تورکییەکان لە مانگەکانی رابردوودا کاریگەرییان لەسەر ناوبانگی درۆنە تورکییەکان کەم نەبووە، بەتایبەتی خستنەخوارەوەی چوار لە هەرە درۆنە پێشکەتووەکانی تورکیا"، وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە "بەڵام خستنەخوارەوەی دوو درۆنی ئاکنجی لە ماوەی دوو هەفتەدا کاریگەرترین گورز بووە لە ناوبانگی درۆنە تورکییەکان"، چونکە ئەو درۆنانە لە هەرە پێشکەتووەکانن.
دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق چەندین جار جەختیان لە هەوڵەکانیان کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێی ناوچەکە بۆ ناو خاکی خۆیان، چەند بەرپرسێکی باڵای عێراق ئاشکرایان کرد کە گفتوگۆکانی نێوان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی گروپە چەکدارەکان پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە. ئەمڕۆ دووشەممە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، دە فەرماندەی باڵای سەربازی و بەرپرسی عێراق ڕوونیانکردەوە کە "ئێستا گروپە چەکدارەکان ئەوانەى لایەنگری ئێرانن ئامادەن چەک داماڵن بۆ ئەوەی عێراق لە توڕەیی ئیدارەی ئەمریکا دووربکەوێتەوە". هەروەها ئاماژەى بەوەشداوە لەمانگى یەکەمى ئەمساڵدا، چەند گروپێکى چەکدار بارەگانیان چۆڵکردووە و بوونی خۆیان له شاره گه ورەکانی عێراق کەم کردووەتەوه. هاوکات بەرپرسانى ئەمریکا هۆشداریانداوەو بەرپرسان بەغدایان ئاگادار کردووەتەوە کە "ئەگەر هەنگاو نەنرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان لەسەر خاکەکەی، ئەوا ئەمریکا لەوانەیە بە هێرشی ئاسمانی ئەو گروپانە بکاتە ئامانج. بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەو گروپانەی "نەرمی"یان لە تەسلیمکردنی چەکەکانیاندا نیشانداوە، بریتین لە كتائب حزب الله، والنجباء، وكتائب سيد الشهداء، وأنصار الله الأوفياء. سەرکردەیەک لە حزبوڵڵای کەتایب کە بەهێزترین میلیشیای شیعەیە لە عێراق، لە پشت دەمامکێکی ڕەشەوە قسەی کردوەو ڕوونیکردەوە: ترەمپ ئامادەیە شەڕ لەگەڵ ئێمە بەرەو ئاستێکی خراپتر ببات، ئێمەش ئەوە دەزانین، بەڵام دەمانەوێت خۆمان لە سیناریۆیەکی وەها خراپ بەدوور بگرین.
نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە بە رێژەی 3.5٪ دابەزی و دابەزینە گەورەکانی هەفتەی رابردووی خۆی قووڵکردەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 2 دۆلار و 28 سەنتی دیکە دابەزی و بە 63 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 2 دۆلار و 20 سەنت دابەزی و بە 59 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەر دوو نرخی نەوتی سووکی تەکساس و برێنت لە کەمترین ئاستەکانی خۆیان لە دوای مانگی 4 ـی ساڵی 2021ـەوە مامەڵەیان پێوەدەکرێت. نرخەکانی نەوت رۆژی هەینی دوای ئەوەی چین بەسەپاندنی 34٪ پێناسی گومرکی وەڵامی ئەمریکای دایەوە، بە رێژەی 7٪ دابەزیبوون. لە هەفتەی رابردوودا، نرخی نەوتی برێنت 10.9٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 10.6٪ـی بەهای خۆیان لەدەستداوە. ساتۆرۆ یوشیدا، سەرۆکی بەشی کاڵاکان لە کۆمپانیای راوێژکاریی (راکوتن سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی جیهان بەهۆی شەڕی بازرگانییەوە، گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە." یوشیدا پێیوایە، جگە لەو شەڕە بازرگانییەی کە ترەمپ هەڵیگیرساندووە، پلانی گرووپی ئۆپێک پڵەس بۆ زیادکردنی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕدا، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی نەوتە.
پێگەى ڕۆژنامەى شەرقلئەوسەت ئێوارەى ئەمرۆ شەممە ڕاپۆرتێکى لەسەر هەڵبژادنى داهاتووى عێراق بڵاوکردوەتەوەو تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو ڕێبەری ڕەوتی سەدری کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا ناکات، دەرگای بە شێوەیەکی بەرفراوان بەڕووی جۆرێکی نوێی کێبڕکێی نێوان گروپە سیاسییەکانی عێراقدا کردەوە. لەگەڵ بەردەوامی ناکۆکییە سیاسییەکان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کێشانەى لە داهاتوودا ڕووبەڕووی هەڵبژاردن دەبنەوە، سیناریۆکان سەرهەڵدەدەن، وەک ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتى کاتى لە ئەگەری پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران. هێزە شیعەکان لە هەوڵی وەرگرتنەوەی ئەو ٧٣ کورسییەی سەدردان، چاوەڕوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی دەنگە بەدیلەکانی سەدرییەکان بۆ هاوپەیمانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق یان بۆ هەندێک هێزی تازەپێگەیشتوو دەچێت. ئەمەش دەبێتە هۆی بێبەشکردنی هێزە گەورەکانی شیعە، وەک هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نووری مالیکی لەو دەنگانەی کە ئارەزووی دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی دەستەبەرکردنی کورسی زیادەیان لە پەرلەمانی داهاتوو، یان لانیکەم ئەو کورسییانەی ئێستا لەبەردەستیاندایە دەهێڵنەوە. هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئەوەخراوەتەڕوو ئەمڕۆ یەکشەممە (٦ی نیسانی ٢٠٢٥) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاندوە داتابەیسی هەڵبژاردنەکان گەیشتووەتە نزیکەی ٢٠ ملیۆن دەنگدەری تۆمارکراو، ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی داهاتوو کردنەوەی تۆماری هاوپەیمانییە سیاسییەکانە، دواتر لیستی کاندیدەکان. لە بەیاننامەیەکدا کۆمسیۆنەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "لەئێستادا کۆمسیۆن کار لەسەر تەواوکردنی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەکات"، لەهەمانکاتدا ئاماژەی بەوەکردووە "قۆناغی داهاتوو کردنەوەی دەرگای تۆمارکردنی هاوپەیمانی سیاسی لەخۆدەگرێت، دواتر وەرگرتنی لیستی کاندیدەکان".
هاوکات لەگەڵ ئەو بڕیارەی پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) بۆ ڕێگریکردن لە دانانی ئەمیندارێک بۆ ئەو پارتە، ئۆزگور ئۆزێل لە بیست و یەکەمین کۆنگرەی نائاساییدا وەک سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرایەوە. ئۆزێل لە هەزار و 323 دەنگ هەزار و 171 دەنگی کۆنگرەی جەهەپەی بەدەستهێناوە، 105 دەنگ پووچەڵ بووەوە. کورسییەک بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئیستەنبوڵ تەرخانکرابوو، کە لە کۆنگرەکەدا وەک کاندیدی جەهەپە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی جەهەپە هەڵبژێردرا و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. هەریەک لە کەمال کلچدارئۆغڵو، ئاڵتان ئۆیمەن، حیکمەت چەتین و سەرۆکی پارتی پۆپۆلیستی سۆسیال دیموکرات، موراد قەرەیالچین، سەرۆکی پێشووی پارتەکەش لە کۆنگرەکەدا بەشدارییان کرد. ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی نیسان، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، جەهەپە 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی بە بەشداری هەزار و 323 ئەندام کۆنگرە بەست. ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتەکە، بەرهان شیمشەک پەرلەمانتاری پێشوو و ئومیت ئویساڵ، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی مورادپاشا لە ئەنتاڵیا خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە بەربژێر کردبوو. ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دووبارە هەڵبژێردراوی جەهەپە، لیستی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کە لە 60 کەس پێکدێن لەگەڵ لیستی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای دیسپلین کە لە 15 کەس پێکدێن، پێشکێشی سەرۆکایەتیی دیوانی کۆنگرە کرد بۆ ئەوەی بخرێتە دەنگدان. ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کە لە 19ـی ئادارەوە لە گرتووخانەی سینجان لە ئیستەنبووڵ دەستبەسەرە، ناوی لە لیستی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیدایە. رۆژی 10ـی شوباتی 2025، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، دۆسیەی تاوانی لە دژی جەهەپە تۆمارکرد و 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە کە رۆژی 8ـی تشرینی دووەمی 2023 کرا و تێیدا ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی نوێی جەهەپە هەڵبژێردرا، بە کۆنگرەیەکی گوماناوی ناساند. راشیگەیاند، بە بەرتیل و بەڵێنی پێدانی پۆست و هەڕەشەکردن، ئەندامانی کۆنگرەیان ناچارکردووە دەنگ بە ئۆزگور ئۆزەل بدەن. دەرکەوت، ئەندامە دەرکراوەکانی جەهەپە لە باڵی کەمال کڵچدارئۆغڵو سکاڵایان پێشکێش کردووە. رۆژی 12ـی شوباتی 2025، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر سەلمێندرا بەڵگەکان دروستن، بەپێی یاسا کۆنگرەکە هەڵدەوەشێتەوە و سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل پوچەڵ دەبێت. لەمبارەیەوە رۆژی 21ـی ئاداری 2025، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، دەسەڵات بە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 104 بەرپرسی شارەوانییەکانیش ناوەستێت، دەیەوێت قەییوم بەسەر جەهەپە دابنێت. بۆ رێگری لەم هەنگاوەی دەسەڵات، رۆژی 6ـی نیسانی 2025 کۆنگرەی نائاسایی جەهەپە دەکەین. ئۆزگور ئۆزەل راشیگەیاند، وەک سەرۆکی جەهەپە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکەمان پێیداوم، بەپشت بەستن بە بڕگەی شەشەمی مادەی 48، لە ماوەی 15 رۆژدا کۆنگرەیەکی نائاسایی رادەگەیێنم. داوام لە لیژنەی هەڵبژاردنەکانی پارتەکەمان کرد هەرچی زووە تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرە بکات. جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزراوە، کە پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە. لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 20 کۆنگرەی نائاسایی کردووە. ئۆزگور ئۆزەل، سیاسەتڤانی تورک کێیە؟ - دەرچووی کۆلێژی دەرمانسازییە لە زانکۆی ئیجە - 21ـی ئەیلوولی 1974 لە پارێزگای مانیسا-ی تورکیا لە دایکبووە - 2007 بە سەرۆکی یەکێتیی دەرمانسازانی تورکیا هەڵبژێردرا - 2008 بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنی دەرمانسازانی یەکێتیی ئەورووپا هەڵبژێردرا - پێنج خول پەرلەمانتاری جەهەپە-یە - سێ خول بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە بوو - 2015 بووە ئەندامی سەرکردایەتی جەهەپە - 5ـی تشرینی دووەمی 2023 لە 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرا - 6ـی نیسانی 2025 لە 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرایەوە - لە سەردەمی ئۆزگور ئۆزەل دوای 48 ساڵ جەهەپە بووە یەکەمین پارتی تورکیا لە هەڵبژاردنی 31ـی ئاداری 2024 - خێزاندارە باوکی کچێکە بەناوی ئیپەک. - زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی دەزانێت.
ژمارەی کۆگاکانی چەکی کیمیایی زۆر زیاترن لەوەی پێشبینیکرابوو. وەک لە راپۆرتێکی نیویۆرک تایمزدا هاتووە تائێستا زیاتر لە 100 کۆگا هەن کە گومان دەکرێت چەکی کیمیایی سەردەمی بەشار ئەسەدیان تێدا مابێتەوە. وەک لە راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکیدا هاتووە، بەپشتبەستن بە راپۆرتی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، ژمارەی ئەو کۆگا و جێگایانەی چەکی کیمیاییان تێدا هەڵگیراوە زیاترە لەوەی پێشتر مەزەندە کرابوو. کۆگای چەکە کیماییەکان بۆ سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد دەگەڕێتەوە، لەسەردەمی ناوبراودا لەژێر ناوی ناوەندی توێژینەوەی سەربازیی، چەکی کیمیایی دروستکراوە. بەپێی راپۆرتەکە چەکە کیمیاییەکان، سارین، گازی کلۆری بکوژ لەخۆدەگرێت، لەسەردەمی حوکمڕانی خۆیدا، بەشار ئەسەد دژی نەیارەکانی و هاوڵاتی سڤیلی سوریا بەکاریهێناوە. دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد، حوکمی کەوتووەتە دەست دەستەی تەحریر شام، کە لە لیستی تیرۆری نەتەوەیەکگرتووەکاندایە، بۆیە وڵاتان و رێکخراوە جیهانییەکان ترسیان لەوە هەیە ئەو چەکە کیمیاییانە بکەوێتە دەست دەستەی تەحریر شام و بەکاری بهێنێت دژی نەیارەکانی بەتایبەت کەمینەکان. هەرچەندە حکومەتەکەی تەحریر شام رایگەیاندووە کە پاشماوەی چەکە کیمیاییەکان لەناو دەبات ئەویش دوای سەردانی، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، بەڵام رێکخراوەکان بەگومانن. شەیبانی لە مانگی ئازاردا سەردانی بارەگای چاودێری چەکی کیمیایی جیهانی لە لاهای کرد و رایگەیاند، "حکومەتی سوریا هەموو پاشماوەی چەکە کیمیاییەکانی سەردەمی بەشار ئەسەد لەناو دەبات و پابەند دەبن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان".
سوپای داگیرکەری تورکیا ١٣جار بە فڕۆکەی جەنگی و بە گشتی ٦٩٣جار بە چەکی قورس، تۆپ و دوورهاوێژ هێرشی ئەنجامداوە. هێزەکانی گەریلا وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە و لە ئەنجامدا کەمێرایەکی چاودێری تێکشکا. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بەم شێوەیەیە: هێرشەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر بە فڕۆکەی جەنگی: لە ڕۆژانی ٣، ٤، ٥، ٦ی نیسان ٨جار ناوچەکانی درێشە، یەکماڵە و شاخ کۆن لە گارێ و گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی سنینە لە خاکورک ١ جار و گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شێلازە و دەرگەلێ و بێشیلی لە هەرێمی مەتینا ٤جار بە گشتی ١٣جار تۆپباران کران. هێرشەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر بە چەکی قورس و تۆپ و هویترز لە ڕۆژانی ٤و ٥ ی نیسان گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەرزینێ، شەهید شەریف، لۆلان و سنینە لە هەرێمی خاکورک ٤٤جار تۆپباران کران و گۆڕەپانەکانی مژێ، گرگاشە، دێرەشە و شاخی کۆن و شاخی زەنگوڵ ٤٦جار تۆپباران کران، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شێلازە، سەرێ مەتینا و دەرگەلێ لەهەرێمی مەتینا ٩٠جار تۆپباران کران، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شاخی ئامیدی و شاخی بەهار کە دەکەوێتە هەرێـمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ ٥١٣ جار بە گشتی ٦٩٣جار بە چەکی قورس و تۆپ و دوور هاوێژ بۆردومان کران. چالاکییەکانی هێزەکانمان لە وەڵامی هێرشەکان: ڕۆژی ٤ی نیسان کامێرایەکی چاودێری داگیرکەران لە ناوچەی بەرخۆدانی کانی قەرژ لە هەرێمی خاکورک تێکشکێندرا ڕۆژی ٤ ی نیسان کاتژمێر ٠٧:٠٠داگیرکەران هێرشیان کردە سەر تونێلەکانی بەرخۆدان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بەڵام لەلایەن هێزەکانمانەوە بە چەکی نیمە ئۆتۆماتیکی وڵام درانەوە. ڕۆژی ٤ی نیسان کاتژمێر ١٣:٠٠ داگیرکەران بەهەمان شێوە هێرشیان دەکردە سەر تونێلەکانی بەرخۆدانی شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بەڵام لەلایەن هێزەکانمانەوە بە چەکی نیمە ئۆتۆماتیکی وڵامی هێرشەکە درایەوە."