وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەفەرمانی پیت هێگێست، وەزیری بەرگری، فڕۆکەی جەنگی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسیەکان و زیاتر بوونی گرژیەکانیان لەگەڵ ئێران.  وەزارەتی بەرگری شوێنی مەبەست یان جۆری فڕۆکەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، هەفتەی ڕابردوو شەش فڕۆکەی  ' B-2' کە هەڵگری مووشەک و چەکی ئەتۆمە، گواستراونەتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا و بەریتانیا لە دوورگەی دیگۆگارسیا لەناو زەریای هیندی. شارەزایان دەڵێن: فڕۆکەی B-2 کە 'شەبەح'یشی پێدەڵێن، خاوەنی تەکنەلۆژیای خۆدزینەوەیە لە ڕادار و قورسترین بۆمب و چەکی ئەتۆمی هەڵدەگرێت، بۆیە هێنراوەتە ئەو بنکەیە تاوەکوو بتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری پێبکرێت.  فەرماندەیی ستراتیجی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە ژمارەی ئەو فڕۆکانەی B-2، ئاشکرا بکات کە گەیشتوونەتە بنکەی دیگۆ گارسیا، بە ئاماژەدان بەوەی کە هیچ لێدوانێک لەسەر مەشق و ڕاهێنان یان ئۆپەراسیۆنەکانی B-2 نادات، هەروەها بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان پێشبینی دەکرێت بەم زووانە سوپای ئەمەریکا دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگر بنێرنە ناوچەکە. سەرەتای ئەم هەفتەیە سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی لە ئێران کرد بەوەی ئەگەر لەسەر پرسی ئەتۆمی دانووستان نەکات، ئەوە ڕەنگە نژاردەی سەربازی بەکار بهێنێت. هێزی ئاسمانی ئەمەریکا 20 فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوی B-2 هەیە، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی زۆر بەکارناهێنرێن.

  سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رەخنەی توندی لە هەڵوێستی جەهەپە گرت سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی دژی زیندانیکردنی ئیمامئۆغڵو و جەختی کردەوە کە "شەقام چارەسەر نییە". دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەیەکی نزیک لە پارتەکەی بڵاوکراوەتەوە، هەڵوێستی توندی دژی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی جەهەپە دەربڕی کە لە دوای زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی گەورەی ئیستەنبوڵ، بەڕێوەدەچن. باخچەلی لە وتارەکەیدا نوسیوێتی: "قسە و ئازادیی رادەربڕین مافێکی دیموکراسییە، بەڵام ئەگەر ئەو ئازادییە ببێتە مایەی تێکدانی دۆخی گشتی و خەڵک بۆ یاخیبوون هانبدات، هەرگیز جێگەی قبووڵکردن نییە". سەرۆکی مەهەپە راشیگەیاند: "هەموو ئەو وتانەی کۆمەڵگە بۆ پشێوی، تووندوتیژی و یاخیبوون ئاراستە دەکەن، بە واتای پێشێلکردنی هەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاسایی دێن". ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 19ی مانگی رابردوو، چەندین جار داوای لە لایەنگرانی کردووە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن. لەبارەی خۆپیشاندان و گرژییەکانی نێوان لایەنگرانی جەهەپە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، باخچەلی گوتی، شەقامەکان رێگەچارە نین و دەبێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، "هەر شوێنێک ئاسایش تێیدا بەرقەرار نەبێت، ناتواندرێت تێیدا باس لە ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ بکرێت."   دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 19ی ئادار و بڕیاری زیندانیکردنی لە 23ی هەمان مانگ، ناڕەزایەتی لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی جەهەپە لێکەوتووەتەوە.   باخچەلی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، "ئەوانەی ئامانجیانە لە رێگەی هاندانی خراپەوە، بەربەست بۆ بنیادنانی تورکیایەکی بێ تیرۆر و بەهێزکردنی یەکگرتوویی نیشتمانی دروست بکەن، شکست دەهێنن."   عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە بانگەوازێکدا بۆ پەکەکە گوتی: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."   دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت رێبەری پەکەکە خۆی سەرپەرشتیی کۆنگرەکە بکات.

  ئەنجوومەنەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەب لەگەڵ لیژنەی راسپێردراو لە لایەن دەسەڵاتی سووریاوە لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن.   دوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب لە ساڵی 2012ـەوە لەژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکاندان و ئێستا ئەنجوومەنەکانیان لەگەڵ لیژنەی راسپێردراو لەلایەن دەسەڵاتی سووریاوە لەسەر چەند خاڵێکی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنیان رێککەوتن.   دەقی رێککەوتنەکە:   - هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود کە زۆرینە دانیشتووانیان کوردن، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە شاری حەلەب دەبن، بەڵام پێویستە تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و کولتووریان بپارێزرێت و رێزی لێ بگیرێت.    - وەزارەتی ناوخۆی سووریا لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ، بەرپرسیارێتیی ئاسایشی دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە لەئەستۆ دەگرن و رێگە نادەن هیچ دەستدرێژییەکیان بکرێتە سەر و مافیان پێشێل بکرێت.     - بە مەبەستی پاراستنی ئاشتیی هاووڵاتییان، رێگە بە هیچ دیاردەیەکی چەکداری لە دوو گەڕەکەکە نادرێت. دەبێت چەک لە دەستی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆدا بێت کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن.    - هێزە چەکدارەکان بە چەکەکانییانەوە دەچنە رۆژهەڵاتی فورات (ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە).    - دوو ناوەندی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو گەڕەکەکە دروست دەکرێن.   - ئازادی هاتووچۆ بۆ دانیشتوانی هەردوو گەڕەکەکە گەرەنتی دەکرێت.   - لیژنەیەکی هاوئاهەنگی بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆ لەنێوان شاری حەلەب و ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا پێکدەهێندرێت.    -  زیندانەکانی هەردوولا لە گیراوەکانی هەردوولا چۆڵ دەکرێن و ئاڵوگۆڕی دیلەکانیش لە نێوانیاندا دەکرێت.   - دامەزراوە و دەزگاکانی بواری خزمەتگوزاری، بەڕێوەبردن، خوێندن، شارەوانی و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە هەردوو گەڕەکەکە دەمێننەوە تاوەکو رێککەوتنێکی هەمیشەیی دەکرێ.   - ئەم رێککەوتنە لە 1/4/2025 واژۆ کرا و بڵاوکرایەوە.   هەر لەو بارەیەوە بەدران چیا کورد، راوێژکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، رێککەوتنەکە بۆ "سەقامگیری و پێکەوەژیانی هاوبەش" گرنگە.    بەدران چیا کورد رێککەوتنەکەی بە قۆناخی یەکەم لە پلانێکی فراوانتر ناوبرد کە ئامانج لێی دڵنیاکردنەوەیە لە گەڕانەوەی خەڵکی عەفرین بۆ زێدی خۆیان و گوتیشی، دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بەردەوامن.    بەدران چیا کورد گوتی، لە دانوستاندنەکانی داهاتووی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دەسەڵاتی سووریادا بایەخێکی زۆر بە عەفرین دەدرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی بۆ چارەکی کۆتایی و تەواوی ساڵی 2024؛ داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (34 ملیۆن و 749 هەزار) دۆلار، لە کاتێکدا لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2023) داهاتی کۆمپانیاکە (20 ملیۆن و 320 هەزار) دۆلار بووە، بەم پێیە داهاتەکەی بڕی (14 ملیۆن و 429 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (71%) زیادی کردووە. داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لە تەواوی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (109 ملیۆن و 392 هەزار) دۆلار، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) داهاتی کۆمپانیاکە (82 ملیۆن و 886 هەزار) دۆلار بووە، بەم پێیە داهاتەکەی بڕی (26 ملیۆن و 506 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (32%) زیادی کردووە. تێکڕای بەرهەم لە هەردوو کێڵگەی (ئەتروش و سەرسەنگ) لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (66 هەزار و 400) بەرمیل نەوت، لە کاتێکدا لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2023) تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکان (45 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بووە، بەم پێیە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکان بەتێکڕای ڕۆژانە (21 هەزار) بەرمیل بە ڕێژەی (46%) زیادی کردووە. لە تەواوی ساڵی (2024)دا لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش)، بە تێکڕای کاری رۆژانە (59 هەزار و 500) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023)دا تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکان (39 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بووە، بەم پێیە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکان بەتێکڕای ڕۆژانە (20 هەزار و 100) بەرمیل بە ڕێژەی (51%) زیادی کردووە. بەرمیلێک نەوتی خاوی هەردوو کێڵگە نەوتییەکە بە کڕیاریانی ناوخۆ فرۆشراوە، لە چارەکی لە تەواوی ساڵی (2024)دا هەر بەرمیلێک نەوت بە بەتێکڕا فرۆشراوە بە (35 دۆلار و 65 سەنت).

  محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق و ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا پەیوەندییەکى تەلەفۆنیان ئەنجامدا، کە بەیەکەم پەیوەندى لەنێوانیان دادەنرێت لەدواى ڕوخانى رژێمى بەشار ئەسەدەوە، لەسەر چەند تەوەرەیەکى جیاواز بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هاوبەشدا، پیرۆزبایی لەگەڵ سەرۆک کۆماری سوریا کردوە. هەر لەو پەیوەندیەدا سودانی بەبۆنەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا هیوا و پیرۆزبایی خۆی بۆ گەلی سوریا دەربڕی، جەختی لەسەر هەڵوێستی پتەوی عێراقکردەوەو پیرۆزبایی پێکهێنانى حکومەتى نوێى سوریا کردووەو هەمیشە رێز لە بژاردەى گەلى سوریا دەگرین، پشتیوانى لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکى سوریا دەکەین. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەشکرکێشى سوپاى ئیسرائیل بۆ نێو خاکى سوریا رەتدەکەینەوە دەستێوەردانی دەرەکیی دووپاتکردەوە. هاوکات جەختی لە گرنگی هاوکاریی هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی چەتەکانی داعش، جگە لە هاوکاری لە بوارەکانی ئابوری و هەل و دەرفەتی هاوبەشدا کردەوە. 

  عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە لە دوورگەى ئیمراڵییەوە سڵاو بۆ گەلى کورد دەنێرێت کە لە ئاهەنگەکانى نەورۆزدا بە  جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازەکەی کردووە بۆ ئاشتى. بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان ڕێگە بە کەسوکاریان درا سەردانی هەریەک لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، عومەری خەیری کۆنار، هامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش بکەن کە لە دورگەی ئیمراڵی زیندانی کراون. ئۆجەلان لە میانی دیدارەکەدا سڵاوی لە گەلی کورد کردووە کە لە نەورۆزدا بە جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکرات کردووە، ئەوەش بەپێی ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا. عومەر ئۆجەلان برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێگەدان بەو دیدارە لە کاتێکدایە پرۆسەیەکی نوێ لە تورکیا دەستی پێ کردووە و پێشهاتی گرنگ لە تورکیا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ڕوو دەدەن. عومەر ئۆجەلان ئاماژەی بەوە داوە ئۆجەلان بە کەسوکاری ڕاگەیاندووە: "سڵاو لە گەلەکەمان کە لە نەروۆزدا بە  جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکرات کردووە. دووبارە جەژنی نەورۆز و ڕەمەزان لە گەکەمان پیرۆز بێت". لە 2014ەوە تەنیا حەوت جار ڕێگە دراوە کەسوکار و پارێزەرانی سەردانی ئۆجەلان بکەن. سەردانی پێشوو دوای تێپەڕینی 44 مانگ لە دۆخی گۆشەگیریی لە 23ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجام درا، کاتێک عومەر ئۆجەلان سەردانى ئۆجەلانى کرد.  ماوەیەکی زۆریش بوو ڕێگە بە کەسوکاریان نەدەدرا سەردانی عومەری خەیری کۆنار، هامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش بکەن کە هاوشێوەى ئۆجەلان لە ئیمراڵى زیندانیکراون.  لە ئاداری 2015ەوە تاکوو ئێستا و بە سەردانەکەی ئەم جارەیشەوە تەنیا چوار جار ڕێگە بە کەسوکاریان دراوە سەردانی  عومەری خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش بکەن و تەنیا سێ جاریش ڕێگە دراوە کەسوکاری سەردانی هامیلی یڵدرم بکات.  لە ماوەی 14 ساڵدا تەنیا پێنج جار ڕێگە بە پارێزەرەکانی دراوە، سەردانی ئۆجەلان بکەن. دوایین یەکتربینینی ئۆجەلان و پارێزەرەکانی لە 7ی ئابی 2019دا بوو.  لەو کاتەوەی سێ زیندانیکراوەکەی دیکەیش ڕەوانەی ئیمراڵی کراون، ڕێگە بە پارێزەرەکانیان نەدراوە سەردانیان بکەن. لەسەر دەستپێشخەری دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە بۆ کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری لە لایەن پەکەکە، شاندێکی دەم پارتی لە 28ی کانونی یەکەمی 2024ەوە سێ جار سەردانی ئۆجەلانیان کرد. سەردانی دووەم لە 22ی کانونی دووەمی 2025 و سەردانی سێیەمیش لە 27ی شوبات ئەنجام درا. هەرچەند لە سەردانی یەکەم و دووەمدا تەنیا پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر سەردانی ئۆجەلانیان کرد، بەڵام سەردانی سێیەم ژمارەی ئەندامانی شاندەکە زیاد کرا بۆ حەوت کەس. جگە لە دوو ئەندامەکەی پێشووی شاندەکە هەریەک لە تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی؛ ئەحمەد تورک، سێیەم ئەندامی شاندەکە و سەرۆکی قەییوم لەجێداندراوی شارەوانیی گەورەشاری مێردین لەنێو شاندەکەدا بەدی دەکران. دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە سەردانی سێیەم، لە ئیستانبوڵ بانگەوازێکی ئۆجەلان خوێندرایەوە کە داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە کۆنگرە ببەستێت. هەرچەند پەکەکە لای خۆیەوە بە دەم داواکارییەکەوە هات و لە 1ی ئادارەوە ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا هەزاران هێرشی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە باشوری کوردستان ئەنجام داوە. 

گۆڤاری نیوزویکی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئێران هۆشداری داوە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی تۆڵەسەندنەوە دەبنەوە ئەگەر ئەمەریکا هەنگاوی سەربازی دژی ئێران بنێت. ئەمیر عەلی حاجی زادە، سەرۆکی یەکەی ئاسمانی سوپای پاسداران لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەیدا هۆشداری دا، کە سەربازانی ئەمەریکا لە ناوچەکە لە دۆخێکی لاوازدان. گوتیشی: وەک ئەوە وایە لە خانوویەکی شووشەییدا دانیشتبن، کاتێک ماڵەکەت لە شووشەیە، نابێت بەرد لەکەسانی دیکە بگریت. دوای ئەوەی ترەمپ سیاسەتی زۆرترین فشاری خۆی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، کە لە ساڵی 2018دا ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە سزای ئابووریی توند بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت. بەڵام سەرەڕای ئەم  فشارانە، ئێران چالاکییەکانی زیاتر کردووە و دەڵێت: بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنییە. بەڵام لەگەڵ لاوازبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی نوێ، دۆخەکە ناجیگیر دەبێت. هۆشدارییەکەی عەلی حاجی زادە، دوای ئەوە هات کە ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی 'ئێن بی سی' دا ڕایگەیاندبوو، کردەی سەربازی دژی ئێران ئەگەرێکی ڕاستەقینەیە. ترامپ گوتیشی: ئەگەر ئێران ڕێکنەکەوێت، شەڕ ڕوو دەدات. ئاماژەی بەوەش کردووە "بۆردومانکردنەکەشی هاوشێوەی ئەوانە دەبێت کە پێشتر نەیانبینیوە." عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماریی ئیسلامی ئێران، وەڵامی ترەمپی دایەوە و بەڵێنی دا، ئەگەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشی بکەنە سەر، ئەوە بەرپەرچدانەوەی بەهێزیان دەبێت. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامە تایمزی ئێران، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بڵاوی کردەوە "مووشەکەکانی ئێران لە سەرجەم شارە مووشەکییە ژێرزەمینییەکان لەسەر سەکۆکانیان بارکراون و ئامادەن بۆ هەڵدان و دەڕواننە سنووری عێراق"، گۆڤارەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، "ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا. جەختیشی کردەوە، لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێک، زیانی زۆری بۆ حکوومەتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێت. سەرەتای ئەم مانگە، ترەمپ نامەیەکی بۆ خامنەیی نارد و داوای دانووستانی ئەتۆمی کرد و لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا لە ئەگەری کردەیی سەربازیی، بەڵام نامەکە بە خێرایی لەلایەن خامنەییەوە ڕەت کرایەوە و ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد، هەوڵی چەواشەکردنی جیهان دەدات، چونکە دەڵێت، ئێران ئامادە نییە دانووستان بکات.

  چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی رایانگەیاند، بەرپرسانی ئیسرائیل لە رێگەی ناوبژیوانانەوە بە حەماسیان وتووە؛ کە ئەمە دوا ساتەکانتانە. کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل لە رێگەی نێوەندگیرانەوە هۆشداریی بە حەماس داوە ئەگەر بارمتەکان ئازاد نەکەن، وەک پێشتر سەرۆکی ئەمریکا وتی، دەرگای دۆزەخیان لێدەکەنەوە. ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە پێشتر ماڵپەری ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردبووەوە، کە سوپای ئیسرائیل "ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی دژ بە حەماس فراوانتر دەکات". ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کەرتی غەززە بەشێکە لە هەڵمەتی "فشاری زیاتر"، کە ئامانج لێی ناچارکردنی حەماسە بە ئازادکردنی زۆرترین بارمتە. پێشتر خەلیل حەیە سەرۆکی حەماس لە غەززە رایگەیاندبوو، چەکەکانمان هێڵی سورن. ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕوونیکردەوە کە ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست  نەکرێت ئەگەری هەیە سوپای ئیسرائیل زۆربەی کەرتی غەززە داگیر بکات و  دوو ملیۆن فەلەستینی ئاوارەبن.    ڕۆژی سێشەممە 2025-03-18، دوای كۆتایی هاتنی ئاگربەستی غەززە، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژران و برینداربوون.

  بەرەبەیانی ئەمڕۆ حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی دیکەی ئەمریکییان لە ناوەڕاستی یەمەن خستووەتەخوارەوە. یەحیا سەریع گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا گوتی، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان بە بەکارهێنانی مووشەکێکی دروستکراوی ناوخۆیی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی ئەمریکایان خستەخوارەوە کە ١٦ەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییە لە ماوەی 2 ساڵی رابردوودا لەناویان بردووە. گوتیشی، دووپاتیدەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لە رێگری لە کەشتییەکانی ئیسرائیل تا ئەوکاتەی دەستدرێژی بۆ سەر غەزە دەوەستێت و گەمارۆ هەڵدەگیرێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە رۆژانی رابردوودا رایگەیاند هەر هێرشێکی حوسییەکان بە هێرشی راستەوخۆی ئێران دەزانێت و وەڵامی ئێران دەداتەوە.

  ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیەنێت هێزەکانی سوریای دیموکرات ''هەسەدە'' ئامادەکاریی دەکات بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیل و تەرمەکان لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سەر بە تورکیا. لە راگەیەندراوێکدا روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای نیشتمانی، دیل و تەرمەکانی ئەو چەکدارانەی لە چەند هەفتەی رابردوودا لە بەرەی بەنداوی تشرین و پردی قەرە قۆزاک لە لادێکانی رۆژهەڵاتی حەلەب کوژراون ئالوگۆڕ دەکەن. ئاماژە بەوەکراوە، پێشتر هێزەکانی هەسەدە 40 تەرمیان لە سوپای نیشتیمانی وەرگرتووەتەوە، 25 تەرمیشیان رادەستی سوپای نیشتیمانی کردووەتەوە کە چواریان تورکن. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێستا ئاگربەستی راگرتنی شەڕ لە نێوانیاندا هەیە، هاوکات لە 12ی کانونی یەکەمی 2024ەوە شەڕ لە نێوان هەسەدە و سوپای نیشتیمانیی سەر بە تورکیا دروستبووە.

سەرۆكی گروپی عەسایئبی ئەهلی هەق، دەڵێت: توركیا میلیشيای لە هەزران چەكداری عێراقى پێكهێناوەو لەناوخۆی توركیا راهێنانی پێكردون و سەركردایەتیكردن و دابینكردنی پارەو ئیدارەكردنیان، بەتەواوی لەلایەن ئەنكەرەوە بەڕێوەدەبرێت. قەیس خەزعەلی، ئەمرۆ دووشەممە لەوتاری جەژندا وتی، چەندین هاوڵاتی عێراقی لەهەردوو پارێزگای كەركوك و نەینەواوە براونەتە توركیاو راهێنانیان پێكراوەو رێكخراون، كە تائێستا بەشێكیان تائەم ساتەش لەلایەن توركیاوە موچەكانیان دابین دەكرێت، ناوی فەرمیان، هێزەكانی پاسەوانی نەینەوا، لەپارێزگای نەینەواو، هێزەكانی قەڵغانی كەركوك، لە پارێزگای كەركوكە. خەزعەلی وتیشی، بەشێك لەمانە بە قودەرتی قادر كە پێویستە لێكۆڵینەوەی لێبكرێت، خزێنراونەتە ناو هێزەكانی حەشدی شەعبی و، بەناوی حەشدی شەعبیەوە موچە وەردەگرن بۆ ئەوەی بارگرانی توركیا كەمبكەنەوە، بەتایبەت لە لیوای (59) لە نەینەوا. جەختیشيكرد، باس لە تێوری پیلانگێڕی و شرۆڤەكردن ناكات، بەڵكو باسى بەڵگەو ژمارە دەكات، كە نابێت چاوپۆشی لێبكرێت. ئاماژەی بەوەشكرد، رێگای گەشەپێدان سودی چییە بۆ وڵاتێك كە بەشێكی خاكەكەی داگیركردبێتیت، بەپێویشتیشی زانی هێزەكانی بكشێنێتەوەو بەهانە بۆ شتێك نەهێنێتەوە كە خۆی خولقاندویەتی.

هەریەک لە برا و برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە، ئەمڕۆ سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵییان کردو دواى ساڵانێکى زۆر چاویان پێى کەوت.    ناوەندی راگەیاندنی دەم پارتی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی ئاداری 2025، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، رێگە بە محەممەد ئۆجەلان (برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و عومەر ئۆجەلان (برازای ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها) درا، بەناوی کەسوکارەکەیەوە سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان.   بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، محەممەد ئۆجەلان و عومەر ئۆجەلان بۆ کاژێرێک دیداریان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامداوە.    تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لەلایەن دەم پارتی، محەممەد ئۆجەلان و عومەر ئۆجەلان لەبارەی ناوەڕۆکی سەردان و دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان بڵاونەکراوەتەوە.    محەممەد ئۆجەلان (برای ئۆجەلان) دوایین جار رۆژی 25ـی ئاداری 2021، لە دادگەی گشتیی رووها، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی چوار خولەکی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام دابوو.    هەرچی عومەر ئۆجەلانە دوایین جار، رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لە ئیمراڵی کردبوو. هۆکاری سەردانەکەشی بۆ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کۆچی دوایی ئۆجەلان بوو، کە نزیکەی چوار ساڵ بوو لەژێر گۆشەگیریدا بوو.   شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە سری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان پێکهاتبوون، لە رۆژانی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 و 22ـی کانوونی دووەمی 2025 و 25ـی شوباتی 2025 بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکانی دەم پارتی و پارێزەرانی، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە.

  گوتەبێژی حکومەتی عێراق رەتیدەکاتەوە سودانی بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەستوەردانی کردبێت. باسم عەودای گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوتووە، ئەو قسانەی لەبارەی دەستوەردانی حکومەت یان محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانەوە دەکرێت، بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن دەکرێت دوورن لەڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە. سودانی باوەڕی تەواوی بە سەربەخۆیی دامەزراوە ئاینییەکان هەیە، بۆیە جێی داخە هەندێک لە سیاسییەکان هەوڵدەدەن دامەزراوە ئایینییەکان بخزێننە نێو بازنەی ململانێ سیاسییەکانەوە. هەروەها باسم عەوادی دەڵێت، سەرۆکوەزیران بڕوای بەوە هەیە دامەزراوە ئایینییەکان لە بازنەی کاری خۆیان سەربەخۆبن، دیاریکردنی رۆژی جەژنیش بابەتێکی ئایینییە و زانایانی ئایینی بڕیاری لێدەدەن، بۆیە سودانی خۆی لە دەستوەردان لەو جۆرە بابەتانە دووردەخاتەوە.

  ڕێبەری شۆڕشی ئێران رایگەیاند، هەڵوێستەکانمان هەر وەک جارانە، ئەمەریکا و ئیسرائیل هەڕەشەمان لێدەکەن، بەڵام وەڵامی توند وەردەگرنەوە. عەلی خامنەیی، رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە وتاری نوێژی جەژنى ڕەمەزان لە تاران ڕایگەیاند، ئیسرائیل ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت جینۆساید دەکات و خاکی وڵاتانی دیکە داگیردەکات، وەک ئەوەی ئێستا سوریای داگیرکردوە. وتیشی: دەبێت بونی ئیسرائیل لە فەڵەستین بنەبڕ بکرێت و هەموان هەوڵبدەن بۆ نەهێشتنی ئەو قەوارەیە لە ناوچەکە، دوژمنایەتیمان بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا نەگۆڕە. خامنەیی راشیگەیاند، "ئەمەریکا و ئیسرائیل هەڕەشەمان لێدەکەن، ئێمە هەڵوێستەکانمان هەروەک جارانە، ئەگەر هەر خراپەیەک بەرامبەر تاران بکرێت، بە دڵنیاییەوە وەڵامی بەهێزمان بۆیان دەبێت". باسی لەوەشکرد، "ئەگەر دوژمنان بەنیازی دروستکردنی فیتنەبن لە ناوخۆی وڵاتەکەمان، ئەوا گەلی ئێران خۆی وەڵامیان دەداتەوە". ڕێبەری ئینقلاب بە ئاماژە بە سەقامگیریی هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ناوچەکە وتی: هەڵوێستەکانمان سەقامگیرن و دوژمنایەتیی نێوان ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستیش هەر وەک ڕابردووە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر بە گفتوگۆ چارەسەرێک بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەدۆزنەوە، ئەوا "شتی زۆر زۆر خراپ بەسەر ئێران دێت."   ترەمپ رۆژی هەینی لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێران لە ریزی سەرەوەی ئەو شتانەیە کە چاودێرییان دەکەم."   ترەمپ 12ی ئادار لە رێگەی ئەنوەر قەرقاش، دیپلۆماسی باڵای ئیماراتەوە نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران نارد.    سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "بەم دواییانە نامەیەکەم بۆ ئەوان نارد و پێم گوتن، پێویستە بە رێگەیەک لە رێگەکان بڕیار بدەن؛ یان بە گفتوگۆ چارەسەرێک دەدۆزینەوە یانیش شتی زۆر زۆر خراپ بەسەر ئێران دێن. بەڵام من نامەوێت ئەوەی دووەم رووبدات."   سەرۆکی ئەمریکا هەروەها هۆشداریدا: "لە پێگەی هێز و لاوازییەوە قسە ناکەم، بەڵام حەزی گەورەی من ئەوەیە کە لەگەڵ ئێران بگەینە چارەسەر. ئەگەر چارەسەری نەکەین، ئەوا شتی زۆر خراپ بەسەر ئێران دێت."   میدیای فەرمیی ئێران رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، تاران بە فەرمی وەڵامی نامەکەی داوەتەوە.   ئاژانسی ئیرنا لە زاری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، وەڵامی ئێران رۆژی چوارشەممە "بە شێوەیەکی گونجاو لە رێگەی عومانەوە نێردراوە".

  بۆ یەکەمجار شاندی پارتی دەم لەگەڵ شاندی مەهەپە و دوای 10 ساڵیش لەگەڵ ئاکپارتی بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە سەردانی یەکدى دەکەن. ئەمڕۆ لە دووەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا، پارتی دەم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان جەژنە پیرۆزە دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا سەرەتا مەهەپە، سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی دەم دەکات و جەژنە پیرۆزە لە یەکدى دەکەن، بەو جۆرەش بۆ یەکەمجار، پارتی دەم و مەهەپە پیرۆزبایی جەژن لە یەکدى دەکەن. هاوکات شاندێکی پارتی دەم سەردانی مەهەپە دەکاتەوە. دواتر پارتی ئایندە ، بەمەبەستی جەژنەپیرۆزە سەردانی پارتی دەم دەکات و هاوکات شاندێکی پارتی دەم سەردانی پارتی ئایندە دەکاتەوە. لە کاتژمێر 12:30 خولەکیشدا، شاندی ئاکپارتی سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی دەم دەکات و شاندێکی پارتی دەمیش سەردانی ئاکپارتی دەکات. ئەوەش یەکەم سەردانی هەردوو پارتەکەیە بۆ لای یەکدى بۆ جەژنە پیرۆزە لە دوای 10 ساڵ. پاشان لە کاتژمێر 13:30 خولەکدا پارتەکانی دەم و سەعادەت و لە کاتژمێر 14:15خولەکیشدا پارتی دەم و دەڤا بەمەبەستی جەژنەپیرۆزە سەردانی بارەگای سەرەکی یەکتر دەکەن. سەردانەکەی شاندی پارتی دەم، مەهەپە و ئاکپارتی بۆ جەژنە پیرۆزە بۆ لای یەکدى، وەک بەشێک لەو پرۆسە نوێیە تەماشا دەکرێت، کە لە یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە و دیارترین قۆناغی پرۆسەکەش، بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکە بوو لە 27ـی شوباتی ئەمساڵ. جەهەپە هیچ پلانێکی بۆ سەردانی لایەنەکان لە رۆژانی جەژندا نییە و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش پارتی دەم باسی لە سەردانی شاندەکەی بۆ لای ئەو پارتە نەکردووە.