سەرەڕای هەڕەشەکان و پەرەسەندنی قسە و باسەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئێران پابەندبوونی بە دانوستان دووپاتکردەوە. بەپێی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکیدا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕوونی کردەوە کە وەڵامی تاران بۆ پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ناوەڕۆکەکەیدا یەکدەگرێتەوە و دەرفەتی گفتگۆو کارى دیپلۆماسی پاراستووە. ناوبراو پێی وابوو کە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنێک کە پابەندی هەڵوێستی دژبەیەک بێت و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز بکات، هیچ سوودێکی نییە. هەروەها لەبەشێکى دیکەى لێدوانەکەیدا وەزیرى دەرەوەى ئێران ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی ئامادەیە بەردەوام بێت لە گفتوگۆ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و هەڵگرتنی سزاکان، لەسەر بنەمای لۆژیکی دروستکردنی متمانە. ئێوارەی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە فرۆكە سەرۆكایەتییەكەیەوە، كاتێك پرسیاری ئەوەیان لێكرد ئایا بە پێشنیازی ئێران بۆ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ ڕازی دەبێت، وەڵامی دایەوە و وتی "باشترە گفتوگۆە ڕاستەوخۆ بەڕێوەبچێت، دەزانم بەرپرسانی ئێران خواستی گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان هەیە، بەڵام دوودڵن و هەست بە لاوازی دەكەن، من نامەوێت لەو دۆخەدا بیانبینم". وتەكانی ترەمپ لەكاتێكدایە، ئێران ئامادەیی بۆ گفتوگۆ دەربڕیوە، بەڵام ڕەتیدەكاتەوە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەژێر فشاردا ئەنجام بدات.

  هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، لەماوەى دوو ساڵدا  100 زیندانی پەککەوتوو لە گرتوخانەکاندا گیانیان لەدەستداوە. تولای حاتیمئۆغڵولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس نوسینێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ڕایگەیاند، بەگوێرەى یاساکان پێوستە ئەو زیندانیانەی پەککەوتوون رەوانەى ماڵەوە بکرێنەوە، بەڵام حکومەت هیچ رێکارێکی لەو بارەیەوە نییە. ئەو دەڵێت، مانەوەی پەککەوتووەکان لە گرتووخانە پرسێکی جدییە و هاوکات پرسێکی ویژدانی و ئەخلاقییە، ئازادنەکردنی زیندانە پەککەوتووەکان شەرمەزارییە بۆ دەسەڵاتی ئاک پارتی. لە درێژەى هەواڵەکەدا هاتووە هاوسەرۆکی دەم پارتی بەدەر لەوەى داوای کردووە زیندانییە پەککەوتووەکان لە گرتووخانەکاندا ئازاد بکرێن، داواشی کردووە تەواوی زیندانییە سیاسییەکانیش ئازاد بکرێن. لەوەڵامى ئەو قسانەدا وەزیری دادى تورکیا لە بەیاننامەکەی ئەمڕۆدا ڕایگەیاند، "هیچ کەمتەرخەمییەک" سەبارەت بە دەستگیرکراوانی نەخۆش نەبووە.

  دەسەڵاتی ڕێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا، ڕایگەیاند نرخی کارەبا بە ڕێژەی ٢٥% بەرز دەبێتەوە بەهۆی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنانی وزە، بڕیارەکە لەئەمرۆ شەممە پێنجى  نیسانەوە کاری پێدەکرێت. هاوکات نرخی غازی سروشتی بۆ بەکارهێنەرانی پیشەسازی بە ڕێژەی لەسەدا ٢٠ و بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی لەسەدا ٢٤.٢ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.  لە ڕاگەیەندراوێکی نووسراودا، دەسەڵاتی ڕێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا (ئیپدک) ڕوونیکردووەتەوە، بەهۆی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا، نرخی کارەبا بەرز دەبێتەوە.  ڕێژە نوێیەکان بەم شێوەیەن: زیادبوونی 25% بۆ بەکارهێنەرانی نیشتەجێبوون، زیادبوونی 15% بۆ خزمەتگوزارییە گشتی و تایبەتەکان، بەرزبوونەوەی 10% بۆ بەکارهێنەرانی پیشەسازی، هەروەها زیادبوونی 12.4% بۆ چالاکییە کشتوکاڵییەکان. لە ئەنجامی ئەو زیادبوونەدا، بەشداربوویەکی نیشتەجێبوون کە 100 کیلۆوات کاتژمێر کارەبا بەکاردەهێنێت ئێستا 259.04 ₺ (6.74 دۆلار) دەدات. جگە لە کارەبا نرخی غازی سروشتی بۆ بەکارهێنەرانی نیشتەجێبوون وەک خۆی ماوەتەوە جگە لەوەش نرخی غازی سروشتیش بەرزبووەتەوە، بەکارهێنەرانی پیشەسازیش ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێکڕای 20% بوونەتەوە و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 24.2% بەرزبوونەوەی نرخی غازیان بەخۆوە بینیوە. هاوکات بۆ بەکارهێنەرانی غازی سروشتی نیشتەجێبوون، باجەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، هیچ دەستکارییەکی نرخ لەلایەن کۆمپانیای بۆری نەوت (BOTAS) بۆ کۆمپانیاکانی دابەشکردن لە مانگی نیساندا جێبەجێ نەکراوە. نرخی غازی سروشتی نیشتەجێبوون بەردەوام دەبێت لە نرخی غازی سروشتی ₺5.631 (149 دۆلار) بۆ هەر 1000 مەتر سێجایەک. بەڵام کۆمپانیای BOTAS هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی غازی بە جوملەی ڕاگەیاند، بەکارهێنەرانی پیشەسازی ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی 20% و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 24.2% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

  یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێت، "بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایشی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەمان بە فەرمی رادەستی هێزەکانی ئاسایشی گشتیی نێوخۆ کرد؛ کە لەژێر چەتری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کار دەکەن."    یەپەگە دەڵێت: "سەرکەوتووانە بەشێکی هێزەکانمان کشاندنەوە ئەو هێزانەی لەوێ ماون لە چەند رۆژی داهاتوو قۆناخ بە قۆناخ سەرلەنوێ بڵاودەکرێنەوە."   یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕایگەیاند، بەرپرسیارێتی ئەمنی لە گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی كوردنشینی شاری حەلەب بە فەرمی گواستراوەتەوە بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە ژێر چەتری ئیدارەی خۆسەردا کاردەکەن. دەشڵێت، "کشانەوەی بەشێکی هێزەکانمان تەواو بوە، یەکەکانی دیکەش بە شێوەیەکی قۆناغبەندی و ڕێکوپێک لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەكشێنەوە". فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەر لە سەرەتای ململانێکانی سوریاوە، دانیشتوانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب توانیویانە سیستەمێکی ڕێکخراو و بەرگری لە بەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەکان دابمەزرێنن. یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان بە شێوەیەکی کاریگەر پاڵپشتی بەهێزکردنی ئەو هێڵە بەرگرییەیان کرد. ئاماژەی بەوەشكرد، لەو ماوەیەدا هێزەکانیان قوربانییەکی یەکجار زۆریان داوە و دەستکەوتی ستراتیژییان بەدەستهێناوە، ڕۆڵێکی چارەنوسسازیان لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری دانیشتوانی مەدەنیدا بینیوە. پێشهاتەکانی ئەم دواییە جارێکی دیکە کاریگەری و خۆڕاگری ئەو هەوڵە بەکۆمەڵانەیان پشتڕاستکردەوە، چونکە یەکەکانیان بە ڕێكخراون و بەرپرسیارێتی خۆیان ئەنجامدا. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە ڕێككەوتنەكەی نێوان ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی ڕاگوزەری سوریا، بەرپرسیارێتی ئەمنی لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بە فەرمی گواستراوەتەوە بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە ژێر چەتری ئیدارەی خۆسەردا کاردەکەن. ئەوەشی خستەڕو، کشانەوەی بەشێکی هێزەکانیان تەواوبوە، یەکەکانی دیکەش بە شێوەیەکی قۆناغبەندی و ڕێکوپێک لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەكشێنەوە بۆ ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) پابەندن بە پرەنسیپەکانی خۆبەڕێوەبردن و ئیرادەی جەماوەری. هەروەها بەردەوام دەبن لە هەڵوێستی خۆیان بەگوێرەی پێداویستییە ستراتیژییەکانی قۆناغی نوێ.

  ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"، لەزاری چوار سەرچاوەوە ئاشكرایكردووە،  تورکیا لانیکەم سێ بنکەی ئاسمانی لە سوریا بەسەركردووەتەوە، بۆ ئەوەی سەربازەکانی تێدا جێگیر بکات، لە چوارچێوەی رێککەوتنی بەرگری هاوبەشی پلان بۆ داڕێژراو، بەر لەوەی ئیسرائیل ئەو شوێنانە بۆردومان بکات. بۆردومانە چڕەكەی ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی رابردوی ئیسرائیل، ئەو سێ شوێنەی كردە ئامانج كە تورکیا پشکنینی بۆ کردبوو، سەرەڕای هەوڵەکانی ئەنكەرە بۆ دڵنیاکردنەوەی واشنتۆن، بەوەی زیادبونی ئامادەیی سەربازی لە سوریا  مەبەستی هەڕەشەکردن نییە لە ئیسرائیل. بەرپرسێکی هەواڵگری ناوچەکە و دوو سەرچاوەی سەربازی سوریا و سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لەو بابەتە رایانگەیاندووە، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا، تیمە سەربازییەکانی تورکیا لە چەند هەفتەی رابردودا سەردانی بنکەی ئاسمانی (T4)و تەدموریان كردووە لە پارێزگای حمس، هەروەها فڕۆکەخانەی سەرەکی پارێزگای حەما. بەوتەی ئەو سەرچاوانە، سەردانی تیمەكانی توركیا پێشتر رانەگەیەندراوە.  بەرپرسە هەواڵگرییەکە ئاماژەی بەوەکردوە، تیمەکانی تورکیا بارودۆخی رێڕەوی فڕین و ژێرخانەكانی دیکەیان لە فرۆكەخانەكان هەڵسەنگاندووە. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ رایگەیاندووە،  وڵاتەكەی بە دوای هیچ روبەڕوبونەوەیەکدا ناگەڕێت لەگەڵ ئیسرائیل لە سوریا. فیدان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز وتویەتی، کردەوەکانی ئیسرائیل لە سوریا رێگە خۆشدەکات بۆ ناسەقامگیری داهاتوو لە ناوچەکەدا. لای خۆیەوە، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل رایگەیاندوە، ئیسرائیل بەدوای ململانێ لەگەڵ تورکیادا ناگەڕێت لە سوریا. بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەو بەرپرسە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندووە، بەدوای ململانێدا ناگەڕین لەگەڵ تورکیادا، هیوادارین تورکیاش بەدوای ململانێ لەگەڵ ئێمەدا نەگەڕێت، بەڵام نامانەوێت تورکیا لەسەر سنورەکانمان جێگیر بێت و هەموو ئامرازێک لەبەردەستدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتە.

  حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاندوە، ئەمرۆ هەینی بە بە موشيکی دورمەودا و بە  چڕی هێرشیان کردوەتە سەر گەورەترین کەشتیی جەنگیی ئەمەریکا لە دەریای سوردا و جەختیشیان کردوەتەوە هێرشەکەیان چەند کاتژمێرێکی خایاندوە. یەحیا ساری، وتەبێژی  چەکدارە حوسییەکانی یەمەن بە میدیاکانی نزیک لەخۆیانی راگەیاندوە، کە هێرشێکی نوێیان بۆ سەر کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکی هاری ئێس ترومان و کەشتییەکانی دیکەی هاوەڵی لە دەریای سور ئەنجامداوە. بەگوێرەی زانیارییەکان،  هێرشەکان بە موشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە و  کەشتییە جەنگییەکانیان لە  دەریای سور کردوەتە ئامانج؛ "لە هەموی گرنگتر یەکێک لە کەشتییەکان، فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکی هاری ئێس ترومان بوە". یەحیا ساری ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا، ئەمە دوەم هێرشیانە   بۆسەر گروپی  کەشتییەکانی نزیک لە ئەمەریکا لە دەریای سوردا. باسی لەوەش کردوە جگە لە هێرشەکانیان کە دوو کاتژمێری خایاندوە، بەرپەرچی دو هێرشی ئاسمانی ئەمەریکاشیان داوەتەوە کە کراوەتە سەریان، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بونی روبەڕوبونەوەی قورس لە نێوانیاندا. ئەم هێرشانەی حوسییەکان لە کاتێكدایە، دوێنی  پێنجشەممە ڕۆژنامەی تێلێگراف بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویکردبوەوە، تاران بڕیاری داوە هێزە سەربازییەکانی لە یەمەن بکشێنێتەوە و واز لە پشتیوانیکردنی چەکدارە حوسییەکان بهێنێت. دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ئەمساڵ ئاگربەست لە غەززە سەپێندرا، هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سور بەتەواوەتی کەمی کرد بو،  بەڵام دوای ئەوەی ئاگربەستەکە لە سەرەتای مانگی ئازاردا تێکچو، حوسییەکان ڕایانگەیاند هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سور دەستپێکردوەتەوە و هەروەها  دەستیانکردوە بە هێرشکردنە سەر  ئیسرائیل بە موشەکی دور مەودا. لە بەرامبەردا واشنتۆن  بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، هێرشی بەرفراوانی کردە سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەن و بەڵێنی لەنابردنیانی داوە، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوەدا هێرشەکانی واشنتۆن بە تەواوەتی بۆ سەر حوسییەکان چڕبونەتەوە و بەو هۆیەشەوە زیانی مادی و گیانی زۆریان پێگەیشتوە.

  سوودانی دەڵێت، بە مامەڵەی ژیرانە و بەرپرسیارانە توانییان عێراق لە چوونە نێو شەڕ دووربخەنەوە، سەرەڕای ئەوەی هەندێک کەس هەبوون دەیانویست بیبەنە نێو شەڕ و ململانێوە. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتەیەکدا لە بەغدا رایگەیاند، "ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و گەورەترین تاقیکردنەوەی حکومەتیش ئەوە بوو، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانانەدا بکات کە هەن، سەرەڕای هەڵوێستی نەگۆڕی بۆ دۆسیەی فەلەستین. سوودانی دەڵێت، "بە مامەڵەکردنی ژیرانە و بەرپرسیارانە توانیمان عێراق بپارێزین و رێگە نەدەین بچێتە نێو شەڕ، هەرچەندە هەندێک دەنگی هەڵچوو و پەلەکار هەبوون دەیانویست عێراق ببەنە نێو شەڕ و ململانێکانەوە."   سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی کرد و گوتی، "ناتوانین ئاییندەی وڵات تەنیا بە نەوتەوە گرێ بدەین، بەتایبەتی کە عێراق خاوەنی توانای کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیارییە. وڵاتەکەمان بە پێگە جوگرافییەکەی وەکو رێڕەوێکی بازرگانیی جیهانی جیادەکرێتەوە، هەربۆیە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانمان دەستپێکرد."   سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد، "کار دەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، توانا، سەرچاوە و ویستمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان هەیە؛ کارکردنیش لە گواستنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا بەردەوامە."   لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "ئاییندەی عێراق ئومێدبەخشە، ئەوەش لە سایەی گەلەکەی. ویستێكی راستەقینە بۆ چاکسازی هەیە. لە دوو ساڵ و نیوی تەمەنی حکومەتدا، پێشکەوتنی بەرچاومان لەم رووەوە بەدەستهێناوە."   ئەم گوتەیەی سوودانی لە کاتێكدایە، رووداوەکانی دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە کاریگەرییان لەسەر چەندین وڵاتی ناوچەکە هەبووە، لەوانەش فەلەستین، ئیسرائیل، لوبنان، سووریا و یەمەن.

  هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، تورکیا نایەوێت هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ئیسرائیل لە سوریا ڕووبدات. ئەم پەیامەش دوای ئەوە دێت ئیسرائیل لەڕێگەی هێزی ئاسمانیەوە دووجار هێرشی کردە سەر چەند شوێنک لەناوخاکی سوریا، ئەوشوێنانە بنکەی سەربازیی بوون تورکیا دەیویست بیانکات بەسەربازگە بۆخۆی. هاکان فیدان لە چاوپێکەوتنێکدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە برۆکسل، ئاماژەی بەوەدا کە کردەوەکانی ئیسرائیل لە سوریا ڕێگا بۆ ناسەقامگیری داهاتووی ناوچەکە خۆش دەکات. فیدان ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئیدارەی نوێ لە دیمەشق بیەوێت لەگەڵ ئیسرائیل "لەگەڵ لێکتێگەیشتنێکی دیاریکراو" بگات، ئەوە کاری خۆیەتی و پەیوەندی بەئێمەوە نییە. لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر سوریا چڕتر کردەوە و هێرشەکانی بە هۆشداری بۆ فەرمانڕەوا نوێیەکانی دیمەشق ناساند. ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو تورکیای بە هەوڵدان بۆ سەپاندنی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر سوریادا تۆمەتبار کرد.

  یەبەشە بڵاوی كردەوە، هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەینەوە، كە باس لەوە دەكەن، ئێمە پەیوەندیمان بەتەقینەوەكەی شەوی ڕابردووی شنگالەوە هەبوو بێت، پابەندین بە پاراستنی هاوڵاتییان و سەقامگیری شارەكە. درەنگانی شەوی ڕابردوو، لە ناوچەی بازاڕی کۆنی شنگال تەقینەوەیەک ڕوویدا و بە پێی وتەی دانیشتووانی شنگال، لە چەندین ناوچەوە گوێیان لە دەنگی تەقینەوەکە بووە. هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە نەزاندراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دوای تەقینەوەکە سوپای عێراق لە شوێنی تەقینەوەکە و چەندین شوێنی دیکەی شنگال دەستی بە جموجۆڵی سەربازیی کرد. فەرماندەیی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) سەبارەت بەو تۆمەتانەی تایبەتە بە تەقینەوەكەی شنگال ئاراستەیان دەكرێت، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بەتوندی هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەینەوە، كە باس لەوە دەكەن، ئێمە پەیوەندیمان بە تەقینەوەكەی شەوی ڕابردووی شنگالەوە هەبوو بێت، ئەم تۆمەتانە ئامانجیان ناسەقامگیركردن و شێواندنی وێنەی بەرخۆدانی ئێمەیە. ئاماژە بەوەشكراوە، هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی لایەنگر لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی تۆمەتی بێ بنەما بە دوای شێواندنی ڕاستییەكان و هاندانی ناتەباییدان، ئێمە وەك قەڵغانی سەلامەتی و سەرچاوەی سەقامگیری لە ناوچەكەدا بوون و دەمێننەوە، پابەندین بە پاراستن و بەرگریكردن لە خەڵك لە بەرامبەر هەر مەترسییەك بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرییان. باس لەوەشكراوە، ئەو تۆمەتە درۆیانە تەنیا خزمەت بە ئەجێندا گوماناوییەكان دەكەن، كە ئامانجیان ناسەقامگیركردنی ئاسایشی شنگال و گومانكردنە لە قوربانیدانی شەڕڤانانمان و پرەنسیپە چەسپاوەكانمان. لەكۆتایی بەیاننامەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، داوا لە هەموو لایەك دەكەین وریا بن و نەخرێنە ناو هەواڵی ناڕاستەوە، كە هەوڵی هاندانی ململانێ دەدات، پابەندبوونی خۆمان بۆ بەرگریكردن لە شنگال و گەلەكەی لە بەرامبەر هەر ئاڵنگارییەکی ئەمنیدا نوێ دەكەنەوە.

  رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیامێکی لەبارەی گەنجان بڵاوکردەوە و داوای لێکردن، "لە هەموو شوێنێک بەڕێکخراوەیی بن و هەموو شوێنێک بەڕێکخراوەیی بکەن''.   گرووپی گەنجانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە مەبەستی یادکردنەوەی رۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە رۆژی سێشەممە، یەکی نیسانی 2025 لە مەیدانی داغکاپی لە شارۆچکەی ئامەدی باکووری کوردستان دەستیان بە رێپێوان کرد و چەند فێستیڤاڵ و چالاکییەکیان سازکرد.   گەنجانی دەم پارتی لە رۆژی دووی نیسانی ئەم مانگە، گەیشتنە رووهای باکووری کوردستان. رۆژی پێنجشەممە، سێی نیسانی ئەم مانگە، لە درێژەی چالاکی و فێستیڤاڵەکانیاندا پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لەبارەی گەنجانەوە خوێندەوە.   ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بۆ گەنجان دەڵێت، ''مانگی نیسان بۆ من وەک رینسانسە و سەرلەنوێ لەدایکبوونە. رێپێوانی گەنجان، هەنگاونانە بەرەو سەربەخۆیی. هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی، بەهادارە''.   لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێت: ''سۆسیالیزم، واتە کۆمەڵگە، واتە کۆمەڵگەخوازی. سۆسیالیستی بەکۆمەڵگەییبوونە. پێویستە لە کوردستان بەم تێڕوانینەوە سیاسەت بکرێت. ئەمەش بە رێکخراوەییبوون دەبێت. بەڕێکخراوەییبوون گرنگترین چالاکییە. ئەگەر وانەکەن بەتووندی رەخنەتان لێدەگرم. بۆیە دەبێت لە هەموو شوێنێک بەڕێکخراوەیی بن و هەموو شوێنێک بەڕێکخراوەیی بکەن. پاڵپشتی لە چالاکییەکانتان دەکەم و سڵاوتان ئاراستە دەکەم''.   ئەمڕۆ هەینی چواری مانگ، کۆتا رۆژی رێپێوانەکەی گرووپی گەنجانی دەم پارتییە و بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی ئۆجەلان، فێستیڤاڵی ''چواری نیسان'' لە شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە رووهای باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.   ئێوارەی رۆژی دووشەممە 31ـی ئاداری 2025، محەممەد ئۆجەلان (برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و عومەر ئۆجەلان (برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها) بە بۆنەی جەژنی رەمەزان، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد و ئەو پەیامەی ئۆجەلانیان وەرگرت.   عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە چواری نیسانی 1949 لە گوندی عەمارە سەر بە شارۆچکەی خەلفەتی لە رووهای باکووری کوردستان لەدایکبووە. ئۆجەلان لە ساڵی 1984 پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی دامەزراند.    ئەو پەیامانەی ئۆجەلان لە کاتێکدان، رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری نرا، کە ئەمە لەلایەن دەم پارتی بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' و لەلایەن حکومەتی تورکیاشەوە بە ''کۆتاییهێنان بە تیرۆر'' ناوی دەهێنرێت.   دواتر داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازبکات. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، سێ جار سەردانی ئۆجەلانی لە ئیمراڵی کردووە و لەسەر زاری خۆیەوە پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.

  سوپاى ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی هێرشێکی ئاسمانی دەستپێکرد و باڵەخانەیەکی شوقەی لە شاری سیدۆنی باشووری لوبنان کردە ئامانج. بەپێی زانیارییەکان، لە هەڵمەتەکەی ئیسرائیل لانیکەم 3 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئاژانسەکانى هەواڵ ڕایانگەیاند کە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل حەسەن فەرهات سەرۆکی حەماس بووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی فەلەستینی، فەرهات (ئەبو یاسر) لەگەڵ کوڕ و کچەکەی لە کاتی خەوتبوون لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژراون. ئەمەش لەکاتێکدایە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا ئۆتۆمبێلێکی لەسەر ڕێگای بینت جبەیل لە باشووری لوبنان کردە ئامانج، دوو کەس برینداربوون، هاوکات ئیسرائیل بەردەوام بوو لە بۆردومانکردنی چەند ناوچەیەک. وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلی کردە ئامانجی ئۆتۆمبیلێک لەسەر ڕێگای بینت جبەیل و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون. لە بەیاننامەیەکی دیکەدا، وەزارەتی تەندروستی لوبنان "ئیدانەی خۆی بۆ بەئامانجکردنی دوو ئەمبولانس و ماتۆڕێکی ئاگرکوژێنەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە، جگە لە وێرانکردنی بنکەیەکی تەندروستی کاتی بۆ دەسەڵاتی تەندروستی لە شارۆچکەی نەقورە" لە باشوور. داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "خۆی ڕازی نەبن و چاوپۆشی لە جددیەتی ئەم هێرشانە نەکەن، کە پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەستووری ڕێکخراوە مرۆییەکان و نۆرمەکان پێکدەهێنن". سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ەوە کاری پێدەکرێت، ئیسرائیل بەردەوامە لە ئامانجکردنی باشووری لوبنان بە هێرشە ئاسمانییەکان کە ئامانجەکانی حزبوڵای لوبنان دەکاتە ئامانج.

  وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ''لێدوانە چەواشەکارییەکانی وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی وڵاتەکەمان، رەنگدانەوەی ئەو دۆخە دەروونییەیە کە تێیدان''. هەروەها دەشڵێت، ''ئیسرائیل بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە''.   وەزارەتی دەرەوەی تورکیا شەوی پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لێدوانە چەواشەکارەکانی وەزیرانی ئیسرائیل" لەبارەی وڵاتەکە، "رەنگدانەوەی ئەو سیاسەتە هێرشکار و فراوانکارییەی حکومەتی نەتەوەپەرستی ئیسرائیلە کە پەیڕەوی دەکات''.   وەزارەتەکە دەڵێت، ''وێڕای ئەوەی لە سووریا هیچ هێرشێک بە ئاراستەی ئەو (ئیسرائیل) نەکراوە، ئیسرائیل دوێنێ شەو (2ـی نیسان) هێرشی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر زۆر شوێن کرد''.   وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەروەها راشیگەیاند، ''وەزیرانی ئیسرائیل بە بەئامانجگرتنی تورکیا، ناتوانن ئەو کۆمەڵکوژییەی لە غەززە دەیکەن، ئەو شەڕەی بەرامبەر بە گەلی فەلەستین دەیکەن، ئەو تیرۆرەی دەیکەن، ئەو نیازەی کە لەبارەی لکاندنی کەرتی رۆژئاوا هەیانە، هەروەها ئەو ئامانجە فراوانکارییانەی لە پشت هێرشەکانیان بۆ سەر لوبنان و سووریا هەیانە، بیشارنەوە''.    وەزارەتەکە دەشڵێت، ''ئیسرائیل کە لە رێگەی هێرشەکانی، یەکێتیی نیشتیمانیی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچەکە بەئامانج دەگرێت، هاوکات بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکەمان، بەو شێوەیە دەبێتە هۆی نانەوەی پشێوی و پەرەدان بە تیرۆر''.   تورکیا داوای کشانەوەی ئیسرائیل لە خاکی سووریا دەکات و دەڵێت: ''لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچەکە، پێویستە سەرەتا ئیسرائیل واز لە سیاسەتە فراوانکارییەکانی بهێنێت. هەروەها لەو ناوچانە بکشێتەوە کە داگیریکردوون و کۆتایی بە هەوڵەکانی لە دژی بەرقەرارکردنی ئاسایش لە سووریا بهێنێت''.   وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێکاری پێویست لە بەرامبەر ''هێرشەکانی ئیسرائیل'' بگرێتەبەر.   ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی لە پاریس رایگەیاند، تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی سووریا بکاتە پاشکۆیەکی پارێزراوی خۆی.    وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل راشیگەیاند، ئیسرائیل لە "هەڵوێستی تووند"ی تورکیا بەرامبەر بە خۆبەڕێوەبەرایەتیی کورد، بە تایبەتی لە رۆژئاڤا نیگەرانە.

  پەرلەمانتارانی عێراق بوونی هێزەكانی دەوڵەتی تورك لە عێراق ڕەتدكەنەوە و دەڵێن، پەرلەمان بیر لە دەركردنی بڕیارنامەیەك دەكاتەوە، كە تێیدا داوا لە حكوومەت دەكات ئەو هێزانە بكاتە دەرەوە، بەڵام نەبوونی كۆنترۆڵی عێراق بەسەر هەرێمدا، ئەوەش وایكردووە ڕێگری لە هەوڵەكانی دەركردنی ئەو هێزانە بكرێت. عامر فایز پەرلەمانتار ڕایگەیاند، لە سەرەتاوە بوونی توركیا لە خاكی عێراق ڕەتكراوەتەوە، بەڵام بارودۆخی سیاسی دەوروبەری عێراق و نەبوونی كۆنتڕۆڵی ئێمە بەسەر هەرێمی كوردستاندا ڕێگری لە هەوڵەكانی دەركردنی ئەو هێزە داگیركەرانە كردووە، كە بەبێ هیچ ڕەزامەندییەكی عێراق بوونیان هەیە. عامر فایز ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەت بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی تایبەتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، سكاڵای یاسایی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان تۆمار نەكرد، بەڵكو داوای كشانەوەی توركیای كرد لەڕێگەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە. باسی لەوەشكرد، ئەنجوومەنی نوێنەران داوا دەكات سكاڵای فەرمی لەسەر توركیا تۆمار بكرێت، بەتایبەتی ئێستا (پـ.ـەكە.كە) ئاگربەستی ڕاگەیاندووە، بۆیە هیچ پاساوێك نییە بۆ بوونی ئەو هێزانە لە عێراق، پەرلەمان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێداچوونەوە بەم بڕیارە دەكات و بڕیارنامەیەك دەردەكات، تێیدا داوا لە حكومەت دەكات بەردەوام بێت لەم هەنگاوە.

بەپێى ئامارەکانى ڕیکخراوى CPT ئەمریکى، لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ەوە تاوەکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٥، سوپای تورکیا بەلایەنی کەمەوە ٤٠٤ هێرش و بۆردوومانی لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامداوە. لە ئەنجامی ئەو هێرش و بۆردوومانانەدا، ٤ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ٢ هاووڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون. هەر بەپێى ئامارەکانى ڕێکخراوەکە، لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەیپەکەکە و بەدرێژایی مانگی ئادار، سوپای تورکیا ١١٨ بۆردوومان و هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. لەم ژمارەیە، ٨٦ هێرشیان، هێرشی ئاسمانی بوون. ٢١ هێرش لە ڕێگەی تۆپباران و ١٠ هێرش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بووە.  دەقى ڕاگەیەندراوەکەى ڕێکخراوى CPT. بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ١ی ئاداری ٢٠٢٥دا، لە وەڵامی بانگەوازی ئاشتی ڕێبەری دەستگیرکراوی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لە دوای دەستپێشخەری ئاشتی، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی مەهەپە و پشتیوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ پڕۆسەی چارەسەری ئاشتییانە، پارتی کرێکارانی کوردستان ئاگربەستی تاکلایەنەی بەرامبەر بە سوپای تورکیا ڕاگەیاند و ئامادەیی حزبەکەی بۆ خۆ هەڵوەشاندنەوە دەربڕی بە مەرجی ئامادەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆنگرەی حزبەکەدا بۆ دروستکردنی بڕیار لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە. لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەیپەکەکە و بەدرێژایی مانگی ئادار، سوپای تورکیا ١١٨ بۆردوومان و هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. لەم ژمارەیە، ٨٦ هێرشیان، هێرشی ئاسمانی بوون. ٢١ هێرش لە ڕێگەی تۆپباران و ١٠ هێرش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بووە. هەر لە مانگی ئاداردا، سوپای تورکیا هێرشێکی بە بەکارهێنانی تی ئێن تی ئەنجامداوە. لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا لە مانگی ئاداردا، پارتی کرێکارانی کوردستان ٩ جار وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە. لە وەڵامی یەکێک لە هێرشەکاندا، چەکدارانی پەکەکە لە ڕۆژی ١٦ی ئادارادا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیان لە جۆری "ئاکنجی"، لە گوندی سۆفیانی سەر بە ناحیەی بنگرد، لە قەزای دوکان لە پارێزگای سلێمانی خستە خوارەوە. داتا و ژمارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئاداردا، ئەوە نیشاندەدەن کە سوپای تورکیا لە هێرش و بۆردووومانەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە و ڕێژەی هێرشەکان بڕێک کەمی کردووە. هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئاداردا، بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم بە ڕێژەی ١٢٪ کەمی کردوووە. هەروەها بەراورد بە مانگی شوبات، ٢١٪ کەمی کردووە. چاوەڕواندەکرا لە دوای خوێندنەوەی بانگەوازی ئاشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێژەی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە، بەڵام بە پێجەوانەوە، هەفتەی یەکەمی دوای ڕاگەیاندنی بانگەوازەکە، ژمارەی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بەراورد بە دواین هەفتەی پێش ڕاگەیاندنی بانگەوازەکە، بە ڕێژەی ١٤٥٪ زیادیکرد. بەگشتی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک لە مانگی ئاداردا زۆرترین جار بە ئامانجگیراون. سوپای تورکیا ٥٥ هێرشی بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر و ٥١ هێرشی تری بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک ئەنجامداوە. سنوری پارێزگای سلێمانیش لە مانگی ئاداردا، ١٢ هێرش و بۆردوومانی کراوەتە سەر. ئەمە لەکاتێکدا لە مانگی ئاداردا، هیچ هێرش و بۆردوومانێک بۆسەر سنوری پارێزگای موسڵ ئەنجامنەدراوە. لە مانگی ئاداردا، ڕێژەی بۆردوومانەکان بۆ سنوری سەرجەم پارێزگاکان بێجگە لە سنوری پارێزگای هەولێر کەمیکردووە. ژمارەی هێرش و بۆردوومانەکان بۆسەر سنوری پارێزگای هەولێر لە مانگی ئاداردا بەراورد بە مانگی شوبات، بە ڕێژەی ١٢٠٪ زیادیکردووە. هەروەها لەگەڵ کەمبوونی ژمارەی هێرش و بۆردوومانەکانیشدا، ڕێژەی بەکارهێنانی هەلیکۆپتەر لە هێرشەکاندا زیادیکردووە بە شێوەیەک لە مانگی ئاداردا، سوپای تورکیا ١٠ جار هەلیکۆپتەری لە هێرشەکانیدا بەکارهێناوە، ئەمە لە کاتێکدا لە مانگی شوباتدا، سوپای تورکیا تەنیا ١ جار هەلیکۆپتەری بەکارهێناوە. سەرباری ئەمانە، سوپای تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٥دا، لە ڕیگەی بەکارهێنانی ماددەی تەقەمەنی وەکو تی ئێن تی، هەروەها بۆردوومانی ڕاستەوخۆوە ئەشکەوتە سروشتییەکانی نزیک بارەگا سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستاندا بە ئامانجدەگرێت و خاپوریان دەکات، لە کاتێکدا ئەو ئەشکەوتانە لە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی چەکدارانی پەکەکەدانین. بۆ نموونە، لە ٢٥ی ئاداردا، سوپای تورکیا، لە ڕێگەی بەکارهێنانی تی ئێن تییەوە ٥ ئەشکەوتی لە گوندی سگیرێ لە قەزای ئامێدی تەقاندەوە. ئەو ئەشکەوتانە، سورشتی بوون و تونێلی دەستکرد و دروستکراوی چەکدارانی پەکەکە نەبوون، بەڵام بەهۆی مەترسی بەکارهێاننیان لەلایەن پەکەکەوە، سوپای تورکیا هەر پێنج ئەشکەوتە سروشتییەکەی تەقاندەوە. هەر لەم ساڵیشدا و لە ٢٢ی شوباتدا، سوپای تورکیا بۆردوومانی ئەشکەوتی شێخی کرد لە گوندی بەلاڤەی سەر بە قەزای ئامێدی، کە یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی ناوچەکە و وەکو شوێنێکی دێرینی سەردەمی شۆڕشی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی کورد سەیرکراوە. لە ڕۆژی ٢٦ی ئاداردا، هەواڵی کشانەوەی سەربازانی تورکیا لە بنکە سەربازییەکانی گەلی رەشاڤە لە ناحیەی دێرەلوک بڵاوبۆوە. بەڵام ئەمە تەنیا دەنگۆ بوو. سوپای تورکیا لە ڕێگەی ٢٥ کامیۆنی سەربازییەوە ئاڵوگۆڕی سەربازەکانی ئەنجامدابوو و ئەمەش لەلایەن بەشێک لە میدیاکانەوە وەکو کشانەوەی سەربازانی تورکیا بڵاوکراویەوە، لە کاتێکدا تەنیا ئاڵوگۆڕ بە سەربازەکان کرابوو و سوپای تورکیا لە هیچ بنکە و بارەگایەکی لە هەرێمی کوردستاندا نەکشاوەتەوە.  لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ەوە تاوەکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٥، سوپای تورکیا بەلایەنی کەمەوە ٤٠٤ هێرش و بۆردوومانی لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامداوە. لە ئەنجامی ئەو هێرش و بۆردوومانانەدا، ٤ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ٢ هاووڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون. بەردەوامی هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی ناوچەی کاریگەر بە شەڕ و بۆردوومانەکانی خستۆتە مەترسییەوە. بەتایبەت ژیانی ئەو هاووڵاتی و گوندنشینانەی کە بژێوی ژیانییان لەسەر کشتوکاڵکردنە و لە وەرزی بەهاراندا بۆ کۆکردنەوەی گژ و گیای خۆڕسک ڕوودەکەنە چیاکان بەردەوام لە مەترسیدایە.  تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، داوای ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا دەکات و بانگەواز لە هەردوولای ئەو شەڕ و ململانێیانە دەکات کە لەڕێگەی بەشداری چالاکانە لە پڕۆسەی ئاشتیدا کێشە و ململانێکانییان کۆتاییپێبهێنن و چیتر ژیان و ئاسایشی هاووڵاتیانی مەدەنی و گوندنشینان، لە هەرێمی کوردستاندا نەخەنە مەترسییەوە. تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە CPT هەرێمی کوردستانی عێراق

دوای ئەوەی ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ داوایان لە خەڵک کرد بۆ ماوەی یەک ڕۆژ شت نەکڕن و لای خۆیشیەوە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پشتیوانی لەو داواکارییە کرد و حکومەت دژی وەستایەوە، وێڕای هەڕەشە بەردەوامەکان بۆ سەر ئەو چالاکوانانە، دوێنێ تاک و تەرا خەڵک لە مۆڵەکانی تورکیا دەبینرا و بازاڕ و فرۆشگاکانیش چۆڵ بوون. وەک بە دەمەوە هاتن بۆ داواکارییەکەی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە کە داوای لە خەڵک کرد بەرهەمەکانی ئەو بڕاندانە بایکۆت بکەن کە لەو کەناڵانەوە ڕێکلامییان بۆ دەکرێت ئامادە نین ڕووماڵی ئەو خۆپیشاندان و گردبوونەوانە بکەن بۆ پشتگیری لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ ئەنجام دەدرێن، ژمارەیەک چالاکوان داوایان لە هاوڵاتییان کرد 2ـی نیسان هیچ نەکڕن و شت کڕین بایکۆت بکەن.  ئەمەش هەر زوو دەسەڵاتدارانی تورکیای هێنایە سەر هێڵ و ڕۆژێک بەر لەو هەڵمەتی بایکۆتە و لە 1ـی نیسان سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی ئیستانبوڵ ڕایگەیاند: دەست دەکەن بە لێکۆڵینەوە لەوانەی بایکۆتی کاڵا و کەلوپەلی ژمارەیەک لە بڕاندەکان دەکەن.  وەک ئەوەی ئەوە بەس نەبێت کاتژمێر 03:57ـی سەرلەبەیانیی دوێنێ 2ـی نیسانی 2025 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند ئەمە هەوڵدانە بۆ ئەنجامدانی “کودەتا” بەسەر سەقامگیریی ئابوری تورکیادا.  لە دوای داواکارییەکەی ئەو خوێندکارانەی زانکۆ دوێنێ مۆڵی ناوچەی شیشلی لە ئیستانبوڵ ئێجگار چۆڵ بوو و لە هۆبەی بڕاندی ئەو قاوەیەی کە بایکۆت کراوە تەنیا 10 کەس بەدی دەکران و هۆبەی بڕاندی سمیتیش ببوو بە چۆڵەوانی. فاتمە هۆشگۆر تەکەشین بە میدیای سۆزجوی ڕاگەیاند: وەک هاوڵاتییەک بایکۆتکردن تەنیا کاردانەوە نییە بەرامبەر ناحەقی، بەڵکو دەچێتە خانەی ئازادی ڕادەربڕینیشەوە.  چەند کەسێکی دیکەیش کە بایکۆتیان کردووە بە ئاژانسی هەواڵی ئانکا'یان ڕاگەیاندووە کە هیچ کەسێک بۆی نییە دەست وەربداتە گیرفانیان و ئەوەی دژی ئەو بڕیارەیان دەوەستێتەوە با بۆ خۆی بچێت شت لەو بڕاندانە بکڕێت.  دوکاندارێک لە ئیستانبوڵ کە دوێنێ دوکانەکەی داخست ئاماژە بەوە دەدات یەکێک لە وەزیرەکان بەس ئەوە ماوە بە "ناپاکیکەر لە وڵات" ناویان بهێنێت، بەڵام ئەو جۆرە قسانە کاریان تێ ناکات و ئەو بەشداری لە بایکۆتەکەدا کردووە. عەلی یەرلیکایا لە پەیامەکەی دوێنێیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە بایکۆتکردن زیان بە سەربەخۆیی ئابوریی تورکیا دەگەیەنێت و وتی: "ئیسرائیل بە چێژەوە سەیری بڕیاری بایکۆتکردنەکەی جەهەپە دەکات. بایکۆتکردن تەنیا زیان بە ئابوری تورکیا ناگەیەنێت، بەڵکو هەڕەشەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا". ئەم وتانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کاتێکدا دێن، پێشتر ژمارەیەکی دیکەی گەورەبەرپرسانی تورکیا بە توندترین شێوە دژی ئەو بڕیارەی جەهەپە وەستاونەتەوە و لە دوێنێشەوە سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی ئیستانبوڵ بە پاساوی "هاندانی خەڵک بۆ دوژمنایەتی" و "بڵاکردنەوەی ڕق و کینە و جیاکاری" دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە لەو هەژمارانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتیوانی لە بایکۆتکردنی کاڵا و بەرهەمی ئەو بڕاندانە دەکەن کە لەو کەناڵانەوە ڕێکلامیان بۆ دەکرێت ڕوماڵی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکان ناکەن بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو. لە دوای داواکارییەکەی ئۆزگور ئۆزەل کە پێشتر ناوی ژمارەیەک بڕاندی ڕاگەیاند و پاشان لیستەکەی فراوانتر کرد، ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ داوایان کرد 2ـی نیسان بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەو هەڵمەتی بایکۆتکردنە دەست پێ بکات، لای خۆشیەوە ئۆزگور ئۆزەل پشتیوانی بۆ ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاند و داوای کرد هەموو کەسێک بەشدار بێت تێیدا.  کاردانەوەی توندی بەرپرسانی تورکیا لە کاتێکدایە، تا سێ مانگ لەمەوبەریش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لە خەڵک دەکرد چەند جۆرە بەرهەمێک بایکۆت بکەن و ئەمەیان بە ڕەواترین مافی هاوڵاتی دەزانی.