سوپاى ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی هێرشێکی ئاسمانی دەستپێکرد و باڵەخانەیەکی شوقەی لە شاری سیدۆنی باشووری لوبنان کردە ئامانج. بەپێی زانیارییەکان، لە هەڵمەتەکەی ئیسرائیل لانیکەم 3 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئاژانسەکانى هەواڵ ڕایانگەیاند کە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل حەسەن فەرهات سەرۆکی حەماس بووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی فەلەستینی، فەرهات (ئەبو یاسر) لەگەڵ کوڕ و کچەکەی لە کاتی خەوتبوون لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژراون. ئەمەش لەکاتێکدایە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا ئۆتۆمبێلێکی لەسەر ڕێگای بینت جبەیل لە باشووری لوبنان کردە ئامانج، دوو کەس برینداربوون، هاوکات ئیسرائیل بەردەوام بوو لە بۆردومانکردنی چەند ناوچەیەک. وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلی کردە ئامانجی ئۆتۆمبیلێک لەسەر ڕێگای بینت جبەیل و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون. لە بەیاننامەیەکی دیکەدا، وەزارەتی تەندروستی لوبنان "ئیدانەی خۆی بۆ بەئامانجکردنی دوو ئەمبولانس و ماتۆڕێکی ئاگرکوژێنەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە، جگە لە وێرانکردنی بنکەیەکی تەندروستی کاتی بۆ دەسەڵاتی تەندروستی لە شارۆچکەی نەقورە" لە باشوور. داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "خۆی ڕازی نەبن و چاوپۆشی لە جددیەتی ئەم هێرشانە نەکەن، کە پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەستووری ڕێکخراوە مرۆییەکان و نۆرمەکان پێکدەهێنن". سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ەوە کاری پێدەکرێت، ئیسرائیل بەردەوامە لە ئامانجکردنی باشووری لوبنان بە هێرشە ئاسمانییەکان کە ئامانجەکانی حزبوڵای لوبنان دەکاتە ئامانج.

  وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ''لێدوانە چەواشەکارییەکانی وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی وڵاتەکەمان، رەنگدانەوەی ئەو دۆخە دەروونییەیە کە تێیدان''. هەروەها دەشڵێت، ''ئیسرائیل بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە''.   وەزارەتی دەرەوەی تورکیا شەوی پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لێدوانە چەواشەکارەکانی وەزیرانی ئیسرائیل" لەبارەی وڵاتەکە، "رەنگدانەوەی ئەو سیاسەتە هێرشکار و فراوانکارییەی حکومەتی نەتەوەپەرستی ئیسرائیلە کە پەیڕەوی دەکات''.   وەزارەتەکە دەڵێت، ''وێڕای ئەوەی لە سووریا هیچ هێرشێک بە ئاراستەی ئەو (ئیسرائیل) نەکراوە، ئیسرائیل دوێنێ شەو (2ـی نیسان) هێرشی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر زۆر شوێن کرد''.   وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەروەها راشیگەیاند، ''وەزیرانی ئیسرائیل بە بەئامانجگرتنی تورکیا، ناتوانن ئەو کۆمەڵکوژییەی لە غەززە دەیکەن، ئەو شەڕەی بەرامبەر بە گەلی فەلەستین دەیکەن، ئەو تیرۆرەی دەیکەن، ئەو نیازەی کە لەبارەی لکاندنی کەرتی رۆژئاوا هەیانە، هەروەها ئەو ئامانجە فراوانکارییانەی لە پشت هێرشەکانیان بۆ سەر لوبنان و سووریا هەیانە، بیشارنەوە''.    وەزارەتەکە دەشڵێت، ''ئیسرائیل کە لە رێگەی هێرشەکانی، یەکێتیی نیشتیمانیی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچەکە بەئامانج دەگرێت، هاوکات بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکەمان، بەو شێوەیە دەبێتە هۆی نانەوەی پشێوی و پەرەدان بە تیرۆر''.   تورکیا داوای کشانەوەی ئیسرائیل لە خاکی سووریا دەکات و دەڵێت: ''لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچەکە، پێویستە سەرەتا ئیسرائیل واز لە سیاسەتە فراوانکارییەکانی بهێنێت. هەروەها لەو ناوچانە بکشێتەوە کە داگیریکردوون و کۆتایی بە هەوڵەکانی لە دژی بەرقەرارکردنی ئاسایش لە سووریا بهێنێت''.   وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێکاری پێویست لە بەرامبەر ''هێرشەکانی ئیسرائیل'' بگرێتەبەر.   ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی لە پاریس رایگەیاند، تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی سووریا بکاتە پاشکۆیەکی پارێزراوی خۆی.    وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل راشیگەیاند، ئیسرائیل لە "هەڵوێستی تووند"ی تورکیا بەرامبەر بە خۆبەڕێوەبەرایەتیی کورد، بە تایبەتی لە رۆژئاڤا نیگەرانە.

  پەرلەمانتارانی عێراق بوونی هێزەكانی دەوڵەتی تورك لە عێراق ڕەتدكەنەوە و دەڵێن، پەرلەمان بیر لە دەركردنی بڕیارنامەیەك دەكاتەوە، كە تێیدا داوا لە حكوومەت دەكات ئەو هێزانە بكاتە دەرەوە، بەڵام نەبوونی كۆنترۆڵی عێراق بەسەر هەرێمدا، ئەوەش وایكردووە ڕێگری لە هەوڵەكانی دەركردنی ئەو هێزانە بكرێت. عامر فایز پەرلەمانتار ڕایگەیاند، لە سەرەتاوە بوونی توركیا لە خاكی عێراق ڕەتكراوەتەوە، بەڵام بارودۆخی سیاسی دەوروبەری عێراق و نەبوونی كۆنتڕۆڵی ئێمە بەسەر هەرێمی كوردستاندا ڕێگری لە هەوڵەكانی دەركردنی ئەو هێزە داگیركەرانە كردووە، كە بەبێ هیچ ڕەزامەندییەكی عێراق بوونیان هەیە. عامر فایز ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەت بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی تایبەتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، سكاڵای یاسایی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان تۆمار نەكرد، بەڵكو داوای كشانەوەی توركیای كرد لەڕێگەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە. باسی لەوەشكرد، ئەنجوومەنی نوێنەران داوا دەكات سكاڵای فەرمی لەسەر توركیا تۆمار بكرێت، بەتایبەتی ئێستا (پـ.ـەكە.كە) ئاگربەستی ڕاگەیاندووە، بۆیە هیچ پاساوێك نییە بۆ بوونی ئەو هێزانە لە عێراق، پەرلەمان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێداچوونەوە بەم بڕیارە دەكات و بڕیارنامەیەك دەردەكات، تێیدا داوا لە حكومەت دەكات بەردەوام بێت لەم هەنگاوە.

بەپێى ئامارەکانى ڕیکخراوى CPT ئەمریکى، لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ەوە تاوەکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٥، سوپای تورکیا بەلایەنی کەمەوە ٤٠٤ هێرش و بۆردوومانی لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامداوە. لە ئەنجامی ئەو هێرش و بۆردوومانانەدا، ٤ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ٢ هاووڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون. هەر بەپێى ئامارەکانى ڕێکخراوەکە، لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەیپەکەکە و بەدرێژایی مانگی ئادار، سوپای تورکیا ١١٨ بۆردوومان و هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. لەم ژمارەیە، ٨٦ هێرشیان، هێرشی ئاسمانی بوون. ٢١ هێرش لە ڕێگەی تۆپباران و ١٠ هێرش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بووە.  دەقى ڕاگەیەندراوەکەى ڕێکخراوى CPT. بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ١ی ئاداری ٢٠٢٥دا، لە وەڵامی بانگەوازی ئاشتی ڕێبەری دەستگیرکراوی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لە دوای دەستپێشخەری ئاشتی، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی مەهەپە و پشتیوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ پڕۆسەی چارەسەری ئاشتییانە، پارتی کرێکارانی کوردستان ئاگربەستی تاکلایەنەی بەرامبەر بە سوپای تورکیا ڕاگەیاند و ئامادەیی حزبەکەی بۆ خۆ هەڵوەشاندنەوە دەربڕی بە مەرجی ئامادەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆنگرەی حزبەکەدا بۆ دروستکردنی بڕیار لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە. لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەیپەکەکە و بەدرێژایی مانگی ئادار، سوپای تورکیا ١١٨ بۆردوومان و هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. لەم ژمارەیە، ٨٦ هێرشیان، هێرشی ئاسمانی بوون. ٢١ هێرش لە ڕێگەی تۆپباران و ١٠ هێرش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بووە. هەر لە مانگی ئاداردا، سوپای تورکیا هێرشێکی بە بەکارهێنانی تی ئێن تی ئەنجامداوە. لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا لە مانگی ئاداردا، پارتی کرێکارانی کوردستان ٩ جار وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە. لە وەڵامی یەکێک لە هێرشەکاندا، چەکدارانی پەکەکە لە ڕۆژی ١٦ی ئادارادا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیان لە جۆری "ئاکنجی"، لە گوندی سۆفیانی سەر بە ناحیەی بنگرد، لە قەزای دوکان لە پارێزگای سلێمانی خستە خوارەوە. داتا و ژمارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئاداردا، ئەوە نیشاندەدەن کە سوپای تورکیا لە هێرش و بۆردووومانەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە و ڕێژەی هێرشەکان بڕێک کەمی کردووە. هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئاداردا، بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم بە ڕێژەی ١٢٪ کەمی کردوووە. هەروەها بەراورد بە مانگی شوبات، ٢١٪ کەمی کردووە. چاوەڕواندەکرا لە دوای خوێندنەوەی بانگەوازی ئاشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێژەی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە، بەڵام بە پێجەوانەوە، هەفتەی یەکەمی دوای ڕاگەیاندنی بانگەوازەکە، ژمارەی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بەراورد بە دواین هەفتەی پێش ڕاگەیاندنی بانگەوازەکە، بە ڕێژەی ١٤٥٪ زیادیکرد. بەگشتی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک لە مانگی ئاداردا زۆرترین جار بە ئامانجگیراون. سوپای تورکیا ٥٥ هێرشی بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر و ٥١ هێرشی تری بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک ئەنجامداوە. سنوری پارێزگای سلێمانیش لە مانگی ئاداردا، ١٢ هێرش و بۆردوومانی کراوەتە سەر. ئەمە لەکاتێکدا لە مانگی ئاداردا، هیچ هێرش و بۆردوومانێک بۆسەر سنوری پارێزگای موسڵ ئەنجامنەدراوە. لە مانگی ئاداردا، ڕێژەی بۆردوومانەکان بۆ سنوری سەرجەم پارێزگاکان بێجگە لە سنوری پارێزگای هەولێر کەمیکردووە. ژمارەی هێرش و بۆردوومانەکان بۆسەر سنوری پارێزگای هەولێر لە مانگی ئاداردا بەراورد بە مانگی شوبات، بە ڕێژەی ١٢٠٪ زیادیکردووە. هەروەها لەگەڵ کەمبوونی ژمارەی هێرش و بۆردوومانەکانیشدا، ڕێژەی بەکارهێنانی هەلیکۆپتەر لە هێرشەکاندا زیادیکردووە بە شێوەیەک لە مانگی ئاداردا، سوپای تورکیا ١٠ جار هەلیکۆپتەری لە هێرشەکانیدا بەکارهێناوە، ئەمە لە کاتێکدا لە مانگی شوباتدا، سوپای تورکیا تەنیا ١ جار هەلیکۆپتەری بەکارهێناوە. سەرباری ئەمانە، سوپای تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٥دا، لە ڕیگەی بەکارهێنانی ماددەی تەقەمەنی وەکو تی ئێن تی، هەروەها بۆردوومانی ڕاستەوخۆوە ئەشکەوتە سروشتییەکانی نزیک بارەگا سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستاندا بە ئامانجدەگرێت و خاپوریان دەکات، لە کاتێکدا ئەو ئەشکەوتانە لە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی چەکدارانی پەکەکەدانین. بۆ نموونە، لە ٢٥ی ئاداردا، سوپای تورکیا، لە ڕێگەی بەکارهێنانی تی ئێن تییەوە ٥ ئەشکەوتی لە گوندی سگیرێ لە قەزای ئامێدی تەقاندەوە. ئەو ئەشکەوتانە، سورشتی بوون و تونێلی دەستکرد و دروستکراوی چەکدارانی پەکەکە نەبوون، بەڵام بەهۆی مەترسی بەکارهێاننیان لەلایەن پەکەکەوە، سوپای تورکیا هەر پێنج ئەشکەوتە سروشتییەکەی تەقاندەوە. هەر لەم ساڵیشدا و لە ٢٢ی شوباتدا، سوپای تورکیا بۆردوومانی ئەشکەوتی شێخی کرد لە گوندی بەلاڤەی سەر بە قەزای ئامێدی، کە یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی ناوچەکە و وەکو شوێنێکی دێرینی سەردەمی شۆڕشی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی کورد سەیرکراوە. لە ڕۆژی ٢٦ی ئاداردا، هەواڵی کشانەوەی سەربازانی تورکیا لە بنکە سەربازییەکانی گەلی رەشاڤە لە ناحیەی دێرەلوک بڵاوبۆوە. بەڵام ئەمە تەنیا دەنگۆ بوو. سوپای تورکیا لە ڕێگەی ٢٥ کامیۆنی سەربازییەوە ئاڵوگۆڕی سەربازەکانی ئەنجامدابوو و ئەمەش لەلایەن بەشێک لە میدیاکانەوە وەکو کشانەوەی سەربازانی تورکیا بڵاوکراویەوە، لە کاتێکدا تەنیا ئاڵوگۆڕ بە سەربازەکان کرابوو و سوپای تورکیا لە هیچ بنکە و بارەگایەکی لە هەرێمی کوردستاندا نەکشاوەتەوە.  لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ەوە تاوەکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٥، سوپای تورکیا بەلایەنی کەمەوە ٤٠٤ هێرش و بۆردوومانی لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامداوە. لە ئەنجامی ئەو هێرش و بۆردوومانانەدا، ٤ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ٢ هاووڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون. بەردەوامی هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی ناوچەی کاریگەر بە شەڕ و بۆردوومانەکانی خستۆتە مەترسییەوە. بەتایبەت ژیانی ئەو هاووڵاتی و گوندنشینانەی کە بژێوی ژیانییان لەسەر کشتوکاڵکردنە و لە وەرزی بەهاراندا بۆ کۆکردنەوەی گژ و گیای خۆڕسک ڕوودەکەنە چیاکان بەردەوام لە مەترسیدایە.  تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، داوای ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا دەکات و بانگەواز لە هەردوولای ئەو شەڕ و ململانێیانە دەکات کە لەڕێگەی بەشداری چالاکانە لە پڕۆسەی ئاشتیدا کێشە و ململانێکانییان کۆتاییپێبهێنن و چیتر ژیان و ئاسایشی هاووڵاتیانی مەدەنی و گوندنشینان، لە هەرێمی کوردستاندا نەخەنە مەترسییەوە. تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە CPT هەرێمی کوردستانی عێراق

دوای ئەوەی ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ داوایان لە خەڵک کرد بۆ ماوەی یەک ڕۆژ شت نەکڕن و لای خۆیشیەوە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پشتیوانی لەو داواکارییە کرد و حکومەت دژی وەستایەوە، وێڕای هەڕەشە بەردەوامەکان بۆ سەر ئەو چالاکوانانە، دوێنێ تاک و تەرا خەڵک لە مۆڵەکانی تورکیا دەبینرا و بازاڕ و فرۆشگاکانیش چۆڵ بوون. وەک بە دەمەوە هاتن بۆ داواکارییەکەی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە کە داوای لە خەڵک کرد بەرهەمەکانی ئەو بڕاندانە بایکۆت بکەن کە لەو کەناڵانەوە ڕێکلامییان بۆ دەکرێت ئامادە نین ڕووماڵی ئەو خۆپیشاندان و گردبوونەوانە بکەن بۆ پشتگیری لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ ئەنجام دەدرێن، ژمارەیەک چالاکوان داوایان لە هاوڵاتییان کرد 2ـی نیسان هیچ نەکڕن و شت کڕین بایکۆت بکەن.  ئەمەش هەر زوو دەسەڵاتدارانی تورکیای هێنایە سەر هێڵ و ڕۆژێک بەر لەو هەڵمەتی بایکۆتە و لە 1ـی نیسان سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی ئیستانبوڵ ڕایگەیاند: دەست دەکەن بە لێکۆڵینەوە لەوانەی بایکۆتی کاڵا و کەلوپەلی ژمارەیەک لە بڕاندەکان دەکەن.  وەک ئەوەی ئەوە بەس نەبێت کاتژمێر 03:57ـی سەرلەبەیانیی دوێنێ 2ـی نیسانی 2025 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند ئەمە هەوڵدانە بۆ ئەنجامدانی “کودەتا” بەسەر سەقامگیریی ئابوری تورکیادا.  لە دوای داواکارییەکەی ئەو خوێندکارانەی زانکۆ دوێنێ مۆڵی ناوچەی شیشلی لە ئیستانبوڵ ئێجگار چۆڵ بوو و لە هۆبەی بڕاندی ئەو قاوەیەی کە بایکۆت کراوە تەنیا 10 کەس بەدی دەکران و هۆبەی بڕاندی سمیتیش ببوو بە چۆڵەوانی. فاتمە هۆشگۆر تەکەشین بە میدیای سۆزجوی ڕاگەیاند: وەک هاوڵاتییەک بایکۆتکردن تەنیا کاردانەوە نییە بەرامبەر ناحەقی، بەڵکو دەچێتە خانەی ئازادی ڕادەربڕینیشەوە.  چەند کەسێکی دیکەیش کە بایکۆتیان کردووە بە ئاژانسی هەواڵی ئانکا'یان ڕاگەیاندووە کە هیچ کەسێک بۆی نییە دەست وەربداتە گیرفانیان و ئەوەی دژی ئەو بڕیارەیان دەوەستێتەوە با بۆ خۆی بچێت شت لەو بڕاندانە بکڕێت.  دوکاندارێک لە ئیستانبوڵ کە دوێنێ دوکانەکەی داخست ئاماژە بەوە دەدات یەکێک لە وەزیرەکان بەس ئەوە ماوە بە "ناپاکیکەر لە وڵات" ناویان بهێنێت، بەڵام ئەو جۆرە قسانە کاریان تێ ناکات و ئەو بەشداری لە بایکۆتەکەدا کردووە. عەلی یەرلیکایا لە پەیامەکەی دوێنێیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە بایکۆتکردن زیان بە سەربەخۆیی ئابوریی تورکیا دەگەیەنێت و وتی: "ئیسرائیل بە چێژەوە سەیری بڕیاری بایکۆتکردنەکەی جەهەپە دەکات. بایکۆتکردن تەنیا زیان بە ئابوری تورکیا ناگەیەنێت، بەڵکو هەڕەشەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا". ئەم وتانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کاتێکدا دێن، پێشتر ژمارەیەکی دیکەی گەورەبەرپرسانی تورکیا بە توندترین شێوە دژی ئەو بڕیارەی جەهەپە وەستاونەتەوە و لە دوێنێشەوە سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی ئیستانبوڵ بە پاساوی "هاندانی خەڵک بۆ دوژمنایەتی" و "بڵاکردنەوەی ڕق و کینە و جیاکاری" دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە لەو هەژمارانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتیوانی لە بایکۆتکردنی کاڵا و بەرهەمی ئەو بڕاندانە دەکەن کە لەو کەناڵانەوە ڕێکلامیان بۆ دەکرێت ڕوماڵی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکان ناکەن بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو. لە دوای داواکارییەکەی ئۆزگور ئۆزەل کە پێشتر ناوی ژمارەیەک بڕاندی ڕاگەیاند و پاشان لیستەکەی فراوانتر کرد، ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ داوایان کرد 2ـی نیسان بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەو هەڵمەتی بایکۆتکردنە دەست پێ بکات، لای خۆشیەوە ئۆزگور ئۆزەل پشتیوانی بۆ ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاند و داوای کرد هەموو کەسێک بەشدار بێت تێیدا.  کاردانەوەی توندی بەرپرسانی تورکیا لە کاتێکدایە، تا سێ مانگ لەمەوبەریش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لە خەڵک دەکرد چەند جۆرە بەرهەمێک بایکۆت بکەن و ئەمەیان بە ڕەواترین مافی هاوڵاتی دەزانی.

  کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە بەبۆنەی ٤ ی نیسان، ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. کەجەکە ڕایگەیاند کە ٤ی نیسان، مزگێنی ڕزگاریی گەلی کوردە لە چارەنووسی قڕکردن. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا کەجەکە جەخت دەکاتەوە کە بەشداربن لە تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، لەسەر ئەم بناغەیە، ڕێکخستن بەهێز بکەن و چالاکی دیموکراتیکی کاریگەرتر ئەنجام بدەن. هەروەها بانگەواز لە هەمووان دەکەین، لەسەر بناغەی دیدگای کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیکی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو جێیەک نەمام بچێنن و دەوروبەر سەوزپۆش بکەن". کەجەکە دەشڵێت: گەلی کورد  و ژنان و گەنجان بەو هەڵوێستە بەجۆش و پڕ هیوا و بڕیارەی لە گۆڕەپانەکانی نەورۆز و ڕێپێوانی ئامارا نیشانیاندا، وا دەکات لەمساڵدا بگەنە ئاستێکی بەرزی چالاکی و هێزی ڕێکخستنی بەهێز. وەک تەڤگەر، ئێمەش ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەینە بناغەی تێکۆشانمان و بەم دیدگایەوە خەبات دەکەین. لەسەر ئەم بناغەیە بانگەواز لە گەلی وڵاتپارێزمان و بەتایبەت ژنان و گەنجان و دۆستانی هێژا دەکەین، بەشداربن لە تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، لەسەر ئەم بناغەیە، ڕێکخستن بەهێز بکەن و چالاکی دیموکراتیکی کاریگەرتر ئەنجام بدەن". ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە: "٤ ی نیسان، لە ڕێبەر ئاپۆ و ژنان و گەنجان و گەلەکەمان و هەموو گەلان و دۆستان و تەواوی جیهانی دیموکراتیک پیرۆز دەکەین. دیسانەوە هاوڕێ موستەفا داغ و مەعسوم کارائۆغلان، شەهیدانی ٤ ی نیسان کە بوونە سیمبولی گەنجی دڵسۆزی ڕێبەر ئاپۆ، بە ڕێز و سوپاسەوە بیردەهێنینەوە. سڵاو لە ڕێپێوانکەرانی ئامارا دەکەین کە لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا ڕوویانکردە بەهاکانی دیموکراسی و ئازادی، سڵاو لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بەشداربوون لە چالاکییە دیموکراتیکەکان. گەلی کورد تا دەرکەوتنی ڕێبەرێتی، مەحکوم بوو بە چارەنووسی قڕکردنی چەند بارە. ڕووبەڕووی قڕکردنی کەلتووری و جەستەیی دەبوویەوە و نامۆکرابوو لە ڕاستینەی مێژوویی خۆی. لەسەر بناغەی سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن کە لە کوردستان پیادە دەکرا،  تەنها ژیانێکی بایۆلۆژی بە کوردان ڕەوا دەبینرا، ئەویش بە مەرجی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کەلتووریی خۆیان. ناوی وڵات و کەلتووری کوردان لە مێژوودا سڕابووییەوە. بەم مانایە لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، نوێنەرایەتی سەرلەنوێ ژیانەوەی هەبوونی کوردە کە دەخوازرا ناوەکەی لەمێژوودا بسڕێتەوە. واتای گەیشتنەوەی وڵاتی کوردستانمانە بە خۆری ژیانی خۆی. بۆیە، ٤ ی نیسان، ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ، مزگێنی ڕزگاریی گەلی کوردە لە چارەنووسی قڕکردنی سەد ساڵە. بە ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە ٤ی نیسان، مێژوو لە کوردستان دووبارە نووسرایەوە. مێژوویەکی نوێی هەبوون و ئازادی بە تێکۆشانی ئازادیی کورد کە بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد، نووسرایەوە. زەمینەی بۆ سەردەمێکی نوێ بۆ ژنان و گەلان و کۆمەڵگەی دیموکراتیک خۆشکرد. هەر لەبەر ئەم هۆکارە گەلی کورد و ژن و گەنجانی کورد مانایەکی قووڵ بە ٤ی نیسان دەدەن. گەلەکەمان، بەتایبەت ژنان و گەنجان ٤ی نیسان وەک ڕۆژی لەدایکبوونەوە بۆ خۆیان پێناسە دەکەن و لەسەر ئەم بناغەیە لە هەموو شوێنێک خاوەنداری لەم ڕۆژە دەکەن و پیرۆزی دەکەن. ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ بە ڕۆژبوونی خۆیان دەزانن. دەڵێن: "ڕۆژبوونی تۆ، ڕۆژبوونی ئێمە". ئەو ڕاستییەی کە گەلەکەمان ئەم واتا قووڵە بە ٤ ی نیسان دەبەخشێت و لە هەموو جێیەک پیرۆزی دەکات، تادێت زیاتر دەبێتە بەهایەکی کۆمەڵایەتیی هاوبەش. کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ژیانەوەی کوردی ئازاد بە ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کرد، هاوکات مانای ژیانەوەی کەلتووری و ئایینی و ناسنامەی گەلانی ترە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.  ئەم ڕاستییەی کە کوردان ئەزموونی دەکەن، لەگەڵ ڕاستی مێژوویی و کۆمەڵایەتی گەلەکەمان یەک دەگرێتەوە. ئەو کەسەی ئەم ڕۆح و کەلتووری پێکەوەژیان و خوشک_برایەتییە کەلتووری و مێژووییەی گەلەکەمان دەرخست، ڕێبەر ئاپۆ بوو. ئەم ڕۆحی ئاشتی و خوشک_برایەتییەی کە لە مێژووی و ژیانی گەلاندا هەبوو، لەسایەی ڕێبەر ئاپۆدا لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ زیندووبوویەوە. لە دژی ئەو زستانە تاریکەی کە لەلایەن دەوڵەت_نەتەوەکانەوە هاتەکایەوە، ئەمڕۆ ئەم ڕۆح و تێگەیشتنە کۆمەڵایەتی و کەلتووریی و مێژووییەی کە وەک کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بنیاتنانی نەتەوەی دیموکراتیک بە پێشەنگایەتی گەلی کورد پێشدەکەوێت، تا دێت بەهێزتر دەبێت. گەلەکەمان ئێستە ڕوویکردووەتە ئامانجی ئازادیی ڕێبەرێتی. ڕۆژەڤی سەرەکیی گەلەکەمان ئەمەیە. گەلەکەمان ئیدی دەیەوێت ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەی جەستەیی لەنێو خۆیدا ببینێت. لە هەموو دەرفەتێکدا پێداگری خۆی لەسەر تێکۆشانی دیموکراتیک بۆ ئەم ئامانجە دەردەبڕێت. ئەم ڕاستییە دوایین جار لە گۆڕەپانە پڕ جۆشوخرۆشەکانی نەورۆز بینرا. ئەم داوا و ئیرادەیەی گەلەکەمان ئیدی لەڕووی یاسای نێونەتەوەییەوە بووەتە داوایەکی مومکین، دەبێت لەلایەن هەموو موخاتەبەکانەوە ببینرێت و بەدرووستی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. چونکە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ واتای چارەسەری پرسی سەد ساڵەی کوردە، چارەسەری پرسی کوردیش، دیموکراتیکبوونی تەواوی تورکیا دەگەیەنێت. گەلی کورد  و ژنان و گەنجان بەو هەڵوێستە بەجۆش و پڕ هیوا و بڕیارەی لە گۆڕەپانەکانی نەورۆز و ڕێپێوانی ئامارا نیشانیاندا، وا دەکات لەمساڵدا بگەنە ئاستێکی بەرزی چالاکی و هێزی ڕێکخستنی بەهێز. وەک تەڤگەر، ئێمەش ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەینە بناغەی تێکۆشانمان و بەم دیدگایەوە خەبات دەکەین. لەسەر ئەم بناغەیە بانگەواز لە گەلی وڵاتپارێزمان و بەتایبەت ژنان و گەنجان و دۆستانی هێژا دەکەین، بەشداربن لە تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، لەسەر ئەم بناغەیە، ڕێکخستن بەهێز بکەن و چالاکی دیموکراتیکی کاریگەرتر ئەنجام بدەن. هەروەها بانگەواز لە هەمووان دەکەین، لەسەر بناغەی دیدگای کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیکی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو جێیەک نەمام بچێنن و دەوروبەر سەوزپۆش بکەن".

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی سووریا دەدات و دەڵێت، باجێکی گەورە دەدەن، ئەگەر رێگە بدەن لە سووریاوە هەڕەشە لە بەژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بکرێت.   رۆژی پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا پەیامێکی بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا نارد.    وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پەیامەکەدا ئەحمەد شەرعی بە 'ئەبو محەممەد جۆلانی' ناوبردووە و دەڵێت: "هۆشداری دەدەمە جۆلانی، سەرکردەی سووریا: ئەگەر رێگە بدەیت هێزە شەڕەنگێزەکان بچنە نێو سووریا و هەڕەشە لە بەژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بکەن، باجێکی قورس دەدەیت."   وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەشڵێت: "ئیسرائیل رێگە نادات سووریا بۆ کۆمەڵگە و بەژەوەندییە ئەمنییەکان [ـی ئیسرائیل] ببێتە هەڕەشە."   کاتز ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانیی دوێنێ بۆ سەر بنکەی سەربازی T-4 و فڕۆکەخانەی حەما و دەوروبەری دیمەشق پەیامێکی روون و هۆشداریین بۆ داهاتوو: رێگە نادەین زیان بە ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل بگات."   شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکیان لە سووریا بۆردوومان کرد.   سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، گەورەترین فڕۆکەخانەی سەربازیی سوپای پێشووی سووریای لە دەرعا کردووەتە ئامانج؛ دەسەڵاتدارانی پارێزگاکە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا لانیکەم 9 کەسی سڤیل کوژراون.    ئاژانسی هەواڵیی سووریا دەڵێت، هێرشێک کراوەتە سەر باڵەخانەیەکی توێژینەوە لە گەڕەکی بەرزە لە باکووری دیمەشق و هێرشێکیش کراوەتە سەر پێگەیەک لە نزیکی شاری حەما، بەڵام زانیاری زیاتری لەسەر هێرشەکان ئاشکرا نەکرد.   هێرشەکە کاردانەوەی حکومەتی سووریای لێکەوتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی: "هێزەکانی ئیسرائیل لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی خاکی سووریادا هێرشی ئاسمانییان کردە سەر پێنج شوێنی جیاواز لە سەرانسەری وڵات."   وەزارەتی دەرەوەی سووریا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرد، رێگە لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بگرێت.   لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل هێزەکانی لە ناوچەی داماڵدراو لە سنووری نێوان بەرزاییەکانی گۆلان و سووریا بڵاوکردووەتەوە و داوای کردووە کە تەواوی باشووری سووریا لە چەک دابماڵدرێت.   بەگوتەی سەرچاوە نێوخۆییەکانی سووریا، لەو رۆژەوەی کە ئەسەد رووخاوە، ئیسرائیل زیاتر لە 540 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا.

  بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایدەگەیەنێت: بۆردوومانەکەى شەوى ڕابردووى سووریا پەیامێک بووە بۆ تورکیا و ڕێگە بە دروستکردنی هیچ بنکەیەکی سەربازیی ئەو وڵاتە نادەن.  ڕۆژانامەی "جورزلم پۆست" لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، بۆمبارانەکانی شەوی چوارشەممە، 02-04-2025ـی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر چەند ناوچەیەکی دیمەشق، حومس و حەما، پەیامێک بووە بۆ تورکیا.  بــە گوتەی ئەو بەرپرسە باڵا ئیسرائیلییە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ئامانجی پەیامەکە ئەوە بوو، بەرپرسانی تورکیا لەوە ئاگادار بکەنەوە، ڕێگە بە دروستبوونی هیچ هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی تەلئەڤیڤ نادەن.  ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لــــەوە کــردەوە، بەردەوام دەبن لە بۆمبارانی سووریا و ڕێگە بە دروستکردنی هیچ بنکەیەکی سەربازی لەلایەن تورکیاوە لە خاکی سووریا نادەن. لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، بە هۆی بۆمبارانەکانی ئیسیرائیلەوە کە بۆ زیاتر لە 30 خولەک بەردەوام بوون، فڕۆکەخانەی سەربازیی حەما بە تەواوی وێران بووە و دەیان کەسیش بوونەتە قوربانی، بەشێکیان سەرباز و بەشێکیشیان هاووڵاتیی مەدەنین.  وەزارەتی دەرەوەی سووریا بۆمبارانەکانی ئیسرائیل بە "پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناو بردووە و دەڵێت: هەوڵێکە بۆ درێژەدان بە ئازار  ومەینەتییەکانی گەلی سووریا. داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، هەڵوێستیان هەبێت بۆ ڕاگرتنی "دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل" بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی. 

سەرۆکی ئەمریکا سەپاندنی پێناسی گومرگیی بەسەر چەندین وڵاتی جیهاندا راگەیاند، بەشێوەیەک کە عێراق 39% و سووریا 41% و تورکیا و ئێران 10%ـە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێناسە گومرگییەکانی وڵاتەکەی بۆسەر وڵاتانی جیهان راگەیاند و دەڵێت، ئەمڕۆ "رۆژی رزگاریی ئەمریکایە" و چیدی رێگەنادەن وڵاتانی دیکە لەسەر حیسابی ئابووریی ئەمریکا وڵاتانی خۆیان دەوڵەمەند بکەن. هاوکات سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتانیشی ئاگادار کردەوە، لێخۆشبوون بۆ هیچ وڵاتێک نییە و ئەگەر دەیانەوێت پێناسە نوێیەکان جێبەجێ نەکرێن، ئەوا دەبێت ئەو وڵاتانە پێناسی گومرگی بۆ بەرهەمەکانی ئەمریکا کەم بکەنەوە. سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، واژۆی لەسەر پێناسە گومرگییەکانی وڵاتانی جیهان کرد و لە سەروو هەمووشیانەوە، باجی 25%ی بەسەر ئۆتۆمبێلی وڵاتانی بیانیدا سەپاند، هەروەها باجی 39%ی بەسەر بەرهەمەکانی عێراقدا سەپاند. هەروەها دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاژێر 12:00ی شەوی چوارشەممە بە کاتی ئەمریکا، پێناسە گومرگییەکان دەچنە واری جێبەجێکردنەوە. سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، "لەمەودوا نابێت کەس لەسەر گیرفانی ئێمە دەوڵەمەند ببێت. چەرخی زێڕینی ئەمریکا گەڕایەوە و ئەمڕۆ رۆژی رزگاریی ئەمریکایە. ئەمریکا دەوڵەمەند دەکەینەوە. کۆتایی بە نیو سەدە تاڵانکردنی سامانی ئەمریکا دەهێنم. ئەمریکا دزیی لێدەکرێت و ئێمە ئەوە دەوەستێنین." لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ گوتیشی، "وڵاتان باجێکی زۆری نادادپەروەرانەیان خستەسەر بەرهەمەکانی ئەمریکا. چیدیکە کورتهێنانی بودجەی وڵاتانی وەکو کەنەدا و مەکسیک پڕناکەینەوە. چیدیکە رێگە نادەین سامانی ئەمریکا ببرێت." دواتر ترەمپ لیستی تەواوی ئەو وڵاتانەی ئاشکرا کرد کە پێناسی نوێی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانیان دەسەپێنن. ترەمپ باجی گومرگیی بەسەر وڵاتاندا بەم شێوەیە راگەیاند: %34 خستە سەر بەرهەمەکانی چین. %24 لەسەر بەرهەمەکانی ژاپۆن. %39 لەسەر بەرهەمەکانی عێراق. %41 بۆ سەر بەرهەمەکانی سووریا. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی تورکیا. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئێران. %20 بۆ سەر بەرهەمەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا. %46 بۆ سەر بەرهەمەکانی ڤێتنام. %32 بۆ سەر بەرهەمەکانی تایوان. %24 بۆ سەر بەرهەمەکانی ژاپۆن. %26 بۆ سەر بەرهەمەکانی هیندستان. %25 بۆ سەر بەرهەمەکانی کۆریای باشوور. %36 بۆ سەر بەرهەمەکانی تایلاند. %31 بۆ سەر بەرهەمەکانی سویسرا. %32 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئیندۆنیزیا. %24 بۆ سەر بەرهەمەکانی مالیزیا. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی بەریتانیا. %37 بۆ سەر بەرهەمەکانی بەنگلادیش. %17 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئیسرائیل. %31 بۆ سەر بەرهەمەکانی سویسرا. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی بەرازیل. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئوسترالیا. %29 بۆ سەر بەرهەمەکانی پاکستان. %20 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئوردن. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئیمارات. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی میسر. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی مەغریب. %28 بۆ سەر بەرهەمەکانی تونس. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی لوبنان.

  میدیای فەرمیی سووریا دەڵێت، ئیسرائیل دەوروبەری ناوەندێکی توێژینەوەی زانستی لە دیمەشق و ناوچەیەکی دیکەی لە حەما لە نێوەڕاستی سووریا کردووەتە ئامانج.   رۆژی چوارشەممە، 02-04-2025، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە: "فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی داگیرکار دەورووبەری ناوەندێکی توێژینەوەی زانستی کردە ئامانج."   بەگوێرەی ئەو میدیایە، هێرشەکە لە گەڕەکی بەرزە لە دیمەشق کراوە و پێشتر لەوێ دامەزراوەیەکی سەربازی کرابووە ئامانج.   ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) هەروەها رایگەیاند، ئیسرائیل دەوروبەری شاری حەمای بۆردوومان کردووە. لە ھێرشەکانی ئەمشەودا زۆربەی ئەو ناوچانەی سوریا کرانە ئامانج کە تورکیا دەیەوێت سەربازگەی نوێی تێدا دروست بکات. رادیۆی دەنگی ئیسرائیل: ھێرشەکانی ئەمشەوی ئیسرائیل بۆسەر 20 ئامانج لە سوریا پەیامی ئاگادار کردنەوە بوو بۆ سەرۆککۆماری تورکیا. سەرچاوەیەکی سەربازیی ناونەهێنراو ئاشکرای کرد، چوار فڕۆکە هێرشەکانیان کردووە. تاوەکو ئێستا دیار نییە بۆردوومانەکە زیانی گیانی هەبووە یان نا.    لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی پار، ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی گۆلان پێگەی خۆی قایمتر کردووە.   لەوکاتەوە ئیسرائیل چەندین جار پێگە سەربازییەکانی سووریا، لەوانەش فڕۆکەی جەنگی، سیستمی مووشەک و بەرگری بۆردوومان کردووە.

  وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەفەرمانی پیت هێگێست، وەزیری بەرگری، فڕۆکەی جەنگی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسیەکان و زیاتر بوونی گرژیەکانیان لەگەڵ ئێران.  وەزارەتی بەرگری شوێنی مەبەست یان جۆری فڕۆکەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، هەفتەی ڕابردوو شەش فڕۆکەی  ' B-2' کە هەڵگری مووشەک و چەکی ئەتۆمە، گواستراونەتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا و بەریتانیا لە دوورگەی دیگۆگارسیا لەناو زەریای هیندی. شارەزایان دەڵێن: فڕۆکەی B-2 کە 'شەبەح'یشی پێدەڵێن، خاوەنی تەکنەلۆژیای خۆدزینەوەیە لە ڕادار و قورسترین بۆمب و چەکی ئەتۆمی هەڵدەگرێت، بۆیە هێنراوەتە ئەو بنکەیە تاوەکوو بتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری پێبکرێت.  فەرماندەیی ستراتیجی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە ژمارەی ئەو فڕۆکانەی B-2، ئاشکرا بکات کە گەیشتوونەتە بنکەی دیگۆ گارسیا، بە ئاماژەدان بەوەی کە هیچ لێدوانێک لەسەر مەشق و ڕاهێنان یان ئۆپەراسیۆنەکانی B-2 نادات، هەروەها بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان پێشبینی دەکرێت بەم زووانە سوپای ئەمەریکا دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگر بنێرنە ناوچەکە. سەرەتای ئەم هەفتەیە سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی لە ئێران کرد بەوەی ئەگەر لەسەر پرسی ئەتۆمی دانووستان نەکات، ئەوە ڕەنگە نژاردەی سەربازی بەکار بهێنێت. هێزی ئاسمانی ئەمەریکا 20 فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوی B-2 هەیە، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی زۆر بەکارناهێنرێن.

  سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رەخنەی توندی لە هەڵوێستی جەهەپە گرت سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی دژی زیندانیکردنی ئیمامئۆغڵو و جەختی کردەوە کە "شەقام چارەسەر نییە". دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەیەکی نزیک لە پارتەکەی بڵاوکراوەتەوە، هەڵوێستی توندی دژی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی جەهەپە دەربڕی کە لە دوای زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی گەورەی ئیستەنبوڵ، بەڕێوەدەچن. باخچەلی لە وتارەکەیدا نوسیوێتی: "قسە و ئازادیی رادەربڕین مافێکی دیموکراسییە، بەڵام ئەگەر ئەو ئازادییە ببێتە مایەی تێکدانی دۆخی گشتی و خەڵک بۆ یاخیبوون هانبدات، هەرگیز جێگەی قبووڵکردن نییە". سەرۆکی مەهەپە راشیگەیاند: "هەموو ئەو وتانەی کۆمەڵگە بۆ پشێوی، تووندوتیژی و یاخیبوون ئاراستە دەکەن، بە واتای پێشێلکردنی هەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاسایی دێن". ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 19ی مانگی رابردوو، چەندین جار داوای لە لایەنگرانی کردووە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن. لەبارەی خۆپیشاندان و گرژییەکانی نێوان لایەنگرانی جەهەپە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، باخچەلی گوتی، شەقامەکان رێگەچارە نین و دەبێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، "هەر شوێنێک ئاسایش تێیدا بەرقەرار نەبێت، ناتواندرێت تێیدا باس لە ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ بکرێت."   دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 19ی ئادار و بڕیاری زیندانیکردنی لە 23ی هەمان مانگ، ناڕەزایەتی لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی جەهەپە لێکەوتووەتەوە.   باخچەلی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، "ئەوانەی ئامانجیانە لە رێگەی هاندانی خراپەوە، بەربەست بۆ بنیادنانی تورکیایەکی بێ تیرۆر و بەهێزکردنی یەکگرتوویی نیشتمانی دروست بکەن، شکست دەهێنن."   عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە بانگەوازێکدا بۆ پەکەکە گوتی: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."   دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت رێبەری پەکەکە خۆی سەرپەرشتیی کۆنگرەکە بکات.

  ئەنجوومەنەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەب لەگەڵ لیژنەی راسپێردراو لە لایەن دەسەڵاتی سووریاوە لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن.   دوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب لە ساڵی 2012ـەوە لەژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکاندان و ئێستا ئەنجوومەنەکانیان لەگەڵ لیژنەی راسپێردراو لەلایەن دەسەڵاتی سووریاوە لەسەر چەند خاڵێکی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنیان رێککەوتن.   دەقی رێککەوتنەکە:   - هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود کە زۆرینە دانیشتووانیان کوردن، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە شاری حەلەب دەبن، بەڵام پێویستە تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و کولتووریان بپارێزرێت و رێزی لێ بگیرێت.    - وەزارەتی ناوخۆی سووریا لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ، بەرپرسیارێتیی ئاسایشی دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە لەئەستۆ دەگرن و رێگە نادەن هیچ دەستدرێژییەکیان بکرێتە سەر و مافیان پێشێل بکرێت.     - بە مەبەستی پاراستنی ئاشتیی هاووڵاتییان، رێگە بە هیچ دیاردەیەکی چەکداری لە دوو گەڕەکەکە نادرێت. دەبێت چەک لە دەستی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆدا بێت کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن.    - هێزە چەکدارەکان بە چەکەکانییانەوە دەچنە رۆژهەڵاتی فورات (ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە).    - دوو ناوەندی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو گەڕەکەکە دروست دەکرێن.   - ئازادی هاتووچۆ بۆ دانیشتوانی هەردوو گەڕەکەکە گەرەنتی دەکرێت.   - لیژنەیەکی هاوئاهەنگی بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆ لەنێوان شاری حەلەب و ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا پێکدەهێندرێت.    -  زیندانەکانی هەردوولا لە گیراوەکانی هەردوولا چۆڵ دەکرێن و ئاڵوگۆڕی دیلەکانیش لە نێوانیاندا دەکرێت.   - دامەزراوە و دەزگاکانی بواری خزمەتگوزاری، بەڕێوەبردن، خوێندن، شارەوانی و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە هەردوو گەڕەکەکە دەمێننەوە تاوەکو رێککەوتنێکی هەمیشەیی دەکرێ.   - ئەم رێککەوتنە لە 1/4/2025 واژۆ کرا و بڵاوکرایەوە.   هەر لەو بارەیەوە بەدران چیا کورد، راوێژکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، رێککەوتنەکە بۆ "سەقامگیری و پێکەوەژیانی هاوبەش" گرنگە.    بەدران چیا کورد رێککەوتنەکەی بە قۆناخی یەکەم لە پلانێکی فراوانتر ناوبرد کە ئامانج لێی دڵنیاکردنەوەیە لە گەڕانەوەی خەڵکی عەفرین بۆ زێدی خۆیان و گوتیشی، دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بەردەوامن.    بەدران چیا کورد گوتی، لە دانوستاندنەکانی داهاتووی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دەسەڵاتی سووریادا بایەخێکی زۆر بە عەفرین دەدرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی بۆ چارەکی کۆتایی و تەواوی ساڵی 2024؛ داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (34 ملیۆن و 749 هەزار) دۆلار، لە کاتێکدا لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2023) داهاتی کۆمپانیاکە (20 ملیۆن و 320 هەزار) دۆلار بووە، بەم پێیە داهاتەکەی بڕی (14 ملیۆن و 429 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (71%) زیادی کردووە. داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لە تەواوی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (109 ملیۆن و 392 هەزار) دۆلار، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) داهاتی کۆمپانیاکە (82 ملیۆن و 886 هەزار) دۆلار بووە، بەم پێیە داهاتەکەی بڕی (26 ملیۆن و 506 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (32%) زیادی کردووە. تێکڕای بەرهەم لە هەردوو کێڵگەی (ئەتروش و سەرسەنگ) لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (66 هەزار و 400) بەرمیل نەوت، لە کاتێکدا لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2023) تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکان (45 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بووە، بەم پێیە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکان بەتێکڕای ڕۆژانە (21 هەزار) بەرمیل بە ڕێژەی (46%) زیادی کردووە. لە تەواوی ساڵی (2024)دا لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش)، بە تێکڕای کاری رۆژانە (59 هەزار و 500) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023)دا تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکان (39 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بووە، بەم پێیە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکان بەتێکڕای ڕۆژانە (20 هەزار و 100) بەرمیل بە ڕێژەی (51%) زیادی کردووە. بەرمیلێک نەوتی خاوی هەردوو کێڵگە نەوتییەکە بە کڕیاریانی ناوخۆ فرۆشراوە، لە چارەکی لە تەواوی ساڵی (2024)دا هەر بەرمیلێک نەوت بە بەتێکڕا فرۆشراوە بە (35 دۆلار و 65 سەنت).

  محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق و ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا پەیوەندییەکى تەلەفۆنیان ئەنجامدا، کە بەیەکەم پەیوەندى لەنێوانیان دادەنرێت لەدواى ڕوخانى رژێمى بەشار ئەسەدەوە، لەسەر چەند تەوەرەیەکى جیاواز بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هاوبەشدا، پیرۆزبایی لەگەڵ سەرۆک کۆماری سوریا کردوە. هەر لەو پەیوەندیەدا سودانی بەبۆنەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا هیوا و پیرۆزبایی خۆی بۆ گەلی سوریا دەربڕی، جەختی لەسەر هەڵوێستی پتەوی عێراقکردەوەو پیرۆزبایی پێکهێنانى حکومەتى نوێى سوریا کردووەو هەمیشە رێز لە بژاردەى گەلى سوریا دەگرین، پشتیوانى لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکى سوریا دەکەین. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەشکرکێشى سوپاى ئیسرائیل بۆ نێو خاکى سوریا رەتدەکەینەوە دەستێوەردانی دەرەکیی دووپاتکردەوە. هاوکات جەختی لە گرنگی هاوکاریی هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی چەتەکانی داعش، جگە لە هاوکاری لە بوارەکانی ئابوری و هەل و دەرفەتی هاوبەشدا کردەوە.