سرری سوورەیە ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بە هۆی جەڵتەی دڵ ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و ئێستا لە بەشی چاودێریی چڕە. دەم پارتی لە بارەی تەندروستی سرری سورەییا ئۆندەر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، ئەندامی شاندی ئیمرالی و دەم پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کاتژمێر 11ی شەوی ڕابردوو بەهۆی جەڵتەی دڵەوە ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئیستەنبۆڵ کراوە. هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سرری سورەییا ئۆندەر نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ دەکرێت و ئێستا لە بەشی چاودێری چڕە. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بەشێک لە میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، نەشتەرگەرییەک بۆ سرری سوورەییا ئۆندەر کراوە و زیاتر لە حەوت کاتژمێری خایاندووە، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوە لە جێگریی تەندروستی، ئێستاش لە بەشی چاودێری چڕ خەوێندراوە. بڕیارە دەم پارتی دواتر لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەبارەت بە دۆخی تەندروستی سرری سوورەییا ئۆندەر ڕوونکردنەوەیەک بڵاو بکاتەوە. سیری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵى دەم پارتییە، یەکێکە لە ناوە گرنگ و ڕەنگاوڕەنگەکانی سیاسەتی تورکیا، هەروەها سیناریۆنووس و دەرهێنەر و نووسەرە. سری سورەیا ئۆندەر، یەکێکە لە ئەکتەرەکانی "پرۆسەی یەکلاکردنەوەی ئاشتى"، لە شاندی ئیمرالیشدایە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی پەکەکە و حکومەت گفتوگۆیان ئەنجامداوە. ئۆندەر لە مانگی شوباتی ٢٠٢٥دا وتاری دەستپێکی بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکەی ئۆجەلان بە ناوی "بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" پێشکەش کرد.

  ئەمڕۆ و سبەى نۆیەمین دیداری سلێمانی، لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە 700 کەسایەتیى سیاسیى ناوخۆى و نێودەوڵەتی، دیپلۆماتکار و توێژەر ئامادەى دەبن. دیدارەکە کاتژمێر نۆ و 30 خولەکى بەیانى دەستپێدەکات، گرینگترین گۆڕانکارییەکانى عێراق و ناوچەکە و جیهان تاوتوێدەکرێن و بابەتی سەرەکیی دیدارەکە ئاشتیی ناوچەکەیە. لە دیدارەکەدا، چاوەڕوان دەکرێت هەریەک لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەند وەزیرێکی حکومەتی عێراق و نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتى و چەندین کەسایەتى سیاسیى عێراقى و هەرێمى کوردستان و جیهانى و چەند وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە دەبن.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر پێویستی ئاگربەست لە غەززە و چەکداماڵینی حەماس کردەوە. لە کاتێکدا شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە و سوپای ئیسرائیل دەستدرێژی خۆی بۆ ناوچەی وێرانکراوی فەلەستین فراوان دەکات، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل  ڕۆژی سێشەممە قسەیانکردوە. ماکرۆن لەو پەیوەتدیە تەلەفۆنییەدا داوای کرد دەرفەتێک بدرێت بە چارەسەرێکی سیاسی کە لەسەر بنەمای دوو دەوڵەت بێت. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە کردنەوەی هەموو دەروازەکان بۆ یارمەتییە مرۆییەکان پێویستیەکی بەپەلەیە بۆ خەڵکی سڤیل لە غەززە. داوای کۆتایی هێنان بە "تاقیکردنەوە"ی خەڵکی مەدەنی لە کەرتی گەمارۆدراوی غەززەی کرد. لای خۆیەوە نەتانیاهۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی بە "پاداشتێکی گەورە بۆ تیرۆر" زانی. هەروەها لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ ماکرۆن جەختی لە دژایەتی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی کردووەتەوە و بە "پاداشتێکی گەورە بۆ تیرۆر" دەزانێت، بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەکەی. هەفتەی ڕابردوو، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، ڕەنگە وڵاتەکەی دان بە دەوڵەتی فەلەستین بنێت لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا، ئەمەش لە میانی کۆنفرانسێکی تایبەت بە فەلەستین کە بڕیارە لە نیویۆرک بەڕێوەبچێت، ئەمەش سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی لەو کاتەدا توڕەکرد. دەوڵەتی فەلەستین لە لایەن نزیکەی ١٥٠ وڵاتەوە دانپێدانراوە، هەرچەندە تا ئێستا زۆربەی زلهێزە گەورەکانی ڕۆژئاوا ئەو هەنگاوەیان نەناوە، لەوانە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ژاپۆن. لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، دوابەدوای هێرشی حەماس بۆ سەر نیشتەجێبوون و بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، حکومەتی ئیسرائیل توندتر بووە لەسەر چارەسەری سیاسی.

  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە رەخنەی لە سیاسەتەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشوو گرت و بەهۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکراین ناویبرد. ترەمپ لە لێدوانێکدا لەبارەی هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، ئاماژەی بەوەکرد، ملیۆنان کەس بەهۆی هەڵەی بایدن و پوتین و زێلینسکییەوە بوونەتە قوربانی. ترەمپ جارێکی دیکە جەختی لەوەکردەوە، ئەگەر ئەو کات سەرۆکی ئەمریکا بوایە، رێگەی نەدەدا جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین هەڵبگیرسێت. گوتیشی، هێرشەکانی روسیا بۆ سەر شاری سومی باکووری ئۆکراین، پێشهاتێکی مەترسیدارن، هەروەها جەنگی ئۆکراینیش بە گشتی هەڵەیەکی گەورە و مەترسیدارە.

سوپای پاسداران دەڵێت،  ئاسایشی نەتەوەیی و توانای بەرگری و سەربازییەكانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێڵی سورە، کە لە هیچ بارودۆخێکدا دانوستان و گفتوگۆی لەبارەوە ناکرێت. ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" بڵاویكردەوە، عەمید عەلی محەمەد نائینی، وتەبێژی سوپای پاسداران، لە یەکەمین ساڵیادی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستی 1" (هێرشی یەكەمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل) ئاماژەی بە رەهەند و ئەنجامە ستراتیژییەکانی ئەو ئۆپراسیۆنە کردوەو وتويەتی،  "بەڵێنی راستی1" گەورەترین ئۆپەراسیۆنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوو لە جیهان و لە ناوچەکە، کە مەودای فڕینی هەزار و کیلۆمەتری تێپەڕاند. راشیگەیاندووە، ئەو ئۆپراسیۆنە نمونەی دەستپێشخەری و توانای هێرشكردنی نابەرامبەری کۆماری ئیسلامی بوو لە بە ئامانجگرتنی دوژمنی زایۆنی و، یەکەمین روبەڕوبونەوەی سەربازی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بوو لە نێوان ئێران و قەوارەی زایۆنی. وتەبێژی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشكردووە،  ئاسایشی نەتەوەیی و تواناکانی بەرگری و سەربازی لەو پرسە جێگیرانەن كە بە هیچ شێوەیەک دانوستانیان لەسەر نییەو، ئۆپەراسیۆنەکانی "بەڵێنی راستی 1" و "بەڵێنی راستی 2" بەڵگەی زیندون بۆ ئیرادەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی. قسەكانی وتەبێژی سوپای پاسداران لەكاتێكدایە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی لەتازەترین لێدوانیدا ئاشكرایكردووە، هەر رێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران پەیوەستە بە دوو مەرجەوە. ویتکۆف، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" وتی: پرسە بنەڕەتیەكە بە پلەی یەکەم بەندە بە لێكۆڵینەوە لە بەرنامەی پیتاندن و دواتر بەرنامەی چەک، ئەوەش موشەک دەگرێتەوە، لەگەڵ جۆری ئەو موشەکانەی عەمبارییان كردووە.

  مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە گرتەیەكی ڤیديۆیدا، ئاماژە بەلایەنە نادیارەكانی ناكۆكییەكانی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و حكومەتی دیمەشق دەكات. مەزڵوم عەبدی لە قەسەكانیدا دوو خاڵی جەوهەری ئاشكرادەكات، وەك خاڵی ناکۆک لە گفتوگۆكانی نێوان دیمەشق و هەسەدەو دەڵێت، لایەنی سوری پێیانووتوە، باسی کورد بکەو عەرەب بۆ ئێمە بەجێبهێڵە. دیمەشق لەمبارەیەوە داوای لە هێزەكانی سوریای دیموكرات كردووە، دەست لەكاروباری عەرەبەكانی ناوچەی رۆژئاوای فورات وەرنەدات، كە زۆرینەی دانیشتوانی ناوچەكە پێكدەهێنن و بەشێكی زۆریان بوونەتە بەشێك لە هێزەكانی سوریای دیموكرات و بەرپرسیارێتیان بەڕێوەبەردنی ناوچەكانیان لە ئەستۆدایە لە چوارچێوەی ئیداری خۆسەر، دیمەشق داوایكردووە، رۆڵی هەسەدە تەنها پەیوەست بێت بە كورد، ئەوەش لەلایەن فەرماندی هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە رەتكراوەتەوە. خاڵێكی تری ناكۆكییەكان لەگەڵ دیمەشق وەك مەزڵوم عەبدی ئاماژەی پێداوە، ماوەی کاتی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموكراتە لەناو وەزارەتی بەرگری کە لە دوو ساڵ کەمتر نابێت. لەكاتێكدا رێككەوتنەكەیان لەگەڵ دیمەشق داوا دەكات تاكۆتایی ئەمساڵ تەواوی ئەو خاڵانەی لەسەری رێككەوتون یەكلابكرێتەوە بە تێكەڵكردنی هێزەكانی سوریای دیموكراتیشەوە. رێككەوتنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، لەسەروبەندی روداوی كۆمەڵكوژییەكانی ناوچەی ساحیلی سوریادا هات، كە دەسەڵاتدارانی نوێی لە دیمەشق روبەڕوی دۆخێكی ناهەمواركردەوە، رەنگە هەر ئەوەش وایكردبێت حكومەتەكەی ئەحمەد شەرع بە پاڵپشتی توركیاو وڵاتانی تر، فشارەكانیان چڕبكەنەوە بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنی خێرا لەگەڵ كورد، بەبێ نەخشە رێگای روون بۆ جێبەجێکردنی یان بەدواداچوونی شێواز و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی، لەپێناو رزگاركردنی دەسەڵاتدارانی دیمەشق لەو دۆخە خراپەی تێكەتبوون.

  عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تەلەفۆن لەگەڵ فوئاد حوسێن هاوتا عێراقیەکەی و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و فەیسەڵ بن فەرحان و عەبدولڕەشید بن راشد ئەلزیانی  وەزیرانی دەرەوەی سعودیە و بەحرێن قسەى کرد. لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا وەزیری دەرەوەی ئێران دۆخی ناوچەکە، دوایین پێشهاتەکان، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسی دانوستانی ئەتۆمی وڵاتەکەی لەگەڵ هەر چوار هاوتاکەی تاوتوێکردووە. بە گوێرەی میدیایی ئێران، هەر چوار وەزیر پیشوازیان لە رێگای دیبلۆماسی بۆ چارەسەریی کێشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردووە، هیوایان خواستووە دەرئەنجامەکانی دانوستانەکە کاریگەری ئەرێنی بەسەر ئارامی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەبێت ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەیان بۆ هاوکاری و پەرەوپێشچوونی رەوتی دانوستانەکان بەمەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی دەربڕیوە. لای خۆیەوە عەباس عێراقچى، سوپاسی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و هاوکاری رابردووی هەرچوار وڵاتی تایبەت بە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە کردووە رایگەیاندووە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی خوازراو بەردەوامە. لە کاتێدایە رۆژی شەممە 11ـی نیسانی 2025 خولى یەکەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمریكا بە نێوەندگیری عومان لە مەسقەت بەڕێوەچوو، بڕیارە شەممەی داهاتوو19ـی ئەم مانگە خولی دووەمی دانوستانەکان جارێکی دیکە بە نێوەندگیری عومان هەر لە مەسقەت بەڕێوەبچێت.

  بۆ خوانی بەربانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ کە شارەوانیی گەورەشاری دیلۆک (عەنتاب) خەرجییەکەی گرتبووە ئەستۆ، گۆشتی گوێدرێژ دەرخواردی ڕۆژوەوانان دراوە. وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا بەردەوامە لە ئاشکراکردنی ناوی ئەو کۆمپانیا و بڕاندانەی خۆراکی ساختە بەسەر خەڵکدا ساغ دەکەنەوە. لە لیستی نوێکراوەی وەزارەتەکەدا ناوی بڕاندی مەڕوە بەدی دەکرێت و دەرکەوتووە ئەو بڕاندە گۆشتی گوێدرێژ و گۆشتی ئەسپی وەک گۆشتی حەڵاڵ فرۆشتووە. بۆ خوانی بەربانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ شارەوانیی گەورەشاری دیلۆک و شارەوانیی ژمارەیەک پارێزگا و قەزای دیکەیش، گۆشتیان لەو بڕاندە کڕیووە و دەرخواردی ڕۆژوەوانان دراوە. ئەم بڕاندە کە جگە لەو تەندەرەی شارەوانی، هەروەها تەندەری ئامادەکردنی خوانی ژەمەکان بۆ چەند ناوەندێکی خوێندنیشی بۆ دەرچووە، لە کاتی پشکنین بۆ گۆشت لە چێشتخانەکەیدا لە ناوچەی شەهیدکەمال لە دیلۆک، دەرکەوتووە گۆشتەکە هیی گوێدرێژ و ئەسپە. ساڵانە بەشێک لە شارەوانییەکانی تورکیا و باکوری کوردستان خوانی بەربانگ بۆ خەڵک ڕێک دەخەن و ژەمەخۆراک بەسەر هەزاران کەسدا دابەش دەکەن.  لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە لە 31ی ئاداری 2024 بەڕێوە چوو، فاتمە شاهین، کاندیدی ئاک پارتی توانی بە بەدەستهێنانی لە سەدا 38.82ی دەنگەکان بە سەرۆکی شارەوانیی دیلۆک هەڵببژێردرێت. لە بەرامبەردا کاندیدەکەی جەهەپە لە سەدا 28.11، کاندیدی سەرلەنوێ ڕەفاه لە سەدا 17.23 و کاندیدی دەم پارتی لە سەدا 5.47ی دەنگەکانی بەدەست هێنا. 

  ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی نیگەرانی خۆی لە برسییەتی لە کەرتی غەززە دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا کە دانیشتووانی غەززە ئاوی خواردنەوەیان پێ ناگات. مارگریت هاریز، گوتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، کەمیی کەلوپەلی پزیشکی و دەرمان لە کەرتی غەززە زۆر کەمە و کار دەکەین بۆ هێنانی هاوکاریی پزیشکی بۆ چارە کردنی بریندارانی بۆمبارانی بەردەوامی غەززە. ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرجار مۆڵەتی هێنانی هاوکاریی پزیشکی بۆ ناو کەرتی غەززە وەرناگرین. هاریز دەشڵێت: ئێمە نیگەرانین لەو برسێتییەی کە ڕووبەڕووی هاووڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە دەبێتەوە، بەتایبەتی منداڵان، باسی لەوەش کرد، دانیشتووانی کەرتی غەززە دەستیان بە ئاوی پاک ناگات. ئیسرائیل لە 18ی مانگی رابردوو هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە لە سەرەتای مانگی ئادار کۆتایی هات.   بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی زانکۆی بن گۆریۆن، ئێستا ئیسرائیل دەستی بەسەر زیاتر 50٪ی کەرتی غەززە دا گرتووە. لە سەرەتای جەنگەکەش لانیکەم 133 هەزار غەززەیی کەرتەکەیان بەجێهێشتووە.   ئەمە جگە لە بلۆککردنی هاوکارییەکان و بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی ئەو مانگەی ئیسرائیل دەروازەکانی غەززەی بە رووی هاوکارییە مرۆییەکاندا داخستووە، ئەو رێکخراوە 170 جار هەوڵیداوە هاوکاریی بگەیەنێتە غەززەییەکان و ئیسرائیل رێگری دوو لەسەر سێی کردووە.   ئیسرائیلییەکان رایانگەیاندووە لەگەڵ چەندین وڵات؛ لە گفتوگۆدان بۆ گواستنەوەی غەززەییەکان.

ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی ئاشكرایكرد، هەر ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران، پەیوەستە بەدوو مەرجەوە. ویتکۆف لەچاوپێکەوتنێکدا بەفۆکس نیوزی وتوه‌، مەرجەکان بەپلەی یەکەم لەسەر پشتڕاستکردنەوەی بەرنامەی پیتاندن دەبێت‌و دوەمیش پشتڕاستکردنەوەی چەککردنەکە دەبێت، ئەوەش موشەک دەگرێتەوە، هەروەها جۆری ئەو موشەکانەی لەوێ هەڵیانگرتوە. به‌گوێره‌ى ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرنا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندوه‌، گەڕی دوەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران‌و ئەمریکا ڕۆژی شەممەی داهاتوو لەمسقەت بەڕێوەدەچێت نه‌ك ڕۆماى ئیتاڵیا. ئێرنا لەزاری ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانه‌وه‌ بڵاویکردوه‌ته‌وه‌، دوای ڕاوێژکارییەکان بڕیاردرا لە 19ی نیسان گەڕی داهاتوی دانوستانەکان هه‌ر لەعومان بەڕێوەبچێت. کاسپار ڤێلدکامپ‌و ئەنتۆنیۆ تاجانی وەزیرانی دەرەوەی هۆڵەنداو ئیتاڵیا پێشتر ڕایانگەیاندبوو، "دانیشتنی گەڕی دوەم لەڕۆما بەڕێوەدەچێت". ڕۆژی شەممە  12ی نیسانی 2025، وه‌فدى ئەمریکا بەسەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ وه‌فدى ئێران بەسەرۆکایەتیی عەباس عراقچی بەنێوەندگیری عوممان، لەمەسقەتى پایته‌ختى ئه‌و وڵاته‌ کۆبونەوە. هاوکات هەریەک لەئێران‌و ئەمریکا کۆبونەوەکەیان بەئەرێنی وەسفکردو ئاماژەیاندا به‌وه‌ى، شەممەی داهاتوو، قۆناغی دوەمی دانوستانەکە بەڕێوەدەچێت.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان عێراق، هەڵوێستی خۆی لەبارەی پێداویستیەكانی هەڵەبجە بۆ ناساندنی وەک بازنەیەكی سەربەخۆی هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمان ئاشكرادەكات، ئەوەش دوای دەنگدانی پەرلەمانی عێراق لەسەر بە پارێزگاكردنی. جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: پرسی دانانی هەڵەبجە وەک بازنەیەكی هەڵبژاردن، پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەم پارێزگا نوێیە. ئاماژەی ئەوەشکرد، هێشتا زووە بۆ ئەوە، بەو پێیەی دەبێت یاساکە لەلایەن سەرۆکی کۆمارەوە پەسەند بکرێت، دواتر لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوبکرێتەوە، دواتر دەرکردنی مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ هێناكایەی ئەم پارێزگایەو دیاریکردنی سنوریی كارگێڕی جێبەجێ دەکرێت، دوای ئەوە فەرمانگەی ناوخۆیی دادەمەزرێت، لەنێویاندا فەرمانگەی هەڵبژاردن و، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەم پارێزگایە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانەکەی. پەرلەمانی عێراق رۆژى دووشەممە پڕۆژە یاساى بە پارێزگابوونی هەڵەبجەى پەسەند کرد، بەوەش هەڵەبجە بووە 19 هەمین پارێزگای عێراق و چوارەم پارێزگاى هەرێمى کوردستان. ياساى بە پارێزگابوونى هەڵەبجە کە لە 4 ماددە پێکهاتووە، بە زۆرینەى دەنگى بەشداربووانى دانیشتنى پەرلەمان پەسەندکرا کە ژمارەیان 187 پەرلەمانتار بوو. شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایگەیاند، هه‌ندێك له‌ فراكسیۆنه‌كان ئاسته‌نگیان دروست ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌كه‌ تێنه‌په‌ڕێندرێت، به‌تایبه‌ت كه‌ هه‌وڵ ده‌درا به‌ پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر بكرێته‌ یه‌ك پاكێج، بەڵام هەندێ لایەنى عێراقی لەگەڵیان مانەوە و دەنگیان بەپرۆژەکەدا. لاى خۆیەوە، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، بە پارێزگابوونى هەڵەبجەى بە مێژویی ناوبرد و داواى لەلایەنەکان کرد، ەک هەڵێوست بن، بۆ دەستخستنی سەرجەم مافەکانی گەلی کورد.

  وتەبێژی خانەنشینانی كوردستان رایدەگەیەنێت: ئەو (100) هەزار دینارەی كە بۆ خانەنشینان تەرخان كراوە، بۆ سەرجەمیان خەرج ناكرێت و ئومێدیان وایە كە لە نزیكترین كاتدا وەڵامی خەرجكردنی وەربگرنەوە. سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان، ڕاگەیاند: ئەو (100) هەزار دینارەی بۆ خانەنشینان كە وەك هاوكارییەك بۆ بەرزكردنەوە ئاستی ژیان تەرخان كراوە، بۆ سەرجەمیان خەرج ناكرێت. وتى: بەڵكو تەنها بۆ ئەو كەسانەیەكە بە موچەی خانەنشینیان لە یەك ملیۆن دینار كەمترە و بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەغدادەوە وەری گرتوە، پێدەچێت لە ئەم مانگەدا ئەو بڕە بۆ خانەنشینانی هەرێم بگەڕێندرێتەوە. وتیشی: چەند ساڵێكە بڕیاری خەرجكردنی (100) هەزار دیناری بەرزكردنەوەی ئاستی ژیانی خانەنشینان لەعێراق جێبەجێ دەكرێت و ساڵانە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بڕیارەكە نوێ دەكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا سودانی رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی (100) هەزار دینارەكەی بۆ خانەنشینانی هەرێم نەداوە. سادق شێخ عوسمان، رونیكردەوە، بەپێی بڕیاركەی دادگای فیدراڵی، نابێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم و عێراق هچ جیاوازییەكی هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش، حكومەتی هەرێم و نوێنەرەكانی كورد لەبەغداد نوسراویان ئاڕاستەی بەغداد و نوسینگەی سەرۆك وەزیران كردوە، بەڵام وەڵامی نوسراوەكان نەدراوەتەوە. وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی چاوەڕێن و ئومێدیان وایە كە لە نزیكترین كاتدا رەزامەندی وەربگرنەوە، بەڵام ئەگەر تا ماوەی مانگێكی دیكە بەغداد وەڵام نەداتەوە، خانەنیشان دەتوانن سكاڵا بكەن بۆ گەڕاندنەوەی مافەكانیان كە نزیكەی (50) هەزار خانەنشین (100) هەزار دینارەكەیان بڕدراوە.

دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ڕایگەیاند خوازیاری ئەوەیە بڕیارێکی خێرا بدرێت لە بارەی دۆسیەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ، هاوکات پارتى جەهەپەى بەوەتۆمەتبارکرد هەوڵی دروستکردنی قەیران دەدات و "لە سنووری خیانەتدا" مامەڵە دەکات. 19ـی ئاداری 2025، لەسەر دوو دۆسیەی جیاواز و بە تۆمەتی ڕەخساندنی هەلی کار لە دامەزراوەکانی شارەوانی بۆ ئەندامانی پەکەکە و ئەنجامدانی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن، ئەکرەم ئیمامئۆعڵو کە دوو خولە لەسەریەک بە سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ هەڵدەبژێردرێت دەستگیر کرا. لەڕاگەیەندراوێکدا، دەولەت باخچەلى ئاماژەى بەوەدا دەبێت پرۆسەکانی دادگا لە  دۆسیەکانى ئیمامئۆغڵودا بەپەلە تاوتوێ بکرێن و بڕیاریان لەسەر بدرێت، وتیشى: پێویستە قۆناغەکانی لێپێچینەوە بە زیادکردنی لێدوانی شایەتحاڵەکان و بەڵگەی ڕوون و ڕەسەن و زانیاری و بەڵگەنامە و دەرئەنجامەکانی دیکە بۆ دۆسیەکە بە تەواوی تەواو بکرێن.  هەورەها ئەوەشى خستەڕو ئەگەر ئیمامئۆغڵو بێتاوان بێت، بێتاوانییەکەی بسەلمێنرێت، ئەگەر نەبوو، دەبێت سزاکەی بەپێی یاساو کارەکانى  ویژدانی کۆمەڵایەتی، بەبێ شکست و بە زووترین کات بدرێت.

  مەسعود بارزانى لە پڕۆسەی چارەسەریی توركیا هاتۆتە ئاراوە، جەختی لەوە كردەوە مادام دەرفەتی ئاشتی هەیە و دەرگەی چارەسەریی ئاشتیانە كراوەیە، نابێ هیچ لایەك پەنا بۆ ڕێكاری شەڕكردن ببات. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ڕۆژی دووشەممە 14ی نیسانی 2025 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی پارلەمانی بریتانیا و پارلەمانی یەكێتیی ئەوروپا كرد. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا لە دیدارەكەدا شاندی میوان ستایشی ئارامی و سەقامگیری و پێشڤەچوونانەیان كرد كە لە هەرێمی كوردستان لە سی ساڵی ڕابردوودا هاتووەتە ئاراوە و سەرسامیی خۆشیان بە هەبوونی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان دەربڕی. هەروەها لەو دیدارەدا پەیامی دۆستایەتی و هاوسۆزی و پاڵپشتیی خۆیان بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بۆ بارزانی دووپات كردەوە. لای خۆیەوە بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و كورتەیەكی لە مێژووی نەهامەتی و ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە بۆ شاندی میوان خستەڕوو و وێڕای ئاماژەدان بە دەستپێشخەری و پێشڤەچوونانەی لە پڕۆسەی چارەسەریی توركیا هاتۆتە ئاراوە، جەختی لەوە كردەوە مادام دەرفەتی ئاشتی هەیە و دەرگەی چارەسەریی ئاشتیانە كراوەیە، نابێ هیچ لایەك پەنا بۆ ڕێكاری شەڕكردن ببات. بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان و ئەوەی خستەڕوو كە پێكەوەژیان هەڵقوڵاوی ناخی كۆمەڵگەی كوردستانیە و فەرهەنگێكی ڕەگداكوتاو و دێرینی گەلەكەمانە. سەرۆك بارزانی سوپاسی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمەریكاشی كرد كە لە كاتی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی كوردستان و هاوكار و پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بوونە. داواشی كرد وڵاتانی ئەوروپایی لە بواری چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە و كشتوكاڵ و پەروەردە و تەكنۆلۆژیا و زانستدا یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن. لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا لەسەر بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دۆزی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژووی خەباتی گەلی كوردستان و ئایندەی كورد لە ناوچەكەدا كۆمەڵێك پرسیاریان ئاراستەی بارزانی كرد و بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیاری ئەندامانی شاندی میوانی دایەوە

  موحسین پاک نەژاد، وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تاوتوێی پەرەپێدانی هاوکاریی وزەی نێوان ئێران و عێراق، گەیشتە بەغدا. ئاژانسی ئیرنا، بڵاوی کردووەتەوە، موحسین پاک نەژاد لەسەر بانگهێشتی هاوتا عێراقییەکەی چووەتە بەغدا و دوو ڕۆژ لە عێراق دەمێنێتەوە، بڕیاریشە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکانی کەرتی وزە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیرانی نەوت و کارەبا کۆ ببێتەوە. هەروەها ئاماژەی داوە، وەزیری نەوتی ئێران لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبای عێراق ڕێککەوتنێکی لێکگەیشتن بکەن. سەردانەکەی وەزیری نەوتی ئێران بۆ بەغدا، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی وزەی نێوان هەردوو وڵاتە، بەوپێیەی لە مانگی ئاداری 2024دا، وەزیری کارەبای عێراق لە تاران لەگەڵ وەزیری نەوتی ئێران کۆ بوونەوە و جەختیان لە پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارەکانی نەوت، غاز، پترۆکیمیایی و کارەبای نێوان دوو وڵات کردبووەوە.