هاوڵاتی رۆژی ١٢ی شوبات ٢٠٢٤ فەرەنسا داوای لەحزبوڵڵای لوبنان کرد بۆ ئەوەی ئاگری جەنگ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەی ئێستا زیاتر پەرە نەستێنێ، پاشەکشە بەهێزەکانی بکات لەباشووری لوبنان و بیانکێشێتەوە. لەوەڵامی داواکاری فەرەنسادا حەسەن نەسروڵڵا رێبەری حزبوڵڵای لوبنان رۆژی ١٣ی شوبات رایگەیاند هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل تەنها کاتێک رادەگیردرێن کەجەنگی غەزە کۆتایی هاتبێت و ئیسرائیل کشابێتەوە سنوورەکانی خۆی. حەسەن نەسروڵڵا رۆژی سێشەممە ١٣ی شوبات لەوتاردانێکدا هەڕەشەی کرد حزبوڵڵا بەردەوامە لەهێرشەکانی و مووشەکبارانکردنی خاکی ئیسرائیل و دەبێت بەهۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆرتری خەڵکانی ئیسرائیل. لەم مانگانەی دوییداو بەتایبەت دوای دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل- حەماس لەغەزە، حزبوڵڵای لوبنان وەک یەکێک لەو هێزانەی کەئێران بەبەرەی بەرگری ناویان دەبات و حزبوڵڵا خۆیان بەپشتیوانی حەماس و فەلەستین ئەزانن دەستیانکردووە بەمووشەکباران کردنی ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل لەباشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل و بەو هۆیەوە دەیان هەزار کەس لەخەڵکی ئیسرائیل ناچار ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووەو ئاوارەبوون. حەسەن نەسروڵڵا لەوتاردانی رۆژی ١٣ی شوباتدا لەوەڵامی داواکارییەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا کەداوای کردبوو هێزەکانیان بکێشنەوە بۆ ئەوەی جەنگ پەرە نەستێنێت رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل خوازیاری پەرەسەندنی جەنگە، ئێمەش پێشوازی لێدەکەین و خوازیاری پەرەسەندنین و پەرەی پێدەدەین. حەسەن نەسروڵڵا دەربارەی نێوانگیری وڵاتان و لایەنەکان بۆ سەقامگیری ئاشتی و ئارامی لەسنووری لوبنان ئیسرائیل، نێوەنگیرییەکانی بەبێ کەڵک ناوبردو وتی :» هەموو ئەو لایەنانەی کە لەمانگەکانی رابردوودا هاتوونەتە لوبنان بۆ نێوانگیری تەنها قسەو روانگەکانی ئیسرائیلیان بۆ لوبنان گواستووەتەوەو لایەنگریان لەوان کردووە». هەواڵنێری رۆیتەرز رۆژی دووشەممە ١٢ی شوبات لەڕاپۆرتێکدا رایگەیاند فەرەنسا بەمەبەستی کۆتایی هێنان بەناکۆکی نێوان ئیسرائیل و فەرەنساو چارەسەری کێشە سنوورییەکانی نێوان دوو وڵات، بەنووسراوە پێشنیارەکانی خۆی گەیاندووەتە بەیرووت و داوایکردووە حزبوڵڵا ١٠ کیلۆمەتر لەسنوورەکان بکشێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز ئەم پێشنیارە خراوەتە بەردەم بەرپرسانی باڵای لوبنان لەوانە نەجیب میقاتی، سەرۆک وەزیرانی لوبنان. فەرەنسا وەک یەکێک لەوڵاتانی دۆستی لوبنان ناودەبرێت و پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ لوبنان هەیەو لەئێستادا ٢٠ هەزار هاووڵاتی فەرەنسی لەلوبنان دەژین. هەروەها نزیک ٨٠٠ سەربازی فەرەنسی وەک هێزەکانی پاراستنی ئاشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەفەرەنسا جێگیرکراون. هێرشی مووشەکی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کەناڵی تەلەفیزیۆنی « المنار»ی لوبنان سەر بەحزبوڵڵا رۆژی چوارشەممە ١٤ی شوبات رایگەیاند :» بەهۆی هێرشە مووشەکیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنانەوە چوار هاوڵاتی سڤیل کوژران و نۆ کەسی تر برینداربوون». ئەم کەناڵە لەهەواڵێکی کوتوپڕدا وێڕای ئەوە ئاماژەی بەوەکرد لەم هێرشەی ئیسرائیلدا لەشارۆچکەی «الصوانە» سێ کەس لەوانە ژنێک و کوڕێکی مێرمنداڵ و مناڵێک کوژراون. هەروەها لەشارۆچکەی «عدشیت» کەسێکی مەدەنی کوژراوەو نۆ کەس برینداربوون. حزبوڵڵا لەڕاگەیاندنێکی جیاوازدا رایاگەیاند یەکێک لەئەندامانیان لەهێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی «عدشیت» کوژراوە. هەر لەم پەیوەندیەدا، ناوەندی هەواڵی نەتەوەیی لوبنان باسی لەوەکرد کەفڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل خانوویەکیان لە «صور» لەباشووری لوبنان کردووەتە ئامانج. ئەم ناوەندی هەواڵە باسی لەوەکرد کەئەمبۆڵانسی فریاکەوتن نێردراوەتە شوێنی هێرشەکە. کەناڵی «العربیە» باسی لەوە کرد «فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل بەسەر بەیرووتدا فڕیون». هەر لەم پەیوەندیەدا سوپای ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە رایگەیاند بنکەیەکی سەربازی حزبوڵال لوبنان و «ژێرخانە تیرۆریستییەکانی» لە باشووری ئەو وڵاتە کراوەتە ئامانج. پێشتر میدیاکانی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە رایانگەیاند کە بەهۆی هێرشەکانی حزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر باکووری ئیسرائیل، ژنێک کوژراوەو حەوت کەس برینداربوون. ئیسرائیل رایگەیاند ئەم هێرشە مووشەکیانە لەباشووری لوبنانەوە بووەو بێوەڵام نابێت بەرامبەریان. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند هەشت مووشەک لەباشووری لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژراوەو ناوچەکانی «صفد» و «الجلیلی اعلی» کراوەتە ئامانج. سوپای ئیسرائیل لەمبارەوە رایەگایند سەربازێکی ژنی ئیسرائیلی لەناو کوژراوەکاندا بووە. بڵاوکراوەکانی تایمزی ئیسرائیل و هائارتێس، بەپشت بەستن بەهەواڵێکی «العالم العربی» رایانگەیاند کە لەم هێرشانەدا ناوچەی «صفد» لە باکووری ئیسرائیل کراوەتە ئامانج. رۆژنامەی «هائارتیس» رایگەیاند حزبوڵڵای لوبنان بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج. راگەیاندنی جەنگ لەبەرەی باکوورەوە رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە ١٤ی شوبات رایگەیاند «ئیتامار بن گڤیر» وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، بۆ هێرشی مووشەکی ناوچەی «صفد» لەباکووری ئەو وڵاتەی وەک « راگەیاندنی جەنگ» ناوبرد. تایمزی ئیسرائیل لەدرێژەی راپۆرتەکەی خۆیدا نووسیویەتی بن گڤیر، لەتویتێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی X خوازیاری ئەوە بووە هاوسەنگی هێز لەلایەن ئیسرائیلەوە لەسنوورەکانی لوبنان بگۆڕدرێت و هێزەکان زیاتر بکرێن. فەرماندەی گشتی سوپای ئیسرائیل بەئاماژە بەهێرشەکان بۆ ناوچەی «صفد» رایگەیاند، ئەگەر جەنگ لەبەرەی باکوورەوە پەرەبستێنێ، سوپای ئیسرائیل هەموو هێزو تواناو چەک و چۆڵی سەربازی خۆی بەکاردەهێنێت. لەدەستپێکی جەنگەوە لەکەرتی غەزەو دوای ٧ی تشرینی یەکەم، هەموو رۆژ دوو وڵات لەسنوورەکان هێرش دەکەنەسەر یەکترو ئەمە نیگەرانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لێکەوتووەتەوە بەوەی کەجەنگ پەرەنەسێنێت و وڵاتانی رۆژئاوایی بەردەوام داوا دەکەن دوو لایەن دەست رابگرن و پەرە بەجەنگ نەدەن. لەحاڵێکدا حزبوڵڵای لوبنان بەشێوەی سنووردار هێرش دەکاتە سەر شوێن و بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل و باس لەوە دەکات کەوەک پشتیوانی لەغەزە ئەم کارانە ئەکات، ئیسرائیل بەفڕۆکەو تۆپخانە هێرش دەکاتەسەر بنکەو شوێنەکانی حزبوڵڵاو وا باس دەکەن دەیانەوێ ژێرخانی سەربازی حزبوڵڵا لاواز بکەن و توانای بەئامانجگرتنی ئیسرائیلی نەبێت. بەپێی ئەو ئامارانەی کەناوەندی هەواڵی فەرەنسا بڵاویکردووەتەوە، لەسەرەتای ناکۆکییەکانەوە ٢٢٨ کەس لەباشوری لوبنان کوژراون کەزۆربەیان ئەندامی حزبوڵڵای لوبنان بوون و ٢٧ کەسیان سڤیل بوون لەوانە ٣ رۆژنامەنووس کە بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. لەبەرامبەردا ئیسرائیل رایگەیاندووە نۆ سەربازی ئیسرائیل و شەش هاوڵاتی سڤیل کوژراون. پەرەسەندنی ناکۆکییەکان بووە بەهۆی ئەوەی دەیان هەزار کەس لەهەردوو لا ئاوارەبن. توانای سەربازی حزبوڵڵا حزبوڵڵای لوبنان گەورەترین هێزی میلیشیایە لەدونیای عەرەب کە لەناوخۆی خۆیدا بونیادێکی زۆر بەهێزی حزبی و رێکخراوەیی هەیەو هەروەها توانای سەربازی بەهێزو وزەخانەی گەورەی هەیە. ئەم گرووپە میلیشیایە بەپشتیوانی کۆماری ئیسلامی و دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران دروست بوو. ژمارەیەک لەئەندامەکانی ئەم حزبە لەباری سەربازییەوە ئەزموونی زۆریان هەیە، بەتایبەت لەجەنگی ١٣ ساڵەی سووریادا بەشداربوون و ئەزموونی زۆریان هەیە لەجەنگدا. لەجەنگی ناوخۆیی سووریا، ئەندامانی حزبوڵڵای لوبنان وێڕای گرووپە میلیشیاکانی تری سەر بەکۆماری ئیسلامی پشتیوانیان لەحکوومەتی بەشار ئەسەد کردو بوون بەهۆی ئەوەی هاوسەنگی هێز لەم جەنگەدا لەبەرژەوەندی هێزەکانی بەشار ئەسەدا لەسووریا بگۆڕردێت و سەرەنجام ئەسەد بەپشتیوانی کۆماری ئیسلامی و هێزە پڕۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی توانی لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە. حەسەن نەسروڵڵا، رێبەری حزبوڵڵای لوبنان، دەربارەی توانای هیزەکانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم گرووپە چەکدارە ١٠٠ هەزار چەکداری راهێنراوی هەیە. بەڵام بەپێی راپۆرتێکی ئەسۆشەیتێدپرێس، بەروارد دەکرێت ژمارەی هێزەکانی ئەم حزبە کەمتر لە ٥٠ هەزار کەس بێت. ئیسرائیل لەچەند هەفتەی رابردوودا داوای لەحزبوڵڵا کردووە هێزەکانی یەکەی «رچوان» کە سەر بەحزبوڵڵای لوبنانن لەنزیک سنوورەکانی لوبنان- ئیسرائیل پاشەکشەیان پێبکرێت بۆ ئەوەی دەیان هەزار هاووڵاتی ئیسرائیلی کە بەهۆی ناکۆکی و لێک هەڵپرژانەکانی ئەم دواییانە ماڵ و حاڵی خۆیان لەباکووری ئیسرائیل جێهێشتووەو ئاوارەبوون بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان. بەپێی راپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتژیک و نێونەتەوەییەکان، کە ناوەندێکەو بنکەکەی لەواشنگتۆنە، حزبوڵڵای لوبنان خاوەن وزەخانەیەکی جبەخانەیەکی گەورەیە کەزۆربەیان چەک و چۆڵی بچووک و مامناوەندن وەک مووشەکی کورت مەوداو هەروەها مووشەکی درێژمەودا. بەپێی بەراوردی ئەمریکاو ئیسرائیل حزبوڵڵای لوبنان و گرووپە میلیشیاکانی تری لوبنان ١٥٠ هەزار مووشەکیان هەیە. حزبوڵڵا هەروەها خاوەنی مووشەکی کۆنتڕۆڵکراوە کەئامانجەکەی زۆر بەوردی دەپێکێت. حزبوڵڵا کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی ماددی و چەک و چۆڵ ئەکرێت، پێشتر چەند جار بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتەسەر ئیسرائیل و هەروەها ساڵی ٢٠٠٦ کەشتییەکی جەنگی ئیسرائیلی بەمووشەکی زەوی بۆ دەریا لەلایەن ئەم گرووپەوە کرایە ئامانج کە ئەوە دەخاتەڕوو ئەم گرووپە لەمجۆرە مووشەکە دوور مەودایانە هەیە. لەڕاپۆرتێکی رادیۆ فەردا دا دەربارەی توانا سەربازییەکانی ئەم گرووپە ئاماژە بەوە دراوە کەهێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان خاوەنی چەکی هێرشبەر، چەکی قورس، ئارپیجی، بۆمبی قەراخ جادە و چەک و چۆڵی ترن. لەماوەی ئەم چەند مانگەدا، حزبوڵڵا زۆر جار مووشەکی دژە تانکی «کۆرێنت» دروستکراوی رووسیای بەکارهێناوە کەیەکێکە لەو مووشەکە بەهێزانەی کەدەگوازرێتەوە. حزبوڵڵا هەروەها خاوەن مووشەکی «بورکان»ە کە بەوتەی حەسەن نەسروڵڵا توانای هەڵگرتنی کڵاوەی هەیە بەقورسایی ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ کیلۆگرام. لەچەند هەفتەی رابردوودا حزبوڵڵا جۆرێک لەمووشەکی زەوی بەزەوی نمایش کرد کە تامەودای ١٠ کیلۆمەتر دەبڕێت و توانای هەڵگرتی کڵاوی ٥٠ کیلۆیی هەیە. توانای سەربازیی ئیسرائیل سوپای ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت و بوودجەی ساڵانەکەی ٣.٣ میلیار دۆلارە. جگە لەوە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە بۆ تەکنۆلۆژیای بەرگری مووشەکی لەو وڵاتە. ئیسرائیل یەکێکە لەپڕچەکترین وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بریتییە لەفڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتووی F35ی ئەمریکی، قەڵغانی بەرگری مووشەکی لەوانە پاتریۆت کە دروستکراوی ئەمریکییە، قەڵغانی مووشەکی « گومەزی ئاسنین» و جووتێک سیستەمی بەرگری مووشەکی بەناوەکانی « پەیکان» و « قۆچەقانی داوود» کە بەهاوکاری ئەمریکا دروستکراوە. سوپای ئیسرائیل پڕچەک کراوە بەتانکی پێشکەوتوو، پاپۆڕی جەنگی، فڕۆکەی بێ فرۆکەوان و تەکنۆلۆژیا پێشکەوتووەکانی تری سەربازی. هەروەها سوپای ئەو وڵاتە ئامادەیە بۆ هەرجۆرە جەنگێکی سەرشەقام. بەوتەی دامەزراوەی نێونەتەوەیی لێکۆڵێنەوەی ستراتژیک، کەدامەزراوەیەکەو بنکەکەی لەبەریتانیایە، سوپای ئیسرائیل ١٧٠هەزار سەربازی ئامادەی هەیەو هەر ئێستا ٣٦٠ هەزار سەربازی یەدەکی بانگکردووەتەوە بۆ جەنگ. ئەمەش نزیک ٧٥ لەسەدی توانای بەراوردکراوی هێزی یەدەکی سوپای ئیسرائیلە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی جەنگی غەزە لەپێنجەمین مانگی خۆیدایە، بەشێکی زۆر لەسەربازە یەدەکەکانی ئیسرائیل لەغەزەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ ئیسرائیل. بەوتەی ئەسۆشەیتدپرێس، ئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتانەی چەکی ناوکی هەیەو لەمێژ ساڵە بەرنامەی چەکی ناوکی رانەگەیەنراوی خۆی پاراستووە. بەریەککەوتنەکان توندتر دەبنەوە رۆژی یەکشەممە ١٨ی شوبات، حزبوڵڵا هەوڵیدا لەڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرش بکاتەسەر ئیسرائیل بەڵام سیستەمی بەرگری ئیسرائیل توانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بخاتە خوارەوە. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەم پەیوەندەدا رایگەیاند:» ئێمە زانیمان فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی حزبوڵڵا دزەی کردووەتە خاکی ئیسرائیل و لەنزیک شاری تەبەرییە بینراو توانیمان بیخەینە خوارەوە». ئیسرائیل لەوەڵامدا رۆژی دووشەممە ١٩ی شوبات هێرشی کردەسەر چەند کۆگایەکی چەک و چۆڵ و تەقەمەنی حزبوڵڵای لوبنان و دانیەل هاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەمبارەوە وتی:» هێرشکردنە سەر کۆگای تەقەمەنی و چەک و چۆڵی حزبوڵڵا وەڵامدانەو بوو بەدزەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حزبوڵڵا بۆ خاکی ئیسرائیل و شاری تەبەرییە». رۆیتەرز لەزاری دانیشتوانی ناوچەکەوە رایگەیاندووە، لانیکەم دوو هێرشی ئاسمانی کراوەتە ناوچەکانی دەورووبەری شاری ئەلغازییە لە ٦٠ کیلۆمەتری سنووری ئیسرائیل و لەکەنارەکانی دەریای ناوەڕاست. میدیاکانی لوبنان بڵاویانکردەوە کەئەم هێرشانە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بووەو لەیەکێک لەم هێرشانەدا ترۆمبێلێک کراوەتە ئامانج. رۆیتەرز نووسیویەتی، سوپای ئیسرائیل لەوەڵامی هەواڵنێری رۆیتەرزدا دەربارەی بەئامانجکردنی ئۆتۆمبێلەکەوە وتوویەتی لەبابەتەکە دەکۆڵینەوە. سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە ٢٤ی شوبات رایگەیاند، چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی حزبوڵڵای لوبنانی لەباشووری ئەو وڵاتە بەفرۆکە بۆردوومان کردووە . لەڕاگەیاندراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە کە شەوی رابردوو فرۆکە جەنگییەکانی سەر بەهێزی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل چەند سەکۆیەکی هاویشتنی مووشەک و ژێرخانی سەربازی حزبوڵڵای لوبنانی لە ناوچەی جەبیل و خاڵێکی چاودێری ئەو بزووتنەوەیەی کردووەتە ئامانج، هەروەها لەڕێگەی تۆپی دوورهاویژیشەوە چەند بنکەیەکی دیکەی سەرسنووری بۆردوومان کردووە. هەروەها سەرلەبەیانی یەکشەممە ٢٥ی شوبات رادیۆی ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە دوو مووشەک لەباشووری لوبنانەوە بەرەو ناوچەی ئیدمیت-ی ئیسرائیلی هاوێژراوە. لەبەرامبەردا حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، کە لەڕێگەی دوو مووشەکی بورکانەوە هێرشی کردووەتەسەر کۆبوونەوەیەکی سەربازانی ئیسرائیلی لەگردی کۆبراو مووشەکەکان بەوردی ئامانجەکانیان پێکاوە. کوژرانی دوو ئەندامی حزبوڵڵای لوبنان لەسوریا رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سوریا ، سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە ٢٥ی شوبات رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی سنووری سووریا- لوبنانی بۆمباران کردووەو بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیلەوە بۆ ئەو ناوچە سنوورییە دوو ئەندامی حزبوڵڵای لوبنان کوژراون. رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سوریا، ئەوەشی خستۆتەڕوو، کەهێرشەکە لەناوچەیەکی نێوان پارێزگای حومس و ریفی دیمەشق لەنزیک سنووری سوریاو لوبنان بۆ سەر بارهەڵگرێک ئەنجامدراوە. هێرشێ ئاسمانی ئیسرائیل بۆ رۆژهەڵاتی لوبنان رۆژی دووشەممە ٢٦ی شوبات لەچەند مانگی رابردوودا بۆ یەکەمجار ئیسرائیل هێرشی کردەسەر بنکەکانی حزبوڵڵا لەقووڵایی خاکی لوبنان. کەناڵی تەلەفیزیۆنی (العربیە) باسی لەوەکرد دوو ئەندامی حزبوڵڵای لوبنان لەهێرشی ئیسرائیل بۆ شاری «بعلبک» لەڕۆژهەڵاتی لوبنان کوژراون و هەروەها بینایەکی دوو قات و کۆگایەکی خواردەمەنی حزبوڵڵا کراوەتە ئامانج. رۆیتەرز لەم پەیوەندەدا نووسیویەتی، ئەمە بۆ یەکەمجارە لەدەستپێکی توندتربوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا، شاری «بعلبک» ناوەندی سەرەکی حزبوڵڵا لەڕۆژهەڵاتی لوبنان دەکرێتە ئامانج. سەرچاوەیەکی هەواڵگری بە « فرانس پرێس»ی راگەیاندووە، لەیەکێک لەم هێرشانەدا بینایەکی سەر بەحزبوڵڵا نزیک شاری «بعلبک» کراوەتە ئامانج. لەبەرامبەردا ماڵپەڕی «تەسنیم» سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە حزبوڵڵا بە ٤٠ مووشەک بنکەی ئاسمانی « میرۆن» لەناوچەی «الجبیل»ی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج. رۆژنامەی «یدیهوت ئاخرۆنۆت»ی ئیسرائیل باسی لەوەکرد بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی حزبوڵڵای لوبنانەوە بۆ خاکی ئیسرائیل، هاووڵاتییەکی مەدەنی بریندار بووە. ئێران، سەری مارەکە هەر لەسەرەتای جەنگی غەزەوە ئیسرائیل ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کەهێرشی ٧ی تشرینی یەکەم بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، پلانەکەی لەلایەن ئێرانەوە داڕێژراوەو تائێستا لەلایەن بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئیسرائیلەوە زۆرجار ئێران وەک سەری مارەکە ناوبراوە. ئەمریکاو بەریتانیاو وڵاتانی رۆژئاوایش بەردەوام داوا لەکۆماری ئیسلامی ئەکەن بەر بەچالاکی هێزە پرۆکسییەکانی خۆی بگرێت لەناوچەکە. ئەمریکاو بەریتانیاو ئیسرائیل و وڵاتانی تری رۆژئاوایی، حەماس، حزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن و گرووپە میلیشاکانی سەر بەئێران لەعێراق و سووریا بەجێبەجێکاری سیاسەتەکانی ئێران ناوئەبەن لەناوچەکە. بەردەوامیش داوا لەکۆماری ئیسلامی ئەکەن کۆنتڕۆڵیان بکات. لەبەرامبەردا کۆماری ئیسلامی رایگەیاندووە ئەو گرووپانە کە بە «بەرەی بەرگری» ناو دەبرێن سەربەخۆن لەبڕیاردانیاندا. رۆژی هەینی ٢٣ی شوبات وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل زمانی هەڕەشەی بەرامبەر بەکۆماری ئیسلامی و حزبوڵڵای لوبنان بەکارهێناو رایگەیاند وڵاتەکەی ئیتر بەرامبەر بەبەردەوامی هەناردە کردنی چەک و چۆل لەئێرانەوە بۆ حزبوڵڵای لوبنان بێدەنگ نابێت و پێدەچێت ئیسرائیل خۆی لەم بارەوە هەنگاوی جیددی هەڵبگرێت. ئیزارئیل کاتێز، رۆژی هەینی ٢٣ی شوبات رایگەیاند، ئیسرائیل لەنامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەم ئەنجومەنەی ئاگادارکردووەتەوە ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لەخاك و هاووڵاتییەکانی خۆی بکات. بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئێران بەردەوامە لەپێشێلکردنی ئاشکرای بڕیارنامەکانی ١٧٠١، ٢٢٣١، ١٥٤٠ ی ئەنجومەنی ئاسایش . بڕیارنامەی ١٧٠١ کۆتایی بەجەنگی ٣٣ رۆژەی ئیسرائیل و حزبوڵڵا هێنا لەساڵی ٢٠٠٦ و بەپێی ئەو بڕیارنامەیە لوبنانی پێ بەندکرا بەوەی بەر بەوەبگرێت میلیشیاکان و چەک و چۆڵەکانیان لەخوار رووباری لیتانییەوە بوونیان ببێت، بەڵام حزبوڵڵا ئەم بڕیارنامەیەی پێشێلکردووە. بڕیارنامەی ٢٢٣١ ی ئەنجومەنی ئاسایش پەیوەندی هەیە بەگەمارۆکانەوە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەپێی ئەو بڕیارنامەیە ئێران بۆی نییە چالاکی مووشەکی هەبێت. هەروەها بڕیارنامەی ١٥٤٠ بیست (٢٠) ساڵ لەوە پێش لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە پەسەندکراو جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی دەبێ بەر بەپەرەپیدان و بەرهەمهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ بگیردرێت. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند لەنامەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان نووسیویەتی، لەحاڵێکدا وڵاتەکەی لەمانگەکانی رابردوودا لەچەند بەرە لەجەنگدایە، ئێران بەردەوامە لەگەیاندنی چەک بۆ حزبوڵڵای لوبنان و زیاتر لەجاران ئەم کارە دەکات. بەوتەی ئیزرائیل کاتس، ئێران لەڕێگای زەمینییەوەو لەسنووری نیوان سووریاو لوبنانەوەو هەروەها لەڕێگای ئاسمانی و دەریاییەوە چەکی گەیاندووەتە دەست حزبوڵڵای لوبنان. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا کەپارچەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی، سیستەمی دژە مووشەکی ٣٥٨، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهیدی ١٠١ و شاهیدی ١٣٦ و هەروەها مووشەک لەجۆرەکانی ئەبابیل لەلایەن ئێرانەوە گەیەنراوەتە دەست حزبوڵڵای لوبنان. بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، لەنامەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بۆ ئەنجومەنی ئاسایشدا ئاماژە بەدەستتێوەردانەکانی سوپای پاسداران کراوە لەپەیوەند لەگەڵ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ لوبنان و هەروەها شێوەی بەکارهێنانیان لەدژی ئیسرائیل. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەروەها رۆژی هەینی ٢٢ی شوبات لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Xنووسی:» ئێران سەری مارەکەیە. ئێمە ماوەیەکی زۆر سەبرناکەین بۆ گەیشتن بە رێکاری دیپلۆماتیک پەیوەندیدار بە سنوورەکانی باکوورمانەوە». وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل نووسی:» ئەگەر ئەو زانیارییە زۆرانەی خستوومانەتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش نەبێت بە هۆی گۆڕان، ئیسرائیل گومانی نییە لەوە هەنگاویتر هەڵبگرێت». ئەگەری جەنگی ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە ئێستادا زۆربەی شارەزایان لە سەر ئەو باوەڕەن ئیسرائیل و حزبوڵڵا نایانهەوێت جەنگێکی تەواو رووبدات لە نیوانیان، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە هەڵەیەک لە لایەن هەرکام لە لایەنەکانەوە ببێت بە هۆی پەرەسەندن و قووڵتر بوونەوەی ناکۆکییەکان و جەنگێکی تەواو رووبدات. لەم چەند مانگەدا ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی هەموو هەوڵی خۆیان داوە بەوەی دوو لایەن دان بە خۆیانا بگرن و جەنگ روونەدات و جەنگی غەزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرە نەستێنێت. بەڵام حەسەن نەسروڵڵا رێبەری حزبوڵڵای لوبنان رۆژی سێ شەممە ١٣ی شوبات رەخنەی توندی لەو لایەنانە گرت کە نێوانگیری حزبوڵڵا و ئیسرائیل ئەکەن و بەوە تۆمەتباری کردن کە تەنها روانگە و قسەکانی ئیسرائیل بۆ لوبنان ئەگوازنەوە. ئیسرائیل لە ئێستادا زیاتر سەرقاڵە بە بەرەی جەنگی غەزەوە، رەخنەی توندی لەسەرە بەوەی کە بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە نزیک ٢٩ هەزار کەس کوژراون. سوپای ئیسرائیل دەستی لە نەخۆشخانە و شوێنە خزمەتگوزارییەکان نەپاراستووە. حزبوڵڵای لوبنان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێت خوازیاری جەنگی تەواو نییە لەگەڵ ئیسرائیل لە ئێستادا، خوازیاری ئەوەیە گوشار دروست بکات بۆ سەر ئیسرائیل بەوەی هێرشەکانی بۆ سەر غەزە رابگرێت. بەڵام ئیسرائیل رایگەیاندووە تا لەناوبردنی تەواوەتی حەماس دەستبەرداری هێرشەکان نابێت. روانگەی گشتی خەڵکی لوبنان ئەوەیە کە خۆیان لە جەنگ دوور بگرن. دۆخی ئابووری لوبنان تا دێ بەرەو خراپتربوون ئەڕوات. لە ئەگەری روودانی وەها جەنگێکدا کێشەی گەورە بۆ ژیانی خەڵک دروست ئەبێت. بۆیە لە بەرژەوەندی حزبوڵڵادا نییە وەها جەنگێک رووبدات. رۆژنامەی «هائارتێزی ئیسرائیلی» رۆژی سێ شەممە ٢٧ی شوبات ، لە زاری سەرچاوەیەکی سوپای ئیسرائیلەوە کە نەیویستووە ناوی ببرێت نووسیویەتی:» جەنگی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل چاوەڕوانکراوە، لە سەر کات وەستاوە. وەک ئێسرائیل نامانهەوێت بچینە جەنگەوە ، بەڵام ئەگەر حزبوڵڵا بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل و لە سنوورەکان دوور نەکەوێتەوە ئەم جەنگە چاوەڕوانکراوە.» رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی :» حزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن و هەموو ئەو هێزانەی کە سەر بە ئێرانن ، دەیانهەوێت بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، ئیسرائیل ملکەچی ئاگربەست بێت لەگەڵ حەماس. بەڵام تا کۆتایی هاتن بە مەترسی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئەم جەنگە کۆتایی نایەت ئەگەر بە مانای کردنەوەی بەرەی جەنگ بێت لەگەڵ حزبوڵڵا یان هەر لایەن و وڵاتێكێش».
هاوڵاتی سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی ئایندە بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاوێژکاری ئابوری، لە پۆستێکی فەیسبوکدا ڕایگەیاندوە لە ساڵێکدا پارەی ١٨ هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەر پەرلەمانتارێک خەرجدەکرێت. مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی ئایندە بۆ لێکۆڵینەوەو ڕاوێژکاری ئابوری لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی: تەواوی پەرلەمانتارانی عێراق لە ساڵێکدا نیوتریلیۆن دینار مووچە وەردەگرن، بەمشێوەیەش لە ساڵێکدا پارەی ١٨ هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەر پەرلەمانتارێک خەرجدەکرێت. وەک لە نوسراوەکەدا هاتووە: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق, ساڵانە (581) ملیار دیناری بودجەی گشتی بۆ تەرخان دەكرێت, كە (474) ملیار دیناری بۆ مووچە تەرخاندەكرێت. -بەومانایەی هەر پەرلەمانتارێك لە دەوڵەتی عێراق: •ساڵانە: یەك ملیارو (800) ملیۆن دینار لەسەر بودجەی گشتی دەكەوێت. •مانگانە (150) ملیۆن دینار لەسەر بودجەی گشتی دەكەوێت. •رۆژانە (5) ملیۆن دینار لەسەر بودجەی گشتی دەكەوێت -بە زمانی نەوت و پاڵشپت بە تێكڕای نرخی (75) ملیۆن دینار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت, كە بەرامبەر نزیكەی (100) هەزار دینارە, ئەوا تێچووی هەر ئەندام پەرلەمانێك: •ساڵانە: (18) هەزار بەرمیل نەوتە. •مانگانە: (1500) بەرمیل نەوتە. •رۆژانە: (50) بەرمیل نەوتە. -تێچوی ساڵانەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش هاوتای : •ساڵانە: (6) ملیۆن بەرمیل نەوتە. •مانگانە: (500) هەزار بەرمیل نەوتە. •رۆژانە: (17) هەزار بەرمیل نەوتە. عوبەیدی لە نوسراوەکەیدا دەشپرسێت, ئایا ئەنجومەنی نوێنەران پێویستی ئەو بودجە زەبەلاحە هەیە بۆ رایكردنی كارەكانی؟.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق کۆدەبێتەوە و چەند سکاڵایەکی تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و سکاڵایەکی وەهاب هەڵەبجەیی تاوتوێ دەکات. بە گوێرەی خشتەی دانیشتنی دادگای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧/٢/٢٠٢٤ دادگاکە لەسەر چەند سکاڵایەک کۆدەبێتەوە، یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن دوو پەرلەمانتارەوە لەسەر جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران تۆمارکراوە و داوا لە دادگا کراوە، بڕیار لە نادەستووریبوونى دانیشتنى رۆژى ١٣ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٤ بدات، کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و سەرجەم بڕیار و رێکارەکانى هەڵبوەشێنێتەوە. بڕیاریشە رۆژى چوارشەممە، دادگاى فیدراڵى دوو سکاڵاى دیکە یەکلابکاتەوە کە لە دژى شەعلان عەبدولجەبار کرەیم، تۆمارکراون و داوا لە دادگا کراوە ئەندامێتى لە ئەنجوومەنى نوێنەران و مافى خۆبەربژێرکردنى بۆ پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران هەڵبوەشێنێتەوە، بەهۆى نەبوونى مەرجە یاسایی و دەستورییەکانى ئەندامێتى. لە ڕۆژی ١٤-١١-٢٠٢٣، دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە بڕیارێکدا کۆتایی بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هێنا، لەوکاتەوە ئەنجوومەنەکە بێ سەرۆکە . هاوکات هەر ئەمڕۆ سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری دژەتیرۆر لە سلێمانی تاوتوێ دەکرێت، کە لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا تانە لە یاساى ژمارە3ى ساڵى ٢٠٠٦ یاساى روبەڕووبونەوەى تیرۆر دراوە کە یاساى ژمارە ٧ساڵى ٢٠١٨ پشتیپێبەستووە و ناوبراو داوادەکات بەهۆى نادەستووریبوونى یاساکەوە ئەو بڕیارانەى کە لەدادگاى هەولێر لەدژى داواکراوان بەو یاسایە دەرکراون پوچەڵبکرێنەوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە حکومەتی عێراق بڕیاریدا لە ٪٥٠ی گومرگی سەر ئاژەڵی هاوردەکراو کەمبکاتەوە بەمەبەستی كەمكردنەوەی نرخی گۆشتی سوور و هاندانی بازرگانەكان بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندو بۆ سەربڕین. وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٤ رایگەیاند "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزارەتەکەدا بڕیاردرا بە کەمکردنەوەی گومرگی سەر ئاژەڵی هاوردەکراو بە رێژەی لە ٪٥٠ بۆ ماوەی ساڵێک". ئاماژە بەوەشکراوە "کەمکردنەوەی گومرگ بۆ نیوە بەمەبەستی كەمكردنەوەی نرخی گۆشتی سوور و هاندانی بازرگانەكان بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندو بۆ سەربڕین". لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتە ٢٥ هەزار دینار بە کەمکردنەوەی گومرگ نرخی گۆشتیش لە بازاڕەکان روو لە دابەزین دەکات.
هاوڵاتی دوێنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە لەناو بازاڕی بەغدا لەنێوان چەند چەکدارێکدا شەڕە تەقەیە و لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک کوژرا. ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٤ وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند "دەزگای هەوڵگیری بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی عێراق لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکەی دوێنێی ناوبازاڕی شاری بەغدا کرد کە لەنێوان چەند چەکدارێکدا شەڕە تەقە بوو، ئەمەش بووە هۆی کوژرانی هاوڵاتییەک، هەروەها ڤیدیۆی رووداوەکە لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەی هەبوو". ئاماژە بەوەشکراوە "لە ئۆپەراسیۆنێکدا تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە دەستگیرکرا و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێل و چەکەکەدا گیرا، تۆمەتبار لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دانینا بە تاوانەکەیدا و رەوانەی دادگا کرا".
هاوڵاتی ئەمرۆ دووشەمە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە پەرەی فەرمی خۆی لە پێگەی ئێکس رایگەیاند ، رۆژی شەممەی رابردوو حوسییەکانی یەمەن بە موشەکێکی بالیستی دژە کەشتی، هێرشیان کردۆتە سەر کەشتییەکی نەوت هەڵگری ئەمریکی لە کەنداوی عەدەن. هەروەها لە راگەیاندنەکەدا ئەوەش هاتووە ، موشەکەکە بە بێ هیچ زەرەروزیانێک خراوەتە خوارەوە . فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئەوەشی روونکردۆتەوە کە لە هەمان رۆژدا ، هێزەکانیان دوو فرۆکەی بێفرۆکەوانی دیکەیان لە باشووری دەریای سوور خستۆتە خوارەوە و فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی دیکەش بە هۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە خۆی کەوتۆتە خوارەوە. جێی ئاماژەیە ئەم هێرشانەی چەکدارەکانی حوسی دوای ژمارەیەک هێرشی هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دێت کە دوو رۆژ لەمەبەر کرایە سەر 18 بنکە و بارەگای چەکدارەکانی ئەو گروپە . لەلایەکی دیکەوە رۆژی هەینی رابردوو حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند گەر بێتو هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بەردەوام بێت ئەوا گەرووی باب ئەلمەندەب بە تەواوی دادەخەن ، کە گرنگترین رێرەوی ئاوی بازرگانی جیهانییە و زۆربەی ئاڵۆگۆرە بازرگانییەکانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە رێی ئەو گەرووەوە ئەنجام دەدرێت .
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی نەبوونی پارەی نەختینەیی بۆ دابەشکردنی مووچە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند "ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە کە باس لە نەبوونی پارەی نەختینەیی دەکەن بۆ دابەشکردنی مووچە"، جەختیشی لەوەکردەوە "مووچەی فەرمانبەران و بیمەی کۆمەڵایەتی و مووچەی خانەنشینان بەبێ دواکەوتن دابین دەکەین". لە روونکردنەوەکەدا وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت "ئەو پلانەی چاکسازی دارایی و ئابووری کە حکومەت پەیڕەویکرد، بووە هۆی زیادبوونی بەرچاو لە گەشەی ئابووریدا، هەروەها سەرچاوەیەکی گرنگی بۆ دەوڵەت بەدەست هێنا لەڕێگەی زیادکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و دەستپێکردنەوەی ژمارەیەک کارگەی هەڵپەسێردراو، بەتایبەتی خۆراک و کارگەکانی بیناسازی، لەگەڵ زیادبوونی رێژەی بەرهەمهێنان لە چەند پڕۆژەیەکدا".
هاوڵاتی ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا. ئاوات ئازاد، ئەندامی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بە هاوڵاتی راگەیاند "دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤ دواخرا". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "دانیشتنی دادگای فیدراڵی لە ١٧ی ئازار بۆ بڕیاردانی کۆتایی دەبێت لەسەر سکاڵای راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان". نزیکەی ١٠ ساڵە حکومەتى هەرێمى کوردستان پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى مەدەنى راگرتووە، هۆکارەکەى بۆ قەیرانى دارایی دەگەڕێنێتەوە، کە ئەوکات بەغدا بودجەى هەرێمى کوردستانى راگرت و تائێستاش کێشەکە چارەسەنەکراوە.
هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە. م. ئاوات ئازاد، ئەندامی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەران بە هاوڵاتی وت "بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ساڵی ٢٠١٦وە بەشێوەیەکی نایاسایی کۆبێتەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەران ناڕازیی سکاڵاکەمان لەسەر سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی تۆمارکردووە، لە سکاڵاکەدا داوامان کردووە مووچەکانمان هاوتای مووچەخۆرانی شارەکانی دیکەی عێراق بکرێت و دابەشکردنەکەشی دوانەکەوێت". ئەوەشی خستەڕوو "خۆشمان ئامادەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی دەبین، پێمان وایە لەو دانیشتنەدا دادگا بڕیاری کۆتایی بدات یان تەنیا یەک دوو رۆژێک دانیشتنەکە دوابخات و دواتر بڕیار بدات".
هاوڵاتی حوسیەکانی یەمەن ھەڕەشەی داخستنی یەکجاریی گەرووی بابولمەندەب دەدەن و دەڵێن رێگە بە ھیچ کەشتییەکی ئیسرائیلی نادەن لە دەریای سور ھاتووچۆ بکات. حسێن عیزی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حوسیەکانی یەمەن لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ڕۆیتەر لەبارەى داخستنى گەروى بابولمەندەب ڕایگەیاند،" ئەوەندە ھێز و توانامان ھەیە، کە بتوانین گەرووی بابولمەندەب بە یەکجاری دابخەین، بەڵام ئەو کارە ناکەین". دەشڵێت، "بەڵام رێگە بە ھیچ کەشتییەک نادەین بە دەریای سور و کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبدا ھاتووچۆ بکات ئەگەر پەیوەندییان بە ھەر لایەن و کەسایەتییەکی ئیسرائیلییەوە ھەبێت." ئەوەشى خستووەتەڕوو،گەرووی بابولمەندەب تائێستا کراوەیە و دانەخراوە، نیشانەی ئەوەیە حوسیەکان لەگەڵ بەردەوامی جموجۆڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندایە و نایەوێت کێشەی بۆ دروست بکات، ئەمەش سەرجەم تۆمەت و زانیارییە ناڕاستەکانی ئەمریکا و بەریتانیا رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن حوسیەکان دەیەوێت جموجۆڵی بازرگانی لە دریای سور پەکبخەن. لە دوای ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە، دوای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حووسییەكانی یەمەن پشتیووانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە دەریای سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیكەنە ئامانج، ئەمەش وای كرد چەند وڵاتێك بە سەرۆكاییەتی ئەمریكا هاوپەیمانییەك دژی حووسییەكان لە دەریای سوور درووست بكەن، تا ئێستاش ئەو دوو لایەنە هێرش دەكەنە سەر یەكتر و مەترسی لە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دیكەش درووست بووە.
هاوڵاتی له ئۆپراسیۆنێكی تایبهتی هێزه ئهمنییهكانی عێراق، دوو سهركردهی داعش لەدەرەوەی عێراق دهستگیركران كه به "مەترسیدارترین سەرکردەی رێکخراوی داعش" دادهنرێن. ئەمڕۆ شەممە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند:" بە چاودێری راستەوخۆی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و بە هەوڵی هەواڵگری کە چەند ساڵێکی خایان، هێزەکانی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی توانیان دوو لە مەترسیدارترین سەرکردەکانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات دەستگیربکەن، کە لە چەندین تاوانی قێزەون تێوەگلابوون. ئاماژە بەوەشکراوە، ئهو دوو چەتەیە له دهرهوهی سنورهكانی عێراق دهستگیركراون و گهڕێندراونهتهوه بۆئهوهی ببرێنه بهردهم دادگا و لێپرسینهوهیان لەگەڵ بکرێت. باس لەوەشکراوە، یەکێک لەوانە ناوى عیسام عهبد عهلی سهعیدانە و نازناوی (ئهبو زهید)، كه كاری رۆژنامهنوسی له پارێزگای فهلوجه بۆ داعش ئهنجامداوه، دهستی له سهربڕینی ههریهك له كازم ریكابی سهربازی سوپای عێراق ههبوه. دەشڵێن، ئەو چەتەیە بهرپرسیارە له بهڕێوهبردنی سهرجهم چالاكییه میدیاییهكانی چەتەکانى داعش له فهللوجه له دوای ساڵی ٢٠١٤، جگه لهوهش بەشداربووە له تۆماركردنی ڤیدیۆی كوشتن و كاره دڕندانهكانی چەتەکانى داعش بهتایبهت تۆماركردنی ڤیدیۆی سهربڕینی سهربازانی سوپای عێراق مستهفا عهزراوی و سهمیر موراد دهلۆی. راشیگەیاند، تیرۆرستی دووەم ناوی بەشیر عەب عەلی سوعەیدانە کە ناسراوە بە ئەبو ئەحمەدی پەیوەندییەکان، کە بە هەمان شێوە بەرپرسی هەموو کردەوە تیرۆرستییەکانی داعش بووە لە فەلوجە دوای ساڵی 2014، کە ئەرکی سەرەکی شکاندنی کۆدی پەیوەندییەکانی سەرکردایەتی رێکخراوەکە بووە.
هاوڵاتی وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان، ئاماژە بەوەشدەکات عێراق رۆژانە چوار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە شەشەمین کۆنگرەی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دیالۆگ لە بەغدا رایگەیاند "هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بەهۆى بڕیارى دادگاى ناوبژیوانى پاریس راگیراوە، لەئێستادا لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە گفتوگۆداین بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت". وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد "لەگەڵ کۆمپانیاکان لە گفتوگۆداین بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان"، هەروەها لەبارەى کشانەوەى کۆمپانیاکانى نەوت ناوبراو وتی "کشانەوەى کۆمپانیاکان پاڵنەرى ئابوورین نەوەک سیاسی". روونیشیکردەوە "عێراق رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، هەروەها عێراق پلانەکانى بۆ گواستنەوەى وزەى خاوێن خستووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە". لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک بەهۆی بڕیارێکی دادگای نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، رۆژی ٤ی نیسانی ٢٠٢٣ بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستیپێنەکردووەتەوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتیی كارتی نیشتمانی عێراق رایدەگەیەنێت لەسەرەتای ئەمساڵەوە ملیۆنێك و 657 هەزار كەس كارتی نیشتمانییان بۆ دەرهێنراوە، ئاماژە بەوەشدەکات بەنیازن دیزاینی ئێستای كارتی نیشتمانی بگۆڕن. عەمید ئەحمەد مەعمووری، بەڕێوەبەری گشتی كارتی نیشتمانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی رایگەیاند "تا ئەمڕۆ زیاتر لە 36 ملیۆن و 714 هەزار هاونیشتمانی بوونەتە خاوەنی كارتی نیشتمانی، هەروەها بەهۆی كارتی نیشتمانییەوە عێراق بووەتە خاوەنی داتایەكی دەوڵەمەند و فراوانی سەردەمییانە". بەڕێوەبەری گشتی كارتی نیشتمانی عێراق ئاماژە بەوەشدەکات "نزیكەی هەشت ملیۆن عێراقی ماون كارتی نیشتمانیان بۆ چاپ بكرێت، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ملیۆنێك و 657 هەزار كەس كارتەكەیان بۆ دەرهێنراوە". وتوشیەتی "پلانێكی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان، بەنیازن دیزاینی ئێستای كارتی نیشتمانی بگۆڕن و ئەوانەی تا ئێستا كارتەكەیان بۆ دەرنەكراوە، دەبنە خاوەنی چاپی رەنگاورەنگ و دیزاینی نوێی كارتی نیشتمانی".
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند وڵاتەکەی چیتر بەرامبەر بە بەردەوامی هەناردە کردنی چەک و تەقەمەنی لە ئێرانەوە بۆ حیزبوڵڵای لوبنان بێدەنگ نابێت و پێدەچێت ئیسرائیل هەڵوێستی نوێ وەربگرێت . ئیزارئیل کاتێز، رۆژی هەینی ٢٣ی شوبات رایگەیاند، ئیسرائیل لە نامەیەکدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادار کردۆتەوە "ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خاك و هاوڵاتییەکانی خۆی بکات." بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئاشکرای بڕیارنامەکانی ١٧٠١، ٢٢٣١، ١٥٤٠ ی ئەنجومەنی ئاسایش . بڕیارنامەی ١٧٠١ کۆتایی بە جەنگی ٣٣ رۆژەی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا هێنا لە ساڵی ٢٠٠٦ و بە پێی ئەو بڕیارنامەیە لوبنان پابەند کرا بەوەی بەر بەوە بگرێت" میلیشاکان" و چەک و تەقەمەنییەکانیان لە خوار رووباری لیتانییەوە بوونیان ببێت، بەڵام حیزبوڵڵا ئەم بڕیارنامەیەی پێشێلکردووە. بڕیارنامەی ٢٢٣١ ی ئەنجومەنی ئاسایش پەیوەندی هەیە بە گەمارۆکانەوە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە پێی ئەو بڕیارنامەیە ئێران بۆی نییە چالاکی مووشەکی هەبێت. هەروەها بڕیارنامەی ١٥٤٠ بیست (٢٠) ساڵ لەوە پێش لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە پەسەندکرا و خەخت ئەکاتەوە لەسەر ئەوەی ئەبێ بەر بە پەرەپیدان و بەرهەمهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ بگیردرێت. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند لە نامەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیویەتی، لە کاتێکدا وڵاتەکەی لە مانگەکانی رابردوودا لە چەند بەرە لە جەنگدایە، ئێران بەردەوامە لە گەیاندنی چەک بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و زیاتر لە جاران ئەم کارە ئەکات. بە وتەی ئیزرائیل کاتس، ئێران لە رێگای زەمینییەوەو لە سنووری نیوان سووریا و لوبنانەوەو هەر وەها لە رێگای ئاسمانی و دەریاییەوە چەکی گەیاندۆتە دەست حیزبوڵڵای لوبنان. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا کە پارچەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی، سیستەمی دژە مووشەکی ٣٥٨، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی شاهیدی ١٠١ و شاهیدی ١٣٦ و هەروەها مووشەک لە جۆرەکانی ئەبابیل لە لایەن ئێرانەوە گەیەنراوەتە دەست حیزبوڵڵای لوبنان. بە پێی راپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، لە نامەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بۆ ئەنجومەنی ئاسایشدا ئاماژە بە دەستێوەردانەکانی سوپای پاسداران کراوە لە پەیوەند لەگەڵ گۆاستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ لوبنان و هەروەها شێوەی بەکارهێنانیان لە دژی ئیسرائیل. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەروەها رۆژی هەینی ٢٢ی شوبات لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Xنووسی:" ئێران سەری مارەکەیە. ئێمە ماوەیەکی زۆر سەبرناکەین بۆ گەیشتن بە رێکاری دیپلۆماتیک پەیوەندیدار بە سنوورەکانی باکوورمانەوە". وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل نووسی:" ئەگەر ئەو زانیارییە زۆرانەی خستوومانەتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش نەبێت بە هۆی گۆڕان، ئیسرائیل گومانی نییە لەوە هەنگاویتر هەڵبگرێت". ئیسرائیل لە کاتێکدا ئەنجومەنی ئاسایش ئاگادار ئەکاتەوە، وڵاتەکەی لە جەنگدایە دژی حەماس و هەروەها بەردەوام بە شێوەی سنووردار لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان هێرش ئەکەنە سەر یەکتر. رۆژی ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ و رۆژێک دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و راگەیاندنی جەنگ لە لایەن ئیسرائیلەوە، حیزبوڵڵا بەردەوامە لە هێرشکردن بۆ سەر خاکی ئیسرائیل بە شێوەی سنووردار. حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان دوو هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامین و هەردوو هێزەکەش لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپاییەوە وەک رێکخراوی تیرۆریستی دەناسرێن. بە هۆی هێرشەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر، تا ئێستا ١٠ هاوڵاتی سەربازی و مەدەنی ئیسرائیل کوژراون و زیانی زۆری بە کریات شمۆنا و ناوچەکانیتری باکووری ئیسرائیل گەیشتوون و سەدان هەزار کەس لە ئیسرائیل شوێنی خۆیان جێ هێشتووە. هەروەها تا ئێستە ٢٠٨ ئەندامی حیزبوڵڵا کوژراون و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی مەدەنی ناوچە سنوورییەکانی لوبنانیش بوون بە قوربانی و زیانی زۆری ماددی لێکەوتۆتەوە. ئیسرائیل رایگەیاندووە تا ئێستە هێرشەکانی خۆی لەوەدا سنووردار کردۆتەوە کە تەنها حیزبوڵڵای کردۆتە ئامانج، بەڵام ئەتوانێت بە هەمانشێوەی غەزە و خان یوونس، هێرش بکاتە سەر بەیرووت.
هاوڵاتی ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا ئەمرۆ پێنج شەممە لەسەر پەری فەرمی خۆی لە پێگەی "ئێکس" رایگەیاند کە دوێنێ هێزەکانیان حەوت مووشەکی کرۆز و سەکۆیەکی هاویشتنی مووشەکی بالیستی دژە کەشتییان لە ژێر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەن بە ئامانج گرتووە کە ئامادەی هاویشتن کرابوون بەرەو دەریای سوور. هەروەها ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە هەر ئێوارەی دوێنێ هێزەکانیان فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی حوسییەکانیان خستۆتە خوارەوە. لە درێژەی راگەیاندنەکەدا هاتووە ئەم هێرشانە رۆژی چوارشەممە لە نێوان کاتژمێر 12 تاکو 6:45 خولەکی ئێوارە بە کاتی سەنعای پایەتەختی یەمەن ئەمجامدراون . هەروەک چۆن رایگەیاند لە رۆژەکانی رابردوودا هێزەکانیان 10 فرۆکەی بێفرۆکەوانی حەسییەکانیان لەسەر دەریای سوور و کەنداوی عەدەن خستۆتە خوارەوە. لەلایەکی دیکەوە رۆژی سێشەمەی رابردوو "یەحیا سەریع" وتەبێژی سەربازی حوسییەکان رایگەیاند ، کە هێزەکانیان لە رێی فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە چەند کەشتییەکی ئەمریکییان لە دەریای سوور و دەریای عەرەب بە ئامانج گرتووە و جگە لە هێرشانەش توانیویانە لە رێگەی فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە چەند پێگەیەکی هەستیاری ئیلات لە باشووری ئیسرائیل بە ئامانج بگرن. جێی ئاماژەیە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە ، هێرشی حوسییەکانی یەمەن و باڵەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکانی عیراق و سوریا و یەمەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و کەشتییەکانی دەریای سوور زیادی کردووە .
