هاوڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەكات منداڵەکانیان لە کەمپی هۆڵ لە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان بگەڕێننەوە و توندوتیژی دژ بە منداڵان ڕابگرن. لای خۆیەوە بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی کەمپەکە و چالاکی شانەکانی داعش لە كەمپەكە، مانگی ڕابردوو هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان هەڵمەتێکی ئەمنییان لە کەمپەکە دەستپێکرد و لە کۆتاییدا دەستگیرکردنی دەیان کەسیان لە شانەکانی داعش راگەیاند لەگەڵ دۆزینەوەی تونێل و چەک. دوێنێ کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا لە تویتێکدا لەسەر پلاتفۆرمی “X” بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ڕێگریکردن لە توندڕەوی، رایگەیاند، داوا لە وڵاتان دەکەین منداڵەکانیان لە کەمپی هۆڵ بگەڕێننەوە، کە ڕووبەڕووی مەترسی توندڕەوی دەبنەوە. ئاماژە بەوەش كراوە، "هۆشداری لە مەترسی مانەوەی منداڵان لە ناو كامپەكە دەدەین، چونكە لەوێدا مەترسی بڵاوكردنەوەى فیكری توندڕەوی هەیە، هەروەها داوا لە دەوڵەتان دەکەین، بەردەوام بن لە لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەو دڕندەییە بەكۆمەڵانەی چەتەكانی داعش ئەنجامیان داوە." ئیدارەی خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە كامپی هۆل سەرپەرشتی نزیكەی هەشت هەزار خێزانی چەتە بیانیەکانى داعش دەكات، كە سەر بە زیاتر لە ٥٠ نەتەوەن، لە نێویاندا منداڵ و ژنی زۆر هەیە. جێگەی ئاماژەیە، لە كۆتای مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ ئۆپەراسوێنی پاراستن و ئەمنی لە لایەن هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یەپەژە، یەپەگە و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە كامپی هۆل ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا دەست بەسەر دەیان چەك و تەقەمەنی شانە نستووەكانی داعشدا گیرا.  

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا – پنتاگۆن بڵاوى کردەوە، لە ١٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران زیاتر لە  ٢١٠ هێرشیان لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆ سەر هێزەكانیان لە عێراق، سووریا و ئوردن ئەنجامداوە. پات رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن)، رایگەیاند، لە ١٨ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا،  ٢١٠ هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و ١٨٦ سەربازییان لە عێراق و سوریا بریندار بون. وتیشی، ھەڵسەنگاندن بۆ رەوشی زیاتر لە ١٣٠ برینداریان کراوە و دەرکەوتووە دووچاری کێشە بوون لە مێشکیاندا، واتە لە ٪٧٠ ی بریندارەکان زیان بە مێشکیان کەوتووە.  پنتاگۆن ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ پاراستنی هێزەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق لە ڕاوێژدان، ئەگەر هێرشی زیاتریش ڕووبدات، ئەوا لە كات و شوێنی گونجاودا وەڵامی دەدەنەوە. لەو کاتەوەی سوپای ئیسرائیل ھێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق  و ئوردن بە مووشەک و درۆن کرانە ئامانج، بەھۆیەوە سەربازانی ئەمریکی برینداربوون. 

هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت دانیشتنەکان بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق دەستی پێکردووەو میدیا عێراقییەکانیش لەزارى سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویانکردەوە کە سێ لیژنە پێکهێنراوە.  ئەمڕۆ دووشەممە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەكدارەكان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (X) رایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە خاکی عێراقدا دەستی پێکردووەتەوە. ئەوەشی خستووەتە روو، لەسەر بنەمای کۆبوونەوەکان خشتەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراقدا دادەرێژن هەنگاو بە هەنگاو تا ئەو کاتەی بەتەواوی ئەرکەکانیان لە خاکی عێراقدا بەزوترین کات کۆتایی پێدێت. لەم بارەیەوە سایتى بەغداد الیوم بە پشتن بە ستن بە سەرچاوەیەک بڵاویکردەوە، خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان بەغدا و واشنتن سەبارەت بە کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ئێوارەی دوێنێ کۆتاییهات دوای ئەوەی ڕێکەوتن لەسەر بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی نێوان بەغدا و واشنتن لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا. ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی سێ لیژنە لە نێوان بەغدا و واشنتۆن بۆ تەواوکردنی کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق. دوابەدوای هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكا لەسەرەتای مانگی کانونی دووەمدا  بۆ سەر بنكەیەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەبەغدای پایتەخت  کە لەئەنجامدا دوو بەرپرسی دیاری بزووتنەوەی نوجەبا كوژران، محەمەد شەیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانەی ئامادەبوونی  چوارەمین ساڵیادی كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی، رایگەیاند «ئیتر هێزەكانی هاوپەیمانان هیچ جۆرە بیانویەكیان بۆ مانەوە لەناو عێراقدا نەماوەو داوای كشانەوەی هێزەكانیانی كرد».  پرۆسەی دیپلۆماسی بۆ دەستپێکردنی وادەیەکی دیاریکراو بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئێستادا دەستی پێکردووە جێگەیباسە کەزیاتر لە دوو هەزارو ٥٠٠ سەربازی هاوپەیمانان لەعێراقدا هەن و لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی دژی داعش لە ناوچە جیجیاکان جێگیرکراون.

هاوڵاتی  شەوی رابردو ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی لە کەرتی غەززە ئەنجامدا، جگە لەوەی  نزیکەی 100 کەس  کوژران، توانراوە دو بارمتەی ئیسرائیلیش ئازاد بکرێت کە لە 7ی ئۆکتۆبەر، لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە رفێندرابون.   وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ھێرش و بۆردومانەکانی بۆ سەر شاری رەفەح کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززە دەستپێکردووە و بەھۆی بۆردومانێکیشەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە، نزیکەی 100 کەس لەو شارە کوژراون کە منداڵیشیان تێدایە و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.  سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەو ھێرشە ئۆپراسیۆنێکی تایبەت بووە لە ناوچەی شابوورە لە شاری رەفەح کە بەھۆیەوە دوو دیلی وڵاتەکەیان رزگارکردووە. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، فڕۆکە، تانک و کەشتی ئیسرائیلی بەکارهاتون، دو مزگەوت و چەند ماڵێک بۆردومانکراون. بزوتنەوەی حەماسیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ھێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆسەر شاری رەفەح بەردەوامیدانە بە کۆمەڵوژی و بە زۆر کۆچپێکردنی گەلی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیل و کۆی بەرپرسیارێتییەکەش دەکەوێتە ئەستۆی جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا.  ئەم هێرشەى ئیسرائیل بۆسەر رەفەح دوای ئەوەدێت، کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوای لە ئیسرائیل کرد، هێرش نەکاتە سەر ڕەفەح بەبێ پلانێکی باوەڕپێکراو بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی. حەماس داواشی لە کۆمکاری عەرەبی و ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە رێگری لە تاوانەکانی ئیسرائیل بکەن.  

هاوڵاتی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند،ئەمڕۆ شەممە هەردوو بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی عومەر و وێستگەی غازی کۆنیکۆ لە سوریا لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک کراونەتە ئامانج. روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە، بە درۆن و مووشەک ھێرشکراوەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر و سەرەتا ٢٠ موشەک ئاڕاستەی ھێزەکانی ئەمریکا کراوە، دواتریش بە درۆن بۆردومانکراون. سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی هێرشەکەش ڕوانگەی سوری دەڵێت، بەھۆی بۆردومانەکەوە لەنێو ھێزە سەربازییەکانی کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر بریندار ھەیە.  ئەوەشی خستۆتە روو کە، کەمێک پێش ئەو هێرشە، دوو هێرشی دیکەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک لە لایەن گروپەچەکدارەکانەوە کرایە سەر بنکەی ئەمریکا لە وێستگەی غازی کۆنیکۆ بەڵام تائێستا زیانەکان دیارنین. بە گوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سوری لە رۆژی ١٩ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە ١١٤ هێرش لەلایەن گروپەچەکدارەکانەوە کراوەتە سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا.  

هاوڵاتی بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی دەكرێنە سەر خاكی عێراق،ئێوارەی ئەمڕۆ  كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  دەستیپێكرد داوای دەرکردنی هێزە بیانییەکان کرا و و فراکسیۆنەکانی كورد و سوننە بەشداریان لە دانیشتنەکەدا نەکرد .  په‌رله‌مانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا سەبارەت بە کۆبونەوەکە راگه‌یاند كه‌ دانیشتنه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی موحسن مه‌نده‌لاوی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ وه‌كاله‌ت به‌رێوه‌چووه‌ و تیایدا داوای له‌ حكومه‌تی سودانی كرد، بڕیاری ژماره‌ 18ی ساڵی 2020 جێبه‌جێ بكات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق و كۆتایی هێنان به‌ ئه‌ركه‌كانیان. ئەو بڕیارەش دوای ئەوە درا کە له‌ ده‌ستپێكی دانیشتنه‌كه‌دا مه‌نده‌لاوی داواكارییه‌كی به‌ واژووی 100 په‌رله‌مانتار ئاراسته‌ی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و ئاسایش و به‌رگریی په‌رله‌مان كرد كه‌ پێشنیازه‌ یاسایه‌كی تایبه‌ته‌ به‌ ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق.. بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەکانی سەر خاکی عێراق، 160 واژۆ کرابوو کە زۆرترینیان شیعەکان و بەشێکی کەمی سوننەکان بوون، بەڵام لە دانیشتنی ئەمڕۆ کەمتر لە 100 پەرلەمانتار ئامادەبووە.  هاوکات هه‌ندێك میدیای عێراقی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ په‌رله‌مانتارانی سوننه‌ و كورد جگه‌ له‌ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی سه‌ربه‌ ره‌وته‌ ئیسلامییه‌كان، ئاماده‌ی دانیشتنه‌ راوێژكارییه‌كه‌ نه‌بوون ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئێواره‌ی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو 7ی شوباتی 2024، فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئۆتۆمبیلێكی له‌ به‌غدا كرده‌ ئامانج كه‌ چوار كه‌سی تێدابوو، له‌و گورزه‌دا دوو سه‌ركرده‌ی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵا به‌ناوه‌كانی (ئه‌بوباقر ساعدی و ئه‌ركان عه‌لیاوی) كوژران و چواری دیكه‌ش برینداربوون ،دواتر فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی هێزه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ وه‌شاندنی ئه‌و گورزانه‌ له‌ تۆڵه‌ی كوشتنی ئه‌و 3 سه‌ربازه‌ی وڵاته‌كه‌ی بووه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌ سنوری نێوان ئوردن و سوریا كوژران.

هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ لەسەر داوای زیاتر لە ١٠٠ ئەندام پەرلەمانی عێراق له‌ باره‌ی كۆتاییهێنان به‌ ئه‌ركی هاوپه‌یمانان و هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌ ناوچەکە كۆببێته‌وه‌. بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ شەممە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٤ پەرلەمانی عێراق کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە کۆدەبێتەوە و له‌ باره‌ی ده‌ستدرێژییه‌كانی سه‌ر سه‌روه‌ریی عێراق و کۆتایی هاتن بە ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان گفتوگۆدەکات. ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر پێشنیار و داوای ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری لایه‌نه‌ شیعییه‌كانه‌، كه‌ زیاتر له‌ ١٠٠ واژۆیان بۆ ئه‌نجامدانی ئەم کۆبوونەوە نائاساییە کۆکردەوە. داواكاری و پێشنیار بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، له‌ دوای ئه‌و هێرشه‌ دێت كه‌ شه‌وی ٧ی ئه‌م مانگه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مەریكا كرایه‌ سه‌ر چه‌ند به‌رپرسێكی حزبوڵڵای عێراق له‌ ناو به‌غدا و تێیدا سێ كه‌س كوژران، كه‌ یه‌كێكیان سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای حزبه‌كه‌ بوو.

هاوڵاتی دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرایکرد بەرپرسێکی بانكی رافیدەین لە ساڵی ڕابردوو بە نایاسایی بڕی زیاتر لە ٢٣٠ ملیۆن دیناری بردووە، ئاماژە بەوەشکراوە دادگا ئەو بەرپرسەی سزاداوە. ئەمڕۆ هەینی ٩ی شوباتی ٢٠٢٤ دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند "لە ئەنجامی گرتنەبەری رێكارە یاساییەكان دەستەی دەستپاکی بەرامبەر بە جێگری بەڕێوەبەری لقی خالیدییەی بانكی رافیدەین، دەركەوتووە ساڵی ٢٠٢٣ بە شێوەیەكی نایاسایی بڕی ٢٣٢ ملیۆن و ٦٨٤ هەزار و ٨٢٠ دینار کە دەکاتە  ١٧٧ هەزار و ٦٢٢ دۆلاری ئەمەریكی لە بانك بردووە". دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد "توانراوە پارەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ بانکەکە، هەروەها بە بڕیاری دادگا و لەسەر بنەمای مادەی ٣٦ی یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە سپیكردنەوەی پارە تۆمەتبارەكە ١٥ ساڵ سزای زیندانیكردن و بڕی ١٠ ملیۆن دینار سزادراوە".

هاوڵاتی وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان لیژنە‌ی باڵای سە‌ربازی عێراق و ئەمەریکا  بۆ تاوتوێکردنی پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق  دەستپێدەکەنەوە. وتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی دووەمی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمریکا رایگەیاند، "بۆ تاوتوێکردن و دانانی خشتەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 11ـی شوباتی 2024، لیژنەی دوو قۆڵیی سەربازیی تەکنیکیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست بە کۆبوونەوەکان دەکەنەوە." هاوکات  لەسەر هەمان پرس، جۆوڵ ڤاوڵ، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی بابەتەکەوە ئاشکرایکرد: "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رۆژی یەکشەممە، 11ی شوبات، لە بەغدا لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەست بە گفتوگۆی گرووپەکانی سەر بە لیژنەی باڵای سەربازیی دەکاتەوە." هەروەها دەشڵێت: " هەڵسەنگاندن بۆ بەرەوپێشچوونمان لە ئەرکی هاوبەشمان بۆ لەنێوبردنی داعش دەکەین، هەروەها گۆڕانی داهاتووی ئەرکەکەمان تاوتوێ دەکەین.  هەر ئەمڕۆش نوسینگە راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند سودانی  لە كۆبونەوەکەیدا  لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسپانیا، وتویەتی هێزەکانی عێراق توانای پێشکەوتویان لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر بەدەستهێناوە و چیدیکە داعش جێگەی مەترسی نیە.  راشیگەیاندووە، ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق كۆتایی پێ هاتووە.

هاوڵاتی کەمێک لەمەوبەر لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئۆتۆمبێلێك لە باشووری لوبنان بۆردومانکرا و میدیاکانی ئەو وڵاتەش دەڵێن، بەهۆیەوە سەركردەیەكی باڵای حزبوڵڵای لوبنانی بەناوی عه‌باس ئه‌لدبس و پاسەوانێكی  بەسەختی بریندار بوون. كه‌ناڵی‌ "سكای نیوز عه‌ره‌بی‌"  له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌منییه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌  له‌نزیك په‌یكه‌ری حه‌سه‌ن كامل سه‌باح له‌ ده‌روازه‌ی شاری نه‌بتییه‌ی لوبنانی به‌ ئامانجگیراوه‌ و تیایدا به‌رپرسێكی‌ سه‌ربازی‌ حزبوڵا به‌سه‌ختی‌ برینداربووه‌ له‌گه‌ڵ‌ كه‌سێكی‌ تردا كه‌ یاوه‌ری‌ بووه‌.  سه‌رچاوه‌كان به‌ سكای نیوز-یان راگه‌یاندوه‌ كه‌ "عه‌باس ئه‌لدبس ناسراو به‌ (حاجی‌ عه‌بدوڵا) به‌رپرسی‌ سه‌ربازی‌ حزبوڵا له‌ بۆردوومانه‌كه‌دا به‌ئامانج گیراوه‌ ". هەر لەم بارەیەوە کەناڵی حەدەس بڵاویکردەوە عەباس ئەدلبس لە هێرشەکەی  ئیسرائیلدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەی کوژراوە. ئەوە لە کاتێکدایە شەوی رابردوش لە ناوجەی مەشتەلی بەغدا ئۆتۆمبێلێکی دیکە بۆردومانکرا و بەهۆیەوە دوو فەرماندەی باڵای کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی کوژران و کەسیکی دیکەش بریندار بوو.    

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، لە پارێزگای بەسرە ڕێگریکرا لە بەقچاغبردنی زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر سوتەمەنی و لە کەرکوکیش بۆرییەکی شاراوەیان کۆنترۆڵکردووە کە بۆ دزینی سوتەمەنی بەکارهێنراوە. دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، زانیارییان پێگەیشت لەبارەی بونی گەراجێک لە ناوچەی زوبەیری پارێزگای بەسرە کە بۆ بەقاچاخبردنی سوتەمەنی بەکاردەهێنرێت و دەستیان بەسەر 97 تەنکەردا گرت کە بڕی سێ ملیۆن و 492 هەزار لیتر سوتەمەنی تێدا بو و ئامادە دەکرابو بۆ بەقاچاخبردن، هەر لەو پرۆسەیشدا 68 کەس دەستگیرکران. ئەوەش خراوەتە روو، تیمەکانیان لە پارێزگای کەرکوکیش  توانیان یەکێک لە بۆرییە سەرەکییەکانی گواستنەوەی نەوت کۆنتڕۆڵ بکەن دوای ئەوەی زانیاریان پێگەیشت کە بۆرییەکە بەکارهاتووە بۆ دزینی نەوت لە نزیک رێگای بەستنەوەی بەغدا و کەرکوک. ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە'' بۆرییەکە بۆ دزین و بە قاچاغبردنی نەوتی سپی بەکارهاتبوو''.  

هاوڵاتی ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نووسراوێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە کردووە و تیادا داوای دانیشتنێکی نائاساییان کردووە لەبارەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق. ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی شوباتی ٢٠٢٤ لە نووسراوێکدا ١٠٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوایان لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە کرد دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجام بدات بۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای کردنەدەرەوەی سەرجەم هێزە بیانییەکان لە خاکی عێراق، لەدوای ئەو هێرشانەی کرایەسەر هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی کە بووە هۆی کوژرانی بەرپرسێکی باڵای حەشدی شەعبی. لەنوسراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە حکومەت ئەو یاسایە جێبەجێبکات کە ٥ی کانونی دووەمی2020 دەرکراوەو تایبەتە بە کۆتاییهێنا بە ئەرکی سەرجەم هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.

هاوڵاتی وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی ئەمەریکا نابەرپرسانە هەمووشتێک ئەنجام دەدەن، ئاماژە بەوەشدەکات ئەم کارانە پاڵ بە حکومەتی عێراقەوە دەنێت بۆ کۆتایی هاتنی ئەرکی ئەم هاوپەیمانێتییە. یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند "هێزەکانی ئەمریکا چەندین جار، نابەرپرسانە، هەموو شتێک ئەنجام دەدەن کە لێکتێگەیشتنەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی دوولایەنە تێکدەدەن، لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆرکردنی ڕوونیان ئەنجامدا و هێرشی ئاسمانیان کردە سەر گەڕەکێکی نیشتەجێبوونی بەغدای پایتەخت بەبێ گوێدانە ژیانی هاوڵاتییانی مەدەنی و یاسا نێودەوڵەتییەکان". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەم هێرشانەی ئەمەریکا هەڕەشه له ئاشتیی مەدەنی دەکات و سەروەری عێراق پێشلدەکات، هەروەها دەبێتە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بۆ کۆتایی بە ئەرکی ئەو هاوپەیمانێتییەی لەنێواه هەردوو وڵات هەیە". ئەم وتانەی وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە دوای هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ناوچەی مشتەلی شاری بەغدا دێت کە ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو سەرکردەی حزبوڵڵای عێراقی و دوو پاسەوانیان کوژران.

هاوڵاتی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق چوونە شوێنی ڕووداوەکەی شاری بەغدا دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە و ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە. لە ڕاگەیەندراوێکدا شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایانگەیاند “تیمێکی تەکنیکی تایبەتمەند لە دەزگا ئەمنییەکان دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوێک کە ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە ناوچەی مەشتەل لە ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت ئەمشەو ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ کراوەتە ئامانج". ئاماژە بەوەشکراوە "لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە بۆ دیاریکردنی شێواز و سەرچاوەی بە ئامانجگرتنەکە، دوات زانیاریی زیاتر لەبارەی ڕووداوەکەوە دەخەینەڕوو". ئەمشەو چوارشەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ گروپە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرایانکرد لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا ئۆتۆمبێلێک تەقیوەتەوە، هەروەها بەشێک لە میدیا عێراقییەکانی دیکە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو ئۆتۆمبێلە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکاوە کراوەتە ئامانج و چوار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی تێدا بووە. هاوکات میدیای کەتائبی حزبوڵڵای عێراقی ڕایگەیاندووە "ئەبو باقر ئەلساعدی و ئەرکان ئەلعلیاوی، کە دوو فەرماندەی حزبوڵڵان و بەرپرسن لە گواستنەوەی چەک و ئۆپەراسێۆنەکانی دەرەوە، لە هێرشەکەی ناوچەی مەشتەلدا کوژران". لەبارەی هێرشەکەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پنتاگۆن" پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "ئاگاداری هێرشەکەی سەر بەغداین و بەمزووانە وردەکارییەکەی ئاشکرادەکەین".    

هاوڵاتی ئەمشەو لە بەغدا لە ناوچەی مەشتەل ئۆتۆمبێلێک لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکاوە کرایە ئامانج ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمشەو چوارشەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ گروپە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرایانکردووە لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا ئۆتۆمبێلێک تەقیوەتەوە. هەروەها بەشێک لە میدیا عێراقییەکانی دیکە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو ئۆتۆمبێلە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکاوە کراوەتە ئامانج و چوار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی تێدا بووە. هاوکات میدیای کەتائبی حزبوڵڵای عێراقی ڕایگەیاندووە "ئەبو باقر ئەلساعدی و ئەرکان ئەلعلیاوی، کە دوو فەرماندەی حزبوڵڵان و بەرپرسن لە گواستنەوەی چەک و ئۆپەراسێۆنەکانی دەرەوە، لە هێرشەکەی ناوچەی مەشتەلدا کوژران". لەبارەی هێرشەکەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پنتاگۆن" پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "ئاگاداری هێرشەکەی سەر بەغداین و بەمزووانە وردەکارییەکەی ئاشکرادەکەین".