ئەحمەد تورک، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و سیاسەتمەداری دیاری کورد راگەیاند، پێویستە لەپێناو داهاتووی تورکیایەکی دیموکراتدا، چەند هەنگاوێک بنرێت. ئەو هەنگاوانە سەودا و مامەڵە نین، بەڵکو بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ئامێزکردنەوەی تورکیایە بۆ هاوڵاتییانی. تورک لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی گرنگە دیموکراتیزەکردنی تورکیا و چارەسەرکردنی کێشەکانە لە کۆمارێکی دیموکراسیدا. بێگومان لە داهاتوودا لەڕووی کردەییەوە بەرەوپێشچوون دێتەئارا. ئەحمەد تورک لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان گوتی، "بڕیارەکانی پەکەکە چاوەڕوانکراو بوون، ئەوان دەیانزانی و پێشبینییان دەکرد، کە پەکەکە پابەندی بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان دەبێت. " تورک، لەبارەی رۆڵی پەرلەمانی تورکیا و لایەنە سیاسییەکان ئاماژەی بەوەکرد، چەند ئەرکێک دەکەوێتە سەر پەرلەمان و پێویستە پەرلەمان ئەو ئەرکانە جێبەجێبکات، چونکە ئەم پرۆسەیە هەر دەچێتە پەرلەمان و پێویستە هەموو فراکسیۆنەکان رۆڵیان لە هێنانەئارای ئاشتی بۆ تورکیا هەبێ. داواشیکرد، لە پەرلەمانی تورکیا و بە بەشداریی سەرجەم فراکسیۆنەکان، لیژنەیەک لەبارەی چاودێریکردنی پرۆسەکە دروستبکرێت. ئەحمەد تورک، لەبارەی ئەگەری دیداری نوێی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان گوتیشی، "ئێستا نازانن دیداری نوێی ئیمراڵی دەبێت یان نا، بەڵام ئەگەر پێویست بکات و دۆخەکە بڕەخسێت، دیدار ئەنجامدەدرێت." هەر لە سەرەتای پرۆسەکەوە باس لە مافی ئومێد دەکرێت بۆ ئۆجەلان و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەش لە تشرینی یەکەمی 2024، باسی لە مافی ئومێد بۆ ئۆجەلان کرد. ئەحمەد تورک لەو بارەیەوە گوتی، "قسەکردن دەربارەی مافی ئومێد لە ئێستادا مانایەکی نییە." لەڕووی یاساییەوە مافی ئومێد دەرگا بەڕووی ئازادبوونی ئەو زیندانیکراوانەدا دەکاتەوە، کە بە زیندانیکردنی هەمیشەیی سزادراون. عەبدوڵا ئۆجەلان لە سێیەم دیداری ئیمراڵی و لە 27ی شوباتی 2025، بانگەوازی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی بۆ پەکەکە کرد و پەکەکەش چەند رۆژێک دواتر وەک یەکەم هەنگاو، ئاگربەستی یەکلایەنەی راگەیاند. پەکەکە لە رۆژانی پێنج بۆ حەوتی ئایاری 2025، کۆنگرەی 12ی ئەنجامدا و بڕیاری دا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتایی بەخەباتی چەکداریی بهێنێت.
بەهاى لیرەى سورى بەرامبەر دراوەکان بەرزبووەوە، لە هەرێمى کوردستانیش دواى ئەوەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا ئێوارەى رایگەیاند، سزاکانى سەر سوریا لادەبات، راستەوخۆ بەهاى یەک ملیۆن لیرەى سورى بۆ 200 هەزار دینارى عێراقى بەرزبووەوە. چاوەڕوانکراو بوو ترەمپ لە سعودیە باسى سوریا بکات، هەر لە بەیانییەکەیەوە دراوى وڵاتەکە جوڵەى تێکەوت و رووى لە بەرزبوونەوە کرد، تاوەکو پێش قسەکانى ترەمپ بەهاى یەک ملیۆن لیرە لە هەرێمى کوردستان بۆ 153 هەزار دینار بەرزبووەوە. بەڵام کاتێک گوتى، لێخۆشبوون و بینینى ئەحمەد شەرع، سەرۆکى راگوزەرى سوریای کرد، یەک ملیۆن لیرە بۆ 200 هەزار دینار بەرزبووەوە، لە ناوخۆى سوریاش 100 دۆلار بە 900 هەزار لیرە مامەڵەى پێوەدەکرێت. جگە لە بڕیارەکەى ترەمپ، بەرزبوونەوەى بەهاى لیرە چەند هۆکارێکى دیکەى هەیە، لەوانە؛ ئەحمەد شەرع هەموو ئەو بڕیارانەى هەڵوەشاندەوە، کە لەنێوان ساڵانى 2012 بۆ 2024 لەبارەى دەستبەسەراگرتنى یەدەگى هاووڵاتیان دەسەڵاتى ئەسەد دەریکردبوو. ئەوەىش کە کاریگەریى لەسەر موڵک و ماڵى هاووڵاتیان دانابوو، هەروەها بەریتانیا هەموو ئەو سزایانەى هەڵگرت، کە سەپاندبوونى بەسەر وەزارەتى ناوخۆ و بەرگریى و هەواڵگریى سوریادا، لەگەڵ 24 دامەزراوەى دیکە، کە لەنێویاندا بانکى ناوەندیى سوریا و بانکەکانى دیکەى وڵاتەکە و کۆمپانیا نەوتییەکانى تێدابوو.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى ئێران، ڕایدەگەیەنێت ئامانجی ئێران لە دانوستانەکاندا پاراستنی دەستکەوتەکان و کۆتایی هێنانە بەو گەمارۆیانەى کە بە ناڕەوا بەسەر نەتەوەی ئێراندا سەپێنراون. ئەمڕۆ سێشەممە ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى ئێران وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانى دایەوە، لەبەشێکیدا وتى: چوونە ناو دانوستانەکانی ئێران تەنها لە ئێستادا نییە، بەڵکو هەمیشە جدییە و بە ئامانجی گەیشتن بە ئەنجام. ئێمە دانوستان وەک ئامرازێک بۆ شانازیکردن و کات بەفیڕۆدان بەکارناهێنین. لە وەڵامی پرسیارى پەیامنێری ئیرنا سەبارەت بە چوونە ناو وردەکارییەکانی دانوستانەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وتی: ئێمە هێشتا لەم ماوەی دانوستانەدا نەچووینە ناو وردەکارییەکان. ئیسماعیل بەقائی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ڕاگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە بنەڕەتدا پرسێک نییە لە دانوستانەکاندا، وتی: بە دڵنیاییەوە بەرنامەی ئەتۆمی ئێمە بە جددی بەردەوام دەبێت. جەختیشی لەوە کردەوە: گرنگە ئەزموونی پێشوو لەبەرچاو بگرین و بزانین لە کوێدا پێویستە ڕێوشوێن بگرینەبەر یان بەڵێن لە لایەنەکانی دیکە وەربگرین، بە لەبەرچاوگرتنی هەندێک لە ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو. دوای کۆتاییهاتنی گەڕی چوارەمی گفتوگۆکان کە رۆژی شەممە لە عومان بەڕێوەچوو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەم خولەی دانوستاندن بەراورد بە سێ گەڕی پێشووتر جیدیتر و راشکاوانەتر بوو. لەم گەڕەدا لە بابەتە گشتییەکان دوورکەوتینەوە و چووینە نێووردەکارییەکان. سرووشتییە لە هەلومەرجێکی وەهادا دانوستاندن قورس بێت." ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە کە ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتە رەت دەکاتەوە و دەڵێت، تاکە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات ڕایدەگەیەنێت، سوپاسی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا دەکەین بۆ بڕیاری ڕاگرتنی سزاکانی سەر سوریا. دۆناڵد ترەمپ لە سعودیەوە رایگەیاند، فەرمانێک دەردەکەم بۆ ئەوەی سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێت، تاوەکو هەلێکیان بدەینێ کارێکی تایبەت بکەن لە پێناو داهاتووی خۆیان. مەزڵوم عەبدى فەرماندەى هەسەدە، لەنوسینێکدا لەتۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس دەڵێت: بڕیاری راگرتنی سزاکانی سەر سوریا کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر وڵات دەبێت. لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى عەبدیدا هاتووە، هیوادارین ئەم هەنگاوە بۆ پاڵپشتی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە کەڵک وەربگیرێت، داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو سوورییەکان مسۆگەر بکات، سوریا هەمیشە شایەنی باشترینە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، "بڕیارم دا سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرم، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو پرسەم لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە تاوتوێ کرد." ئەمریکا لە سەردەمی حوکمڕانی بەشار ئەسەد سزای توندی بەسەر سوریادا سەپاند، لە دوای زیاتر لە ١٣ ساڵ شەڕ لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە لە دەسەڵات لادرابوو، سزای توندی بەسەر سوریادا سەپاندبوو. دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی وەبەرهێنان لە ڕیاز وتی: من فەرمانی وەستاندنی گەمارۆکانی سەر سوریا دەدەم بە مەبەستی پێدانی شانسی گەورە بۆیان. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، "سووریا تووشی نەهامەتی و مەرگەساتی گەورە بووە،" هیوادارن ئیدارەی ئێستای وڵاتەکە لە بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ وڵاتەکەیان سەرکەوتوو بن، بە گوتەی خۆیشی، یەکەم هەنگاویان ناوە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا.
لە کاتێکدا بەغدا ئامادەکارییەکانی بۆ میوانداریکردنی چوارەمین لوتکەی عەرەبی لە مێژووی وڵاتەکەدا تەواو دەکات، کە بڕیارە شەممەی داهاتوو ١٧ی ئایار بەڕێوەبچێت. لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئامادەکاری بۆ لوتکەی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی عەرەبی لە بەغدا، کە لەو ماوەیەدا عێراق پۆستی سەرۆکایەتی لوتکەی پێشووی لە لوبنانەوە وەرگرت و بەرپرسانی باڵا ئامادەبوون، بەهائەعرەجی جێگری پێشووی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی دووشەممە دیارترین وڵات و کەسایەتییە بەشداربووەکانی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا ئاشکرا کرد. لە چاوپێکەوتنێکدا ، ئەعەرەجی وتی، “ئەو سەرکردە عەرەبانە، بریتین لە میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی، سەرۆکی ئیمارات، شێخ بن محەمەد بن زاید بن سوڵتان ئالناحیان، سەرۆکی بەحرەین، حەمەد عیسا بن سەلمان ئال خەلیفە، جگە لە پاشای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم بن ئەلحوسێن و شازادەی جێنشینی دەوڵەتی کوێت، سەباح خالد ئەلحەمەد ئەلسەباح. ئاماژەی بەوەشکرد، محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە بەشداری لوتکەکە ناکات و بەپێی زانیارییەکانی من مەغریب تەنها وەزیرەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی نوێنەرایەتی دەکەن. ناوبراو دووپاتی کردەوە کە "سەرۆکی کاتى سوریا لە ئامادەنەبوونی خۆی ئاگادار کراوەتەوە، هەروەها ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا جێگری دەبێت"، ئاماژەی بەوەشکرد "دەنگۆی ئەم دواییە سەبارەت بە شەرع کە داوای گەرەنتی ئەمریکای کردووە بۆ ئەوەی پارێزگاری لێبکات لەکاتی بەشداریکردنی لە لوتکەی لوتکەدا، درۆیە. سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیاند، "سەرجەم رێکارە ئەمنییەکانمان بۆ پاراستنی کۆبوونەوەی لووتكەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا تەواو کردووە، سەرجەم ئامادەبووانی لووتکەکە پارێزراو دەبن." سەباح نوعمان گوتیشی، "ئەوانەی لە لووتکەکەدا بەشدار دەبن، لە هەر پێگە و پۆستێکدا بن، ئاسایشیان پارێزراو دەبێت و رێکاری ئەمنیی تووند بە چەندین شێوە دەگرینەبەر و پلانمان بۆ داناوە." بەغدای پایتەختی عێراق لە 17ی ئایاردا میوانداری 34ەمین کۆبوونەوەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی دەکات. وڵاتەکە ئامادەکاری دەکات بۆ پێشوازیکردن لە شاندی ٢١ وڵاتی عەرەبی، هەروەها ژمارەیەک شاند و باڵیۆزی بیانی کە بەشداری لوتکەکە دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ لە سعودیەوە رایگەیاند، فەرمانێک دەردەکەم بۆ ئەوەی سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێت، تاوەکو هەلێکیان بدەینێ کارێکی تایبەت بکەن لە پێناو داهاتووی خۆیان. سەرۆکی ئەمریکا لە ریازی پایتەختی سعودیەوە رایگەیاند، ئیدارەکەی بڕیاری داوە سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت؛ نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە فەرمی پێشوازیی لە بڕیارەکەی کرد. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، "بڕیارم دا سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرم، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو پرسەم لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە تاوتوێ کرد." ئەمریکا لە سەردەمی حوکمڕانی بەشار ئەسەد سزای توندی بەسەر سوریادا سەپاند، لە دوای زیاتر لە ١٣ ساڵ شەڕ لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە لە دەسەڵات لادرابوو، سزای توندی بەسەر سوریادا سەپاندبوو. سعودیە دەنگێکی پێشەنگ بووە و داوای هەڵگرتنی سزاکان دەکات. دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم سزاکانی سەر سوریا لادەبەن و ڕایگەیاند، ئەرکێکی گرنگیان ئەنجامداوە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە سوریا هەنگاو بنێتە پێشەوە. دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی وەبەرهێنان لە ڕیاز وتی: من فەرمانی وەستاندنی گەمارۆکانی سەر سوریا دەدەم بە مەبەستی پێدانی شانسی گەورە بۆیان. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، "سووریا تووشی نەهامەتی و مەرگەساتی گەورە بووە،" هیوادارن ئیدارەی ئێستای وڵاتەکە لە بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ وڵاتەکەیان سەرکەوتوو بن، بە گوتەی خۆیشی، یەکەم هەنگاویان ناوە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا.
ماڵپەرى ئەکسیۆس بەگوێرەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو پلانە، ترامپ بەنیازە سبەی چوارشەممە لە ڕیاز لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرا، سەرۆکی سوریا کۆببێتەوە، کۆشکی سپییش ڕایدەگەیەنێت ترەمپ ڕازیبووە لە سعودیە سڵاوێک لە سەرۆکی سوریا بکات. کۆبوونەوەکەى ترەمپ لەگەڵ شەرع - کە بەهۆی پەیوەندییەکانی ڕابردووی لەگەڵ قاعیدە و داعش لە لیستی تیرۆریستی ئەمریکادا دەمێنێتەوە - دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکێکی ئەمریکا و سوریا لە ماوەی ٢٥ ساڵدا. دوایین کۆبوونەوەی لەم جۆرە لە ساڵی ٢٠٠٠دا بوو، کاتێک بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەوکاتەی سوریا لە جنێڤ لەگەڵ حافز ئەسەد سەرۆکی ئەوکاتی سوریا کۆبووەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دەڵاڵیکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و سوریا. بەشار ئەسەدی کوڕی ئەسەد لە مانگی کانوونی دووەمدا لە هێرشێکی بەهێزى یاخیبوواندا ڕووخێنرا کە دوای ١٤ ساڵ شەڕی ناوخۆی ماڵوێرانکەر، شەرعی هێنایە سەر دەسەڵات. بەرپرسێکی باڵاى کۆشکی سپی ڕایگەیاندوە، دۆناڵد ترەمپ ڕەزامەندی دەربڕیوە ڕۆژی چوارشەممە سڵاو لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا بکات لە سعودیە، لە میانی گەشتە ناوچەییەکەی سەرۆکی ئەمریکادا کە بە وەستانێک لە ڕیاز دەستیپێکرد. دوێنێ دووشەممە، ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری سووککردنی سزاکانی سەر سوریا کرد بۆ ئەوەی بتوانێت "سەرەتاییەکی نوێ" بەدەستبهێنێت. دیمەشق پێشوازی لە لێدوانەکەی ترەمپ کرد و بە هەنگاوێکی هاندەرانە بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی سوریا وەسفی کرد. کاتێک ڕۆژنامەنووسان ڕۆژی سێشەممە پرسیاریان لێکرد کە ئایا پێشبینی دەکات لەگەڵ شەرع کۆببێتەوە، ترەمپ وەڵامی دایەوە و وتی: بەڵێ، پێموایە. لە 8-12-2024 دەستەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع کە ئەو کات زیاتر بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسرا بوو، و بەشێک لە گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. تەحریری شام لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە، ئەوەش بەهۆی ئەو پەیوەندییەی پێشتر لەگەڵ قاعیدە هەیبوو. لەم چەند مانگەی رابردووشدا حکومەتی ئەمریکا خۆی دوور گرتووە لە مامەڵەکردنی فەرمی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە حکومەتەکەی کار لەسەر دۆزینەوەی ئەو وڵاتانە دەکات کە ڕەنگە ئامادەبن فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە وەربگرن. ڕۆژی سێشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە لێدوانێکیدا بۆ کۆمەڵێک سەربازی بریندار کە لە ئۆفیسەکەی کۆبوونەتەوە، وتی "ئێمە ئیدارەیەکمان دامەزراندووە کە ڕێگە بە ڕۆشتنیان (دانیشتووانی غەززە) دەدات، بەڵام پێویستمان بە وڵاتانێکە کە ئامادەبن قبوڵیان بکەن". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە ئەوەیە کە ئێستا کار لەسەر دەکەین"، ئاماژەی بەوەشکرد کە مەزەندەی کردووە "زیاتر لەسەدا ٥٠یان دەڕۆن" ئەگەر دەرفەتیان پێبدرێت. بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نووسینگەکەی، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە سوپا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا "بە هەموو توانایەوە" دەچێتە ناو کەرتی غەززە. ئاماژەی بەوەشکرد، "سیناریۆیەک نابینێت کە هێزەکانی ئیسرائیل شەڕەکە بوەستێنن" لەسەر کەرتی وێرانکراوی فەلەستین. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ڕۆژانی داهاتوودا بە هەموو هێزمانەوە دەچینە ناو غەززە بۆ تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنەکە. تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنەکە بە واتای شکستپێهێنان و لەناوبردنی حەماسە. ئاماژەی بەوەشکرد: هیچ دۆخێک نییە کە شەڕەکە ڕابگرین. ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، "ڕەنگە ئاگربەستێکی کاتی ڕووبدات". لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، حەماس ڕۆژی سێشەممە پشتڕاستی کردەوە کە ئازادکردنی بارمتەی ئیسرائیلی-ئەمریکی عیدان ئەلێکساندەر "بەرهەمی" پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا بووە، نەک دەرئەنجامی فشارە سەربازییەکانی ئیسرائیل. بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا وتی: گەڕانەوەی ئەلێکساندەر لە ئەنجامی پەیوەندیی جیددی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا و هەوڵی ناوبژیوانەکانە و دەرئەنجامی دەستدرێژیی زایۆنیستەکان یان وەهمی فشاری سەربازی نییە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بانگەشەی بۆ کردووە.
ڕێبەر ئاپۆ، سەبارەت بە ئەنجامدانی ١٢ـمین کۆنگرەی پەکەکە پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و سڵاوی لە کۆنگرەکە کرد، هەروەها شەهیدان “عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتوون”ـی بەبیرهێنایەوە. لەچوارچێوەی بانگەوازی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ـی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ـی شووباتدا، پەکەکە کۆنگرەی ١٢ـیەمینی ئەنجامدا و ڕایگەیاند، پێشەنگەکانی تەڤگەری ئازادیی “عەلی حەیدەر قەیتان (فوئاد) لە ٣ـی تەمووزی ٢٠١٨ و ڕەزا ئاڵتوون لە ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٩ شەهیدبوون. دەقی پەیامەكە بەڕێزەوە سڵاو لە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـیەمین دەکەم هەڤاڵانی هێژا بە خەمگینییەکی زۆرەوە بیستم کە عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتوون ژیانئاواییان کردووە. دواتر دەربارەی یادی هەردوو هەڤاڵ هەڵسەنگاندنێکی بەرفراوان دەکەم، ئێستا بە ڕێزێکی زۆرەوە بەبیریان دەهێنمەوە. لە تێکۆشانی بوونی نەتەوەیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا هەمیشە شوێنیان هەیە. ئەوان بۆ پارادایم و ڕێکخستنی سەردەمی نوێ وەک بنەماکانی ئیلهام هەتا هەتایە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن. وەک ڕێبەرانی هەمیشەیی لە تێکۆشانماندا درێژە بە هەبوونیان دەدەن. بەم بۆنەیەوە من بە ڕێزەوە سڵاو لە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـیەمینی مێژوویی و پەیامەکانی پەیوەست بە داهاتوو دەکەم. عەبدوڵا ئۆجالان ئیمرالی / بورسا
سەرۆک کۆمارى ئێران ڕایدەگەیەنێت دانوستانەکان بە ئاگادارى و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ڕێبەری باڵاى ئێران ئەنجام دەدرێن، ڕێنماییەکانیشی دەبێتە چرای ڕێنماییکارمان لەسەر ئەم ڕێگایە، ئێمە ژیان و بژێوی میللەتمان بە دانوستانەوە نەبەستووەتەوە و نایکەین. بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیران لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانى وڵاتەکەى ئاماژەی بەوەکرد هیچ جیاوازییەک لە نێوان بەرپرسانی حکومەت و ئەندامانی پەرلەماندا ناکەین. هەروەها لەبارەی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا جەختی کردەوە لە دانوستاندا بە هیچ شێوەیەک لە پرەنسیپەکانمان پاشەکشە ناکەین و لە هەمان کاتدا گرژیمان ناوێت. سەبارەت بە قەیرانی ناهاوسەنگی بەتایبەت لە کەرتی وزە، سەرۆک کۆمار هەروەها وتی: چارەسەرکردنی ئەم ناهاوسەنگیانە پێویستی بە کات و حیکمەتی بەکۆمەڵ و کاری پسپۆڕانە هەیە. تا ئێستا چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ شارەزایانی پشتیوان و ڕەخنەگرانە ئەنجام دراون و بۆچوونەکانیان لە داڕشتنی سیاسەتی حکومەتدا لەم بارەیەوە لەبەرچاو گیراوە. لێدوانی سەرۆک کۆمار لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە گەڕی چوارەمی دانوستاندنەکانی نێوانی ئێران و ئەمریکا بە سەرپەرشتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئیران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوو. دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆکانیش، عەباس عێراقچی قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، "ئەم خولەی دانوستاندن بەراورد بە سێ گەڕی پێشووتر زۆر جیدیتر و راشکاوانەتر بوو. لەم گەڕەدا لە بابەتە گشتییەکان دوورکەوتینەوە و چووینە نێو وردەکارییەکان. سرووشتییە لە هەلومەرجێکی ئاوادا دانوستاندن قورستر بێت." عێراقچی گوتیشی، "سەرەڕای سەختی و راشکاویی دانوستاندنەکان، گفتوگۆی زۆر سوودبەخش کران. ئێستا دەتوانین بڵێین، هەردوولا تێگەیشتنی باشتریان لە هەڵوێستی یەکدی هەیە." ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە کە ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، تاکە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێا نۆ سەدو پەنجاو نۆ ملیارو پێنج سەدو چواردە ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیمان. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى دارایی تەمویلی مووچەی مانگی نیسان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی. ڕۆژی سێ شەممە ( ١٣ ی ئایاری ٢٠٢٥ ) بڕی ( ٩٥٩،٥١٤،٠٠٠،٠٠٠ ) نۆ سەدو پەنجاو نۆ ملیارو پێنج سەدو چواردە ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی، ئێستا سەرقاڵی دروستکردنی لیستی مووچەن و لە ماوەیەکی نزیکی ئاییندەدا [ئەمڕۆ یان سبەی] رایدەگەیێنن. هەرێمی کوردستان رۆژی 17ی ئادار بڕی 48 ملیار دیناری وەکو داهاتی نێوخۆ، بە شێوەی کاش خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، بەڵام بەغدا دەڵێت ئەو پارەیە کەمە و دەبێت هەرێمی کوردستان لەوە زیاتر رادەست بکات. رۆژی سێـی شوباتی 2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: دوای 15 رۆژ كاری بەردەوام لەنێوان شاندە تەكنیكیەكانی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی كێشە تەكنیكیەكان و جێبەجێكردنی داواكاریەكان و ئامادەكردنی خشتەكان لەبارەی لیستی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەكان و سوودمەندانی چاودێری كۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی. دواتریش ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەران راگەیاند و جەختیكردەوە "بەپێی رێككەوتنیان لەگەڵ بەغداد بۆ ساڵی 2025 كێشەی موچەخۆران چارەسەركرا و كۆتایی هات".
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان - پارتی دەم، بە پێویستی دەزانێت بۆ ئەوەی پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە بە دروستی بەڕێوەبچێت، ئۆجەلان سەرپەرشتی بکات و گوتیشی: "ئەگەر تورکیا بە دیموکراتیزە ببێت، نابێت هیچ کەسێک لەسەر بیروڕا لە گرتووخانەدا بێت". تولای هاتیمئۆغوڵڵاری لەمیانی بەشدارییکردن لە پرۆگرامێکی هاڵک تیڤی، وەڵامی پرسیارەکانی لەبارەی ئەو پرۆسەیە دایەوە کە دەسەڵات بە تورکیای بێ تیرۆر ناوی دەبات. هاتیمئۆغوڵڵاری لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ـی پەکەکە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتەکە، رایگەیاند: "ئەوەی کە ئۆجەلان پرۆسەکە بەڕێوەببات و ئاڕاستەی بکات زۆر گرنگە، باوەڕمانوایە ئەگەر رێگە نەدرێت خودی ئۆجەلان پرۆسەکە بەڕێوەببات، ئەوا کارەکان بە دروستی ناچنە پێشەوە، بۆیە پێویستە بۆ ئەو مەبەستە دۆخەکە بۆ ئۆجەلان بڕەخسێندرێت". لەبارەی ئەوەی ئایا هیچ دابەشبوونێک لەنێو پەکەکەدا لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرە هەیە یاخود نا، هاوسەرۆکی پارتی دەم رایگەیاند: "ئەوەندەی ئێمە دەیبینین پەکەکە بەشێوەیەکی یەکگرتوو ئەو بڕیارەیان داوە و چاوەڕوانی بوونی هیچ درزێک لەنێوانیاندا ناکەین". لەبارەی چۆڵکردنی قەندیلیش دوای خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری دەڵێت: "باوەڕمانوایە لەگەڵ بەهێزبوونی خەباتی دیموکراسیدا، ئەم پرۆسەیە خێراتر دەچێتە پێشەوە". هاوسەرۆکی پارتی دەم هەروەها ئاماژە بەوەدەکات، لە تورکیا نزیکەی 10 هەزار زیندانی سیاسی هەن، لەناویاندا فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش، نووسەران، رۆشنبیران، رۆژنامەوانان و سیاسەتمەداران و بەپێویستی دەزانێت ئازاد بکرێن. دەشڵێت: "ئەگەر ئەم وڵاتەکە بەدیموکراتیزە بکرێت، نابێت هیچ کەسێک لە گرتووخانەدا بمێنێتەوە کە بیروڕای دەربڕیوە و ئازادی رادەربڕینی بە ماف زانیوە". لە وەڵامی پرسیاری "ئایا دەبنە بەشێک لە هاوپەیمانیی کۆمار کە لە ئاکپارتی و مەهەپە پێکدێت؟" هاوسەرۆکی پارتی دەم رایگەیاند: "خەمی ئێمە دیموکراسی و کۆمارێکی دیموکراسییە نەک ئەوەی لە پرسی تاکە هەڵبژاردنێکدا چی دەبێت و چی نابێت، خەمی ئێمە سەرکەوتنی دیموکراسییە و بۆ ئەمەش دەرفەتێکی مێژوویی هەڵکەوتووە".
بەرپرسێکی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت: پەکەکە تاکلایەنە نیازپاکیی خۆی نیشانداوە بۆ چارەسەریی دیموکراسییانە و ئێستا نۆرەی تورکیایە هەنگاو بنێت و هەرچی ڕوبدات پەیوەستە بەوەوە، دەشڵێت: هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتدا نییە. زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، لە لێدوانەکەیدا بۆ بی بی سی فارسی، لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پارتەکەوە ڕایگەیاند: ئەوەی تا ئێستا کراوە ڕاگەیاندنی نیازپاکی تاکلایەنەی پەکەکەیە و هەنگاونانە بۆ ڕێگەی چارەسەریی کێشەی کورد بەشێوەیەکی دیموکراسییانە،ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا هەنگاو بنێت لەبارەی چارەسەریی و ئەوەشی لە داهاتودا ڕودەدات، بەتەواوەتی پەیوەستە بە هەنگاوەکانی تورکیاوە، کە هەنگاوی یاسایی و سیاسیی لەخۆدەگرێت. وتەبێژەکەی کەجەکە ئاماژەی بەوەشداوە، کە تا ئێستا هیچ جۆرێک لە ڕێککەوتن و پەیمانێکی نوسراو و زارەکیی لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیادا نەکراوە. زاگرۆس هیوا وتوشییەتی، بۆ ئەوەی کە عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە بتوانێت پڕۆسەی چارەسەریی بەڕێوەببات، دەبێت جەستەیی ئازاد بکرێت و دڵناییش لە پارێزراویی و ئاساییشی بدرێت و ئازادانە پێشەنگەیاتی پرسەکە بکات. دووشەممە 12ی ئایاری 2025 پەکەکە، ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامی کۆنگرەکە پەکەکە بە فەرمی خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند. پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزراوە، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، لە 18ـی ئابی 1984 یەکەم تەقەی لە دژی تورکیا کرد.
له یهكهم گهشتیدا بۆ دهرهوهی وڵاتهكهی دوای ههڵبژاردنهوهی به سهرۆكی ئهمهریكا، دۆناڵد ترهمپ ئهمڕۆ سێشهممه 13ـی ئایاری 2025 گەیشتە خۆرههڵاتی ناوهڕاست و سهردانی سعودیه و قهتهر و ئیمارات دهكات. سەرۆکی ئەمەریکا، گەیشتە سعوودیە و گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێ کرد، هاوکات بەگوێرەی ئاژانسەکان پێشبینی دەکرێت ڕێککەوتنی ملیار دۆلاری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بکات و لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمەریکا بکرێت. سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گەیشتە ڕیاز و لەلایەن محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودییە پێشوازی لێ کرا. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چوار ڕۆژ دەبێت و سەرەتا دەچێتە سعوودییە و ڕۆژی چوارشەممەش بۆ قەتەر و پێنجشەممەش بۆ ئیمارات بەڕێ دەکەوێت. پێشبینی دەکرێت گەشتەکە دۆناڵد ترەمپ بۆ سعوودییە، ئیمارات و قەتەر زیاتر بەمەبەستی ڕێککەوتنی ئابووریی بێت، نەک چارەکردنی قەیرانە ئەمنییە بەردەوامەکانی ناوچەکە، لەوانە شەڕی غەززە و بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. بەگوێرەی ئاژانسەکە شاندێکی باڵا یاوەری دۆناڵد ترامپ دەکەن لەوانیش ئیلۆن ماسک، ملیاردێر و بەڕێوبەری وەزارەتی کارامەیی، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پێت هێکسێت، وەزیری بەرگری و سکۆت باسن، سکۆت باسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەش. هەروەها دوێنێ دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئەگەر پێنجشەممە گفتوگۆی باش لە نێوان شاندی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئیستەنبۆڵ بکرێت، ئەوە بە دووری نازانێت بچێتە تورکیا. ئەو ئاژانسە ئەمەریکییە باسی لەوەش کردووە، پێشبینی دەکرێت سعوودییە و قەتەر و ئیمارات بە بەهای ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو لە ئەمەریکا ڕابگەینن. بەگوێرەی ئاژانسی "SPA"ـی سعوودییە، دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ بەرپرسانی سعوودییە و سەرکردەکانی کەنداو 10 پرس تاوتوێ دەکەن، لەوانە ئاسایشی ناوچەکە، وزە، بەرگریی و هاوکاریی ئابووریی دەبێت. هاوکات واشنتن هەوڵ دەدات هاوبەشی ستراتیجیی خۆی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە کەنداودا بەهێز بکات لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانی خێرای بارودۆخی نێودەوڵەتیدا. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، سەردانەکەی سەرۆک ترەمپ بۆ سعوودییە و وڵاتانی کەنداو تیشک دەخاتە سەر ئەو بایەخەی کە ئەمەریکا بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەیدات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەرۆک ترەمپ یەکەم سەردانی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات لە دوای دەستبەکاربوونی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا. دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، واشنتنی بەجێهێشت و بە فڕۆکەی AIR FORCE ONE بەڕەو سعوودیە بەجێهێشت.
سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق راگەیاند، دۆخی ئاوی کۆگاکراوی وڵات مەترسیدارە و هاووڵاتیانی عێراقیش لە بەفیڕۆدانی ئاودا لەسەر ئاستی جیهان بەرزترین رێژەیان تۆمارکردووە. غەزوان عەبدولئەمیر سەهلانی بەڕێوەبەری دەستەی کارپێکردنی پرۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، دۆخی ئێستای ئاوی کۆگاکراو بەراورد بە 2024 و ساڵانی رابردوو مەترسیدارە. دەشڵێت، رێژەی بەفیڕۆدانی ئاوی خواردنەوە لەسەرتاسەری عێراقدا لە رادەبەر بەرزە و رێژەی ئاسایی رۆژانە تێدەپەڕێنێت، بەشێوەیەک بەکارهێنانی رۆژانەی هەر تاکێک بۆ ناوچە گوندنشینەکان 135 لیترە، بۆ قەزا و ناحیەکانیش 200 لیتر، بۆ ناوەندی شارەکان دەگاتە 240 لیتر، بەڵام لە هەندێک شوێنی عێراق بەکارهێنانی ئاو بەرزترین رێژەی دیاریکراوی جیهانی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە 700 لیتر لە رۆژێکدا، ئەوەش پێویستی بە هەنگاوی خێرا و یەکلاکەرەوە هەیە. هاوکات عەون زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بۆ دابینکردنی ئاو بۆ وەرزی هاوین تورکیا وەڵامی ئەرێنی داونەتەوە و چاوەڕێن ئەنقەرە بەڵێنەکانی جێبەجێبکات، لە رۆژانی داهاتووشدا بۆ دۆسیەی ئاو پەیوەندی راستەخۆ بە بەرپرسانی ئێرانەوە دەکەن تا ئاوی روباری کارون بەربدەنەوە، هەرچەندە ئێستا لە ئێرانەوە بەتایبەت لە رووباری سیروانەوە بڕێکی باشی ئاویان بۆ دێت کە سەرچاوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخانە.