ئاژانسى وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند کە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی ٦٠% پێچەوانەی پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی نییە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاشتیانە و هیچ بەڵگەیەکیش لە ئارادا نییە کە بۆ مەبەستی سەربازی بگوازرێتەوە. جگە لەوەش ئەو ئاژانسە پشتڕاستی کردەوە کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەتەواوی سەرپەرشتی کارەکانی پیتاندن و هەڵگرتنی یۆرانیۆم لە ئێران دەکات، بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ناوخۆییەکان. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئاماژە بۆ تێکدان و کردەوەی دوژمنکارانە هەیە کە بووەتە هۆی پیسبوونی ئەتۆمی لە هەندێک شوێنی وڵاتەکەدا". ئەم لێدوانانە چەند ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی هات کە بڕیارە لە ٩-١٣ی حوزەیران بەڕێوە بچێت، کە بڕیارە بڕیاڕ نامەیەک دەربکات کە تاران و چالاکییەکانی پیتاندنی وڵات شەرمەزار بکات. هەروەها لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی زیاتر پەرەی سەندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تاران نەیتوانیوە وەڵامی دڵخۆشکەر سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییە ڕانەگەیەندراوەکانی لە چەند شوێنێکدا بداتەوە و کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ ئاستێکی نزیک لە پلەی چەک زیاد کردووە. هاوکات سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن رێگە بە تاران نادات درێژە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بدات. ئەوەش لە کاتێکدایە بەشێک لە میدیای ئەمریکی دەڵێن، ئەو پێشنیازەی ئەمریکا پێشکێشی ئێرانی کردووە، ئەو مافەی پێ دەدات.   رۆژی هەینی 6ی حوزەیرانی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان ئیدارەکەی و ئێران دایەوە و گوتی، بەگوێرەی پێشنیازەکە کە بۆ رێککەوتن بۆ ئێران نێردراوە "ئەوان یۆرانیۆم ناپیتێنن. ئەگەر پیتاندنیان کرد، ئەوا ناچار دەبین بە رێگەکەی دیکە [مامەڵەیان لەگەڵ] بکەین."   ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا وەکو ئاماژەیەک بۆ هێرشی سەربازی بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لێکدەدرێتەوە، لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن.   ترەمپ دووپاتیکردەوە، رێککەوتنی دیپلۆماسی بژاردەی دڵخوازی ئەوە و گوتیشی، "بەڕاستی نامەوێت رێگەکەی دیکە هەڵبژێرم، بەڵام وا دیارە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نابێت."

  سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن رێگە بە تاران نادات درێژە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بدات. ئەوەش لە کاتێکدایە بەشێک لە میدیای ئەمریکی دەڵێن، ئەو پێشنیازەی ئەمریکا پێشکێشی ئێرانی کردووە، ئەو مافەی پێ دەدات.   رۆژی هەینی 6ی حوزەیرانی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان ئیدارەکەی و ئێران دایەوە. ئەو وتی، بەگوێرەی پێشنیازەکە کە بۆ رێککەوتن بۆ ئێران نێردراوە "ئەوان یۆرانیۆم ناپیتێنن. ئەگەر پیتاندنیان کرد، ئەوا ناچار دەبین بە رێگەکەی دیکە [مامەڵەیان لەگەڵ] بکەین."   ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا وەکو ئاماژەیەک بۆ هێرشی سەربازی بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لێکدەدرێتەوە، لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا جارێكی  جەختیكردەوە: کردەوە واشنتۆن رێگە بە تاران نادات لەناو وڵاتەکەیدا پرۆسەی  پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجامبدات. ترەمپ، لە لێدوانێکی کورتدا، لەناو فڕۆکەکەی لەوەڵامی پرسیارێكداسەبارەت بە قسەكانی رابەڕی باڵای ئێران كە وتی، دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابن، رایگەیاند: "نابێت پیتاندن بكەن، ئەگەر پیتاندن بکەن، ناچارین جوڵە بكەین و رێگەیەكی جیاواز بگرینەبەر"، وەك ئاماژەیەك بۆ ئاڕاستەیەکی دوور لە دانوستانەکان، بەبێ ئەوەی دیاری بکات کە ئەو ئاڕاستەیە چی دەبێت. ترەمپ، لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە، ئارەزووی ئەوە ناکات ئەنجامی بدات بەڵکو ناچار دەبێت، لە کۆتاییدا وتی: "هیچ بژاردەیەکی ترمان نابێت... رێگە بە پیتاندن نادەین". ئەم لێدوانانەی ترەمپ، دوای دوو رۆژ دێت لە رەتکردنەوەی پێشنیازی ئەمریکا لەلایەن تارانەوە سەبارەت بە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم، كە تیایدا عەلی خامەنیی رابەڕی باڵای ئێران جەختیكرد، تاران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت.

  قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات فشار بخەنەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پابەندبوون بە دەستوور و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی. قەیس خەزعەلی، سەرۆكی گروپی عەسائیبی ئەهلی هەق، ئەمڕۆ لەوتاری نوێژی جەژندا رایگەیاند: کێشە بنەڕەتی کە تەواوی کێشەکانی لێیەوە سەرچاوە دەگرن ئەوەیە، زۆرینەی بەرپرسانی هەرێم بڕوایان بە عێراقێکی یەکگرتوو نییە. وتیشی: رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان  زیاترە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشور، ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، زۆرینەی پەنابەرانی عێراق لە دەرەوەی وڵات، خەڵکی هەرێمی کوردستانن. خەزعەلی راشیگەیاند: بەرپرسیارێتی دەوڵەت كارێكی هاوبەشە، هەموو خەڵکی عێراق بەبێ جیاوازی ماف و ئەرکیان هەیە، ئەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، ئەوە نامەنتیقیە داوای هەموو شتێک بکەن بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بدەن. لەبەشێكی تری وتارەكەیدا جەختیكرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت رادەستی بەغداد ناکات و بە نرخی خوڵ دەیفرۆشێت، داهاتی دەروازە فەرمی و نایاساییەکانی هەرێم رادەستی بەغداد ناكات.  وتیشی: هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن لە کوردستان بانگەشەی ئەوە دەکەن، من لە پشت بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوەم.

پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دەڵێت، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن. ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئەنجامی ئەو هێرشانە لە رۆژانی 27 و 30 مانگی رابردوو، دوو گەریلایان گیانیان لەدەست داوە.   ناوەندی چاپ و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە بڵاویکردەوە، سوپای تورکیا لە رۆژانی 27 و 30ـی مانگی رابردوو لەڕێگەی تۆپ و درۆنەوە پێگەکانیانیان لە ناوچەکانی زاپ و مەتین لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردوون و لە ئەنجامدا دوو گەریلا بە ناوەکانی (باوەڕ و وڵات) گیانیان لەدەستداوە.   هەپەگە راشیگەیاند، گەریلاکان "لە چوارچێوەی مافی رەوای خۆیان" وەڵامی هێرشەکانی سوپای تورکیایان داوەتەوە و لە رۆژانی 30 و 31ـی مانگی رابردوو و یەکی ئەم مانگە، لە ناوچەکانی زاپ لە هەرێمی کوردستان سێ سەربازی تورکیایان کوشتووە.   لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا 18ـی نیسانی 2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە هەفتەیەکدا لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی، سێ گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.   هێرشەکانی سوپای تورکیا لە کاتێکدایە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە 27ی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.   12ی ئایاری 2025 پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 1ـی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.   زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە رۆژی هەینی 16ـی ئایاری 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا بە (ستێرک تیڤی) راگەیاند، بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە تەنیا بۆ "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری" دراون. ئاماژەی بەوەش کرد، "کەس باسی دانان و رادەستکردنی چەکی نەکردووە، چونکە ئێستا زەوینەی وەها لە ئارادا نییە."   زاگرۆس هیوا گوتیشی: "بەرلەوەی باسی دانانی چەک بکەین، دەبێت باسی پاشەکشەی سوپای داگیرکەری تورک لە خاکی باشووری کوردستان بکەین."   لە یەکی تشرینی یەکەمی پار لەلایەن حکومەتی تورکیا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا؛ ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.

  دوو بەرپرسی ئاگاداری ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، ئیسرائیل دڵنیایی داوەتە ئەمریکا کە هێرش ناکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، مەگەر ئەوکاتەى دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا ئاماژە بەوەبدات کە دانوستانەکان لەگەڵ تاران شکستی هێناوە. بەرپرسێک ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بە ڕوونی بۆ هاوتا ئەمریکییەکانی ڕاگەیاندووە کە بە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران ئیدارەی ترەمپ سەرسام ناکات. بە گوتەی ئەو دوو بەرپرسە ئیسرائیلییە، حکومەتى ئیسرائیل ئەو پەیامە دڵنیاکەرەوەیەی بە ئەمریکا گەیاندووە، هەفتەی ڕابردوو لە سەردانێکیدا بۆ واشنتۆن لەلایەن ڕۆن دێرمر، وەزیری کاروباری ستراتیژی، دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد و تزاچی هانێگبی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی. واشنتۆن ماوەی چەند هەفتەیەکە نیگەرانە لە ئەگەری ئەوەی کە ئیسرائیل پلانی بۆ هێرشکردنە سەر تاران داناوە، سەرەڕای بەردەوامی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران. ترەمپ پێشتر هۆشداری دابوو بە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە گرتنەبەری هیچ ڕێوشوێنێکی سەربازی لە کاتێکدا دانوستانەکان بەردەوامن. بەڵام ترەمپ هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەڵوێستەکەی "دەتوانێت بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بگۆڕێت" ئەگەر هەست بکات وتووێژ لەگەڵ ئێران هیچ بەرهەم ناهێنێت.

  حاجیان بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی بەردبارانکردنی جەمارات لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی دەستیان پێکردوە، لەدوای کێوی عەرەفە، ئەمڕۆ هەینى، کە دەکاتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، حاجیان دەچنە موزدەلیفە لە مینا، ئەو شوێنەی کە رووکنی بەردبارانکردن (رەجمکردن)ی شەیتان بەجێدەگەیێنن.  وەرزی حەجکردن پشت بە رۆژژمێری کۆچی دەبەستێت؛ بەو پێیەش، حەجکردنی ئەم ساڵی حاجیان لەکاتێکدایە کە پلەی گەرما لە مەککە دەگاتە نزیکەی ٣٨ پلەی سیلیزی.  لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، حاجیان بەرەو مینا و جەمارە بەڕێدەکەون بۆ ئەوەی بەردباران (رەجم)ی شەیتان (ئەهریمەن) بکەن و دواتر قوربانی دەکەن.  لە رۆژی چوارەم تاوەکو رۆژی شەشەم، حاجیان پرچی خۆیان کورتدەکەنەوە و بەرگی ئیحرام دادەکەنن.  دواتر دەگەڕێنەوە کەعبە بۆ ئەوەی تەواف بکەن و جارێکی دیکە رەجمی شەیتان بکەن و بە تەوافی ماڵئاوایی کۆتایی بە رێوڕەسمەکانی حەج دێنن. بەجێهێنانی فەریزەی حەج، یەکێکە لە پێنج پایەکانی ئیسلام، لەدوای شایەتومان، نوێژکردن، زەکات و رۆژووگرتن. موسڵمانانیش ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان و نێوخۆی سعودیەش لە شاری مەککەی پیرۆزەوە دەست بە بەجێهێنانی فەریزەکە دەکەن.  بۆ هەر ساڵێکیش ژمارەی ئەو کەسانەی بەشداری دەکەن، لەلایەن سعودیەوە دیاری دەکرێت. هەر موسڵمانێکیش کە تەمەنی گونجاوبێت، ئەگەر لەڕووی تەندروستی و داراییەوە لە توانایدابوو، دەبێت لە تەمەنیدا جارێک حەج بکات.   رۆژێک بەر لە دەستپێکردنی رێوەڕەسمەکانی حەج، حاجیان دەگەنە مەککە و نیەتی حەجکردن دێنن. رۆژێک دواتر، تەوافی دەوری کەعبەی پیرۆز دەستپێدەکات. دواتر لە هەمان رۆژدا ئەرکی سەفا و مەروە بەجێدەگەیێنن کە حەوت جار هاتن و چوونە لەنێوان گردۆڵەی سەفا و مەروە. پاشان بەرەو مینا بەڕێدەکەون کە هەشت کیلۆمەتر لە کەعبەوە دوورە و شەو لەوێ دەمێننەوە.  رۆژی 9ـی (ذو الحجة) حاجیان لە میناوە بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێدەکەون کە دووریی نێوانیان 16 کیلۆمەتر دەبێت و رۆژەکە لە کێوی عەرەفە بە نزا و پاڕانەوە بەسەردەبەن. ئێوارەی هەمان رۆژ، حاجیان دەگەڕێنەوە موزدەلیفە کە 17 کیلۆمەتر لە کێوی عەرەفەوە دوورە و شەو لەوێ دەمێننەوە. 

  سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکەی نوێکردەوە کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئەو وڵاتە بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بەرەوڕوو دەبێتەوە. حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، هەر لایەنێک دەستی هەبێت لە چالاکییەکی سەربازی دژ بە وڵات، باجی قورس دەدات و پەشیمان دەبێتەوە. ناوبراو هەروەها جەختی کرد کە ئێران بە تەواوی ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی "هەر سیناریۆیەکی ئەگەری" بووە، بەپێی ئاژانسی هەواڵی کۆڕی پەخشی ئێران، ئیسرائیل ڕووبەڕووی ئاکامێکی ترسناک دەبێتەوە، ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوە ڕووبدات. سەلامی ئاماژەی بە دوو ئۆپەراسیۆنی پێشووی ئێران کرد کە بە "بەڵێنی ڕاستەقینەی 1 و 2" ناسراوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر هێرشەکان دووبارە بکرێنەوە، وەڵامدانەوەکە "توندتر و فراوانتر" دەبێت. هەروەها جەختى لەوەکردەوە که ئیسرائیل بەباشی ئاگاداری توانا سەربازییەکانی ئێرانه و هەر پێکدادانێک دەتوانێت ببێته هۆی له ناوچوونی ئەو کیانە. لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا هۆشدارییەکی ڕوونی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "هەر وڵاتێک بەشداری لەو جۆرە سەرگەرمییە سەربازییەدا بکات، بەرپرسیارێتی تەواوەتی لە ئەستۆ دەگرێت لە دەرئەنجامەکانیان". ئەم جۆرە هۆشدارییە ئێرانییە لەم دواییانەدا چەندین جار لە لایەن چەند بەرپرسێکی سەربازی و سیاسییەوە دەنگی داوەتەوە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران سەرەڕای ئاستەنگەکان بەردەوام بن. ئەم لێدوانانە دوای قسەوباسەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هات کە ئەگەری شکستی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، تەلئەبیب هەوڵی لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بدات. چوارشەممەى ڕابردوو 4ی حوزەیرانی 2025 عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتارێکیدا رایگەیاند، "لەمەودوا بەردەوام دەبین لە پتەوکردنی تواناکانی گشتگیریی نیشتمانیمان، بەرگریکردن واتە رووبەڕووبوونەوەی هێزە گەورەکان و ملکەچ نەبوون بۆیان." رێبەری باڵای ئێران دەڵێت، "زیاتر لە 1000 پیلانمان لە دژی وڵاتەکەمان پووچەڵ کردووەتەوە و وەڵامی هەندێکیان دراوەتەوە. پیلا‌نەکان وڵاتەکەمانیان کردبووە ئامانج بۆ لاوازکردنی، بەڵام ئێمە لاواز نەبووین، بەڵکو تواناکانمان لە ناوخۆ و دەرەوەدا زیادیکرد." خامنەیی پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل راکێشا و گوتی، "پیلا‌نەکانی دژ بە وڵاتەکەمان لەلایەن وڵاتانی خۆبەزلزان، لەپێش هەموویانەوە ئەمریکا و رژێمی زایۆنی، سەرکردایەتی دەکران."

  نورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانی دەوڵەتى یاسا رایگەیاند، پێویستە هەموو کێشەکانى نێوان بەغداد و هەولێر لە رێگەى گفتوگۆوە چارەسەر بکرێ و پارێزگاری لە دۆخی سیاسی بکرێت. نووسینگەى مالیکی رایگەیاند، نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانی دەوڵەتى یاسا لەگەڵ فواد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق لەبارەى کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ کۆبوونەوە. نووسینگەى نورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانی دەوڵەتى یاسا لە راگەیەنراوێکدا دەڵێ، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و گرنگی بەهێزکردنی رۆڵی عێراق لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی کرا، هەروەها تەوەرەکانی پەیوەست بە پەیوەندیی بەغداد لەگەڵ هەرێمى کوردستان تاوتوێ کرا. لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گوتوویەتى پێوستە، تێگەیشتنی هاوبەش بدۆزرێتەوە بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و بناغەی قۆناغێکی نوێ دابنرێت لە بەرمەبنای ئارامیی سیاسی و ئەمنی.

  رێكخراوێكی ئەمەریكی ژمارەی هێرش و پەلامارەكانی توركیا لە مانگی ئایار بۆ سەر هەرێمی كوردستان  بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت: بەراورد بە مانگی نیسان بەرێژەی لە (143%) زیادیانكردوە. كامەران عوسمان، لە تیمی رێكخراوی (CPT)ـی ئەمەریکی بە (KNN)ـی رایگەیاند: لە مانگی ئایاردا سوپای توركیا (510) جار هێرشی كردوەتە سەر هەرێمی كوردستان بەمەش بەرێژەی لە (143%) بەراورد بە مانگی نیسان و لە (332%) بە مانگی ئایار، ژمارەی بۆردومانەكانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاكانی پارێزگای دهۆك زیادی كردوە. وتیشی: سەرجەمی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئایاردا، بۆ سەر قەزای ئامێدی چڕكراونەتەوە بەجۆرێك  لە (98%)ـی بۆردومانەکان بۆسەر قەزاكە بون، هەروەها لە (2%)ـی  بۆردومانەکان بۆ سەر قەزای زاخۆ بون. رونیكردوەتەوە كە، لە مانگی ئایاردا، سوپای تورکیا (458) هێرشی لەڕێگەی (36) جار تۆپباران، (16) جار  فڕۆکەی جەنگی و (16) هێرشی دیكەی لەڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە ئەنجامداوە. كامەران عوسمان، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ژمارەی هێرشەکانی تورکیا لە ساڵی (2025)ـدا گەیشتوە بە هەزار و (14) بۆردومان كە زۆرترین هێرشیش کە لەڕۆژێکدا تۆمارکرابێت لە رۆژی (12ـی ئایار) رۆژی راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) بوە كە (94) جار هێرشی ئەنجام داوە.

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو خولی شەشەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی تاران و واشنتن بەڕێوەدەچێت. ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەکردووە، خولی شەشەمی دانوستانەکە لە رۆژی شەممە یان یەکشەممەی داهاتوو لە یەکێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت. بە گوێرەی ماڵپەڕەکە، کە لە زاری سەرچاوەیەکی ئێرانییەوە وەریگرتووە، ئێران رازی دەبێت بەو پێشنیازەی ئەمریکا کە داوای پێکهێنانی یەکیتییەکی هاوبەشی هەرێمی دەکات بۆ چاودێریکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و دابینکردنی کەرەستەی ئەتۆمی. بەگوێرەی پێشنیازەکەی ئەمریکا  دەبێت هەریەکە لە ئێران، ئەمریکا، ئیمارات، تورکیا، سعودیە و قەتەڕ ئەندامی یەکێتییەکەبن و ئەرکەکەشی چاودێریکردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانە و راگرتنی لە ئاستێکدا نەگاتە پلەی گەیشتن بە چەکی ئەتۆم .  ئەوەش لە کاتێکدایە  لە دوایین لێدوانیدا، عەلی خامنەیی رێبەریی باڵای ئێران رایگەیاند، ئەوان لە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم  رێگەپێدان لە واشنتن وەرناگرن. گوتیشی، دەبێت ئەمریکا و ئیسرائیل ئاگاداربن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن. خولی شەشەمی دانوستانەکە لە کاتێکدا بەرێوەدەچێت، هێشتا تاران وەڵامی ئەو نامەییەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکای نەداوەتە کە شەممەی رابردوو لە رێگای وەزیری دەرەوەی عومان درایە دەست بەرپرسانی ئێران و تیایدا پێشنیازی رێککەوتنێکی ئەتۆمی کراوە.

  "هیچ ئاهەنگێک و جەژنێکمان نییە تەنها وێرانکاری لە هەموو شوێنێک هەیە" ئەمانە ئەو قسانەن کە ژنێکی ئاوارەی فەلەستینی دوو ساڵ دوای شەڕەکە باسی بارودۆخی کەرتی غەززە دەکات. ئەو ژنە کە ناوی مەجدال ئەبو شەرخە، دەڵێت "دوو ساڵ لە ماڵوێرانیدا تێپەڕیوین، نە جەژن، نە ئاهەنگ، هیچ شتێکى خۆشمانیە تا باسی بکەم." بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەو ژنە ئاماژەی بەوەشکردووە، "خەڵک لە دۆخێکی سەرلێشێواویدان، وەک ئەوەی هۆشیان لەدەستدابێت، نازانم چۆن بۆت ڕوون بکەمەوە - بە سادەیی هیچ وشەیەک نەماوە بیڵێم". لای خۆیەوە مەدحەت عابد، ئاوارەی گەڕەکی شوجەعییە، دووپاتی کردەوە کە دۆخەکە بۆ هەموو لایەک سەختە. وتیشی: بارودۆخی من لەژێر سفرەوەیە، وەک زۆرێک لە خەڵکی کەرتی غەززە. ناوبراو زیادی کرد: هەموو غەززە بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنێت. "ئێمە خواردن و ئاو نادۆزینەوە، کەواتە چۆن جل و بەرگی جەژن بکڕین؟ تەنانەت جلوبەرگەکانیش زۆر گرانن". ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە کەرتی غەززە بەردەوامە لەهێرش و بۆردومان و گەمارۆدانی ڕۆژانە لەلایەن سوپاى ئیسرایلەوە. چوارشەممە، غەززە شەوێکی خوێناوی بەخۆیەوە بینی، لەکاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکان هەموو ناوچەکانی کەرتی کەرتییان گرتەوە. لە خان یونس، فڕۆکەکانی ئیسرائیل خێمەی ئاوارەیان لە ناوچەی ئەلمەواسی کردە ئامانج و شەش فەلەستینی گیانیان لەدەستدا. وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، 80٪ـی کەرتی غەززەی بە ناوچەیەکی سەربازی و نا سەلامەت پۆلێنکردووە؛ بۆیە لە حەوتی ئۆکتۆبەری 2023ـوە، سوپای ئیسرائیل نزیکەی 300 فەرمانی چۆڵکردنی بۆ ناوچە جیاجیاکانی غەززەی دەرکردووە.   میلاد محەمەد، ئاوارەی غەززەیە و باس لە ئاوارەبوونەکانی دەکات و دەڵێت، "ئەمە 14ـەمین جارە ئاوارە دەبمەوە. لە بەیانییەوە دەسووڕێمە شوێنێک نییە لێی دڵنیابین بۆ مانەوە، هەموو شوێنێک بە گوتەی ئیسرائیل، جێی گومان و مەترسییە".   بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر 10 غەززەییەک نۆیان ئاوارەن؛ ئەو یەکەش کە ماوە، دەستەبژێرێکی داماوە، بەر دوایین فەرمانی چۆڵکردن کەوتووە.   رێکخراوە ناحکومەییەکان دەڵێن، هەڵکردنی ئاڵای سپی لەلایەن غەززەییەکان یان بەرزڕاگرتنی مەنجەڵەکان بۆ ژەمێك خواردن، بە زۆر ئاوارە و برسیکردنی غەززەییەکان، ئامرازێکن، ئیسرائیل وەکو چەک بەکاریان دەهێنێت.    بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەڵێت 100٪ـی دانیشتوانی کەرتەکە، برسین.

  شاندی کوردی، کە دوای "کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەک هەڵوێستی کورد له رۆژئاوای کوردستان" بڕیاری پێكهێنانی درا، لە راگەیەندراوێک هاوسەرۆک و ئەندامانی خۆی ئاشکرا کرد. چواشەممە، شاندەكە لە میانی کۆبونەوەیان، بە ئامادەبوونی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، رۆهڵات عەفرین، فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و ئیلهام ئەحمەد پێكهێنانی راگەیەندرا. شاندی كوردی رۆژئاوای كوردستان، لەبارەی هەنگاوەكانی ئایندەی رایگەیاند: دوای گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەکانی ئامادەبووی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی کورد کە لە (٢٦)ی نیسانی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، بە پشتبەستن بە بڕیاری کۆنفرانسەکە بۆ دامەزراندنی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و لایەنە نێونەتەوەیی و کوردییەکان، لەسەر بنەمای روانگەیەکی هاوبەش سەبارەت بە سوریا و پرسی کورد. شاندەکە کۆبونەوەی دامەزراندنی خۆی لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ئەنجامدا،  فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵوم عەبدی و رۆهلات عەفرین و ئەندامی دیوانی کۆنفرانسەکە، ئیلهام ئەحمەد ئامادە بوون، شاندەکە راستەوخۆ لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە ئەرکەکانی دەکات. ئەندامانی شاندی کوردی پێكهاتوون لە: پەروین یوسف و محەمەد ئیسماعیل وەک هاوسەرۆکانی شاندەکە هەڵبژێردران، هەریەک لە ئاڵدار خەلیل، ریحان لوقو، ئەحمەد سلێمان، سلێمان ئوسۆ، ساڵح دەروێش، نەسرەدین ئیبراهیم و فەیسەڵ یوسف وەک ئەندامانی شاندەکە دەستنیشانکران. 10ـی ئاداری ئەم ساڵ، شەرع و عەبدی رێککەوتنێکی هەشت خاڵییان لە دیمەشق واژۆ کرد، لەنێویدا ئاماژە بەوەکراوە، کورد کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتیی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات. لە خاڵێکی دیکەدا باس لەوەکراوە، دەبێت "شەڕ لەسەرجەم خاکی سووریادا رابگیرێت."   لەبارەی شاندی هاوبەشیی کوردەوە فەیسەل یوسف، وتەبێژی ئەنەكەسە وتى، "رەگ و ریشەی دۆزی کورد لە سووریا دەگەڕێتەوە بۆ قۆناخی دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی سووریا و تەنیا پەیوەست نییە بە دۆخی ئێستاوە. گەلی کورد ناڕەحەتی زۆری چەشتوە، بەتایبەتی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، رووبەڕووی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی و بەئامانجگرتنی ناسنامە نەتەوەییەکەی بووەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، کورد داوای مافەکانی کردووە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی وڵات، لە سەرەتاکانی شۆڕشی سووریاوە یەکێک بووە لە بەشداربووە سەرەکییەکان."

وەزیری تەندروستیی سعودیە رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکانیان بۆ پێشوازیی لە زیاتر لە دوو ملیۆن حاجی لەسەر کێوی عەرەفە تەواوکردووە. فەهد جەلال داوایکرد هەر حاجییەک بەشى پێداویستى ئاو لەگەڵ خۆی ببات ئەگەر بەڕۆژوو نابێت، پێلاوێک لەپێ بکات کە گونجاوبێت بۆ رێگەڕۆشتن و سەرکەوتن، چەترێکیش لەگەڵ خۆیدا بهێنێت لەبەرئەوەى پلەکانى گەرما بەرزن. گوتیشى پێشبینیدەکەن لە 10 خولەک تا 15 خولەک جارێک کەسێک بەهۆی بەرزی پلەکانى گەرماوە بەهۆش خۆی بچێت. دەشڵێ، 1200 مەتر چوارگۆشە چەتریان دروستکردووە، 129 هێلیکۆپتەر لە ئامادەباشیدان و ژمارەیەکی زۆریان ئاو دەڕشێنن بەسەر حاجییاندا. باسی لەوەشکرد، ئامێرەکانى فێننکەرەوە لە هەندێک شوێندا 10 نمرە پلەکانى گەرما دادەبەزێنن و هێزە ئاسمانییەکان و چاودێریی کەشوهەواى وڵاتەکەش بەتەواویی لە ئامادەباشیدان. وتەبێژی فەرمی وەزارەتی حەج و عومرە، غەسان نویمی ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو حاجیانەی لە دەرەوەی سعودیەوە ئەمساڵ گەیشتونەتە ئەو وڵاتە، ملیۆنێک و 500 هەزار کەسى تێپەڕاندووە. هەر لە هەمان چوارچێوەدا دووپاتی کردەوە کە زیاتر لە 94 هەزار کارمەند کار بۆ خزمەتکردنی حاجیان دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەت بە هەماهەنگی و یەکگرتن لەگەڵ دەزگا جیاوازەکانی حکومەت کاردەکات بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی زیارەتکاران. جێگری وەزارەتی تەندروستی سعودیە، لە لێدوانێکیدا وتی، "لەو کاتەوەی حاجیان دەستیان بە گەیشتنیان بە مینا کردووە، هەموو دامەزراوە تەندروستییەکان ئامادەن بۆ وەرگرتنیان، هەروەها یاوەرییان دەکەن بۆ عەرەفات بۆ تەواوکردنی هەموو ڕێوڕەسمەکانی حەج بە ئاسانی و هیچ کەسێکیان مەترسیان لەسەر نییە".  

  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەشتی هاووڵاتییانی 12 وڵاتی بۆ ئەمریكا قەدەغەكرد، هەروەها گەشتی هاووڵاتییانی حەوت وڵاتی دیكەشی سنوورداركرد. بەگوێرەی بڕیارەکەی ترەمپ لە رۆژی  9ـی ئەم مانگەوە هاووڵاتییانی ئەفغانستان، بۆرما، چاد، كۆماری كۆنگۆ، گینا، ئەریتریا، ئێران، لیبیا، سوماڵ، سودان و یەمەن ناتوانن گەشت بۆ ئەمریكا بكەن، هەروەها گەشتی هاووڵاتیانی بۆرۆندی، كوبا، لاوس، سیرلۆن، تۆگۆ، توركمانستان و فەنزوێلاش بۆ ئەمریكا سنوردارکرد. بڕیارەكە لەچوارچێوەی سیاسەتی ترەمپ دژی کۆچبەران و نەبوونی حكومەتێكی كاریگەر لەو وڵاتانە دەگەرێتەوە. یەکێکی دیکەش لە هۆکارەکەیان ئەوەیە، كاتێك هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە سەردانی کاتیی بۆ ئەمریكا دەكەن، دوای تەوابوونی ڤیزاكانیان لەوێ دەمێننەوە و ناگەڕێنەوە، بەڵام ئێران بە تۆمەتی پشتیوانیی تیرۆر، خراوەتە لیستەکەوە. بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ ئەو وڵاتانە، یاریزانانی تۆپی پێ ناگرێتەوە كە بۆ بەشداریكردن لە جامی جیهانی 2026 دەچنە ئەمریكا. ترەمپ لەبارەی بڕیارەكەی بۆ قەدەغەكردنی گەشتی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە بۆ ئەمریكا دەڵێت، ئەوەی لە وڵاتانی ئەوروپا روویدا نایانەوێت لە ئەمریكا رووبدات و كێشەی ئەمنی بۆ وڵاتەكەیان دروستبێت. ترەمپ باسی لەوەش کرد، “دواین هێرشە تیرۆرستییەکەی شاری بۆڵدەریی کۆلۆرادۆ ئەو مەترسییە گەورەیە پشتراستدەکاتەوە کە لەسەر وڵاتەکەمان هەیە بە هاتنی هاووڵاتییانی دەرەوە کە بەشێوەیەکی رێکوپێک وردبینییان بۆ نەکراوە، رێگە بەو کەسانە نادەین بێنە نێو وڵاتەکەمانەوە کە دەیانەوێت زیانمان پێ بگەیەنن و هیچ شتێک نامانوەستێنێت لەوەی ئەمریکا بپارێزین.” رۆژی یەکشەممەی رابردوو تۆمەتبارێک بەناوی محەمەد سلێمان کە بەرەچەڵەک میسرییە هێرشی کردەسەر کۆبوونەوەیەکی جووەکان لە شاری بۆڵدەر لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمریکا و بەهۆیەوە 12 کەس برینداربوون.

  ئەمڕۆ چوارشەممە لە ستۆکهۆڵم دادگاییکردنی کەسێک بەناوى ئوسامە کەریم چەکدار کە بە تاوانی هێرشەکانی پاریس و برۆکسل لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا سزا درابوو، دەستیپێکرد.  کەریم بە تۆمەتی "تاوانی جەنگ و تیرۆر" تۆمەتبار کراوە بەهۆی ڕۆڵی لە کوشتنی دڕندانەی فڕۆکەوانی ئوردنی مەعاز کەساس کە لە سوریا لەلایەن داعشەوە بە زیندووی سووتێنرا. ئەمە یەکەم دادگاییکردنی تۆمەتبارێکە لە کوشتنی دڕندانەی فڕۆکەوانە ئوردنییەکە لە ساڵی ٢٠١٥ کە بووە هۆی شەرمەزارکردنی سەرتاسەری جیهان، بەگوێرەی دەزگای داواکاری گشتی سوید. کوژرانی ئەو فڕۆکەوانە ئوردنی تووشی شۆک کرد، کە بەشداری لە هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی داعش لە سووریا دەکرد. داواکاری گشتی ڕێنا دەڤگون لە کاتی دەستپێکردنی دادگاییکردنەکە لە ستۆکهۆڵم وتی: ئوسامە کەریم بە هەماهەنگی و ڕێککەوتن لەگەڵ تاوانبارانی دیکە، ئەندامانی داعش، مەعازکەساسیان کوشت.  لەم چوارچێوەیەدا ئوسامە لەشوێنى سزادانەکە ئامادەبووەو جل و بەرگى داعشى لەبەردابووەو چەکێکی هەڵگرتبوو، پاسەوانی قوربانییەکە کردوەو بردویەتیەییە ناو قەفەسە کانزاییەکە و دواتر لەوێ دەستبەسەرکرا، دواتر یەکێک لە تاوانباران ئاگری لە مەعازبەردا، کە هیچ ئامرازێکی نەبوو بۆ بەرگریکردن لە خۆی یان داوای هاوکاری بکات. لە ئوردنه‌وه‌ باوکی فڕۆکەوانەکە سافی کەساس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە "هیوادارین ئەم تاوانبارە توندترین سزا وەربگرێت، هاوتا لەگەڵ گەورەیی تاوانەکە. ئەمە ئەوەیە کە چاوەڕێی یاسایەکی ڕێزدار و دادپەروەرانە دەکەین، دادگاییکردنەکە لە هۆڵێکدا بەڕێوەچووە کە ڕێوشوێنی ئەمنی توندی تێدا گیراوەتەبەر. داواکاری گشتی کە لەدادگاییەکەدا ئامادەبووە ڕایگەیاند، سەرەتا ئوسامە کەریم بەهۆی پەڵەیەکەوە لە ئاستی برۆیدابووە ناسراوەتەوە کە بووەتە هۆی کردنەوەی دۆسیەیەکى لێکۆڵینەوە لەسەرى. بەڵگەکانی دیکە بریتین لە پەیامەکانی فەیسبووکى کە تۆمەتبارەکە لە خزمێکی دەپرسێت ئایا ڤیدیۆیەکی نوێی بینیوە "کە تێیدا پیاوێک دەسوتێنرێت"، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان کە ئاژانسی فرانس پرێس بینیویەتی.  کەریم لە پەیامەکەدا نووسیویەتی "لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوم"و کاتی دیمەنەکەی ڕوونکردووەتەوە و تیشکی خستۆتە سەر ڕووخساری ئامۆزاکەی لە وەڵامدا دەڵێت بەڵێ برۆکەتم بینی. پارێزەری تۆمەتبارەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، موەکیلەکەی دانی بەوەداناوە کە لە شوێنی ڕووداوەکە بووە لەکاتى سوتانى ئەو فرۆکەوانەدا، بەڵام سەرجەم  تۆمەتەکانى سەرى ڕەتدەکاتەوە. ئوسامە کەریم، تەمەن ٣٢ ساڵ، دوای لێکۆڵینەوەی لەلایەن دادگای سویدەوە، دەرکەوتووە تێوەگلاوە لە تاوانی سوتاندنی فرۆکەوانە ئوردونییەکە. باسیان لەوەشکردووە، ئوسامە کەریم بە تۆمەتی تێوەگلان لە هێرشەکانی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە سوریا و بەشداریکردن لە هێرشەکانی مانگی ئازاری ٢٠١٦ی بەلجیکا لێکۆلێنەوەی لەگەڵکراوە. ماڵپەڕی لومۆندی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، ئوسامە کەریم لە خێزانێکی فەڵەستینی لەدایكبووە و گەورەبووە و لەساڵی ٢٠١٤ روویکردوەتەوە سوریا و دوای ماوەیەك وەکو پەنابەر گەڕاوەتەوە ئەوروپا و لەساڵی ٢٠١٦ لە بەلجیکا دەستبەسەرکراوە. مەعاز یوسف کەساسبە، پلە سەربازییەکەی ملازمی یەکەمە و تەمەنی تەنیا 26 ساڵ بووە ئەوکاتەى دەستگیرکرا، ماوەی شەش ساڵ وەک فڕۆکەوانی جەنگی پەیوەندی بە هێزى سوپاوە کردبوو. فڕۆکەوانە ئوردنیەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ دوای ئەوەی فڕۆکەکەی بەسەر شاری ڕەقە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کەوتە خوارەوە، لەلایەن داعشەوە دەستگیرکرا، داعش لە ٣ی شوباتی ٢٠١٥ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بڵاویکردەوە، لە سێدارەدانیدا بە سووتاندنی و کوشتنی ڕاگەیاند. لە سێدارەدانەکە وێنەگیراوە و دواتر لە ٣ی شوباتی ٢٠١٥ لە ڤیدیۆ کلیپێکی ٢٢ خولەکیدا و لەگەڵ سروودێکی تایبەتدا بڵاوکرایەوە.