لە خاکی سووریاوە بە هاوەن هێرشکرایە سەر ئیسرائیل و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە لێدرا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی وەڵامدانەوەی فراوان دەکات و دەڵێت، ئەحمەد شەرع بەرپرساری یەکەمی هێرشەکەیە. سوپای ئیسرائیلش دەڵێت، تۆپبارانی ئەو ناوچانەیان کردووە، کە هێرشەکەی لێوە ئەنجامدراوە. ئەمە یەکەمجارە لە پاش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە، خاکی ئیسرائیل لە سووریاوە بەئامانج بگیرێت. یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشە و سەرجەم ئەو هێرشانەی دەکرێنەسەر وڵاتەکەی، لە ئەستۆی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەردایە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوو گولـلەهاوەن، کە لە سووریاوە هەڵدرابوون، لە چۆڵەوانییەکدا لەناو خاکی ئیسرائیل تەقینەوە بەبێئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت، پاش هێرشەکەش زەنگی ئاگادارکردنەوە لە لە ناوچەکانی حەسبین و رمات مەگشیمیم لە بەرزاییەکانی جۆلان لێدرا. سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، لە وەڵامی ئەو هێرشەدا تۆپخانەکانیان باشووری سووریایان کردووەتە ئامانج، دەشڵێت: هێزەکانیان بەردەوامدەبن لە ئۆپراسیۆنەکانیان لە باشووری سووریا، بە ئامانجی "هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی تیرۆریستی" و پاراستنی دانیشتووانی بەرزاییەکانی جۆلان. پاش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، هێزەکانی ئیسرائیل ناوچەی داماڵڕاو لە چەکیان لە بەرزاییەکانی جۆلان پێکهێنا و دەیان هێرشی ئاسمانییان بۆسەر ئامانجە سەربازییەکان لە سووریا ئەنجامدا، کە بەگوتەی خۆیان، ئامانج لەو هێرشانە رێگریکردنە لەوەی چەکەکانی سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد بکەونە دەست دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا.
رێبەری باڵای ئێران پێشنیازی ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی بە "دژ بە بنەماکانی هێزی ئێران" ناودەبات و دەڵێت، "دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابین." عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، "ئەمریکا دەیەوێت بەرنامە ئەتۆمییەکەمان هەڵبوەشێنێتەوە." دەشڵێت، "سەربەخۆیی واتای ئەوەیە چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و هاوشێوەکانی نەکەین." رێبەری باڵای ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە هێزی وڵاتەکەیان لە هەموو بوارەکاندا زیاد دەکەن، دەشڵێت، "پێشنیازەکەی ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، 100% دژ بە بنەمای هێزی ئێمەیە." خامنەیی دەشڵێت، "ئەمڕۆ دەتوانین سووتەمەنیی ئەتۆمی بەرهەم بهێنین." بەشێکى دیکەى قسەکانى عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە رێوڕەسمی یادی (٣٦)ساڵەی کۆچی دوایی ئیمام خومەینی لە وتارێكدا: سیستەمی سیاسی ئێمە کە سوپاس بۆ خوا پێگەیشتوو و بەهێزە، بەرهەمی شۆڕشێکی گەورەیە. رابەری ئەم شۆڕشە پیاوێکی گەورە بوو، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سی ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا، هێشتا بوونی ئەو لە سەرانسەری جیهاندا هەستی پێدەکرێت. پاشەكشێی توندی پێگەی ئەمریکا لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، لە شوێنەوارەكانی ئامادەیی ئەوە، هەروەها بوونی ئەو و ڕق و کینەی جیهان بەرامبەر زایۆنیزم هەیەتى، دەرئەنجامی شۆڕشەکەیەتی. بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەبێ پیتاندن هیچ سودێکی نییە، پێشنیاری ئەتۆمی ئەمریکا (100%)لەگەڵ پرەنسیپی دەسەڵاتی ئێمە ناگونجێت. ئێوە کێن تا بە تاران بڵێن ئاخۆ دەتوانێت بەرنامەی ئەتۆمی هەبێت یان نا؟.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد دەڵێت: ھەرێمی کوردستان پابەندی ھەموو رێککەوتنەکانە بەپێی دەستوور، بەڵام عێراق دەستور جێبەجێ ناکات، راگرتنی مووچەش لەلایەن بەغدادوە، بە هەنگاوێكی سیاسی ناودەبات بۆ لاوازكردنی ھەرێمی کوردستان لە رووی ئابورییەوە. سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە: بەداخەوە عێراق ھیچ بڕوای بە رێککەوتن و ھاوبەشی و فیدراڵیەت نییە، ئەو كێشانەشی بۆ هەرێمی كوردستانی دروست دەكەن سیاسییە و دەیانەوێت ھەموو دەسەڵاتەکان مەرکەزی بن و، بەپێی پلانێکی داڕێژراو دەیانەوێت ئابوریی ھەرێمی کوردستان لاواز بکەن. ئاماژەی بەوەشكردووە: ھەرێمی کوردستان رێگای زۆری لەپێشە بیگرێتەبەر لە رووی یاساییەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمیشەوە. وتوشەیەتی: ھەرێمی کوردستان زۆر لەوە بەھێزترە كە ئەوان پلانیان بۆ داناوە، ھەر بۆیە مووچە بیانووە و زیاتر مەبەستی سیاسییان ھەیە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت:" لە پاڵ ئەم زوڵم و زۆرەی لە گەلەکەمان دەکرێت، زۆرجار بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانیش ڕۆڵی پارێزەر دەبینن لە هێنانەوەی ئەو پاساوانەی بۆ بڕینی قوت و مووچە و دەستخستنە قوڕگی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەهێنرێنەوە. دەوقی وەڵامەکەی فراکسیۆنەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی: لای خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاشکرایە، کە بێ هیچ هۆکارێک و لەم کاتەدا کە بەرەو جەژنی پیرۆزی قوربان دەچین، بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی و تەواو سیاسی کە دژی پڕەنسیپەکانی پێکەوەژیان و شەراکەتە لە عێراقی نوێدا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ ڕاگیراوە. بەداخەوە لە پاڵ ئەم زوڵم و زۆرەی لە گەلەکەمان دەکرێت، زۆرجار بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانیش ڕۆڵی پارێزەر دەبینن لە هێنانەوەی ئەو پاساوانەی بۆ بڕینی قوت و مووچە و دەستخستنە قوڕگی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەهێنرێنەوە، نموونەی ئەمڕۆشمان فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و موسەننا ئەمین بوو، کە قسەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان بۆ کوردی وەرگێڕا. لەبری ئەوەی وەك نوێنەری خەڵكی كوردستان دژی ئەو ستەمە بوەستنەوە، بوون بە گوتەبێژ و وەرگێڕ و دەمڕاستی ئەوانەی مافی خەڵكی كوردستانیان بە ناهەق پێشێل كردووە و بەجۆرێک دەریانخست کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەرپرسیارن خوڵقاندنی ئەم دۆخە. هەموو لایەك ئاگادارن، ئەوان و هاوشێوەكانیان دەمێكە بۆ دەركردنی کۆمەڵە بڕیارێک لە دژی خەڵكی كوردستان، بەردەوام چاوساغی بۆ نەیارانی گەلی كوردستان و عەقڵییەتە شۆڤێنی و تایفییەكان دەكەن. چونكە لە بنەڕەتدا بڕوایان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان و دۆزە ڕەواكەی نیە، بەردەوام بەدوای ئەوەدا بوون چیی لەدژی هەرێمی كوردستانە بیكەن و وەك ڕاوێژ بیدەنە نەیارانی گەلی كوردستان. لێرەدا داوایان لێ دەكەین ئەگەر ناتوانن و ناشیانەوێت بەرگریكاری مافەكانی گەلی كوردستان بن، ئەوە با بێدەنگ بن و دەستبەرداری ئەو یارییە هەرزانە و فیتنەگێڕی و ئەو مونافیقیە بن و چیتر دژی بەرژەوەندی و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان نەوەستنەوە. لە کۆتاییدا داوا لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەین، لەم پرسەدا یەک دەنگ و یەک هەڵوێست لەگەڵ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بمێننەوە، چونکە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، نە خێرە و نە سەدەقە تا موزایدەی پێوە بکرێت، بەڵکو مافێکی شەرعی و یاساییە و نابێت چیتر وەکو کارت و گوشاری سیاسی بەکاربهێنرێت و مافەکانیان زیاتر لەمە پێشێل بکرێت. فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
سهرۆكی ئێران ئاماژه بهوه دهكات، پێشوازیی له دانوستانهكانیان لهگهڵ ئهمهریكا دهكهن؛ دهشڵێت، ههوڵ دهدهن له دانوستانهكان بهردهوام بن. سێشهممه، 3ـی حوزهیرانی 2025، مهسعود پزیشكیان، سهرۆك كۆماری ئێران ڕایگهیاند، پێشوازیی له دانوستانهكانی نێوان تاران و واشنتن دهكهن له بارهی چارهكردنی پرسی ئهتۆمی ئێران و ئامادهن درێژه بهو دانوستانانه بدهن. مهسعود پزیشكیان گوتشی، لهگهڵ ئهوهی پێشوازیی له دانوستانهكان دهكهن، بهڵام ئهو بنهمایهیشیان لهبهرچاوه، كه نابێت لایهنی بهرانبهر ههوڵ بدات خۆی بسهپنێت و ئاستی داواكارییهكانی بهرز بكاتهوه. پزیشكیان ههروهها ئاماژهی بهوهش كردووه، تاران "دووڕویی" له مامهڵهكردنی ههندێك له هێزه گهورهكان له بارهی پرسهكانی ناوچهكه ڕهت دهكاتهوه. شەممە، 31ـی ئایاری 2025، عەباس عراقچی، وهزیری دهرهوهی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئێران سازش له بارهی پیتاندنی یۆرانیۆم ناکات، ئەمەش جۆرێکە لە سەپاندنی هەژموون"، ئاماژەی بەوەش دا، "سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای ملکەچنەبوونە بۆ هیچ هەژموونێکی دەرەکی". گوتیشی: مافی پیتاندنی یۆرانیۆم، یەکێکە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وڵات و پەیوەستە بە هەڵوێستی ئێران لە دژی هەژموونی دەرەکی. باسی لەوەش کرد: هیچ کات قبووڵ ناکەین پێمان بڵێن مافی پیتاندنی یۆرانیۆمتان نییە، ئەمە بە تەواوی قبووڵکراو نییە. وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕوونیشی کردبووهوه، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێران بووە، لە دانوستانەکانی ئێستا و پێشوودا. هەروەها عراقچی جەختی لە نەبوونی چەکی ئەتۆمی کردبووهوه، بەڵام ئاماژەی بەوەدا، لایەنی بەرانبەر ئەرکەکانی خۆی بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی جێبەجێ نەکردووه.
کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆتاییهات و، سەرچاوەیەک راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا هیچ بڕیارێک لەبارەى خەرجکردنی مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان نەدرا. هاوکات هەریەکە لە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەندانکردنەوەی عێراق کە لە پشکی پارتین بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکردووە. هەروەها هەر ئەمڕۆ پێش کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سودانی کۆبووەوە و، پاش کۆبوونەوەکەش موسەننا ئەمین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سودانی گوتویەتی ناتوانێت دڵنیایی بدات کە پێش جەژن مووچە بنێردرێت. ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 29ـی ئایاری 2025، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند "ئەگەر تاوەکو پێش جەژنی قوربان، ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان رەوانە نەكرێت، هەڵوێستی جددیان دەبێت و رایدەگەیەنن". بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 3ی حوزەیرانی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری دا پشووی فەرمی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لە رۆژی هەینی 6ی حوزەیرانەوە دەستپێبکات تاوەکو سێشەممە 10ی حوزەیران. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باس لەوە دەکات، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە 11 و 12ی ئەم مانگە دەوامی فەرمی لە دامودەزگەکانی دەوڵەت دەبێت. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەروەها بڕیاری دا رۆژی 15ی حوزەیرانیش بەبۆنەی جەژنی غەدیرەوە پشوو بێت.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی حیزبی مەهەپە، بە بۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، ئەمڕۆ سێشەممە پەیامێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا باسی قۆناغە نوێیەکانی چارەسەرکردنی پرسی کوردی بە رێگاچارەی ئاشتییانە کردووە. نابێت ئەو دەرفەتە زێڕینە لەدەست بدەین. تەنیا لە رێگای ئەمەوە لە تورکیا بە تەواوی دەبێت بە جەژن و سیاسەتی دیموکراتی و مەدەنی بە شێوەیەکی بەرفراوان و قوڵ سەرکەوتن بە دەست دەهێنێت. لە پەیامەکەیدا باخچەلی لەبارەی ئەو قۆناغە نوێیەوە کە هێشتا کورد و حکومەتی تورکیا لەسەر ناولێنانی رێک نەکەوتوون. پارتی و پەکەکە بە "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری" و پارتیی دەسەڵاتدار و مەهەپەیش بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبەن. ئەم قۆناغە نوێیە بە دەستپێشخەری سەرۆکی مەهەپە دەستی پێ کردووە و هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا بە شێوەیەکی ئاشتییانە و بێ گەڕانەوە بۆ چەک. باخچەلی ئاماژە بەوە دەدات کە تورکیای "بێ تیرۆر" دەبێتە دەستکەوتی مێژوویی بۆ تورکیا و دەڵێت: "تورکیای بێ تیرۆر دەبێتە جەژنی هەمیشەیی گەلی تورک. لە سەدەی نوێی تورکیادا جێی داردەستەکانی ئیمپرالیزم و تێکدەران و ناپاکان نابێتەوە و تورکیا لە تەنگوچەڵەمەکان رزگاری دەبێت". سەرۆکی مەهەپە سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە لەم قۆناغە نوێیەدا پێویستە هەموو لایەک بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەڵبستێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم دەرفەتە زێڕینە نابێت لەدەست بچێت. تەنیا لە ڕێگای ئەمەوە لە تورکیا بە تەواوی دەبێت بە جەژن و سیاسەتی دیموکراتی و مەدەنی بە شێوەیەکی بەرفراوان و قوڵ سەرکەوتن بە دەست دەهێنێت.
موسەننا ئەمین ڕایدەگەیەنێت سودانی وتی ئێستا ئێوە لە بەرەجەژناندا هاتوون بۆلای من، بەڵام من ناتوانم دڵنیایی بە ئێوە بدەم كە پێش جەژن ئەتوانم هیچ بڕیارێك وەربگرم، چونكە ئەم بڕیارە بەتەنها بەدەست من نییە، وەزارەتی دارایی لە ماوەكانی پێشتریشدا هیچ بەرپرسیارێتییەكی هەڵنەگرتووە. سەبارەت بە كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق تایبەت بە پرسی موچەی هەرێمی كوردستان، موسەننا ئەمین ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا وتى: سودانی وتی حوكمڕانی عێراق وەكو هەرێم نییە، كە ئەوان لە دەرەوەی یاساو لەسەرەوەی دادگاو پەرلەمان هەموو جۆرە بڕیارێك ئەدەن، من پابەندم بە یاساو بڕیاری دادگاو دەسەڵاتداری رەها نیم. سودانی وتی لە ساڵی 2024وە ئێمە هۆشداری بە حكومەتی هەرێم دەدەین كە دەبێت داهاتەكانتان بەباشی رادەست بكەن، ئەو مەرجانەی كە دادگای فیدراڵی بۆ ئێمەی داناوە بۆ ئیوەشی داناوە، هەردوولامان پێویستە رێزی لێ بگرین. سودانی وتی ئێستا ئێوە لە بەرەجەژناندا هاتوون بۆلای من، بەڵام من ناتوانم دڵنیایی بە ئێوە بدەم كە پێش جەژن ئەتوانم هیچ بڕیارێك وەربگرم، چونكە ئەم بڕیارە بەتەنها بەدەست من نییە، وەزارەتی دارایی لە ماوەكانی پێشتریشدا هیچ بەرپرسیارێتییەكی هەڵنەگرتووە دەرباری خەرجكردنی ئەم پارانە چونكە بەنایاسایی زانیوە، دیوانی چاودێری دارایی بە نایاسایی زانیوە، ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران بە نایاسایی زانیوە، من تەحەمولی ئەو بەرپرسیارێتییەم كردووەو هەر پارەیەك بۆ ئێوە هاتووە لە پێشەوە نوسراوە لەسەر بنەمای فەرمانی سەرۆك وەزیران، من ئێستاش ئامادەم ئەوە بكەم، بەڵام لەسنور دەرچووە، چونكە هەرێم هیچ پابەند نابێت. هەرێم دەبێت داهاتی ناوخۆ رادەست بكات، جارێك هاتن 91 ملیار دیناریان رادەستكرد، دواتر كردیان بە 70 ملیار دینار، دواتر كردیان بە 60 ملیار، دواینجار كردیان بە 48 ملیار، ئەمە گاڵتەكردنە بە نیزام و قانون. سودانی وتی بەرلەوەی ئێمە بزانین، وەزارەتی دارایی (مەبەستی تەیف سامییە) نوسراوی ناردووە كە ناتوانین تەمویلتان بكەین، بەئەمانەتەوە پێتان بڵین وەزارەتی دارایی پێش ئەوەی من بیبینم ئەو نوسراوەی دەركردووە، لەسەر بنەمای دیوانی چاودێریی دارایی كە وتویەتی یاسایی نییە ئەم پارەیە بدرێت. سودانی وتی داواكارییەكانی ئێمە لە حكومەتی هەرێم تەعجیزی نین، ئێمە دەڵێین داهاتی نەوتیتان هەیە بەگوێرەی بڕیاری دادگاو بەپێی یاساو بەپێی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس ئێوە دەبێت ئەم نەوتە رادەستی (سۆمۆ) بكەن. ئەتانوت تێچووی بەرهەمهێنانمان بە 6 دۆلار داناوە لە بودجەو بەشی كۆمپانیاكانی هەرێم ناكات، ئێمە ئەم یاسایەمان برد لە پەرلەمان و بەرگەی فشاری دنیامان گرت تا لە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان تێیپەڕێنین بیكەین بە نزیكەی 16 دۆلار، بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانتان قسەیان نەمێنێ و ئەم نەوتە تاڵان نەكەن و لەسنورەكانەوە بەقاچاخ نەیفرۆشن، بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی و رادەستی سۆمۆی بكەن، وتیان فڵان كۆمپانیای ئەمریكی تێدایە، وتمان ئەگەر لەژێر فشاردان پشكی ئەو كۆمپانیایە ئەمریكییە 30 هەزار بەرمیلە نابێت بە رێژەی 10%ی كۆی بەرهەمهێنان؛ ئەوە هەر پیرۆزتان بێت كێشەمان نییە، ئەوی تری بەپێی بڕیاری دادگا رادەستبكەن. سودانی وتی من داوای 150 ملیار دینار داهاتی ناوخۆم كردووە كە خەمڵاندنی ئێمە زۆر لەوە زیاترە. ناكرێت داهاتەكانی خۆت بۆ خۆت بن و داوای موچە لە من بكەی. سودانی وتی بڕیاری دادگا، حكومەتی هەرێمی پابەندكردووە بە تەوتینی موچەو دەڵێ هەر وەزارەت و پارێزگاو بەڕێوەبەرایەتییەك لە هەرێمەوە ئەتوانێ راستەوخۆ لیستی موچەكەی بهێنێت بۆ وەزارەتی دارایی لێرە تەوتین بكرێت ئێمە راستەوخۆ موچەكەی پێ بدەین، باشە ئێوە دەڵێن ئەم بابەتە لەیەكتر جیابكەنەوە؟! هەرێم ئامادەیە موچە تەوتین بكات هەتا ئێمە بتوانین راستەوخۆ موچە بدەین بە فەرمانبەر زەرەرمەند نەبێت لەم كێشەیە؟! هەرێم ئەوەش ناكات. لیستی موچەشیان هەڵەیەو ئێمە دڵنیاین بندیوارو كێشەی زۆری تێدایەو ئێمە دڵنیاین و راپۆرتی وردمان هەیە لەسەری. سودانی وتی داوامان لە دادگا كردووە رونكردنەوەی زیاتمان بدەنێ، چونكە كێشە دروستبووەو خەڵك لە هەرێم موچەی نییە، دادگاش ئێمە 4 بۆ 5 دادوەریی لە حەجن و ئەوانی تریشیان لەپشوون و چەند رۆژێكی تر جەژنە، ناتوانین دڵنیایی ئەوە بدەین كە ئەمانە كۆدەبنەوەو دەتوانن بڕیار بدەن، بەڵام من ئەگەر چەترێكم نەبێت لە دەركردنی بڕیار ناتوانم مامەڵە بەم پارانەوە بكەم كەسوكاری خۆم نییە، پارەی دەوڵەتی عێراقە.
کەجەدەکە-ئە بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کۆتایی بە گەمارۆی لەسەر کامپی پەنابەرانی مەخموور بهێنن و ڕایگەیاند، تورکیا، عێراق و پەدەکە بەسیستماتیکییانە گەمارۆ دەخەنە سەر مەخموور. کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) لە ژێر ناوی "سیاسەتی قڕکردن لەسەر مەخمووردا جێبەجێدەکرێت؛ خەڵکی مەخموور بەتەنیا نییە" بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تورکیا، عێراق و پەدەکە بەسیستماتیکییانە گەمارۆ دەخەنە سەر مەخموور. لە بەیاننامەکەی کەجەدەکە-ئە ـدا هاتووە، رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و تورکیا وەک بیانوویەک بۆ رێگریکردن لە ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی ناو کەمپەکە بەکاردەهێنرێت و ئەوەش هاتووە کە "پێداویستییە سەرەتاییە مرۆییەکانیان دابین ناکرێت". کەجەدەکە-ئە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق "بەردەوام گەمارۆی کەمپەکە دەدەن" و شاندێکی نوێنەرانی کەمپەکەیان دەستگیرکردووە. کەجەدەکە-ئە باسی لەوەش کردووە کە کەمپی مەخموور لەو خەڵکە مەدەنی پێکهاتووە کە لە ساڵانی ١٩٩٠ـکاندا بەهۆی چۆڵکردنی گوندەکانەوە لە باکووری کوردستان ناچاربوون کۆچ بکەن، لە ساڵی ١٩٩٨ کرایەوە و لەهەمان ساڵدا چووە ژێر چاودێری کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) و ئاماژەی بەوە کرد، " ئەو گەمارۆیەی دەوڵەتی تورک و حکومەتی عێراق سەرەڕای چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەیسەپێنن، مایەی قبووڵکردن نییە." لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە دوای ئەوەی بەڕێوبەرێتی کەمپەکە سکاڵای لەبارەی ئەو گلەییانەوە ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کێشەکان هێشتا قورستر بوون. لە بەیاننامەکەی کەجەدەکە-ئە ـدا ئەم داواکارییانە هاتووە: هەڵپەساردنی گەمارۆکە: هەموو پێداویستییەکی مرۆیی لە نێویاندا ئاو، کارەبا، خزمەتی تەندروستی دابین بکرێن. پرسی پەنابەریی سیاسی: مافی پەنابەریی سیاسی بدرێت بە دانیشتووانی ناو کەمپەکە. دەستتێوەردانی نێونەتەوەیی: نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەرکی خۆی هەڵسێت و بەشێوەیەکی فەرمی هۆشداریی بداتە حکومەتی عێراق و ئیدارەی ناوچەکە. کەجەدەکە-ئە بەتایبەت بانگەوازی بۆ رای گشتی نێونەتەوەیی کرد کە پاڵپشتی مەخموور بکات.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سێ سەربازیان لە باکووری غەزە لەکاتی ئەرکدا کوژراون و دوو سەربازی دیکەش بە سەختی برینداربوون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو سێ سەربازە لەکاتی ئەرکێکدا لە جەبەلییە لە باکووری غەزە لەنێو ئۆتۆمبێلە سەربازییەکەیان بۆمبێکیان پێدا تەقیوەتەوە و گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی ماڵپەڕی سوپای ئیسرائیل کە ناو و زانیاریی سێ سەربازەکەی بڵاوکردووتەوە، دوو لە سەربازەکان تەمەنیان 20 ساڵە بەناوەکانی لیۆر ستاینبێرگ و ئۆفیک بارهانا، سەربازی سێیەمیش تەمەنی 22 ساڵە و بەرپرسی تیمەکە بووە بەناوی ئۆمێر ڤان گیڵدەر. بەکوژرانی ئەم سێ سەربازە، ژمارەی کوژراوانی سوپای ئیسرائیل لەماوەی 19 مانگی جەنگی غەزە بەرزبوویەوە بۆ 423 سەرباز. لەماوەی جەنگدا ئیسرائیل بەردەوام هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر غەزە و بەهۆیەوە تائێستا 54 هەزار کەس لەنێو کەرتەکە کوژراون.
بەرپرسێکی ئەمریکا ئاشکرایدەكات: (500) سەربازی وڵاتەكەی له سوریا کشێنراونەتەوه و له ماوەی چەند هەفتەی رابردوشدا دوو بنکەی سەربازی داخراون و بنکه ی سێیەمیش رادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات کراوه . ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا كە قسەی بۆ (Alarabiya English) كردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بەشێوەیەکی سەلامەت و دیراسە بۆ كراو و، لەسەر بنەمای بارودۆخی مەیدانی دیاریکراو، ئەنجام دەدرێت. پێشتریش تۆم باراک، نێردەی ئەمریكا بۆ سوریا پلانێکی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا ئاشکرا کردو، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئێن تی ڤی" تورکی رایگەیاند: لە هەشت بنکەوە تەنها یەك بنكەی سەربازی دەهێڵینەوە. سەبارەت بە پشتیوانی ئەمریکاش بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات، باراک جەختیكرد، هەسەدە هاوپەیمانی واشنتۆنەو هاوكارییەكانیشی لە چوارچێوەی هاوكاریكردنی هاوپەیمانێكيدایە، ئەم پرسە بەلای كۆنگرێسی ئەمریكاوە زۆر گرنگە.
سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئێران نادەن پیتاندنی یۆرانیۆم بکەن؛ ئەمەش دوای ڕاپۆرتێکی پێگەیەکی ئەمەریکا هات کە ڕایگەیاندبوو، واشنتن ڕێگە بە تاران دەدات ڕێژەیەکی کەم یۆرانیۆم بپیتێنێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'تروس سۆشیاڵ' نووسیویەتی "بە پێی ئەو ڕێککەوتنە سەرەتاییەی کە هەیە، ڕێگە بە هیچ جۆرە پیتاندنێکی یۆرانیۆم نادەین." سەرۆکی ئەمەریکا دووبارە ڕەخنەی لە جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا گرت و گوتی: ئەو دیموکراتە دەبوایە پێشتر ئێرانی لە پیتاندنی یۆرانیۆم ڕاگرتبا. ئەم لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ دوای ڕاپۆرتەکەی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی دێت، کە بڵاوی کردبووە، لە پێشنیازەکەی واشنتن بۆ تاران هاتووە، ئەمەریکا ڕێگەی بە ئێران دەدات بە ڕێژەی %3 پیتاندنی یۆرانیۆم بکات. هەروەها بە گوێرەی پێگەکە، ئێران دەبێت لە توێژینەوە و پێشخستنی ئامێرەکانی تایبەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم بوەستێت. هاوکات نابێت هیچ دامەزراوەیەکی دیکەی تایبەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم دابمەزرێنێت و دەسبەرداری ئەو دامەزراوەنەش بێت کە خەریکە دایاندەمەزرێنێت. دوێنێ، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە قاهیرە گوتی: وڵاتەکەی خاوەنی بەرنامەی ئاشتیانەی ئەتۆمییە، هیچمان نییە لەو بارەیەوە بیشارینیەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی، جەخت لە دەستەبەرکردنی مافەکانی سەرجەم هاوڵاتیان و پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز دەكاتەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغداد و هەولێر. چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، لە بەیاننامەكەدا دەڵێت: شەوی رابردوو لە نوسینگەی عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، بە ئامادەبوونی محەمەد شییاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداوە. لە کۆبونەوەکەدا، دۆسیەی هەرێمی کوردستان تاوتوێكراوەو پێداگری لەسەر گرنگی مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو پرسێکی نیشتمانی بەگوێرەی دەستور و یاساکانی حوکمڕانی کراوەتەوە. هاوكات پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵیش، بە دەستەبەرکردنی مافی سەرجەم هاوڵاتیان و، هەوڵدانی جدی بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم چارەسەرەکان. لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە: ئامادەبووان بە گرنگیان زانیووە یاسای نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند بكرێت، كە بە چارەسەری بنەڕەتی دادەنرێت بۆ كۆتایهێنان بە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغداد و هەولێر. چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەسەر پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا كردووەتەوە، داوای لە هاوڵاتیانيش کردووە داتای بایۆمەتری خۆیان نوێ بکەنەوە ،و چالاکانە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن.
دەم پارتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری وانی هەڵبژارد. نووسینگەی راگەیاندنی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان "پارتی دەم" رایگەیاند، فراکسیۆنی پارتەکەیان بەشێوەی داخراو کۆبووەتەوە و بڕیاریانداوە پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری پارتەکە لەسەر بازنەی وان، بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەڵبژێرن. پارتی دەم، لە چەند رۆژی داهاتوودا، ناوی پەروین بوڵدان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا دەکات. بەو جۆرەش بوڵدان، جێگەی سڕی سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەگرێتەوە، کە سێی ئایاری ئەمساڵ و پاش 18 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانیلەدەستدا. لە دوو ساڵی رابردوودا، ئۆندەر لەسەر پشکی پارتی دەم، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بوو. لە قۆناغی پڕۆسەی ئاشتیدا پەروین بوڵدان چەندینجار لە سەر داوای حكومەتی توركیا وەكو شاندی ئیمڕاڵی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی كردووە و رۆڵی نێوەندگیری گێڕاوە لە نێوان ئەنقەرەو قەندیل، بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری پرسی كورد و ئاشتی لە توركیا. دوای دەست لەكاركێشانەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كە ئێستا لە زینداندایە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، هەدەپە بوڵدان-ی وەكو هاوسەرۆك دیاریكرد، هەروەها لە هەڵبژاردنی 24ی ئەم مانگەدا جارێكی دیكە بووەوە بە ئەندامی پەرلەمانی توركیا. پەروین بولدان لەدایکبووی ٦ی تشرینی دووەمی ١٩٦٧ لە پارێزگای ھەکاری، کەسایەتی سیاسیی کوردی باکوورە ئێستا ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلانە. بولدان لەگەڵ مێردەکەی ئەچنە ئەستەنبوڵ بۆ ژیان. دوای ئەوەی مێردەکەی لە 3ی حوزەیرانی 1994دا لەلایەن کۆمەڵێکی "نەناسراو"و ئەکوژرێت دەست ئەداتە کاری سیاسی. بوڵدان لە ساڵی 2011 دا بۆ یەكەمجار دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی توركیاو سەر فراكسیونی پارتی دیموكراسی و ئاشتی و (بەدەپە) و دەبێتە جێگری سەرۆكی فراكسیونەكە.
تۆماس باراک، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سوریا ڕایگەیاند، ئەمەریکا پلانێکی پەسەندکردووە کە سەرکردایەتی نوێی سوریا پێشنیاری کردووە بۆ ئەوەی ڕێگە بە هەزاران چەکداری بیانی کە پێشتر بەشێک بوون لە ئۆپۆزسیۆن، بچنە ناو سوپای نیشتمانییەوە، بە مەرجێک ئەم کارە بە شێوەیەکی شەفافانە ئەنجام بدرێت. نێردەی ئەمەریکا لە سوریا وتیشى: "لێکتێگەیشتنێک هەیە لەو بارەیەوە، لەگەڵ بوونى شەفافیەت لە پڕۆسەکە، ئاماژەی بەوەشکرد، باشترە ئەو چەکدارانە کە بەشێکی زۆریان "زۆر دڵسۆزن" بۆ ئیدارەی نوێی سوریا، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی دەوڵەتیدا بمێننەوە نەک بەدەر بکرێن. بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز سێ بەرپرسی بەرگری سوریا ڕایانگەیاندووە، پلانەکە داوا دەکات نزیکەی سێ هەزار و 500 چەکداری بیانی کە زۆربەیان ئیگۆریین و لە چین و وڵاتانی دراوسێى ئەو وڵاتەوە چونەتە سوریا، بچنە پاڵ یەکەیەکی تازە پێکهێنراو کە فیرقەی 84ی سوپای سوریایە، کە هاوکات سوریەکانیش لەخۆدەگرێت. لەلایەکى دیکەوە کەناڵى ئەلحەدەس بڵاویکردەوە ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا هەوڵیداوە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕەزامەندى بنوێنن و بڕوایان پێبهێنێت کە تێکەڵکردنی چەکدارانی بیانی کەمتر مەترسیدارە لە وازهێنانیان. شەرع وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاگادار کردۆتەوە کە چەکدارانی بیانی ئەگەر نەخرێنە ناو سوپاوە دەچنە پاڵ ڕێکخراوى قاعیدە یان داعش. چارەنووسی ئەو بیانیانە کە پەیوەندییان بە گروپى تەحریر شامی سوریاوە کرد لە کاتی شەڕی 13 ساڵەی نێوان گروپە چەکدارەکان و بەشار ئەسەد، یەکێک بووە لە پرسە پڕ لە کێشەکان کە ڕێگری لە نزیکبوونەوەی دیمەشق لەگەڵ ڕۆژئاوا دەکرد. لانی کەم تا سەرەتای مانگی ئایار ئەمەریکا داوای لە سەرکردایەتی نوێ دەکرد بە شێوەیەکی بەرفراوان چەکدارانی بیانی لە هێزە ئەمنییەکان دووربخاتەوە. بەڵام ڕێبازی واشنتۆن بۆ سوریا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هات، دوای ئەوەی ترەمپ لە مانگی ڕابردوودا گەشتێکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا و ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر هەڵگرتنى سزاکانی سەر سوریا، هەروەها لە ڕیاز چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا کەوت و دۆستێکی نزیکی خۆی وەک نێردەی تایبەتی خۆی بۆ سوریا دیاریکرد.. بەوتەى دوو سەرچاوەی نزیک لە وەزارەتی بەرگری سوریا، شەرع ڕۆژئاواى دڵنیاکردووەتەوە کە چوونى چەکدارانی بیانی بۆ ناو سوپا کەمتر مەترسی ئەمنی دەبێت لە وازهێنانیان. هەزاران چەکدارى موسڵمانى سوننەی بیانی لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریا کە ماوەی ١٣ ساڵە بەردەوام بوو، پەیوەندییان بە گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە کردوەو و دژی ئەسەد شەڕیان کرد، کە لەلایەن میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێرانەوە هاوکاری دەکرا. هەندێک لە چەکدارەکان گروپی تایبەت بە خۆیان پێکهێنا، هەندێکی تریش پەیوەندییان بە گروپە هەبووەکانی وەک داعشەوە کرد، کە "خەلافەت"یان لە سەرانسەری ناوچە بەرفراوانەکانی سوریا و عێراق ڕاگەیاند پێش ئەوەی لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئەمەریکا و ئێرانەوە شکستیان پێبهێنرێت. چەکدارانى بیانی لەناو دەستەى تەحریر شام ناوبانگێکی زۆریان بەدەستهێنا وەک چەکدارێکی دڵسۆز و دیسپلین و بەئەزموون و بڕبڕەی پشتی ئەو گروپە بژاردانەى کە پێیان دەوترا یەکەکانی خۆکوژی. ئەو چەکدارە ئیگیۆریانەى لە چین و ئاسیای ناوەڕاستەوە چونەتە سوریا، ئەندامی پارتی ئیسلامی تورکستانن، کە گرووپێکە لەلایەن پەکینەوە وەک “تیرۆریست” دەستنیشانکراوە. بەرپرسێکی سوری و دیپلۆماتکارێکی بیانی ڕایانگەیاند، چین هەوڵیداوە هەژمونى ئەو گروپە لە سوریا سنووردار بکرێت. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی: "چین هیوادارە سوریا دژایەتی هەموو جۆرەکانی تیرۆر و هێزە توندڕەوەکان بکات لە وەڵامی نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا".