سعودیە؛ پەرەسەندنی دەسەڵاتی ناوچەیی و خواستە ستراتیژییەکانی

4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردن: هاوڵاتی
لە ماوەی نزیکەی دوو دەیەی ڕابردووەوە، سعودیە وەک یەکێک لە کاریگەرترین دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێواش هێواش دەرکەوتووە و هەم وەک زلهێزێکی ناوچەیی و هەم وەک دەوڵەتێک کە چاوی لەسەر هەژموونێکی فراوانترە لە ناوچەکەدا و پێگەی خۆی بەرجەستە کردووە و سەلماندووە. ستراتیژە جیۆپۆلەتیکییەکان و گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و کرانەوەی سیاسیی و هاوسەنگیی هێز لە سەرانسەری ناوچەکەدا، نەخشە و دیزاینی ناوچەکە دادەڕێژنەوە و لە قاڵب دەدەنەوە.
تایبەتمەندییەکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ڕیاز، هەماهەنگیی وورد و بەرچاو بووە لەگەڵ ئیسرائیل. سەرەڕای نەبوونی پەیوەندی دیپلۆماسی فەرمی تا ئەم دواییانە، سعودیە و ئیسرائیل هەڵوێستیان هاوتەریب بووە بەرامبەر بە ئێران، کە هەردووکیان بە هێزێکی دادەنێن کە هۆکاری ناسەقامگیرییە لە ناوچەکەدا و لە چەندین وڵاتی ناوچەکە هێزی چەکداریی ئایدیۆلۆژییی روستکردووە. هەروەها ئێران هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە لەسەریان بەهۆی مووشەکە بەهێز و دوورهاوێژەکانییەوە و هەوڵەکانییەوە بۆ دەستگەیشتن بە چەکی ناوکیی.
لەلایەکی ترەوە، تورکیا هەیە کە هەوڵی باڵادەستبوون و سەپاندنی هەژموونی خۆی دەدات و ئەمەش ئاڵنگارییەکی دیکەی بەردەمی سعودیەیە کە لە ململانێیەکی هەندێک جار شاراوە و هەندێکجار ئاشکرا و ڕاستەوخۆدایە لەگەڵیدا. بە تایبەت لەو شوێنانەدا کە تورکیا و ئیسرائیل ناکۆکیی قووڵ دەکەوێتە نێوانیان، سعودیە ئامادەیە و هەماهەنگیی تەواوی لەگەڵ سیاسەت و هەڵوێستەکانی ئیسرائیل هەیە.
سعودیە تەنها وڵاتی بەهێزی ناوچەکەیە لە مێژوویەکی زیاتر لە چەند دەیەوە هیچ ناکۆکییەکی دیار و بەرچاوی نەبووە لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. ئەمەش سروشت و تایبەتمەندییەکی پڕاگماتیکی بە سیاسەت و دیپلۆماسییەتی سعودیە بەخشیوە. هەروەها لەڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە، بە نزیکەیی هاوسنووری زۆربەی ووڵاتانی ڕۆژهەڵتی ناوەڕاستە.
خاڵە بەهێزەکانی شانشینی عەرەبی سعودیی تەنها لە پێگەی جیۆپۆلەتیکیدا نامێنێتەوە بەڵکو لە پلان و دەسەڵاتە ئابوورییەکەشیدایە. پلانی چاکسازیی و دیدگای ٢٠٣٠ ی شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان، سعودیە دەستیکردووە بە هەمەچەشنکردنێکی بەرفراوان لە ئابوورییەکەیدا. وڵاتەکە بە دوورکەوتنەوە لە پشتبەستنی تەواوەتی و زۆری بە نەوت، وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاریی، تەکنەلۆژیا، وزەی نوێبووەوە، و پڕۆژە گەورەکانی وەک NEOM، شارێکی زیرەکی ئایندەیی دەکات. ئەم کارنامە بەهێزە بە ئامانجی ڕاکێشانی کۆمپنیاکانی وەبەرهێنانی بیانییە بۆ سعودیە تا وەکو ببێتە ناوەندێک بۆ بازرگانی جیهانیی لە کەنداودا هاوشانی ئیمارات. کە بێگومان بە جێبەجێکردن و سەرکەوتنی پلانەکەی بگرە لەو ململانێیەشدا پێش ئیمارات دەکەوێت بە هۆکاری فراوانی ڕووبەری وڵاتەکە و ئابوورییە بەهێزەکەیەوە.
بە هەمان شێوە گرنگە وردە وردە کردنەوەی کۆمەڵگای سعودییە. کاتێک بە کۆتوبەند و سنووردارکردنێکی توندی کۆمەڵایەتی و ئایینی ناسرابوو، شانشینییەکە یاساکانی تایبەت بە جیاکاری ڕەگەزی سووک کردووە، ڕێگەی بە ژنان داوە لە کەرتە جیاوازەکاندا دەربکەون و کار بکەن و ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت، هەروەها فەزای دەربڕین و ئازادیی کولتووریی فراوانتر کردووە لە ڕێگەی کۆنسێرت و وەرزش و چالاکیی و بۆنەکانی کات بەسەربردنەوە. هەروەها لە ڕێگای کۆمەڵێک یاسا و بڕیارەوە وایکردووە گوتاری ئایینییش نەرمتر بێت، ئەمەش بە هەڵمەتێکی بەرفراوان بە سەرکردایەتیی دەوڵەت لە دژی توندڕەویی ئاینیی و جەختکردنەوە لەسەر لێکدانەوەیەکی میانڕەوتر بۆ ئیسلام. ئەم چاکسازییانە، هەرچەندە هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی نزیکی دەوڵەتدان، بەڵام وێنەیەکی کراوەتر و پڕۆسەیەک لە مۆدێرنیزاسیۆن دەخەنە ڕوو کە هێزی نەرمی یان سۆفت پاوەری شانشینییەکە بەهێزتر دەکات.
لە ڕووی ستراتیژییەوە سعودیە کاردەکات بۆ هاوسەنگکردنی ڕۆڵی دوولایەنەی خۆی. لەلایەکەوە پارێزەری بەها نەریتیی و ڕەسەنەکان و لەلایەکی ترەوە دەرکەوتنی وەکو هێزێکی پێشکەوتووخواز و مۆدێرن و سەردەمییانە کە دەیەوێت ئەمانە بکاتە دەستمایەی سەرمایەیەکی بەهێزی ڕەمزیی بۆ ململانێ ناوچەیی و جیهانییەکانی. یەدەگی دارایی بەهێز و خەرجییە سەربازییەکان و پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی و سەرکردایەتیکردنی جیهانی عەرەبی، کاریگەریی و ڕۆڵێکی بەهێز بە ڕیاز دەبەخشن لە داڕشتنی ئاڕاستەی گۆڕانکاریی و داینامیکییەتی ناوچەییدا.
بەڵام سەرباری ئەم خاڵە گەش و بەهێزانە لەسەر ڕێگای هەژموونگەرایی خۆی لە ناوچەکەدا، هێشتا لەبەردەم ئاڵنگارییە قورسەکان و کێبڕکێ بەهێزەکاندایە، چونکە ئێران و تورکیا لەمپەری ئاسان نین لەبەردەمیدا و هەروەها گۆڕانی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەبەردەوامیی کە ئەمانەش ئاماژەن بۆ ئەوەی گەیشتنی سعودیە بە خواست و ئامانجەکانی ئاسان و بێ سەرئێشە و بە ڕێگایەکی تەخت و کورت نابێت.
وێنەکە تاڕاددەیەک بەم شێوەیەیە، لە نەزمی پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سعودیە لە گۆڕەپانێکدا وەستاوە، بەشێوەیەکی جەختکەرەوە، دەوڵەمەند و بە بیری چاکسازییەوە، هەوڵدەدات سەرکردایەتیی ناوچەکە بکات و لە هەمان کاتدا لە بەڕێوەبردنی ڕکابەریی و هاوپەیمانییەکاندا سەرکەوتوو بێت کە بتوانێت هەژموونی فراوان و کاریگەرییە بەهێزەکانی داهاتووی خۆی دیاری بکات.

