نەتانیاهۆ یان ئەردۆغان کامیان دەتوانن لەسەر مێزەکەی ترەمپ براوە بن؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئیێتا شەڕەکەیان لەسەر فڕۆکە ترسناکەکەی ئەمریکایە

ئامادەکردنی هاوڵاتی
فڕۆکەی ئێف-35 ئیسرائیلی تووشی دوودڵییەکی گەورە کردووە. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەنهێنی خەریکی لۆبیکردنە و دەیەوێت بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ رازی بکات ئەو فڕۆکەیە هەرگیز نەدرێتە دەست رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. 

پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، رۆژی یەکی ئەم مانگە، نەتانیاهۆ لەگەڵ فرانک سەینت جۆن، بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای لۆکهید مارتن کۆبووەتەوە، کە ئەو کۆمپانیایە بەرپرسە لە دروستکردنی فڕۆکە تۆقێنەرەکەی ئەمریکا. 

نەتانیاهۆ لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوە کردووە چۆن بتوانرێت باڵادەستی ئیسرائیل لە فڕۆکەکەدا بهێڵرێتەوە ئەگەر هاتوو ترەمپ فرۆکەی ئێف-35ـی دایە دەست سعودیە و تورکیا.

ئەلمۆنیتەر دەڵێت، نەتانیاهۆ ترسێکی گەورەی لێنیشتووە، بەڵام نایەوێت رووبەرووی ترەمپ بێتەوە و دژایەتی بکات.

مانگی رابردوو ترەمپ رایگەیاند فڕۆکەی ئێف-35 بە سعودیە دەفرۆشن. میدیای ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئەو فڕۆکەیەی دەدرێت بە سعودیە وەشانێکی ئاست نزمترە بەراورد بەوەی لەژێر دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە. 

بەڵام دوودڵی نەتانیاهۆ زیاتر لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەکەیە بە تورکیا. ئەلمۆنیتەر باس لەوە دەکات بەرپرسانی ئیسرائیل زیاتر لە قسەیەکی ئەردۆغان نیگەرانن کە وادەریدەخات بیەوێت رووبەرووی ئیسرائیل بێتەوە. 

ئەو گوتارەی باسی دەکەن لە تەمووزی 2024 بوو کاتێک ئەردۆغان گوتی، دەبێت ئەوەندە بەهێزبین ئیسرائیل نەتوانێت کاری گەمژانە بەرامبەر فەڵەستین بکات، هەروەک چۆن چووینە قەرەباخ و لیبیاوە، رەنگە هەمان شت بەرامبەر ئەوان بکەین.

لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ، ئەمریکا تورکیای لە پرۆگرامی بەرهەمهێنانی فڕۆکەکە دەرکرد دوای ئەوەی ئەنقەرە سیستمی بەرگری ئێس-400ـی لە روسیا کڕی و چەند سزایەکی بەسەردا سەپاند. بەڵام لەمدواییانە پەیوەندییەکانی ترەمپ و ئەردۆغان باشبوون و جارێکی دیکە واشنتن خەریکە رازیدەبێت فڕۆکەکە بدات بە ئەنقەرە. تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا هەفتەی رابردوو گوتی واشنتن و ئەقەرە کار لەسەر کێشەکانیان دەکەن سەبارت بە ئێف-35 بەڵام چەند بەربەستێک ماون.

تورکیا لە ساڵی 2019 بەنیازبوو 100 فڕۆکەی ئێف-35 لە ئەمریکا بکرێت، بەڵام دەرکردنی ئەنقەرە لە پرۆگرامەکە، ئەمریکا دەڵێت، هەتاوەکو خاوەنی سیستمی ئێس-400 بیت، ئێف-35 وەرناگریت، بەرپرسانی تورکیاش رەتیدەکەنەوە واز لە سیستمی ئێس-400ـی رووسی بهێنن. 

بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر، لەنێو سوپای ئیسرائیل باس لە مەترسی پێدانی فڕۆکەی ئێف-35 دەکرێت بە وڵاتانی دیکە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی تورکیا، هەروەها دزەکردنی زانیارییە تەکنەلۆجییەکانی فڕۆکەکە بۆ چین. بەرپرسێکی باڵای سوپای ئیسرائیل دەڵێت: بابەتی سەرەکی ئیف-35 توانستە نهێنییەکانیەتی کە دەتوانێت خۆی بدزێتەوە لە رادار و سیستمی بەرگری، ئەمەش لە هەموو مۆدێلەکانی فڕۆکەکە هەیە و دەدرێتە سعودی و تورکەکان، جگە لەوەی سیستمی کۆنتڕۆلکردنی هەیە کە دەتوانرێت سەربەخۆ کاری پێبکرێت و نەگەڕێتەوە بۆ تاوەڕی سەرپەرشتی. 

ئەو بەرپرسە سەربازییە باس لەوەش دەکات، "ئێف-35ـەکانی ئێمە توانییان ئێرانییەکان تووشی سەرسوڕمان بکەن و بە یەکجار سیستمی بەرگریمان تێکشکاندن بەبێ ئەوەی زیانمان بەربکەوێت. ئەم توانایە رەنگە لەدژی ئیسرائیل بەکاربهێنرێت کە وڵاتێکی بچووک و بەرتەسکە و پێویستی بە ئاگاداری پێشوەختە هەیە پێش ئەوەی چەکی دوژمن ئاسمانەکەی ببەزێنیت.

بەرپرسە سەربازییەکەی ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە، لەپڕێکدا هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل و بە یەکجار هەموو ناوچە گرنگەکانی لەدەست بدات بۆیە دەڵێت، سەرجەم ئامانجە سەربازی و سڤیلییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەیەکی بچووکی چڕدا کۆبوونەتەوە، ئەگەر فڕۆکەی ئێف-35 لە ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەڵبستێت و لەپرێکدا لە ئاسمانی ئیسرائیل دەربکەوێت دۆخێک دروست دەبێت ئیسرائیل ناتوانێت بەرگەی بگرێت و بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری دەخاتە سەر توانای بەرگریکردن لە خۆی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار