سزای سێدارەدانی وەریشە مرادی هەڵوەشایەوە
4 كاتژمێر لەمەوپێش
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت، سزای لەسێدارەدانی وەریشە مرادی، بەندکراوی سیاسیی کورد بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان و پابەندنەبوون بە ڕێکارە یاساییەکان، هەڵوەشایەوە.
سزای سێدارەدانی وەریشە مرادی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سنە و یەکێک لە ئەندامانی کەژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) کە ئێستا لە بەندیخانەی ئێڤین بەسەردەبا، هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دوبارە بۆ هەمان لقی دەرکەری سزا نێردرایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای سێدارەدانی وەریشە مرادی، بەندکراوی سیاسیی کورد، لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا هەڵوەشایەوە و بۆ دووبارە لێکۆڵینەوە بۆ لقی دەرکەری سزا، واتە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بەڕێکرایەوە.
مستەفا نیلی، پارێزەری وەریشە مرادی، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئەکاونتی (ئێکس)ی خۆی نووسیویەتی: "دوای لێکۆڵینەوە لە داوای پێداچوونەوەی پەسەندکراو سەبارەت بە خاتوو وەریشە مرادی لە دیوانی باڵا، بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان و پابەندنەبوون بە ڕێکارە یاساییەکان (نەبوونی تێگەیاندنی تۆمەت بنەمای دەرچوونی سزای سێدارە لە قۆناغەکانی دادڕەسیدا)، سزای دەرچووی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران هەڵوەشێنرایەوە و دۆسیەکە دووبارە بۆ لێکۆڵینەوە بۆ هەمان لق بەڕێکرایەوە".
ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەر ی ساڵی ڕابردوو(١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) و هاوکات لەگەڵ “ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارەدان” لە ناڕەزایەتی بە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای سێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ماوەی ٢٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.
وەریشە مرادی، خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی ئەبوولقاسم سەلەواتی بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک سزای سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.
دوایین دانیشتنی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی وەریشە مرادی لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو و پارێزەرەکانی ناوبراو لە درێژەی یەکەمین دانیشتنی دادگا (٢٧ی جۆزەردان) و دووەمین دانیشتنیشدا، مافی خوێندنەوەی دۆسیەکەیان پێنەدرا. هەروەها، وەریشە مرادی لە مافی بەرگریکردن لە خۆی لە درێژەی دادگاکەدا بێبەش کرا.
ناوبراو، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، لە ڕێگەی مەریوان بۆ سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕفێنرابوو. هەروەها لە کاتی ڕفاندندا بە توندی لێی درا و بەبێ چارەسەری پزیشکی بۆ گرتووخانە گوازرایەوە.
