موقتەدا سەدر ڕێوشوێنی توند بۆ بەرپرس و لایەنگرانی دادەنێت

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

بەرپرسی کاروباری راگەیاندن و میدیاکانی رەوتی سەدر، بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە موقتەدا سەدر دەکات، رێگری لەو ئەندام و بەرپرسانە بکرێت، بەبێ ئاگاداری ناوەندی راگەیاندنی رەوتی سەدر قسە بۆ میدیاکان دەکەن

​ئەمڕۆ هه‌ینی 17ی ئه‌یلوولی 2021، حەیدەر جابری، بەرپرسی کاروباری راگەیاندن و میدیاکانی رەوتی سەدر، بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە موقتەدا سەدر دەکات، رێگری لەو ئەندام و بەرپرسانە بکرێت، بەبێ ئاگاداری ناوەندی راگەیاندنی رەوتی سەدر قسە بۆ میدیاکان دەکەن. 

جابری لەو نووسراوەیدا نووسیوویەتی: "دوای ئەوەی شەرەفی سەرپەرشتیکردنی راگەیاندن و میدیاکانی رەوتی سەدرم پێبەخشرا، لە رێگەی ئەو دەسەڵاتەی پێمدراوە، چەند کەسێکی پسپۆڕم راسپارد بۆ ئەوەی لێدوان بۆ میدیاکان بدەن و لە شاشەی تەلەڤزیۆنەکان دەربچن، سەرباری ئەم پابەندییە و رێکخستنی تەواوی کارەکان، کەچی چەند ئەندام و بەرپرسێک بەبێ ئاگاداری ئێمە و بێ پرس لە شاشەکان دەرکەوتوون و چەند لێدوانێکی نابەرپرسانەیان داوە، ئەمەش بووەتە هۆکاری پشێوی. لێرەوە داوا و پرسیاری هەڵوێستی سەماحەتتان دەکەم". 

موقتەدا سەدریش لەسەر نووسراوەکەدا  هەڵوێستی خۆی راگەیاندووە و نووسیوویەتی: "جگە لە چوارچێوەی فەرمی و ناوەندیی دیاریکراو بۆ کاری راگەیاندنەکان، کەس بۆی نییە بەبێ ئاگاداری و پرسی ناوەندی راگەیاندن لێدوان بدات و قسە بکات بۆ میدیاکان. هەر کەسێک پێچەوانەی ئەمە کاربکات، نوێنەرایەتیی ئێمە ناکات و پێویستە لە رووی کارگێڕییەوە سزا بدرێت، چونکە ئەو کەسانە کارەکان تێکدەدەن و دەست نادەن بۆ کاری رێکخراوەیی. ئەم بڕیارە بۆ تەواوی میدیاکانە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەگرێتەوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار