موقتەدا سەدر: داننان بە بێگەردی هەڵبژاردن لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیەوە دیموکراسی بونی عێراق نیشاندەدات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند:" پاڵپشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و داننان بە بێگەردی پرۆسەکەدا دیمەنێکی جوانی دیموکراسی عێراق پێشاندەدات". 

موقتەدا سەدر، براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی عێراقە بە 73 کورسی، لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو داننانە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە، "ئومێدێکمان پێدەبەخشێت بە ملکەچبوونی ئەو لایەنانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن لە پرۆسە دیموکراسییەکەدا ساختەکاری کراوە."

رۆژی هەینی، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەم مانگەی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا دەستخۆشی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یونامی و ئەو وڵاتانە دەکات کە یارمەتی سەرخستنی هەڵبژاردنەکەیان دا و سەرکۆنەی ئەو لایەنانەش دەکات کە هەڕەشە لە کارمەندانی کۆمیسیۆن و یونامی دەکەن. داوای ئەوەیشی کردبوو کە حکومەتێکی گشتگیر لە عێراق پێکبهێندرێت و هەموو لایەنەکانی عێراقیش ئارامی پیشانبدەن و رێز لە هەڵبژاردنەکە بگرن.

رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت، بردنی وڵات بۆ پشێوی و شڵەژانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەهۆی باوەڕنەکردن و قبوڵنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، "نەک هەر ئابڕوچونە و دۆخی سیاسی  و ئەمنی ئاڵۆزتر دەکات، بەڵکو وێنەیەکی خراپیش پێشاندەدات."

سەدر ئاماژە بەوە دەکات کە نابێت گوشار بخرێتە سەر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کاری دادگە و دادگەی فیدراڵی یان دەستوەردان لە کاروبارەکانیان بکرێت، بەڵکو پێویستە کەشێکی ئارام بڕەخسێندرێت تاوەکو کۆمیسیۆن رێکارەکانی لەبارەی تانەکان بگرێتەبەر. 

رێبەری رەوتی سەدر ئەوەشی گوتووە کە دەبێ "هەموو بزانن کە رازی بوون بە ئەنجامی ئەلیکترۆنی، سەقامگیری و ئارامی بۆ عێراق و گەلەکەی فەراهەم دەکات."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار