قایمقامی شەنگال «موئامەرەیەك» لەسەر ئێزیدییەكان ئاشكرا دەكات

2 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز  

قایمقامی شەنگال ئاماژە بەوە دەدات لەدوای رێككەوتنی بەغداو هەولێر گەڕانەوەی ئاوارەكان كەمیكردووەو ئەوەشی بە «موئامەرە» وەسف كرد بۆ سەر ئێزیدیەكان، بەڵام پارتی دەڵێت:» پارتی حەزدەكات ئاوارەكان بگەڕێنەوە شەنگال، بەڵام لەدوای ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكەو دەركردنی هێزە ناشەرعیەكان».

لەتشرینی یەكەمی 2020 رێككەوتنێكی نوێ لەنێوان بەغدا و هەولێر واژۆكرا، بەپێی رێككەوتنەكە قایمقامێكی نوێ و ئیدارەیەكی تازە دابنرێت لەگەڵ دەركردنی هێزە ناشەرعیەکان، سەڕەرای ئەوەی بڕگەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراون، بەڵام كاریگەری زۆر كردووەتە سەر گەڕانەوەی ئاوارەكان .

دەقو خەلەف، خەڵكی ناحیەی سنونە سەر بەقەزای شەنگال، زیاتر لەچوار ساڵە گەڕاوەتەوە زێدی خۆی، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « دوای داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە ئاوارەی شاری زاخۆ بووین، دوو ساڵ و نیو لەزاخۆ بووین، دوای ئەوە لە 2017 گەڕامەوە ناوەندی سنون».

ناوبراو باسی لەوەشكرد، لەكاتی دروستكردنی مامەڵەكانیان بۆ گەڕانەوە هیچ كەسێك رێگریان لێنەكردووەو مامەڵەكانیشیان زوو تەواو بوون».

هەروەها خدر  ئلیاس ، خەڵكی گوندی تل قەسەبە سەر بەشەنگال ، لە 2014 تائێستا لەكەمپی كەبەرتووی دهۆك دەژی، لەلێدوانێكدا بە  وت: « زیاتر لەحەوت ساڵە لەكەمپی كەبەرتوودا دەژیم، هەموو كەسێك حەزدەكات بگەڕێتەوە زێدی خۆی، بەڵام خانووەكانمان لەكاتی داعش وێران كراون، ئێمەش ناتوانین نۆژەنی بكەینەوە یان سەرلەنوێ خانوو دروست بكەین «.

هاوكات، عەلی مچۆ ، خەڵكی كۆمەڵگەی سیبا شێخدرە، ماوەی حەوت ساڵە لەكەمپی شاریا دەژیت، بەهاوڵاتی  وت: «كاتێك ئاوارەی دهۆك بووین وتمان تەنها مانگێكەو دواتر دەگەڕێنەوە، بەڵام داخڵی ساڵی هەشتەم بووین نازانین چەندی دیكە دەمێنینەوە، هیچ كەسێك رێگری لەگەڕانەوەی ئاوارەكان ناكات، خۆمان نامانەوێت بگەڕێینەوە شەنگال»،

حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی رێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەنجامدا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و پێكهێنانی ئیدارەیەكی نوێ، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەكراوە.

فەهد حامد، قایمقامی قەزای شەنگال بەهاوڵاتی وت: « ئەو رێككەوتنەی كە لەمانگی تشرینی یەكەمی 2020 لەنێوان بەغداو هەولێر واژۆكرا جگە لەسەرئێشە و كێشە بۆ خەڵكی شەنگال هیچی  تر نەبووە».

ناوبراو پێشیوابوو كە دەیان جار وتوویانە هەر رێككەوتنێك لەسەر شەنگال بكرێت ئەگەر بۆچوونی خەڵكی ناوچەكە وەرنەگیرێت جێبەجێ ناكرێت، وتیشی:» ئێمەش لەگەڵ دانانی ئیدارەیەكی نوێ و چارەسەركردنی كێشەكانی شەنگالین، بەڵام دوو لایەن رێككەوتن بكەن و خەڵكی ناوچەكە پشتگوێ بخەن قبوڵی ناكەین «.

فەهد حامد ئەوەشی خستەڕوو كە پێش واژۆكردنی رێككەوتنەكە رۆژانە ئاوارەكان لەهەرێمی كوردستان دەگەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان تەنیا لە 2020 و پێش واژۆكردنی رێككەوتنەكە نزیكەی هەشت هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە، بەڵام دوای رێككەوتنەكە رێژەكە یەكجار كەمبووەتەوە، رۆژانە یەك خێزان یان هەر چەند رۆژێك خێزانێك دەگەڕێتەوەو ئەوەشی بە «موئامەرە» بۆ سەر شەنگال و خەڵكەكەی ناوبرد. 

قایمقامی شەنگال داوا دەكات فشار لەسەر حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێت تا رێككەوتنێكی تر واژۆ بكەن بەمەرجێك خەڵكی شەنگال بەشداربن لەو رێككەوتنەدا تائاوارەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

فەهد حامد وتیشی: « من ناڵێم پارتی یان حكومەتی هەرێم رێگری لەگەڕانەوەی ئاوارەكان دەكەن، بەڵام لەكاتی گەڕانەوەی خێزانێك لە پارێزگای دهۆكەوە بۆ شنگال تووشی گیروگرفت دەبن و مامەڵەكانیان دوادەكەوێت، چونكە لەدوای رزگاركردنی شەنگال تائێستا 50 هەزار كەس گەڕاونەتەوە ناوەندی شنگال و دەوروبەری، ئەوەش رێژەیەكی زۆر كەمە».

لەبەرانبەردا، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی لقی 17ی پارتی دەڵێت:»ئەوانەی ئێستا لەشەنگالن رێگرن لەگەڕانەوەی ئاوارەكان».

ئدریس زوزانی، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لەلقی 17ی پارتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « ئەو بەرپرسانەی ئێزیدی یان ئەو بەرپرسانەی ئێستا خۆیان سەپاندوە بەسەر شەنگال زۆرمان پێمان سەیرە دەڵێن پارتی رێگری لەگەڕانەوەی ئاوارەكان دەكات، بەپێچەوانەوە ئەوان رێگری سەرەكین لە نەگەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی شەنگال».

 هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە «حزبەكەم (پارتی دیموكراتی كوردستان) حەز دەكات ئاوارەكان بگەڕێنەوە شەنگال، بەڵام لەدوای ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكەو دەركردنی هێزە ناشەرعیەكان».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار