هەڵمەتی کتێب بەخشین بە کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ دەستیپێکرد
3 مانگ لەمەوپێش
هەڵمەتى کۆکردنەوەى هەزاران کتێب بۆ کتێبخانەى چەمچەماڵ دەستیپێکردوە، کاوە شێخ عەبدوڵا ڕۆژنامەنوس دەلێت، ئامادەم پەنجا کتێب لە کتێبخانە بچکۆلەکەی خۆم ببەخشم بە کتێبخانە خووساوەکەی چەمچەماڵ، . ئەگەر تواناشم هەبوو زیاتر لەو ژمارەیە ببەخشم.
وتیشى: پێمخۆشە وەکو هەڵمەتێکیش دەستبکەین بە کۆکردنەوەی کتێب بۆ کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ.
لاى خۆشیەوە محەمەد نوری رۆژنامەنوس و نووسەر: هەر بەبۆنەی پێشنیازەكەی كاوەی شێخ عەبدوڵاوە، منیش پێنج سەد كتێب دەبەخشمە كتێبخانەی چەمچەماڵ.
هەڵمەتەکە لەڕێی 'هاوڵاتی'ـیەوە فراوانتر بوو؛ شۆڕش گەرمیانی، نووسەر و چاودێری سیاسی، ماڵی وەفایی و زمناکۆ ئیسماعیل پشتگیریی دەکەن.
ماڵی وەفایی سەرجەم بەرهەمە چاپکراوەکانی ناوەندەکەمان پێشکەش بە کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ دەکەین
زمناکۆ ئیسماعیل دەلێ منیش 300 کتێب دەبەخشم
لەلایەکى دیکەوە، حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی لافاوەکەوە زیانێکی زۆر بەر کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ کەوتووە و بە زووترین کات نۆژەنی دەکەنەوە.
وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی لافاوەکەی دوێنێوە، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بەشێکی زۆری کتێبەکان تەڕ بوون و کەوتوونەتە ژێر لیتە و هۆڵەکانی خوێندنەوەش زیانیان پێگەیشتووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەوڵی جددی دەدەن و کار بۆ ئەوە دەکەن بە زووترین کات کتێبخانەکە نۆژەن بکرێتەوە و سەرجەم پێداویستییەکانی دابین بکرێنەوە.
حەمەی حەمە سەعید هاوخەمیی خۆیشی بۆ کەسوکاری قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، تەکیە و سنوری پارێزگای کەرکوک دەربڕی.
