لەباكوری كوردستان هەڵمەتی دەستگیركردن بەتۆمەتی پەكەكە دەستیپێكردووە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی پارێزگای مێرسین رایگەیاند:" بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە پشتبەستن بە زانیاری هەواڵگری ئۆپەراسیۆنێکمان دەستپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی چەند ئەندامێكی پەکەکە". لەهەمانكاتدا لەهەموو پارێزگاكانی باكوری كورستان هەڵمەتی دەستكیركردنی ئەندامانی سەر بە پەكەكە دەستیپێكردووە.
ئەمڕۆ هەینی 18ی ئاداری 2022بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی پارێزگای مێرسین راگەیاندراوێكی بلاوكردەوە و رایگەیاند:" ناونیشانی 10 کەس دەستنیشانکراون تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش لە ئامەد و مێرسین هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو ناونیشانانە و 6 کەسیان دەستگیرکردوون. ئۆپەراسیۆنەکە بۆ دەستگیرکردنی 4 کەسەکەی دیکە بەردەوامە".
هەروەها لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا لە پارێزگای ئیزمیر، 14 کەس بە هەمان تۆمەت دەستگیرکران.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە لەلایەن پارێزگای ئیزمیر بڵاوکراوەتەوە، لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیزمیر تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی جەندرمەی ئیزمیر، هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند ناونیشانێك لە ناوەندی شاری ئیزمیر و شارۆچکەکانی بوجا، کۆناک، بۆرنۆڤا، کارشییاکا و مەنەمەن، 14 کەس دەستگیرکراون.
لەلایەکی دیکەوە تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی ئادانا، هەڵیانکوتایە سەر چەند ناونیشانێك لە ناوەندی شاری ئادانا و 10 کەسیان دەستگیرکرد.
تیمەکان دوای پشکنینی ماڵەکانیان دەستیان بەسەر ژمارەیەک کەلوپەلی دیجیتاڵیدا گرتووە. 10 کەسەکە دوای ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستی رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی پارێزگا کراون.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی تورکیا ئەو 10 کەسەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیرکراون، پێشتر لە سووریاش کاریان بۆ پەکەکە کردووە و لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەیان بۆ ئەو رێکخراوە کردووە.
