مەلا بەختیار: ئیتر لەدوای ئەم دۆخەوە ساڵ بەساڵ خۆزگەمان بەپار
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی رایگەیاند:"ئیتر لەدوای ئەو دۆخەوە ساڵ بەساڵ خۆزگەمان بەپار.. هەتا لە(16)ی ئۆكتۆبەر پارێزگاكە لەدەستدرا. كە پێمانوایە، نە دۆخی دوای رووخاندنی بەعس بەم نزیكانە دێتەدی، نە دۆخی پێش (16)ی ئۆكتۆبەریش، بەئاسانی هەڵدەكەوێتەوە..! تەنها مەگەر دۆخێكی وەكو دوای روخاندنی سەدام بڕەخسێتەوە. ئەویش ئەگەر بەهۆی ناكۆكی یەكێتی و پارتییەوە لەدەست نەدرێتەوە..!!"
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی بابەتێکی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردەوە دەڵێت: "21/3 یەكەم رۆژی نەورۆز یادی 31 ساڵەی راپەڕینی كەركووكە؛ لەدوای رووخاندنیشەوە، هەتا 16ی ئۆكتۆبەر رزگاركرا بوو! پێشەكی پیرۆزبایی ئەم جەژنە ویژدانییەی نەتەوەی كورد لە هەموو كوردێكی ئازادیخواز دەكەم لە هەر كوێیەكی دونیا بن. دڵنیام ئەمساڵیش، دۆخەكە گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی دڵخۆشكەری تێدا بەدینایەت! بۆیە تەنها دەڵێم: ئومێدەوارم هۆشیارتر و خۆڕاگرتبین بەرامبەر نەهامەتییەكان، ئاسۆی خەباتیش روونە."
لەبارەی رووداوەکانی کەرکووک یشەوە وتی:" لە قۆناغی راپەڕیندا رەخنەكان زیاتر لەسەر بەرنامەی شێواوی رزگاركردنی شارەكە و نەبوونی ستراتیژیی عەسكەری پاراستنی بوو. بۆیە، عێراق توانیی بەئاسانی داگیری بكاتەوە، بەڵام لەدوای رووخاندنەوە، یەكێتی بەرنامەیەكی تۆكمەی بۆ دەركردنی تەعریب هەبوو، بەرنامەكەش وابوو، كە دەوروبەری شارەكان لە تەعریب پاك بكرێتەوە. هەتا تەعریبەكانی ناو شارەكان پشتوێنی بەرگرییان نەمێنێ و بەئاسانی لە شارەكان بۆ شوێنی باو و باپیرانیان دووربخرێنەوە."
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی کە ماوەیەکە رەخنە لە ئەدای سیاسیی حیزبەکان و بەتایبەت یەکێتی و پارتی دەگرێت و چەند جارێکیش بە راشکاوی باسی لە کەمتەرخیی بەرامبەر بە هاونیشتیمانییان کردووە، لە گوتارەکەیدا دەڵێت، "بەندە..تاقە ئەندامی سەركردایەتی بووم، لەسەر ئەو بەرنامەیە بۆ دەركردنی تەعریب، لە خانەقین و دەوروبەری، لەگەڵ هەڤاڵانی تر لە فەرماندە، پێشمەرگە، كادری سیاسی و ئیداری دانراین، بە هەموومان (600) پێشمەرگە دەبووین. (80) چەكی زیادەمان پێدرا، لەگەڵ (8) هەزار دۆلار و بەس. بڕیارەكەشمان وەكو خۆی، لە دێهاتەوە جێبەجێكرد. شارەكەشمان پاككردەوە، تێكڕا (54) هەزار تەعریبمان (تەعریب ئاوای!!) خانەقین كرد."
"یەكەم: چەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و فەرماندە نێردرانە كەركووك و دەوروبەری؟! دووەم: بەپێی زانیاری كە لە سەرۆك مام جەلالم بیستووە، (500) چەك و نیو ملیۆن دۆلار بۆ سەرخستنی بەرنامەی كەركووك دابینكراوە. سێیەم: دەی بۆچی نەیانتوانی بە هەزاران پێشمەرگە و سەدان چەكی زیادە و سەدان هەزار دۆلارەوە نیوەی ئەركەكانیان لە كەركووك جێبەجێ بكەن؟ لە داقووقەوە هەتا دووز خورماتوو، بەشێکی دەوروبەری لە تەعریب پاککرایەوە. كەركووك و دەوروبەری، هەزار مەخابن.. لەبەر گەلێ هۆكاری تاڵانی و كاری نابەجێ و ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتی، هەفتەی یەكەمی دوای رزگاركردنی كەركووك لەدەستدرا. شارەكە و گەڕەكە عەرەبنشینەكان دەستیان لێنەدرا.. دوای ئەوە ئەمریكییەكان لەژێر گوشاری عەرەب، هاتنە مەیدان و رێیان لەدەرپەڕاندنی تەعریب گرت."
لە کۆتایی وتارەکەیدا لەبارەی کەرکووک، مەلا بەختیار دەڵێت: "ئیتر لەدوای ئەو دۆخەوە ساڵ بەساڵ خۆزگەمان بەپار.. هەتا لە(16)ی ئۆكتۆبەر پارێزگاكە لەدەستدرا. كە پێمانوایە، نە دۆخی دوای رووخاندنی بەعس بەم نزیكانە دێتەدی، نە دۆخی پێش (16)ی ئۆكتۆبەریش، بەئاسانی هەڵدەكەوێتەوە..! تەنها مەگەر دۆخێكی وەكو دوای روخاندنی سەدام بڕەخسێتەوە. ئەویش ئەگەر بەهۆی ناكۆكی یەكێتی و پارتییەوە لەدەست نەدرێتەوە".
