ناتۆ: سەرۆکی ئۆکرانیا داوای هاوکاریی دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی ئۆکرانیا کە لەرێگەی ڤیدیۆوە قسەیکرد، رووی کردە سەرکردەکانی ناتۆ و پێی گوتن، "تەنیا یەک شتم لێتان دەوێت، دوای یەک مانگ لەم شەڕە، ئەوەش ئەوەیە کە تکایە هەرگیز پێمان مەڵێن کە سوپاکەمان ستانداردەکانی ناتۆی تێدا نییە."
ئەم کۆبوونەوەیەی ناتۆ وەکو یەکێک لە گرنگترین کۆبوونەوەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە لە مێژوودا دادەنرێت و جیهان چاوەڕوانی بڕیارەکانی ئەو لووتکەیە دەکات.
جگە لە ناتۆ، هەر یەکە لە یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی G7 کۆبوونەوە لەبارەی دۆخی ئۆکراینا و دوایین پێشهاتەکان دەکەن.
چاوەڕوان دەکرێت هەر 30 سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ناتۆ پاڵپشتیی زیاتر بۆ ئۆکراینا رابگەیێنن و هێزی زیاتریش لە ناوچەکانی نزیک ئۆکراینا جێگیر بکەن. ئەو هەنگاوەی ناتۆ بۆ پێشاندانی پاڵپشتی و هاوخەمییە بۆ ئۆکراینا، بەڵام ئەوەش تاوەکو سنوورێکی دیاریکراو.
ناتۆ پێشتر بەروونی رایگەیاندووە کە دەستوەردانی سەربازی ناکەن و ناچنە جەنگەوە دژی رووسیا، ئەوە سەرباری داوای چەندبارەی زیلینسکی بۆ راگەیاندنی ناوچەی نەفڕین لە وڵاتەکە.
