رێبەر ئەحمەد: گوێمان بۆ گەل گرت کە سیستمێكی سیاسیی شایستەی بۆ عێراق دەوێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

رێبەر ئەحمەد رایگەیاند:" گوێمان بۆ گەل گرت کە سیستمێكی سیاسیی شایستەی بۆ عێراق دەوێت، پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ سەروەری و سەقامگیریی عێراق لە بەرامبەر هاوپەیمان و نەیارەکانیشدا".

رێبەر ئەحمەد لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەی شەڕقولئەوسەت بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە: "لە قۆناغێکی نوێداین لە عێراق، گوێمان بۆ گەل گرت کە سیستمێكی سیاسیی شایستەی بۆ عێراق دەوێت، پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ سەروەری و سەقامگیریی عێراق لە بەرامبەر هاوپەیمان و نەیارەکانیشدا."

سەرۆککۆمار لە عێراق پارێزەری دەستوورە، رێبەر ئەحمەد نووسیویەتی: "ئەرکی سەرشانیەتی سەربەخۆیی عێراق و سەروەرییەکەی و یەکپارچەیی و سەلامەتیی خاکەکەی بپارێزێت، ئەو رێچکە چاکسازییەشی ئێستا خۆی سەپاندووە لەسەر هەمووان پێویست بەوە دەکات پۆستی سەرۆککۆمار رۆڵی راستەقینەی خۆی بەگوێرەی دەستوور بگێڕێت، بۆ پاراستنی دەوڵەت و دامەزراوەکانی لە هەر هەڕەشەیەک کە دەکرێتە سەری." 

لەبارەی هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغداش، رێبەر ئەحمەد جەختی کردووەتەوە، "پێویستە هەردووکیان یەکدی تەواو بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئاڵنگارییەکان و گەیشتن بە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی وڵاتدا بێت، بەپێی ئەزموونمان، سەرەڕای بوونی کێشەی هەڵپەسێردراو لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، عێراقییەکان شایەتی ئەنجامی گەورە بوون لە کاتێکدا هەردوولا پێکەوە کاریان کردووە، هاوکات لەو پرسانەی پێکەوە هاوئاهەنگ بوون کە پەیوەستن بە ئاسایشی وڵات، لەوانە تێکشکاندنی داعش و رزگارکردنی عێراق لە چنگی تیرۆر، هەروەها لە پرسی ئاوارەکان و هەوڵی دیپلۆماسیی بەرهەمدار و بووژاندنەوەی پڕۆژە ستراتیژییەکان لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی هەر لە چیاکانی هەولێرەوە تاوەکو دەگاتە کەناراوەکانی بەسرە."

 

بڕیارە رۆژی شەممە 26ی ئادار ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە، بە ئەگەری زۆرەوە شەممە لەو دانیشتنەدا بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆککۆمار دەخرێنە دەنگدانەوە و یەکێکیان بە سیفەتی سەرۆک دەچێتە کۆشکی کۆماری.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار