پارتی: كادیر و ئەندامانمان ئامۆژگاری كردووە رێز لە مەرجەعیەتە ئیسلامی و ئایینەكانی دیكە بگرن

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

لەدوای سوتانی بارەگای پارتی لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدەوە پارتی راكەیاندراوێكی بلاوكردەوە و دەڵێت:" كادیر و ئەندامانیشیان ئامۆژگاری كردووە، رێز لە مەرجەعیەتە ئیسلامی و ئایینەكانی دیكە بگرن".

 شه‌وی رابردوو كادیرێكی پارتی بەناوی نایف كوردستانی، لە تویتێكدا باسی لە مەرجەعیەت كردووە، ئەویش لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبیەوە كاردانەوەی لێكەوتەوە و بارەگای لقی پێنجی پارتی لەبەغدا سوتێنرا.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوەكەیدا ئیدانه‌ و سەرزەنشتی ئەو تویتەی كردووە و دووپاتیشی دەكاتەوە، كە ئەو كەسە پەیوەندی بەو حزبەكه‌یانه‌وه‌ نییە.

جەخت لەوەشكراوەتەوە، ئەو تویتە تەنیا گوزارشت لە رای تایبەتی خودی كەسەكە دەكات و بەهیچ شێوەیەك هەڵوێستی پارتی نییە.

دەشڵێت: "پارتی بڕوای راستەقینەی بە پێكەوەژیانی ئاشتییانە و رێزگرتن لە تەواوی بیروباوەڕە ئایینی و مەزهەبییەكان هەیە".

ئەمەش لە كاتێكدا هەر دوای چەند كاتژمێرێك نایف كوردستانی پۆستەكەی سرییەوە و داوای لێبوردنی كرد و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش فەرمانی دەستگیركردنی دەركرد و رایگەیاند:" راده‌ستی یاسا كراوه‌".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار