نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران: سوپای پاسداران لە چواچێوەی یاسای ئەمریکادا بە سزادراوی دەمێنێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران دەڵێت:"  دوایین مامەڵەی خراپی سوپای پاسداران بریتیبوو لە هێرشەکەی سەر هەولێر". راشیگەیاند، بەرپرسانی ئێران زۆر باش ئەوە دەزانن بابەتی کاراکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە دەرهێنانی سوپای پاسداران لەنێو لیستی رێکخراو و گرووپە تیرۆریستییەکانەوە نییە. 

رۆبەرت ماڵی، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران رۆژی یەکشەممە 27-3-2022 لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دەوحەدا وتی، سوپای پاسداران لە چواچێوەی یاسای ئەمریکادا بە سزادراوی دەمێنێتەوە و وتیشی، سیاسەتیان بەرامبەر بەو سوپایە نەگۆڕدراوە. 

رۆبەرت ماڵی وتی، ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە هەمان ئەو تێڕوانینە نەرێنیەیان بەرامبەر سوپای پاسداران هەیە کە واشنتن هەیەتی، ئەوەش بەهۆی ئەو مامەڵە خراپەیە کە جێبەجێی دەکات و دوایینی ئەو مامەڵە خراپانەش بریتیبوو لە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەری شاری هەولێر.

رۆژی یەکشەممە 13ى ئاداری 2022، هێرشى مووشەکى کرایە سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، دواتر سوپاى پاسدارانى ئێران بەرپرسیارێتیى خۆى لەو ھێرشە راگەیاند.

هێرشەکە، بەپێی پاسداران، لەڕێگەی 12 مووشەکی جۆری فاتیحی دوورمەودای بالیستیی زیرەک ئەنجامدرا، هەشتیان بەر ماڵی شێخ باز بەرزنجی، سەرمایەداری کورد و خاوەنی کار گرووپ کەوتن. هێرشەکە کاردانەوەی نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی لێکەوتەوە؛ رۆژی دووشەممە 14ى ئادارى 2022، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆی وڵاتەکەی چوونە هەولێر و سەردانی شوێنی هێرشەکەیان کرد.

لە نیسانی 2019دا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سوپای پاسدارانی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند. مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران وڵاتێکی سپۆنسەری تیرۆرە و سوپای پاسدارانیش بەشدارە لەو هەوڵانەی کە پەرە بە تیرۆر دەدەن. 

هاوكات کەمال خەڕازی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سیاسەتی دەرەوە کە لە ساڵانی 1997 تاوەکو 2005 وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش بوو، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دەوحەدا لە قەتەر وتی: "سوپای پاسداران بریتییە لە هێزێکی نیشتمانی و ناکرێت هێزێکی نیشتمانیش وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن بکرێت؛ هەربۆیە بەدڵنیاییەوە ئەمە قبووڵکراو نییە؛ بەلای ئێرانییەکانەوە زۆر گرنگە کە سوپای پاسداران لەنێو ئەو لیستەدا دەربهێندرێت". 

کەمال خەڕازی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێران سازش لەوەدا ناکات کە دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو هەنگاوە بنێت و سوپای پاسداران لەنێو ئەو لیستەدا دەربهێنێت کە وەک تیرۆریست ناسێندراون. 

دەقی قسەکەی رۆبەرت ماڵی، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران 

"رێککەوتنێکی باشتر دەبوو، بەڵام بەو جۆرە نییە. ئەم رێککەوتنە نەیتوانی وەڵامدەرەوەی پرسەکانی دیکە بێت، لەوانەش ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە سیاسەتی هەرێمایەتیی ئێرانەوە هەیە. ئەوەی کە پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە هەیە، پێتان دەڵێم کە سزاکان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە و ئەمە رێککەوتنێک نییە کە بیەوێت ئەم پرسە چارەسەر بکات. ئومێدەوارین ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت، بەڵام ژمارەیەکی زۆر وڵاتی ناوچەکە بەو جۆرە سەیری سوپای پاسداران دەکەن کە ئێمە سەیری دەکەین و دواجاریش هێرشەکەی سەر هەولێرمان بینی. ئێمە دەزانین کە ئەمە رێککەوتنێک نییە وەڵامی ئەم پرسە بداتەوە. هەربۆیە پێتان دەڵێم کە سوپای پاسداران لە چوارچێوەی یاسای ئەمریکادا بەسزادراوی دەمێنێتەوە و بۆچوون و تێڕوانینیشمان بەرامبەر سوپای پاسداران نەگۆڕدراوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار