سه‌رۆكى هه‌رێم: كليلى سه‌قامگيريى عێراق چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و حكومه‌تى فيدراڵيه‌

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان دەڵێت: "كليلى سه‌قامگيريى عێراق، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى ‏كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراقه‌. هه‌ردوولا ده‌بێت به گفتوگۆ و له‌سه‌ر ‏بنه‌ماى ده‌ستوور، رێگه‌چاره‌ بۆ نه‌هێشتنى كێشه‌كان بدۆزنه‌وه‌".

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان پێشوازیى له‌ ژان ئه‌سيلبۆرن، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى لوکسمبۆرگ ‏كرد. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عێراق له‌ سه‌روبه‌ندى دانيشتنى ئه‌مڕۆى پەرلەمانی عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، گفتوگۆى ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دۆخى ئێزدييان و ناوچه‌ى شنگال و پێكهاته‌كان له‌ ‏ده‌شتى نه‌ينه‌وا، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران".

لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، كليلى ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق، چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى ‏كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراقه‌، هه‌ردوولا ده‌بێت به گفتوگۆ و له‌سه‌ر ‏بنه‌ماى ده‌ستوور، رێگه‌چاره‌ بۆ نه‌هێشتنى كێشه‌كان بدۆزنه‌وه‌.

لاى خۆیەوە،‌ وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى لوکسمبۆرگ ئاماژه‌ی به‌ سه‌ختى و ‏ئاڵنگارییەکانی سه‌رده‌مى شه‌ڕى دژى داعش له‌ هه‌رێمى كوردستان کردووە، پشتگيریى ‏وڵاته‌كه‌یى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئه‌وروپا بۆ هه‌رێمى كوردستان و بايه‌خدانى وڵاته‌كه‌ى به‌ ‏پرسى پێكهاته‌كان و دۆخى ئێزدييان به‌تايبه‌تى دووپاتكردووەتەوە و باسى له‌ پلانى ‏خۆى بۆ سه‌ردانى كه‌مپه‌كانيان كردووە.

لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا ئەوەش خراوەتەڕوو، كاريگه‌رييه‌كانى شه‌ڕ له‌ ئۆكراينا ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بووە، ئاماژە بەوەش کراوە، "هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو لايه‌ک زياتر ‏هه‌ست به‌ ئازارى شه‌ڕ و ئاواره‌يى و نه‌هامه‌تييه‌كانى جه‌نگ ده‌كات، بۆيه‌ هاوسۆزی ‏خه‌ڵكى ئۆكراينا و قوربانييه‌كانه‌ و هيوا ده‌خوازێت كۆتايى به‌ جه‌نگ بێت و ‏لايه‌نه‌كان ئاشتيیانه‌ له‌ڕێگه‌ى گفتوگۆوه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن".

بەیانیی رۆژی چوارشەممە 30ی ئادار، وەزیری دەرەوەی لوکسمبۆرگ گەیشتە هەرێمی کوردستان.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار