مالیکی: کاغەزێکی دەستپێشخەریمان ئامادە کردووە بۆ چارەسەری ئەم دۆخە سیاسییە
(8).jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند:" هێزی خۆیان سەلماند و کاغەزێکی دەستپێشخەرییان ئامادە کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو دۆخە سیاسییەی عێراق کە گەیشتووەتە بنبەست، ئەوەش دوای ئەوەی دڵنیابوون هاوپەیمانیی سێقۆڵی دەستپێشخەریی پێشکێش نەکرد بۆ دۆزینەوەی چارەیەکی راستەقینە رێگربێت لە داڕمانی پرۆسەی سیاسی.
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کە هاوکات رابەری گردبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، کە لەپاڵ دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی فەتح؛ چەند لایەنێکی دیکەی شیعەی تێدایە و پێکەوە دەڵێن، 81 ئەندامیان لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رۆژی چوارشەممە 30ی ئاداری 2022 دوای بەڕێوەنەچوونی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند، "هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانەکانی هێزی یەک لە سێی مسۆگەرکاریان سەلماند، کە ئەمڕۆ بە رێگرتن لە بەڕێوەچوونی ئەو دانیشتنە سەلمێندرا، ئەو دانیشتنەی کە چوارچێوە بە ترسناکی دەبینێت".
نووری مالیکی دەشڵێت، "کاخەزێکی دەستپێشخەریمان ئامادە کردووە بۆ دۆزینەوەی چارە بۆ ئەو دۆخەی کە گەیشتووەتە بنبەست، ئەوەش دوای ئەوەی کە دڵنیابووین هاوپەیمانیی سێقۆڵی دەستپێشخەریی پێشکێش نەکرد بۆ دۆزینەوەی چارەیەکی راستەقینە رێگربێت لە داڕمانی پرۆسەی سیاسی. ئەمڕۆ یان سبەی گفتوگۆ لەنێوان لایەنە هاوپەیمانەکان دەستپێدەکات بۆ پێگەیاندنی دەستپێشخەرییەکە و پێشکێشکردنی بە لایەنە سیاسییەکانی دیکە، بۆیە بە ویستی خوداوەند هیوای سەرکەوتن دەخوازین بۆ پاراستنی عێراق لە پشێوی و داڕمان".
ئەو وتانەی نووری مالیکی دوای چەند خولەکێک هات لە تویتێکی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، کە بە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی راگەیاند، "رێکناکەوم لەگەڵتان، چونکە سازان واتە کۆتایی عێراق، ئەوەی ئێوە پێی دەڵێن بنبەستی سیاسی، باشترە لە سازان لەگەڵ ئێوە، باشترە لە دابەشکردنی کێکەکە لەگەڵ ئێوە، بۆیە حکومەتی سازان و پشکپشکێنە سوودی نییە".
هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی ئادار دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی بایکۆتکردنی دانیشتنەکە لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە رابەرایەتیی نووری مالیکی، لەگەڵ چەند فراکسیۆنێکی دیکە، دانیشتنەکە هاوشێوەی دانیشتنی شەممەی رابردوو بەڕێوەنەچوو.
