سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەت بۆ چارەکردنی بنبەستی سیاسی لە عێراق چەند خاڵێک وەك چارەسەر بڵاودەكاتەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانیی دەوڵەت لە عێراق بۆ چارەکردنی بنبەستی سیاسی لە عێراق چەند خاڵێک وەك چارەسەر بڵاودەكاتەوە و دەڵێت:" ئەوەی ناتوانێت دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان لە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆبکاتەوە، دەبێت گفتوگۆ بکات بۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵ هاوبەشەکانی لە نیشتمان بۆ دۆزینەوەی چارەیەک بۆ بنبەستی سیاسی لە عێراق".
رۆژی هەینی 8ـی نیسانی 2022، عەممار حەکیم لە رێوڕەسمی 13ـەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی "عەبدولعەزیز حەکیم"ی باوکی لە وتارێکدا لە نەجەف رایگەیاند، "سازانی نەرێنی زیان بە پڕۆسەی سیاسی دەگەیێنێت، حکومەتێکی خزمەتکار و بەتوانا دروست ناکات؛ بۆیە جەختدەکەینەوە کە دەبێت لایەنێک بەرپرسیارێتی پێکهێنانی حکومەت لە ئەستۆ بگرێت بۆ ئەوەی شکستهێنانی بەسەر هەموواندا گشتگیر نەکرێت."
عەممار حەکیم وتیشی، "زۆرینەی پێویست ئەوەیە کە بەپێی هاوکێشەی زۆرینەی نیشتمانی هەموو پێکهاتەکان پێکدێت، واتا لە زۆرینەی شیعە، زۆرینەی سوننە و زۆرینەی کورد پێکدێت. بەرپرسیارێتی دەسەڵاتیی جێبەجێکردن واتە حکومەت لە ئەستۆ دەگرێت، لە بەرامبەردا کەمینەیەک لە هەموو پێکهاتەکان هەبێت بۆ ئەوەی رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی ئەرێنی لە رێگەی پەرلەمانەوە بگێڕێت، بەڵام پێویستە گەورەترین فراکسیۆنی شیعە لە پەرلەمان پێکبهێندرێت بۆ پشتیوانیکردنی حکومەت و بۆ ئەوەی حکومەت لەگەڵ هەڵکردنی یەکەم رەشەبای سیاسیدا با نەیبات."
ئاماژە بەوەش دەکات، "دەستوور زۆر روون بوو کاتێک هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری مەرجدار کرد بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان، ئەوەش بۆ هاندانی لایەنە سیاسییەکانە بۆ بەدیهێنانی لێکتێگەیشتنی فراوان لە نێوان خۆیاندا، بۆیە ئەوەی ناتوانێت دوو لەسەر سێ دابین بکات، دەبێت گفتوگۆ بکات بۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵ هاوبەشەکانی لە نیشتمان و لەنێو یەک ماڵدا. ئێمە لەگەڵ هەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی نیشتمانین، هەروەها لەگەڵ بەشداریکردنی هەموو لایەنە سیاسییەکان نین لە پێکهێنانی حکومەتدا."
هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت لە عێراق لە رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم و هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق پێکهاتووە، پێکەوە خاوەنی چوار کورسی پەرلەمانی عێراقن.
