قوباد تاڵەبانی لە یۆنانە و داوایەك لە یەكێتی ئەوروپا دەكات
.jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگهیاند:" وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە جیاتی ئەوەی بودجەیەکی زۆر بۆ تۆکمەکردنی سنوورەکان تەرخان بکەن، باشترە بیر لەوە بکەنەوە کە هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان بدەن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنن".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یۆنان لەسەر کێشەی کۆچبەرانی کورد بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە نۆتیس میتراکی وەزیری کۆچ و پەنابەرانی یۆنان و فابریس لیگێری سەرۆکی ئاژانسی فرۆنتێکسی یۆنان لە یەکێتیی ئەوروپا بۆ سنوور و پاسەوانیی دەریایی کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیران، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی دێلفی لە یۆنان، لەو دوو کۆبوونەوەیەدا کە رۆژی شەمە9ـی نیسانی 2022 بەڕێوەچوون، نیگەرانیی خۆی لە دۆخی کۆچبەرانی کورد لە سنوورەکانی یۆنان و یەکێتی ئەوروپا دەربڕی و داوایکرد بە شێوەیەکی "مرۆڤدۆستانە" مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەدا بکرێت.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران، "وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە جیاتی ئەوەی بودجەیەکی زۆر بۆ تۆکمەکردنی سنوورەکان تەرخان بکەن، باشترە بیر لەوە بکەنەوە کە هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان بدەن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنن. لەڕێی وەبەرهێنان و کاری هاوبەشی ئابورییەوە جگە لەوەی دەکرێت بەشێوەیەکی بەرچاو کێشەی کۆچکردن بەرەو ئەوروپا چارەسەر بکرێت، بەڵکو لەڕووی ئابورییشەوە لە بەرژەوەندی وڵاتانی ئەوروپادایە."
حەوتەمین کۆڕبەندی دێلفی لە یۆنان بەڕێوەدەچێت، کۆڕبەندەکە لە ناوچەیەکی چیایی سەر کەنداوی کۆڕنیس بە بەشداری بەرپرسانی یۆنان و وڵاتانی دراوسێی بەڕێوەدەچێت و پرسەکانی ئابووری، سیاسی و ئاڵۆزییەکانی جیهان بە گشتیی گفتۆگۆ دەکرێت. یەکەم جارە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندەکەدا دەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لە داهاتوودا کاری هاوبەش بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە کە بوونەتە هۆی رووتاندنەوە و تەنانەت کوشتنی کۆچبەران لەسەر سنوورەکان.
قوباد تاڵەبانی داوای لە بەرپرسانی یۆنانی و یەکێتیی ئەوروپا کردووە کە ئاسانکاری زیاتر بکرێت لە پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتییانی کوردستان و پرۆسەی سەفەری یاسایی ئاسانتر بکرێت، وەک لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە، "بۆ ئەوەی هاووڵاتییان چیتر بیر لە رێگەی قاچاخ بۆ کۆچکردن نەکەنەوە."
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا هەر یەکە لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و دابان شەدەڵە، جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان یاوەری قوباد تاڵەبانی بوون.
