كوالێتیی بەنزینە 800 دینارییەكە لەهەولێرو سلێمانی جیاوازی هەیە

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

ئەو بەنزینە 800 دیناریەی حكومەتی هەرێم لەسلێمانی دابەشی دەكات كوالێتیەكەی جیاوازە لەبەنزینەكەی هەولێر، ئەمەش لیژنەی پشكنینی سامانە سروشتیەكان بۆ هاوڵاتی پشتڕاستیدەكاتەوە.

بەنزین لەهەرێمی كوردستان یەكێكە لەو قەیرانانەی تائێستا بەردەوامەو چارەسەركردنەكەی كاریگەری كردووەتە سەر كوالێتی بەنزینەكە.

داناز كەریم، دانیشتووی سلێمانییە، بەهاوڵاتی وت:» ئەو بەنزینە 800 دیناریەی حكومەتم كردووەتە ئوتومبێلەكەم، بەڵام رۆژێك دواتر بەهۆی خراپی كوالێتیەكەی فیتپەمپی ئوتومبێلەكەم سوتا».

سەرۆكی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتییەكان دەڵێت گومانمان هەیە دەستكاری كوالێتیەكەی دەكرێت

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتیەكان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»هەموو رۆژێك دوو ملیۆن بۆ سێ ملیۆن گازوایل لەپاڵاوگەكان دەبرێتە دەرەوەو لەگەڵ رۆن و تێزاب و نەفتا تێكەڵ دەكرێت تاچڕییەكەی كەمبكرێتەوە، ئەو ماددەیەش نایاسایی و قەدەغەكراوە، ئەو ماددەیەش غازێك دروستدەكات و خەڵك تووشی شێرپەنجەو چەندین نەخۆشی دەكات».

عەلی حەمەساڵح وتیشی:»بەدواداچوونمان كردووە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەوان دەڵێن ئاگادار نین، ئەوەی لەناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت دەستكاری دەكرێت و ئەوەی باشە دەبرێتە دەرەوە».

سەبارەت بەهۆكاری خراپی كوالێتی بەنزین، سەرۆكی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتییەكان وتی:»گومانمان هەیە بەنزینەكە لەڕێگاو لەبەنزینخانەكان دەستكاری دەكرێت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش بەڵێنیداوە بەدواداچوون بكات».

هاوكات، شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»چونكە بەرهەمی خۆماڵییە بەو هۆیەوە یاری پێدەكرێت، هەموو شتێك دەكرێت رووبدات، وەكو لیژنەی سامانە سروشتییەكان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەین و دەبێت وەكو ئارد لەناو دڕكدا بیدۆزینەوە كە كێشەكە لەكوێدایە».

هاوكات، كاروان گەزنەیی ئەندامی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو كە بەنزینە 690 دینارییەكە كۆمپانیای كار دەیپاڵێوێت، ئەو بەنزینەی لەبەغداوە دێت جاروبار رادەگیرێت.

وتیشی:» بۆیە دەبێت لەناوخۆ بپاڵێورێت، هەرێمی كوردستان نزیكەی شەش ملیۆن لیتری رۆژانەی پێویستە كەملیۆنێكی موحەسەن و سوپەرە، ئامانجی یەكەم ئەوەبوو ئەو بەنزینەی بەرهەم دەهێندرێت بەدادپەروەرانە بەسەر هەموو كوردستاندا دابەش بكرێت، ئامانجی دووەمیش ئەوەیە نرخەكەی لەئاستی داهاتی هاووڵاتیدا بێت، سێیەمیش ئەوەیە كە كوالێتییەكی باشی هەبێت، رەنگە ئەمە هەرسێكی پێكەوە قورس بێت».

«دەمانەوێت ئەو بەنزینەی بەرهەم دەهێنرێت هەمان ئەو كوالێتیەی هەبێت كە لەعێراق بوونی هەیەو هاووڵاتیان لێی رازی بن»، كاروان گەزنەیی وای وت.

لەهەولێر وەك سەرۆكی لیژنەی وزەی ئەنجومەنی پارێزگا دەڵێت تائێستا گلەیی هاووڵاتیانیان پێنەگەیشتووە.

نافز مستەفا سەرۆكی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتییەكان لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا بۆ ئەنجومەنی پارێزگا خەڵك نەهاتووە گلەیی لەبەنزینە 800ی و 650 ییەكە بكرێت، بەڵام وەك خەڵك دەڵێن كوالێتی 800 دینارییە كێشەی هەیەو كوالێتی باش نیە، تائێستاش بەنزینە 690 دیناریەكە لەهەولێر بەردەوامە».

كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگا دەڵێت كە گلەیی و سكاڵای زۆری خەڵكیان بەدەست گەیشتووە، لەبارەی كوالێتی بەنزینی 800 دینارییەكە.

كەریم عەلی وتیشی:»سەرەتا كە بەنزینەكە دەست بەدابەشكردنی كرا لەسنووری سلێمانی و گەرمیان بەدواداچوونمان كرد تێبینیمان هەبوو، بەڵام كوالێتی و غاز و ئۆكتانەكەی خراپ نییە، زیاتر لەهەفتەیەكە داوامان كردووە باش بكرێت، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراوینەتەوە، ماددەی شێرپەنجەیشی باشەو زۆر نییە».

وەك سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگا دەڵێت:»لەدوایین پشكنیندا دەركەوت كە ئۆكتانەكەی 91%ە، لەسەرەتادا 89% بوو، بەڵام پێویستە سەروو 92% بێت».

رۆژی یەكشەممەی رابردوو٢٠٢٢/٦/١٩ بەمەبەستی تاووتوێكردن و بەدواداچوون بۆ پرسی بەنزین و نەوتی سپیی ماڵان و غاز، شاندێكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی لەپەرلەمانی كوردستان، بەسەرۆكایەتیی عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەو جێگری سەرۆكی لیژنەو ئەندامیەتی ژمارەیەك لەئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە، سەردانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردو لەگەڵ كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت و بریكارو بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەت كۆبووەوە، لەكۆبوونەوەكەدا، تاووتوێ و گفتوگۆ لەسەر پرسی بەنزین كرا. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار