مەلابەختیار: مەعلوم نییە سەدر لە 15ی تەموز نەیقەومێنێ 

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت: "مەعلوم نییە سەدر لە ١٥ی تەموز نەیقەومێنێ"

مەلا بەختیار لەنوسینێكدا دەڵێت:" سەدریەكان لەسەر هێڵی سوری ناكۆكیەكان گوڕیان بەستووە، لە بەرامبەردا چوارچێوە تێگەیشتن، ئیسقانەكە لە چەندین لاوە دڕكی هەیە. بۆیە، بەرەبەرە زۆربەی چوارچێوە، ئاراستەی سیاسەتیان گۆڕی. لیستی نەسر و بیت للحكمە، لە دژواری دۆخەكە كشانەوە و ئامادە نین ببنە بەشێكی كابینەی چوارچێوە؛ هادی عامریش ناكۆكی لەتەك مالیكی هەیەو هێشتا كاندیدێكیان بۆ سەرۆك وەزیران بەتەنها نییە".

هەروەها دەشڵێت:" ئێستا كە بەرە سێقۆڵیەكەی سەدریەكان و پارتی و سوننە، تێك چووە، چەند رۆژێك دیمەنە سیاسیەكە وادەبینرا گوایە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئیتر سەركەوت و لە كوردستانیشدا، یەكێتی دەیباتەوە، بەڵام بەرەبەرە، دیمەنەكە هەڵگێڕدرا".
ئەو بەرپرسەی یەكێتی دەشڵێت "هادی عامریش ناكۆكی لەتەك مالیكی هەیەو هێشتا كاندیدێكیان بۆ سەرۆك وەزیران بەتەنها نییە، بە هەموو ئاڵوگۆرەكانەوە، لە ناو كورسیەكانی پەرلەمان، چوارچێوە هێشتا ناتوانێ (٢٢٠) كورسی بۆ سەرۆك كۆمار دەستەبەر بكات، بۆیە لەگەڵ پارتی نەرمی دەنوێنن، هەتا پارتی و سوننەكان رابكێشن!".

ئەندامەكەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە" هەموو لایەكیان نیگەرانن، كە لەدوای ١٥/٧ رەوتی سەدر، لە مەدینەی سەدر، نەیقەومێنێ".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار