خوێندنی باڵا: سەرجەم دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان دادەمەزرێن

2 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک داوا لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان دەکات، ناوی دەرچووانی سێ یەکەمەکان، هەموو دەرچووانی پزیشکی، تەندروستی و بەشە پزیشکییەکانی ساڵانی خوێندنی 2017-2018 تاوەکو ساڵی 2024-2025یان بۆ بنێرن بۆ ناردنیان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بە مەبەستی دامەزراندن.
نووسراوەکە ژمارە 17010 و رێککەوتی 14-09-2025 و واژۆی د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و بۆ هەموو زانکۆکان نێردراوە.
د. توانا نەجەف بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی لە بەشەپزیشکی و تەندروستییەکان داوای ناوەکانیان کراوە، سەرجەم دەرچووانی ئەو بەشانەن لەو ساڵانەدا نەوەک تەنیا یەکەمەکان".
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "دوای گەڕانەوەی ناوەکان، سەرجەمان دەگەیێنینە وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ بۆ رەزامەندیدان بە دامەزراندنیان".
لەبارەی دەرچووانی پێش ئەو ساڵانەی لە نووسراوەکەدا دیاری کراوە، د. توانا نەجەف گوتی: "ئەوانەی پێش ساڵی 2017 لە رابردوودا نێردراون بۆ وەزارەتی دارایی عێراق".
دەقی نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا:
ئاماژە بە نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بودجە/ بەڕێوەبەرایەتی میلاک ژمارە (3859) لە رێککەوتی 19-08-2025، ئاراستەی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران/سەرۆکایەتیی دیوان کراوە، ئاماژە بە نووسراوی سەرۆکایەتی دیوان/فەرمانگەی کاروباری کارگێڕی و دارایی ژمارە (10547) لە رێککەوتی 28-08-2025 کە هاوپێچەکەی نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری/بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بودجە/ بەڕێوەبەرایەتی میلاکات ژمارە (3859) لە رێککەوتی 19-08-2025 کە هاوپێچەکەی نووسراوی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ ژمارە (31453) لە رێککەوتی 08-04-2025 تایبەت بە دەرچووانی (سێ یەکەمەکان) زانکۆکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و دەرچووانی (پزیشکی گشتیی و بەشە تەندروستی و پزیشکییەکان) کە لە خشتەی بودجەی ئیتیحادی دیاریکراوە دەنێرین بۆتان.
داوا لە بەڕێزتان دەکەین لە ماوەی یەک مانگدا ژمارەی کۆی گشتیی دەرچووانی سێ یەکەمەکان و دەرچووانی (پزیشکی گشتی و بەشە تەندروستی و پزیشکییەکان) هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا کە تاوەکو ئێستا دانەمەزراون، ناوەکانیان بنێرن بۆ ساڵانی (2017-2018) تاوەکو (2024-2025) بە زمانی عەرەبی و بە فایلی ئەکسڵ لەسەر سیدی بە گوێرەی خشتەی هاوپێچ بۆمان رەوانە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین لە پێویستی میلاکات و رەشنووسی بودجەی خەمڵێندراوی ساڵی 2026 جێگای بکەینەوە.
