ملازم عومەر: مام جەلال و شەهید دکتۆر قاسملۆ پێکەوە سەرپەرشتی شەڕەکانیان دەکرد

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ملازم عومەر لە روونكردنەوەیدا كە دەیان بەڵگەی لەگەڵدایە ئاماژە بەوە دەدات كە پەیوەندییەكانی مام جەلال و كاك نەوشیروان لەگەڵ شەهید دكتۆر قاسملۆ لە لوتكەدا بووەو دەشڵێت:"مام جەلال و شەهید دکتۆر قاسملۆ پێکەوە سەرپەرشتی شەڕەکانیان دەکرد".
دەقی روونکردنەوەی ملازم عومەر:
روونکردنەوەیەک لە(ملازم عومەر)ـەوە
لەبارەی پەیوەندییەکانی
(دکتۆر قاسملو) و (مام جەلال و کاک نەوشیروان)
ملازم عومەر
لەسایتی ئاوێنه بابەتێکم خوێندەوە لەسەر خوالێخۆشبوان (مام جەلال و کاک نەوشیروان) کە گوایە دەستیان هەبووە لە تیرۆرکردنی (شەهید قاسملو) و هاوڕێکانی دا.
بەر لەهەموو شت، پێم ناخۆشبوو لەسایتی ئاوێنە کە خاوەنی رێزو جێگەی متمانەی خەڵکە، ئەو هەواڵە چەواشەکەرە بڵاوبێتەوە. بابەتەکە سەرلەبەری ناڕاستەو بەندە وەک شایەتحاڵێکی ئەو مێژووە بەئەرکی خۆمی ئەزانم روونکردنەوەی لەسەر بدەم. لەدڵمەوە خەفەتبارم کە (مام جەلال و کاک نەوشیروان) لەژیاندا نەماون، هەتا بەرگری لەخۆیان بکەن و بەبەڵگەی زیندوو وەڵامی ئەو تۆمەتە ناڕەوایانە بدەنەوە. من بەئەرکی ئەخلاقی و ویژدانی خۆمی دەزانم کەوەک شایەتحاڵێک و وەک ئەوەی ئاگاداری رووداوەکەم، لەڕێی ئەم روونکردنەوەیەوە وەڵامی ئەو هەواڵە ناڕاست و هەڵبەستراوە بدەمەوە بۆ مێژوو. مام جەلال و کاک نەوشیروان و بەندە هاوڕێی زۆر نزیکی شەهید دکتۆر قاسملو بووین. بەندە زۆر سەرسام بووم بەتوانا و زیرەکی و لێهاتوویی دکتۆر قاسملو کە دکتۆرای لەزانستی ئابوریدا هەبوو، بەڵام شارەزایی لەزۆربەی بوارەکاندا هەبوو، بەتایبەتی ئەدەب و هونەری کوردی. پەیوەندیمان بە جۆرێک بوو، کە ساڵی ١٩٨٥ لەسەر ناکۆکی و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، بەندە دەستملەکارکێشایەوە، بەڕێز مام جەلال دکتۆر قاسملوی راسپاردبوو کە قسەم لەگەڵدا بکات بۆ کارکردنەوە لەگەڵ یەکێتی. لەکۆتایی ساڵی ١٩٨٢دا، کە هێرشی گەورە کرایە سەر حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی ئێران، لەحزبی دیموکرات، مامۆستا عبداللەی حەسەن زادە، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکراتی ئێران بوو هات بۆ لامان بۆ ناوزەنگ، داوای یارمەتی و هێزی لێکردین، خوالێخۆشبوان مام جەلال و کاک نەوشیروان و بەندە وەکو بەرپرسی مەکتەبی عەسکەری لەگەڵیدا کۆبووینەوە. راستەوخۆ مام جەلال فەرمانیدا کە هێز کۆبکەینەوەو بەندە وەکو بەرپرسی هێزەکانی یەکێتی چووم بۆ هاوکاری حزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران. بەهێزێکی دوو هەزار کەسی بەشداری شەڕەکانمان کرد. ئەو بەڕێزانەی کە لەناو حزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە لەژیاندا ماون، شایەتحاڵی ئەو رووداوەن. تەنانەت کە شەڕەکان توند بوون، مام جەلال هاتە دیوی کوردستانی ئێران لەگەڵ شەهید دکتۆر قاسملۆ پێکەوە سەرپەرشتی شەڕەکانیان دەکرد.
سەبارەت بەشەهیدکردنی (دکتۆر قاسملۆ) لە ساڵی ١٩٨٩ دوای ئەنفالەکان، ئەو زەمەنە (کاک نەوشیروان) لە دەرەوەی وڵات بوو؛ هیچ ئاگای لەگفتوگۆی حزبی دیموکراتی ئێران نەبوو. (کاک نەوشیروان) ئەوکات لەفەرەنسا بوو. (شەهید قاسملو) لە پاریس کاک نەوشیروانی دیبو و پێی وتبوو ماوەیەک لە پاریس بمێنەرەوە لەڕێگەی (دکتۆر کەنداڵ)ەوە ئیقامەی فەرەنسات بۆ وەردەگرم. واتە کاک نەوشیروان دووربوو لەگفتوگۆکانی نێوان دەوڵەتی ئێران و دیموکرات.
بەرێز (مام جەلال) لەسەر داوای دەوڵەتی ئێران کەوتە نێوان دەوڵەت و حزبی دیموکراتی ئێرانەوە. جەولەی یەکەمی گفتوگۆکەیان لەڤێنای پایتەختی نەمسا لەماڵی (کاک خەبات کەریم مەعروف) دەستی پێکرد؛ مام جالال، کاک خەبات و چەند کادرێکی ئەو زەمانەی (ی.ن.ک) راسپارد لە چەند ژوورێک دانیشن بە دەمانچەوە بۆ پاراستنی (دکتۆر قاسملو) کاتێک (مام جالال) گەڕایەوە بۆ کوردستان، ئەو زەمانە لە قاسمە رەش بووین لەسەر سنوری عێراق و ئێران، باسی گفتوگۆکانی بۆ مەکتەبی سیاسی گێڕایەوە؛ مام جەلال وتی وەفدی ئێرانی گەڕاونەتەوە بۆ ئێران بۆ ئەوەی ئەنجامی گفتوگۆکانیان بە بەرپرسانی سەروو خۆیان بڵێن.
دوای ئەوە، (مام جالال) لە رێگەی ئێرانەوە بەنیازی سەفەربوو بۆ دەرەوەی وڵات. (مام جەلال) پێش رۆشتنی بۆ ئێران، نامەی بۆ (د.قاسملو) نووسی کە ئەو زەمەنە بارەگاکانیان لە بناری قەندیل بوو، بۆی نوسیبوو لە تاران بەرپرسانی ئێرانی دەبینم و قسەیان لەگەڵ دەکەم لەسەر دانیشتنی دووهەمی گفتوگۆکانی نێوان ئێوەو نوێنەرانی دەوڵەتی ئێران کەی و لەکوێ دەستپێبکاتەوە. بۆ (دکتۆر قاسملۆ)ی نووسیبو، کات و شوێنی کۆبوونەوەکە بەبروسکە بۆ (ملازم عومەر) دەنێرم و ئەویش بە نامە جەنابتی لێئاگاداردەکاتەوە. نوسینگەی تارانی (ی.ن.ک) جیهازی راکاڵی لێبو. دوای ماوەیەک لە سەفەرەکەی، (مام جەلال) بروسکەی بۆ کردم، نوسیبووی کە وا ئێرانیەکان (بە تایبەت سوپای پاسداران کە سەرقاڵی گفتوگۆکان بوون) وتوویانە هەرکات بەتەواوی گەیشتینە رێکەوتن، ئەوکات دەیخەینە بەردەست (ئیمام خومەینی)؛ کە ئەو فتوای لەسەردا ئیتر ئیتڵاعات و هیچ لایەنێک ناتوانن لە دژی بوەستنەوە. پاش ماوەیەک، سوپای پاسداران بە مام جەلالیان وتبوو کە هەندێک کادری یەکێتی لەشاری سەردەشت بڵاویان کردۆتەوە کە وا حزبی دیموکراتی ئێران بەنێوەندگیری (ی.ن.ک) خەریکن لەگەڵ دەوڵەتی ئێران رێکدەکەون؛ ئیتڵاعات پێیان زانیوەو کارەکەیان لێتێکداوین، ئێستا هیچ ئامادەییەکمان نییە بۆ دانیشتنی گەڕی دووهەم. مام جەلال بە بروسکە ئەمانەی بە من گەیاند، تەنانەت وتی ئەمەش بۆ د.قاسملو بنووسە کە ئێرانیەکان بەڕاستیانە، یان دەیانەوێ ئێمە (واتە مام جەلال و ی.ن.ک) لە دانوستانەکان دوورخەنەوە. من هەموو پەیامەکەی (مام جەلال)م بەنامە وەک خۆی بۆ (د.قاسملو) نارد. دوایی دەرکەوت ئێرانیەکان بە (د.قاسملو)یان راگەیاندبوو کە ئێمە سوپاسی (ی.ن.ک) و مام جەلال دەکەین کە ئێمەیان بەیەک گەیاند؛ بەڵام ئێمە هەردوولامان ئێرانین و پێویستمان بە نێوەندگیری نەماوە. پێشبینیەکەی مام جەلال راست دەرچوو کە وا ئێرانیەکان ویستوویانە مام جەلال و (ی.ن.ک) لە نێوەندگیری دوورخەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەئاسانی پیلانی تیرۆرکردنی (د.قاسملو) جێبەجێبکەن. دەرکەوت جەولەی دووهەمی دانیشتنەکەیان بەبێ ئاگاداری مام جەلال و یەکێتی، لەماڵی (شەهید فازیلی مەلا مەحمود) بوو، جگە لە (د.قاسملو، و د.فازیل)، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتیشیان شەهید کردو چوونە ڕیزی شەهیدانی کوردو کوردستانەوە. بەداخەوە شەهیدبوونی دکتۆر قاسملو گورزێکی کوشندەی لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە ناوچەکە و بەتایبەتی یەکێتی دا لەو سەردەمەدا. پاش شەهیدکردنی دکتۆر قاسملۆ، خێزانەکەی کە خەڵکی چیک بوو، دوو کچیشی لێی هەبوو، لە دادگا شایەتیدا و وتی کە وەسیەتی بۆ ئێمە کردووە کە ئەو پارانەی لە بانک هەیەتی، هی خۆی نیە، هی حزبی دیموکراتەو دەبێت تەسلیمی حزب بکرێتەوە. تەنانەت کتێبخانەکەی خۆیشی لە وەسێتنامەکەیدا پێشکەشی حزی دیموکرات کردبوو. درود بۆ گیانی پاکی شەهید قاسملوو شەرەفکەندی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
