زانیاری نوێ لەبارەی بۆردومانەكەی سوپاكەی ئەردۆغان ئاشكرا دەكرێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوێنەری ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی زانیاری نوێ لەبارەی هێرشەكەی دوێنێی توركیا لە زاخۆ ئاشكرا دەكات و دەڵێت" توركیا بۆی ڕوون بۆوە كە گوندی پەرەخێ چۆڵناكرێت، سوپای توركیا تۆپخانەكانی فەرماندار كرد بۆ تۆپبارانكردن و بۆردوومانكردنی تا گوندنشینان گوندەكە بۆ سەربازەكانیان چۆڵبكەن".
كامەران عوسمان، نوێنەری ڕێكخراوی (CPT) نێودەوڵەتی دوایین زانیارییەكان لەبارەی هێرشەكەی دوێنێی توركیا لە قەزای زاخۆ ئاشكرا دەكات و دەڵێت" لە حوزەیرانی (٢٠٢٠)ەوە و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی چنگی ھەڵۆ و پڵنگدا، توركیا دوو بارەگای سەربازی لە چیاكانی خامتیر و گرێ كوخێ لە باكوری گوندەكە جێگیركردووە".
هەروەها ئاماژەی بەوەشكردووە، ئامادەیی سەربازی توركیا و ھەبوونی قەرەقول لەو ناوچەیەدا بونەتە ھۆی چۆڵبوونی تەواوی گوندەكانی دەوروبەری پەرەخێ، لە ناویاندا گوندەكانی "دەشتە تەخ، شوشێ، سینۆمە، قەسرۆك، جوومە، ستەبلان، بھێرێ، شرانش-ئیسلام، شرانش-كریستیان و كەلوك" و لەكۆی ١١ گوندی ناوچەكە تەنیا دانیشتوانی پەرەخێ گوندەكەیان چۆڵنەكردووە و تۆپ و تەیارە و دوكەڵ نەیتوانیوە ھەواری باب و باپیرانیان پێ چۆڵبكات.
" ساڵی پار سەربازانی توركیا لە بارەگا تازەكانیانەوە ھاتنە خوارەوە بۆ ناو گوندی پەرەخێ و ماڵ بە ماڵ ئاگاداریان پێدان بۆ جێھێشتنی گوندەكەیان، گوندنشینان بە تێكڕا بڕیاریاندا بە مانەوەیان لە گوندەكەیاندا ڕێگری لە پێشڕەوی خاكڕەوی توركیا بكەن بۆ ناو خاكی ھەرێمی كوردستان، چونكە دڵنیابوون كە ئەگەر توركیا بێتە گوندەكەوە ئەوا ھەرگیز جێی ناھێڵێت و گوندەكەیان وەك سەدان گوندی تری سەر سنور دەكات بە گۆڕەپانی شەڕ"، كامەران وا دەڵێت.
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە لەدوای ئەوەی كە توركیا بۆی ڕوون بۆوە كە گوندەكە چۆڵناكرێت، سوپای توركیا تۆپخانەكانی فەرماندار كرد بۆ تۆپبارانكردن و بۆردوومانكردنی دەوروبەری گوندەكە بە ئامانجی ئەوەی گوندنشینان گوندەكە بۆ سەربازەكانیان چۆڵبكەن، تا ئەوە بوو لە ١٥ی حوزەیرانی ئەم ساڵدا بۆ یەكەمجار توركیا ناوەڕاستی گوندەكەی تۆپباران كرد و نەزیر عومەری جوتیار و محەمەدی كوڕی بەسەختی برینداركرد، وتیشی:" ئەم ڕووداوە نەك نەبووە ھۆی چۆڵكردنی گوندەكە، بەڵكو خەڵكی گوندەكە بۆ ھاوینی ئەم ساڵ چەند ناوچەیەكی زیاتری گەشتیاریان لە گوندەكەیاندا دروستكرد و میوانداری و خانەخوێیەتی كورد و عەرەب و بیانیان دەكرد.
كامەران عوسمان ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە لە ڕووداوەكەی ٢٠ی تەمووزدا، توركیا لە سەبازگەی خاتیرێ-وە بە چوار تۆپ وەڵامی بەرگریكردن و مانەوەی مەدەنیانەی گوندنشینانی پەرەخێ'ی دایەوە و ڕقی دوو ساڵەی خۆی بەسەر گوندنشینان پەرەخێ و میوانەكانی ئەو گوندەدا ڕشت. "توركیا بەم تۆپبارانە ویستی تەواوی گوندەكە لە ھاوڵاتیانی چۆڵبكات. لەدوای شەھیدبوونی ٩ ھاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی ٢٣ ھاوڵاتی مەدەنی تر، ھەم بۆ یاوەریكردنی بریندارەكان و ھەمیش بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری بۆردوومانی تر، تەواوی دانیشتوانی گوندی پەرەخێ، پاشنیوەڕۆی دوێنێ ڕوویانكردە زاخۆ و گوندەكەیان بەجێھێشت".
ئەوەشی روونكردووەتەوە كە" درەنگانێكی دوێنێ شەویش، تا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، بۆ ڕێگریكردنی لە خواستی توركیا لە ھاتنە خوارەوەی بۆ ناو گوندەكە، گوندنشینان پۆل پۆل گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان".
