ئەمریکا داوای راگرتنی هێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوا کرد

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بۆ جاری دووەم لە ماوەی دوو ڕۆژدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای ڕاگرتنی توندوتیژی لە باکوری سوریا کرد وتورکیاش بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، جگە لەوە هەڕەشی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆسەر منبەج و تەل رەفعەت و کۆبانێ دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ جاری دووەم، داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیای بۆسەر رۆژئاوای کوردستان کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە نیگەرانن لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی ئەم دواییە کە ناوچەکەیان ناسەقامگیر کردووە و پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی داعش، هاوڵاتیانی مەدەنی و سەربازانی ئەمریکی دەخەنە مەترسییەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوان لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا تێدەگەین کە پەیوەندییان بە 'تیرۆرەوە' هەیە، بەڵام لەهەمان کاتدا بەردەوام نیگەرانی جددی خۆمان دەربڕیوە، سەبارەت بە کاریگەری ئاڵۆزیەکان لەسەر شەڕی داعش و هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەردوو دیوی سنورەکە".

دوێنێ چوارشەممەش وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، نیگەرانی قوڵی خۆی لە ئاڵۆزیەکان لە سوریا، عێراق و تورکیا دەربڕی و سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە کرد کە لەو سێ وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە.

هەر ئەمڕۆ ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی تایبەتی روسیا بۆ سوریا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی زەمینی سوپای تورکیا، دەبێتە هۆی هەڵکشانی ئاڵۆزیەکان لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لاڤرێنتیڤ وتی، ئەگەری ئەوە هەیە تورکیا خۆی لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە سوریا بپارێزێت.

هاوکات دوێنێ، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساش لە راگەیەندراوێکدا، نیگەرانی قوڵی خۆی سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەربڕی. وتی، " فه ڕەنسا بەنیگەرانییەوە چاودێری ئەو ئاڵۆزیە دەکات کە له دوای ئۆپراسیۆنی ئاسمانی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا و باکوری عێراق دروست بووە."

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساش داوای دانبەخۆداگرتنی لە تورکیا کرد کە مەترسی لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی دانیشتووان دروست نەکات، لە کاتێکدا کە هێشتا هەڕەشەی ڕێکخراوی “داعش” بوونی هەیە. ، ئەحمەد ئەبوزەید وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی میسریش دوێنێ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێکدا، هێرشەکانی تورکیا وەک پێشێلکردنی سەروەری خاکی سوریا و عێراق لەقەڵەمدا و داوای کرد تورکیا خۆی لە توندوتیژی بەدوور بگرێت.

هەروەها ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، روسیا و ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بە بەرپرسیار دەزانێت، لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە سەربازییەکانی تورکیا و لە راگەیەندراوێکدا، داوای لە هەموو هێزە نیشتمانییەکانی سوریا کرد کە بەرگری لەم بەشەی سوریا بکەن، هەروەها داوای لە خەڵکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد لە دەوری هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی خۆسەر کۆببنەوە.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە تایبەتی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دوای ئەوە هات کە تورکیا هێزەکانی ئەو بەشەی کوردستانی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ١٣ی تشرینی دووەمی ئەستەنبوڵ تۆمەتبار کرد.

سەبارەت بەمەش مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمونیتەری ئەمریکی رایگەیاندبوو، ئەو ژنەی کە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵی ئەنجامداوە و هەر ئەو رۆژە دەستگیرکرا، پەیوەندی بە داعشەوە هەیە و سێ برای لە ریزەکانی داعشدا کوژراون. هەرچەندە لایەنە کوردیەکانی رۆژئاوای کوردستان، رەتیان کردەوە دەستیان لە هێرشەکەدا هەبێت، بەڵام تورکیا دەستی بە هێرش کرد و چوار رۆژە بە بەردەوامی گوند و شاروچکەکان و ژێرخانی رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار