لێدوانی وتەبێژی حکومەت لەبارەی پشووی سەرتاسەری
3 كاتژمێر لەمەوپێش
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕاگەیاندنی پشووی فەرمی لە سەرتاسەری کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند، دەسەڵات دراوەتە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پشووی فەرمی لەکاتی دروستبوونی لافاو و هاتنی شەپۆلی توندی بارانبارین ڕابگەیێنرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لافاو دروست بوو، لە ناوچەی گەرمیان لە شاری چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش شەپۆلەکە زۆر بەهێزبوو، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کەس، کە دوانیان خەڵکی چەمچەماڵ و کەسەکەی دیکەش کە منداڵێکی تەمەن 9 ساڵانە و خەڵکی ناحیەی لەیلانی سەر بە کەرکووکە گیانی لەدەست دا.
قایمقامیەتی چەمچەماڵ رایەگەیاند، بەهۆی ئەو لافاو و کارەساتە سروشتیەی ئەمرۆ رووی لە قەزاکە کردووە، سبەی لەسەرجەم دام و دەزگا حکومیەکان و قوتابخانە و خوێندنگەکان و زانکۆ و پەیمانگاکان پشووی فەرمیە، جگە لەو دام و دەزگایانەی ئێشکگری بەردەوامیان هەیە.
لەلایەکى دیکەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت سبەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەوامی فەرمییە، بەڵام ئەگەر دۆخێکی نەخوازراو دروستبوو، سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان دەسەڵاتیان هەیە بڕیار بدەن.
د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان: دەسەڵاتمان داوە بە سەرجەم زانکۆکان، بۆ سەلامەتیی خوێندکاران، ئەگەر پێویست بوو دەتوانن پشوو رابگەیێنن
پێشتریش بەهۆی لافاوە لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ، دوو هاونیشتمانیی گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
