عومەر ئیلخانیزادە: داوا لە ئێمە نەكراوە چەك دابنێین
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
عومەر ئیلخانیزادە جێگری سكرتێری كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران دەڵێت: حكومەتی هەرێم داوای لە ئێمە نەكردوە چەك دابنێین، و پێشم وانییە قەد هەرێمی كوردستان تەسلیمی ئەوەبێت.
ئیلخانیزادە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هاوڵاتی رایگەیاند: ئێمە پێش رووخانی سەدام حسێنیش لێرە بووین و لەنێو ئەو گەلەدا بووین، ئێمە پشتیوان بووین لەڕاپەڕیندا پشتیوان بووین لەدروستكردنی هەرێمی كوردستاندا و گەلی ئێمە لەڕۆژهەڵات بەهەموو قودرەتی خۆیەوە پشتیوانی كردووە لەهەموو پێشكەوتنێك لەو هەرێمە، بۆیە ئەو داوایە لەلایەن هەرێمیشەوە دڵنیام ناتوانرێت قبوڵبكرێت لەلایەن رووناكبیران و خەڵكی ئەو هەرێمە، پەیوەندییەكی مێژوویی نێوانی كوردستانی رۆژهەڵات و باشوور هەیە، پێموایە ئەو داواكارییە ناتوانرێت قبوڵبكرێت و تائەو جێیەی ئێمە مەعلوماتمان هەیە دەوڵەتی عێراقیش بۆی ئاسان نییە.
وتیشی: جیا لەوە من بەفڕوفیشاڵی دەزانم ئێرانێك كە دەیەوێت لەكوردستانی عێراق هێرشبكاتە سەر ئێمە، لەنێو خاكی ئێرانداو لەنێو كوردستانی ئێراندا لەژێر پالامارو زەبری شۆڕش و ئاخێزێكی جەماوەری گەورەدایەو لەباری نێونەتەوەییەوە تڕۆو ریسوا بووەو تەریك كەوتووەتەوە، من پێموانییە ئەوە كارێكی ئاسان بێت و ئەگەر ئەو كارەبكات كارێكی شێتانەیە كەمەرگی خۆی بەدواوە دێت، ئەو كوردستانی ئێرانی بۆ رانەگیراوە قابیلە بتوانێت ئەو كارە لێرە بكات و ئەوە كارێكی شێتانەو ئەحمەقانەیەو بەزیانی خۆی سەد لەسەد هەڵدەگەڕێتەوە، هەروەك چۆن هێرشەكانی بۆ ئێمەی كردووە هیچ شتێكی دەستكەوت بۆ ئەو نەبووە ئەگەر زەربەیەكی لەئێمە دابێت شۆڕشی ئێمەی پتەوتر كردووەو یەكگرتوویی زۆرتر كردووە.
