سۆماڵیلاند: مێژوویەک غەمگین وەک هی کورد

5 كاتژمێر لەمەوپێش



ئارام ڕەفعەت 

دوێنێ، ٢٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٥، ئیسڕائیل وەک یەکەم وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی نا بەسەربەخۆیی سۆماڵیلاند.

ئەم دان پێدانانەی ئیسڕائیل، سەرلە نوێ ئەم هەرێمە لەبیرکراوەی ئەفریقای خستەوە سەر دێڕی هەواڵەکان.

تراژیدیای سۆماڵیلاند، کە بە سۆماڵی باکوریش ناسراوە، لەگەڵ سەربەخۆ بوونی ئەو هەرێمە دەست پێدەکات. 

هەرێمەکە بۆ سەدەیەک زیاتر کۆڵۆنیزە (موستەعمەرە)ی بەریتانیا بوو،  لە ١٩٦٩ سەربەخۆیی بەدەست هێنا.

پێنج رۆژ دوای سەربەخۆیی لەگەڵ باشوری سۆماڵ یەکیانگرت، کە ئەوانیش تازە لە داگیرکاری ئیتالیەکان رزگاریان ببوو.

ئەم یەکگرتنە، بۆ سۆماڵیلاندەکان، بووە مایەی یەکێک لە قەسابخانە گەورەکانی مێژوو کە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار قوربانی لێکەوتەوە.

قەسابخانەکە لەسەر دەستی سۆماڵیەکانی باشور، کە حوکمی هەردوو بەشەکەی سۆماڵیان دەکرد و لەسای رژێمە دیکتاتۆری و خوێناویەکەی سیاد بەڕی سۆماڵی باشور بوو.

جگە لەقەسابخانەکە، سۆماڵیلاندیەکان رووبەڕووی هەموو جۆرە سیاسەتێکی رەگەزپەرستانە و هەڵاواردن بوونەوە.

روخانی رژێمەکەی سیاد بەڕی لە ١٩٩١دا و کۆنترۆڵکردنی باشوری سۆماڵ لەلایەن باندی تیرۆریست و مرۆڤکوژی ئەلشەباب، هەلێکی زێڕین بوو بۆ سۆماڵیلاندەکان تا سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن.

سەربەخۆیی سۆماڵیلاند، نە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و نە هیچ وڵاتێکی ئەندامی ئەو رێکخراوە نەناسراوە.

ئیسڕائیل، دوێنێ ئەم دەروازەی بۆ سۆماڵیلاندەکان کردەوە و سۆماڵیلاندەکانیش ئامادەیی خۆیان بۆ چونە ناو هاوپەیمانی ئیبڕاهیمی دەربڕی.

لە ٢٠٢٤دا سۆماڵیلاند رێکەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ ئەسیوبیا واژۆ کرد و سۆماڵیلاندیەکان ئومێدیان ئەوەیە ئەسیوبیەکانیش بچنە ریزی ئیسڕائیل و سەربەخۆیی هەرێمەکەیان بەفەرمی بناسێت.

خالی لاوازی سۆماڵیلاندیەکان ئەوەیە هەریەک لە یەکێتی ئەفریقا و زۆربەی وڵاتە عاڕەبییەکان دژی سەربەخۆیی ئەو هەرێمەن.

خاڵێکی لاوازی تری سۆماڵی لاندەکان دەست تێوەردان و دژایەتی عیفریتەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکەکانە، لە دژی سەربەخۆیی سۆماڵیلاندەکان.

وەک هەمیشە بۆ تورکەکان، وڵاتی گیرۆدە بە کێشە و شەڕی ناوخۆیی، گونجاوترین زەلکاوە بۆ راوکردن.

ئەمە بۆ سوریا، عێڕاق، سودان، لیبیا و سۆماڵ راستە.

ئێستا وەک ئەمری واقیع سۆماڵی باشور موستەعمەرەی تورکەکانە. گەورەترین بنکەی سەربازی تورکەکان لەدەرەوەی وڵاتەکەیان لە سۆماڵە.

جگە لەوە، بەناوی خێرخوازی و بازرگانی، تورکەکان چونەتە ناو هەناو و نەسیجی کۆمەڵایەتی سۆماڵیەکان، هەروەک چۆن لە نەوەدەکان بەولاوە لە ڕێی تورکومانەکان و ئیخوانەکان (یەکگرتوو) و هاریکاری بازرگانی و ئەمنی لەگەڵ پارتیدا هەلی خزان و تەشەنەکردنیان بۆ ناو نەسیجی کۆمەڵایەتی باشوری کوردستان بۆ رەخساوە.

هەڵبەت هەم لە سۆماڵ و هەم لەباشوری کوردستان، قەتەریەکان رۆڵی بەربووک و دەڵاڵی خێرخوازی ئەهریمەنیانەیان بۆ باڵادەەتی تورکەکان گێڕاوە.

ئێستا لە هەژموون بەسەر ئابوری و سیاسەت و بەرژەوەندی و وەلائی سۆماڵیەکانی باشور، تورکەکان بێ رکابەرن.
 
تورکەکان هێندە ریشەیان لە باشوری سۆماڵدا داکوتاوە، پیلانی ئەوەیان هەبوو لە باشوری سۆماڵەوە و لەژێر پەردەی یەکگرتنەوەی هەردوو هەرێمەکە، دەست بەسەر بڕیار و چارەنووس و خێروبێری سۆماڵیلاندیشدا بگرن. 

تورکەکان دەیانەوێت ببنە گوندە و پاسەوانی دەریای سۆریش و دەزانن بێ سۆماڵیلاند ناتوانن ئەو رۆڵە ببینن.

هۆکارەکەش ئەوەیە، ئەوە سۆماڵیلاندە، نەک سۆماڵ، کە زۆرترین سنووری دەریایی لە دەریای سۆردا هەیە.

سۆماڵیلاند رێک کەوتۆتە ئەو شوێنەی کە بە شاخ یان قۆچی ئەفریقا ناسراوە و کێ سۆماڵیلاند کۆنترۆڵ بکات یان بیکاتە پڕۆکسی خۆی، ئەو تەحەکوم بەدەریای سۆرەوە دەکات و وەک دەرەنجامیش، دەست بەسەر رێڕەوی دەریایی دەریای سۆردا دەگرێت.

خەونی عیفریتەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێک ئەوەیە، بەبیانووی هێنانەوەی سۆماڵیلاند بۆ ژێر رکێفی سۆماڵ، دەست بەسەر هەرێمەکە و لەوێشەوە رێڕەوی دەریایی دەریای سۆردا بگرێت.

تا حەوتی ئۆکتۆبەر و تۆفانی ئەلئەقسای حەماس، سوڵتانە پیرەکەی تورکەکان رێگاکەی تەخت بوو.

تا ئەوساش، سوڵتان یەکەمی بێ رکابەری ناوچەکە بوو و بێ هیچ راگرییەک لە زۆربەی ولاتە وێران و فاشیلەکانی ئەفریقا، لەوانەش سۆماڵ یاری بە کلکی دەکرد.

تا تۆفانی ئەلئەقساش، خەونی سوڵتان بۆ کۆنتڕۆڵی سۆماڵیلاند، زۆر لە واقیع نزیک بوو.

 تۆفانی ئەلئەقسا، هاوکێشەکەی گۆڕی. دوای ئەلئەقسا هەژموون و پێگەی ئیسڕائیل باڵادەستی بێوێنەی بەخۆوە بینی.

ئێستا دۆخێکی تازە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتۆتە ئاراوە کە تێیدا ئیسڕائیل و ناتانیاهۆ، نەک تورکەکان و ئەردۆغان یاریزانی سەرەکین .

ئەم یاریزانە سەریکییە خەریکە  ئەو ڕیسە بکاتەوە خوری کە ٢٠ ساڵ زیاترە سوڵتانە پیرە دەیڕێسێت.

ئێستا هەموو لایەک، بە سوڵتانە پیرەشەوە پەی بەوە دەبەن کە  تۆفانی ئەلئەقسا ناتانیاهۆی کردە پادشای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ناتانیاهۆ  بە هاوپەیمانی لەگەڵ قوبرس و یۆنان لەلایەک و داننان بە سۆماڵی لاند لەلایەکی دیکەوە، دەیەوێت ببێتە پادشای بەڕ و بەحری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هەردوو دەریای سۆر و دەریای سپی ناوەڕاستیشەوە.

دانپێدانانی ئیسڕائیل بەسەربەخۆیی رێک بەو ئامانجەیە، نەک چاوی ڕەشی سۆماڵیلاندیەکان.

کۆنتڕۆڵکردنی رێڕەوی ئاوی دەریای سۆر بە ئامانجی پڕۆژەی رێڕەوی گاز و نەوتە لە نێوان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، کە بە پڕۆژەی “گەیەنەری دەریای مەزن” ناسراوە و یۆنان و قوبرسیش تێیدا هاوبەشن.

هەفتەی رابردوو لە دەریای سپی ناوەڕاست و ئێستاش لە دەریای سۆر، ناتانیاهۆ خەریکە خەونە فراوانخوازیەکانی سوڵتانە پیرە بگۆڕێت بۆ کابوسێکی قورس.

ئێستا هەرێمەکە دووبارە خۆی ئاراییش دەداتەوە و دەروازەی جەمسەرگیری و زۆرانبازییەکی نوێ کراوەتەوە.

زۆرانبازی نەوەکانی موسای یەهودی و ئۆرتغۆلی تۆرانی، پاڵەوانی ئەم زۆرانبازیەش، سوڵتانە پیرە و ناتانیاهۆی تازە پاشایە.

 دوای دوو دەیە، ئاماژەکانی داکشانی هەژموونی سەرسەختترین نەیاری سەرکوتکەر و چەوسێنەری، واتە داگیرکەری تورکی، خەریکە دەردەکەون.

مێژووی ئەم ١٠٠ ساڵە پێمان دەڵێت دەرفەتی مانەوە و گەشەی کورد بەرەەوام لەو کاتەنەدا بووە کە ولاتانی ناوچەکە دەرگیری شەڕ و  جەمسەرگیری و دابەشبوون بوون و هەژموون و هێزیان لەدەست داوە.

ئێستا فاکتەر کوردی، لای هەردوو جەمسەرەکە،  نرخی پەیدا کردووە و هەم تورکەکان و هەم ئیسڕائیل، دەیانەوێت ئەم فاکتەرە لەبەرژەوەندی خۆیان بەکار بێنن.

کورد ئەگەر ژیرانە و بوێرانە و یەکگرتوانە بچێتە ناو ئەم هاوکێشە تازانەوە، رەنگە دەسکەوتی بەرجەستە بەدەست بێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار