مانگی 10: 630 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من مووچە وەردەگرن
2 كاتژمێر لەمەوپێش
پڕۆژەی هەژماری من، لە فراوانبووندایە و ئەوانەی خۆیان لە پڕۆژەکە تۆمار دەکەن ملیۆنێک مووچەخۆر تێدەپەڕێنێت و ئەم مانگەش 630 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەی پڕۆژەی "هەژماری من" مووچە وەردەگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28-12-2025، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 942 ملیار و 845 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
بۆ مووچەی ئەم مانگە 630 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من مووچە وەردەگرن، کە 330 هەزار فەرمانبەری مەدەنی، 197 هەزار پێشمەرگە و ئاسایش، 88 هەزار خانەنشین و 11 هەزار کەسوکاری شەهید.
ئەو 630 هەزار مووچەخۆرە بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بوون:-
هەولێر: 319 هەزار و 500 مووچەخۆر
دهۆک: 164 هەزار و 300 مووچەخۆر
سلێمانی: 144 هەزار مووچەخۆر
تا ئێستا نزیکەی ملیۆنێک مووچەخۆر خۆیان لە هەژماری من تۆمارکردووە، 660 هەزار کارت دابەشکراون، هاوکات 517 ئامێری ڕاکێشانی پارە ATM لە 200 شوێنی جیاوازی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دانراون، هەروەها بە گشتی مووچەخۆران لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 63 کەسە.
