شارەزایانی کەشناسی: سبەی بەفر دەگاتە سەنتەری سلێمانی و دهۆک
3 كاتژمێر لەمەوپێش
شارەزایانی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمشەو شەپۆلی بەفر و باران تاوەکو رادەیەک لاواز دەبێت. بەڵام لە سبەی دوای نیوەڕۆوە بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت و دەگاتە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و دهۆکیش.
رۆژی یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی بەردەوامیی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای نێوەڕاست، ئەمڕۆ لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان باران باریوە و لە هەندێک شوێن ئاستی ئاو بەرزبووەتەوە، هاوکات لە ناوچە شاخاوییەکانی وەک پێنجوێن، کۆڕەک، سەفین، پیرمام، چۆمان و گۆیژە بەفرێکی زۆر باریوە.
بەگوتەی ئەو شارەزایەی کەشناسی، "ئەم قۆناخی یەکەمەی بەفر و بارانە تاوەکو کاتژمێر 11ـی ئەمشەو بەردەوام دەبێت، پاشان کاریگەرییەکەی کۆتایی دێت و کەشوهەوا تاوەکو سبەی نیوەڕۆ ئاسایی دەبێتەوە."
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری پێشووی کەشناسیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەمشەو تاوەکو سبەی بەیانی شەپۆلەکە کەمێک لاواز دەبێت، بەڵام لە دوای نیوەڕۆی سبەی کاریگەرییەکان بە چڕی دەستپێدەکەنەوە. پێشبینی دەکەین بەفر بگاتە سەنتەری شارەکان و خێرایی باش کەم ببێتەوە، بەڵام سەرماکە توندتر دەبێت."
محەممەد کەمال ئاماژە بەوە دەکات کە لە نیوەڕۆی سبەی دووشەممەوە، قۆناخی دووەمی شەپۆلەکە دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن. پێشبینی دەکرێت بەفر ئەم ناوچانە سپی پۆش بکات:"دهۆک، سلێمانی، رواندز، سۆران، پیرمام، مێرگەسۆر، باڵەکایەتی، قەڵادزێ، پێنجوێن، شارباژێڕ، ماوەت، قەرەداخ، پیرەمەگروون، بناری بەمۆ، بارزان، شیلادزێ، ئامێدی، بامەڕنی، سیدەکان، بازیان، بانی مەقان، سەنگاو، بیارە، تەوێڵە، شەقڵاوە، دۆڵی خۆشناوەتی، بالیسان، هیران و نازەنین". لەگەڵ تەواوی گوند و شاخەکانی دەوروبەریان.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سەنتەری هەولێر و هەڵەبجە بەفر و باران بە تێکەڵ (تەرزە) دەبارێت، لە گەرمیان و کەرکووکیش بارانی مامناوەندی زستانە دەبارێت و شەپۆلەکە تا بەرەبەیانی سێشەممە بەردەوام دەبێت.
هەردوو کەشناس هۆشداری دەدەن کە پلەکانی گەرما لە هەموو ناوچەکان لە کاتی رۆژدا نزیک دەبنەوە لە سفر و لە شەودا دەچنە ژێر سفری سیلیزی، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی شەختە و بەستنێکی زۆر. داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت سبەی هۆشیار بن و سەردانی ناوچە شاخاوییە بەرزەکان نەکەن.
