بەهۆی لێڵبوون و قوڕاوبوونی ئاوی زێی بچووکەوە دابەشکردنی ئاو بۆ شاری کۆیە وەستێندراوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە رایگەیاند، بەهۆی لێڵبوون و قوڕاوبوونی ئاوی زێی بچووکەوە دابەشکردنی ئاو بۆ شاری کۆیە وەستێندراوە. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، لە هەوڵدان و ئێوارەی ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەر دەکەن.

رۆژی شەممە، 26-11-2022، تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە رایگەیاند، دابەشکردنی ئاوی ماڵان بەهۆی بارانبارین و زۆربوونی ئاوی زێی بچووکەوە راگیراوە.

قایمقامی کۆیە گوتیشی: "کە ئاوی رووبارەکان زیاد دەکەن، لێڵبوون روودەدات. تیمەکان لە هەوڵدان بۆئەوەی تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەر بکەن".

هاوکات دوێنێ لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە رایگەیاند: "پڕۆژەی ئاوی تەقتەق- کۆیە و پرۆژەی ئاوی بۆگد - کۆیە وەستێندراوە، ئەوەش بەهۆی ئەو بارانبارینە بەخوڕەی چەند شوێنێکی گرتووەتەوە و بووەهۆی لێڵبوونی ئاوی زێی بچووک، کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی پاکە بۆ قەزای کۆیە و بەشێک لە شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەری".

ئاماژەی بەوەشداوە، بۆیە بە ناچاری هەردوو پرۆژەی دابین کردنی ئاوی پاک بۆ شاری کۆیە رابگیرێن بەهۆی ئەوەی رێژەی لێڵێ ئاو(NTU) لە سەرووی ١٠ هەزارەوەیە کە ئەم رێژەیەش زۆرە و فلتەرەکانی پاڵاوتی ئاو ناتوانن کاری خۆیان ئەنجام بدەم وە ئاوەکە شیاونیە بۆ خواردنەوە.

دەشڵێت، "داواکارین لە هاولاتیانی شاری کۆیە بەوریاییەوە ئاو بەکار بهێنن تاوەکو ئەو کاتەی ئاوی زێی بچووک روون دەبێتەوە پڕۆژەکان دەکەونەوە کار".

جێگەی باسە هەردوو پڕۆژەی ئاوی بۆگد – کۆیە و تەق تەق ئاو بۆ نزیکەی ۱۰۰ هەزار هاوڵاتی کۆیە دابین دەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار