مەزلۆم کۆبانێ: ئەمریکا لە رێگەی مەکگۆرکەوە پێی راگەیاندم کە هەوڵی راوەستاندنی هێرشەکانی تورکیا دەدەن
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) رایگەیاند، هەرچەندە ئەمریکا هەوڵ دەدات هێرشەکان بوەستێنێت، بەڵام تورکیا خۆی ئامادە دەکات بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر کۆبانی، منبج و تەل رەفعەت.
مەزلۆم کۆبانێ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە ڕێگەی ئەپی زوومەوە کە نۆرس پرێس ڕێکی خستبوو، ئەوەی خستەڕوو، روسیا و ئەمریکا دژی هێرشی تورکیان، بەڵام هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان پێویستە بەهێزتر بن، چونکە تورکیا بەنیازە هێرشەکە دەستپێبکات.
کۆبانێ ئاشکرای کرد، لە هێرشەکانی ئەم دواییانەی دەوڵەتی تورکیادا، ١٤ هاوڵاتی مەدەنی و ١٦ شەڕڤانی گیانیان لەدەستداوە. هەروەها ٤٥ ناوەندی ژێرخانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا زیانیان بەرکەوتووە.
فەرماندەی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە، ئەمریکا بە فەرمی لە ڕێگەی برێت مەکگۆرکەوە ئاگاداری کردمەوە کە لەسەرخەتن و ئەمریکا پەیوەندی بە تورکیاوە دەکات بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و داوای کرد، حکومەتی ئەمریکا، تورکیا سزا بدات، بەهۆی ئەوەی رێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردووە.
دوابەدوای لەشکرکێشیەکانی تورکیا لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، تورکیا دوو ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی واژۆکرد، یەکێکیان لەگەڵ روسیا و ئەوی دیکەیان لەگەڵ ئەمریکا. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هێزەکانی هەسەدە ٣٢ کیلۆمەتر لە سنورەکانی تورکیا دوور کەوتنەوە.
کۆبانێ جارێکی دیکە رەتیکردەوە کە هەسەدە و رۆژئاوای کوردستان دەستیان لە هێرشەکەی ئەستەنبوڵدا هەبێت کە ١٣ی تشرینی دووەم، لە شەقامی ئیستقلالی ناوچەی تەقسیمی ئەستەنبوڵ روویدا و لە ئەنجامدا شەش کەس کوژران و ٨١ کەس بریندار بوون.
مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە بەردەوامی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەکرد، سوریا بەشێکە لە کۆمکاری عەرەبی، میسر و وڵاتانی دیکەی عەرەبی دەبێت هەڵوێستی بەهێزیان هەبێت و دەڵێت، "هێزەکانی هەسەدە و خەڵکی کۆبانی ئامادەن رووبەرووی هەر جۆرە هێرشێکی تورکیا ببنەوە و ئەم شەڕە جیاواز دەبێت لە شەڕەکانی پێشوو."
کۆبانێ هوشداری ئەوەیدا کە لە ئەگەری هێرشی تورکیادا، بە دریژایی سنوری سوریا و تورکیا، شەڕ بڵاودەبێتەوە و حکومەتی سوریاش دەبێت، هەماهەنگی بکات و هەسەدە ئامادەیە لەگەڵ هێزەکانی سوریا لەدژی هێرشەکانی تورکیا بەرەنگاری بکات.
لەگەڵ ئەوەی چەندین جار، بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان و خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، رایانگەیاندووە، ئەوان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیان بە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ نییە، بەڵام تورکیا سوورە لەسەر دەست پێکردنی ئۆپراسیۆنی زەمینی و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاندووە، رۆژێک لە ناکاودا دەست بە ئۆپراسیۆنەکە دەکەن.
