هەگەپە: لە ٢٥ و ٢٦ی مانگدا ٣١ سەربازی تورکیا کوژراون

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
هەگەپە رایگەیاند، لە هەرێمەکانی زاپ و خواکورکی هەرێمی کوردستان، لە چالاکی گەریلاکانیاندا ٣١ سەربازی تورکیا کوژراون.
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، راگەیەندراوێکی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی دوو رۆژی رابردوو لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
هەپەگە دەڵێت، هێزەکانیان لە هەرێمەکانی زاپ و خواکورک، چەندین چالاکیان لەبەرامبەر بارەگا و سەنگەرەکانی سوپای تورکیا ئەنجامداوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی هەپەگە، لە چالاکیەکاندا بە گشتی ٣١ سەربازی تورکیا کوژراون و ژمارەیەکیش بریندار بوون. هەپەگە چالاکیەکانی وەک ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێری تۆڵەکردنەوە پێناسە کردووە و بەبۆنەی ٤٤مین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە چالاکیەکانی ئەنجامداوە.
هەپەگە جارێکی دیکەش رایگەیاند کە سوپای تورکیا چەکی کیمیایی لە هێرش و بۆردومانەکانیدا بەکارهێناوە.
نزیکەی حەوت مانگە، سوپای تورکیا لە رووی زەمینی و ئاسمانیەوە، ئۆپراسیۆنێکی فراوانی، لەدژی گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمەکانی، زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان دەست پێکردووە. 
پەکەکە مانگی رابردوو، ئامارێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ١٧ گەریلای بە چەکی کیمایی و تاکتیکی ئەتۆمی شەهید بوون. ئەوەش دەنگدانەوەیەکی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
هەرچەندە بەرپرسانی تورکیا بەکارهێنانی چەکی کیمیاییان لە شەڕەکاندا رەتکردووتەوە، بەڵام پەکەکە هەندێک دیمەن و وێنەی بڵاوکردەوە کە لە میدیاکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە. لە ناوخۆی تورکیاشدا، شەبنەم کورور فینجانی سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی تورکیا، داوای لێکۆلینەوەی لە چەکی کیمیایی کرد، بەڵام دوو ڕۆژ دەستگیرکرا و تاوەکو ئێستاش لە زینداندایە.
پەرلەمانتارانی هەدەپە و سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە لە زیندانی کاندرای ئەدرنەدایە، لە نوسین و لێدوانەکانیاندا، داوای لێکۆلینەوەیان لە بەکارهێنانی چەکی کیمایی کرد. 
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) کە بە پارتێکی توندڕەوی رەگەزپەرست دەناسرێت و هاوکاری دەسەڵاتی ئاکەپەیە، پێشنیازی کرد، ئەوەی باس پرسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بکات، پێویستە لە هاوڵاتیبوونی تورکیا دەربکرێت.
لە ئیستادا پرسی چەکی کیمیایی، لەلایەن زۆرێک لە پسپۆڕانی چەکی کیمیایی ئەوروپی و پەرلەمانتارە چەپەکانی ئەوروپا هەوڵ دەدرێت بکرێتە رۆژەڤی ناوەندە جیهانیەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی بەدەست نەهێناوە و لەلایەن دەسەڵاتدارەکانی ئەوروپاشەوە پشتگوێ دەخرێت.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار