دوای پشكنین مووچە بۆ هەزاران خاوەن پێداویستی تایبەت دەبەسترێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
كوێستان محەمەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند: لەساڵی 2012وە هیچ خاوەن پێداویستییەكی تایبەتی نوێ تۆمارنەكرابوو، ئێستا ژمارەیەكی زۆر خاوەن پێداویستیی تایبەت هەیە كەموچەیان نییە و بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەك پێكهاتووە و لیستێك ئامادەكراوە كەناوی 14 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەتی تێدایە.
روونیكردەوە: لیژنەیەكی تایبەت پشكنین بۆ ئەو خاوەن پێداویستە تایبەتانە دەكات و دواتر ئەگەر ڕێژەی كەمئەندامییەكەیان بەپێی ڕێنمایییەكانی وەزارەتی تەندروستی و دارایی بوو، دەیبەنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تاكو فەرمانی تۆماركردن و خەرجكردنی مووچەیان بۆ وەربگرن.
وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەكرد تەواوی ئەو خاوەن پێداویستیە تایبەتانەی مووچەی فەرمانبەری یان خانەنشینیان هەبوو، لەهەمانكاتدا بڕی 100 هەزاردینار مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەتیان هەبوو، بۆیان خراوەتە سەر مووچەكانیان و لەچوارچێوەی مووچەی خاوەنپێداویستیی تایبەت نەماوە.
