دادگاى فیدراڵى عێراق راگرتنى کارەکانى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستانى رەتکردەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ دوشەممە داواکارییەکی د.یوسف محەمەد سادق، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراقی رەتکردەوە کە داوایکردبو تا یەکلاییکردنەوەی سکاڵای تایبەت بە نایاساییبونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، کارەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیش رابگیرێت.
د.یوسف محەمەد سادق، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق لەبارەی رەتکردنەوەی داواکارییەکەی لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە رایگەیاند، لە 7/ 11/ 2022 داوایەکی لەبەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کرد لەسەر نادەستوری بونی یاسای بەردەوام بونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان- عێراق ژمارە (12)ی ساڵی 2022. داواکە بە ژمارە (248/ فیدڕاڵی/ 2022) رێڕەوی دادبینیی خۆی وەرگرتوە.
وتیشی، "پاساوی دادگا بۆ رەتکردنەوەی دەرکردنی فەرمانە سالارییەکە بریتییە لەوەی کە دەرکردنی فەمانەکە سیفەتی پەلەی نییە، وا لێک ئەدرێتەوە کە بڕیاری پێشوەختە بێت سەبارەت بە داوا سەرەکییەکە کە بریتییە لە نادەستوری بونی یاسای تانەلێدراو و درێژ کردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان".
لە وەڵامیشدا دادگای فیدڕاڵی بڕیاری خۆی سەبارەت بە داوا ھاوپێچەکەی د.یوسف محەمەد سادق بڵاوکردۆتەوە و تیایدا دەرکردنی فەرمانی سالاریی رەتکردەوە بۆ وەستاندنی کاری سەرۆکایەتیی پەرلەمان تا دەرچونی دوا بڕیاری دادگا سەبارەت بە کۆی داواکە لەسەر "نادەستوری بونی درێژ کردنەوەی ماوەی پەرلەمان."

