تاوەکو ئێستا ١١٨ کورد لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتدا کوژراون
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ژمارەی ئەو هاوڵاتیە کوردانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیراندا کوژراون، گەیشتە ١١٨ کەس.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو، نوێترین ئاماری کوشتنی هاوڵاتیە کوردەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکە، لەسەرەتا خۆپیشاندانەکانەوە کە لە ١٦ی ئەیلولەوە، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی شاری سەقز لە تارانی پایتەختی ئێران، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە، دەستی پێکردووە، ١١٨ هاوڵاتی کورد کوژراون. رێکخراوەکە دەڵێت، لەو ژمارەیە، حەوت کەسیان ژن و ١٥ کەسیان منداڵان. هەروەها ٣٦ کەس لە هێزە ئەمنیەکانی دەوڵەتی ئێرانیش لە شارە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون.
رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی کورد دەستگیرکراون کە ١٥٢ کەسیان ژن و ١٠٨ کەسیان منداڵ، ٦٠ کەس خوێندکار و ٢٩ کەسیشیان مامۆستان.
ئاماژەشی بەوەکردووە، خۆپیشاندانەکان لە ٤٥ شار و شارۆچکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و بە تایبەتی لە ٢٧ زانکۆ، هەموو رۆژێک چالاکی و خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێن.
هەرچەندە، چالاکوانان باسی ئەوە دەکەن کە ئاماری کوژراو و دەستگیرکراوەکانی، خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری رۆژهەڵات و ئێران لە ئامارە فەرمیەکان زۆر زیاترە، بەڵام رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران دەڵێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی ٤٢٠ کەس کوژراون و نزیکەی ١٨ هەزار کەس دەستگیرکراون.
