تورکیا تاکە کارگەی غازی ماڵانی رۆژئاوای وێران کردووە و لە رۆژئاوا غاز دەست ناکەوێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا کارگەی غازی سوێدای سەر بە شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستانی وێران کردووە کە تاکە کارگەی غازی باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە کە غاز بۆ ماڵان دابین دەکات و لە ئێستادا رۆژئاوا بێ غازە.
عەگید عەبدولمەجید بەڕێوەبەری کارگەی سوێدا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هاوارنیوز ئاماژەی بەوەکرد، کارگەی غازی سوێدا جگە لەوەی تاکە کارگەی دابینکردنی غازی ماڵانە لە سەرتاسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها ١٣٠ مێگاوات کارەبای بەرهەم دەهێنا و بەو هۆیەو کارەبای چەندین شار و ناوچە پچڕاوە.
عەگید عەبدولمەجید دەڵێت، کارگەی سوێدا، کارگەیەکی کۆنە و ئێدی هیچ کارگەیەکیش نییە پارچە شکاوەکانی کارگەکە نۆژەن بکاتەوە و وتی، " داوایان کردووە پارچە شکاوەکانی کارگەکە لە دەرەوەی رۆژئاوا هاوردە بکرێن، بەڵام ماوەی دوو ساڵی دەوێت کە کارگەکە نۆژەن بکرێتەوە و ئەوەش کێشەیەکی گەورە بۆ هاوڵاتیان دروست دەکات."
ناوبرا دەڵێت، لەئیستادا بە ناچاری پێویستە، غازی ماڵان لە دەرەوەی هاوردە بکرێت کە ئەوەیش پارەیەکی زۆری دەوێت و تێچوویەکی پێنج ئەوەندەی پێویستە.
ئەمەشلەکاتێکدایە لە ١٩ تاوەکو ٢٣ی تشرینی دووەم، دەوڵەتی تورکیا جیاواز لە هێرشەکانی پێشووتر، ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری رۆژئاوای کوردستانی کردە ئامانج و چەندین، پاڵاوگە، قۆتابخانە و نەخۆشخانەی وێران کرد.
