هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دووپات لە پاراستنی سەروەریی عێراق دەکاتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دووپات لە پاراستنی سەروەریی عێراق دەکاتەوە و دەڵێت، نابێت رێگە بدرێت خاکی عێراق بۆ بەئامانجکردنی وڵاتانی دراوسێ بەکاربێت. هاوکات لەبارەی وەزیرانی ژینگە و ئاوەدانکردنەوە بڕیاریدا.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 28-11-2022، کۆبوونەوەی خولیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانێتییەکە لەوانەش پارتی و یەکێتی، لەبارەی چەند پرسێک لەنێویاندا داواکارییەکانی کورد لە حکومەتی نوێ، لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا بەڕێوەچوو.

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند نابێت رێگە بدرێت خاکی عێراق بۆ بەئامانجکردنی وڵاتانی دراوسێ بەکاربێت، و وتیشی دیالۆگ و کۆبوونەوە لە ئاستی باڵادا هەیە، بۆ رێگری لە پێشلکردنی سەروەریی عێراق لەلایەن هەر لایەنێکی دەرەکییەوە

هاوکات لەبارەی وەزیرانی ژینگە و ئاوەدانکردنەوە بڕیاریدا  بە تەواوکردنی کابینەی وەزاریی و دانانی وەزیرانی ژینگە و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن. هەروەها هاوپەیمانییەکە گوێی گرت لە راپۆرتێکی گشتگیر لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەنجوومەنی نوێنەران، تاوتوێی وردەکاریی یاساکە کرا لە رووی سیاسی و تەکنیکییەوە. 

هاوکات خالید شوانی، ئەندامی شاندی یەکێتی و وەزیری دادی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت، دروستکردنەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـە کە لە ساڵی 2014ـەوە پەکیکەوتووە.

هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت گەورەترین هاوپەیمانیێتی پەرلەمانی عێراقە، پێکهاتووە لەو لایەنانەی زۆرترین کورسییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 بەدەستهێناوە، هاوپەیمانێتییەکە دوای کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمانی عێراق پێکهێنرا و پێکدێت لە چوارچێوەى هاوئاهەنگى، یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان، پارتى دیموکراتی کوردستان، هاوپەیمانیى سەروەرى، هاوپەیمانیی عەزم، بابلیون و چەند لایەنێکی دیکە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار