وریا غەفوری دوای شەش رۆژ بە بارمتە ئازاد کرا
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
یاریزانێکی کورد دوای دانانی بارمتە ئازاد دەکرێت و سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە ئەو یاریزانە ئامادە نەبوە بەڵێننامەی پشتیوانی نەکردنی لە ناڕەزایەتییەکان ئیمزا بکات.
پێگەی دەزگای دادی ئێران بڵاوی کردوەتەوە دوای لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی وریا غەفوری، یازیزانی ناوداوری کورد دادگای تاران بڕیاری داوە بە مەرج ئازاد بکرێت. دەزگای داد بە بارمتە بڕیاری ئازادکردنی ئەو یاریزانە کوردەی داوە کە شەش رۆژ پێش ئێستا بە تۆمەتی پشتیوانیی لە خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیر کرابو.
دوای دەستگیرکردنی غەفوری، بەڕێوبەری یانەکەی ئەو یاریزانە دەستی لەکارکێشایەوە و یانەی فولادی خوزستانیش لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی دەستگیرکردنی یاریزانەکەی کرد و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی کرا.
دەستگیرکردنی وریا غەفوری یاریزانی پێشوی تیپی تۆپی پێی ئێران ناڕەزایەتیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بە تایبەت کە ئەو یاریزانەی خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاترین پشتیوانیی لە خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکان دەکرد و بنەماڵەی کەسوکاری کوژراونی ناڕەزایەتییەکانیشی بەسەر دەکردەوە.
