راگەیەندراوی مانگی ئەیلولی سی پی تی لەبارەی ئۆجالانەوە بە درۆ دەخرێتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پارێزەرانی ئۆجالان راگەیەندراوێکی سی پی تی بە درۆ دەخەنەوە کە دەڵێت لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا چاویان بە عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە کەوتووە.
نوسینگەی یاسایی سەدە کە لە کۆمەڵێک پارێزەر پێکدێت و ئەرک و بەرپرسیاری کاروباری یاسایی و بەرگریکردنیان لە عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەستۆدایە، وڵامی راگەیەندراوێکی کۆمیتەی رێگرێکردن لە ئەشکەنجەی سەر بە یەکێتی ئەوروپا (سی پی تی) دایەوە کە وتبووی، لە زیندانی ئیمڕالی چاویان بە ئۆجالان کەوتووە.
لە راگەیەندراوەکەی نوسینگەی یاسایی سەدەدا هاتووە: "بەڕێز ئۆجالان و بەڕێزان عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش و حامیلی یڵدرم کە موەکیلی ئێمەن، لەنێو زیندانی ئاسایشی باڵای ئیمڕالیدا لەدۆخێکی سەخت و گۆشەگیریدان و لەگەڵ ئەوەی چەندین جار داوامان کردووە، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکەین، بەڵام داواکاریەکانمان قبوڵ نەکراون."
نوسینگە یاساییەکە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بە راگەیەندراوێکی کۆمیتەی رێگرێکردن لە ئەشکەنجەی سەر بە یەکێتی ئەوروپا (سی پی تی) کردووە کە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بڵاویکردووەتەوە. سی پی تی رایگەیاندبوو کە ئەندامانی شاندێکیان چاویان بە ئۆجالان کەوتووە و لە دۆخی زیندانی ئیمڕالیان کۆڵیەوەتەوە. بەڵام نوسینگەی یاسایی سەدە ئەو راگەیەندراوەی بە درۆ خستەوە و وتی، " سی پی تی راستە سەردانی ئیمڕالی کردووە، بەڵام ئۆجالان ئامادە نەبووە، چاوی بە ئەندامانی شاندەکە بکەوێت و هیچ چاوپێکەوتن و دانوستانێک لەنێوان ئۆجالان و سی پی تیدا ئەنجام نەدراوە."
عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە کە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ لە نایروبی پایتەختی کینیا دەستگیرکرا و بۆ تورکیا گەڕێندرایەوە ٢٣ ساڵە لە زیندانی ئیمڕالیدا بەندکراوە.٣ ساڵە پارێزەرانی ناتوانن مافی یاسایی خۆیان بۆ بینینی موەکیلەکەیان بەکاربهێنێت. دوایین چاوپێکەوتنی ئۆجالان و پارێزەرانی لە ٢ی ئایاری ٢٠١٩ ئەنجامدرا.
