هاوسەرۆکی هەدەپە: ئامانجی ئۆپراسیۆنی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا لەناوبردنی پێگەی کوردە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
میدحاد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، هەموو هێرشێکی دەرەوەی سوپای تورکیا بۆ دەرەوەی سنورەکانی تورکیا رەت دەکەنەو و وتی، " ئامانجی ئۆپراسیۆنی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا لەناوبردنی پێگەی کوردە."
میدحاد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە کۆبوونەوەی فراکسیونی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، دژایەتی پارتەکەی بۆ ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنوری، سوپای تورکیا دەربڕی و رایگەیاند، دەسەڵات قازانج لە شەڕ دەکات و ئەوەی زیانی بەردەکەوێت، گەلان، کۆمەڵگا، دیموکراسی و ئازادیەکانن. دەسەڵات هەوڵ دەدات هەموو کێشەکان بە توندوتیژی چارەسەر بکات."
سانجار دەڵێت،"ئەو ئۆپراسیۆنانەی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێکردووە، دوو ئامانجی سەرەکییان هەیە. ئامانجی یەکەم بریتییە لە لەناوبردنی پێگەی کورد و دووەمیان، هەنگاوێکی دەسەڵاتە بۆئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی زیاتر بەدەست بهێنێت."
سەبارەت بە پێشنیازی هەموارکردنەوەی دەستووری بنەڕەتی کە دوێنێ، شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆن بڵاویانکردەوە، هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوەکرد، زۆر بابەتی ئەرێنی تێدایە، بەڵام کاتێک سەیری کۆی گشتی پێشنیازی هەموارکردنەوەی دەستوور دەکەیت، دەبینیت ئەم پێشنیازانە ناتەواو و لاوازن، بۆ دیموکراسییەکی ڕاستەقینە و بەهێز."
میدحاد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) باسی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵیشی کرد کە ١٣ی ئەم مانگە رویدا و وتی، " زانیاری و داتای نوێ ئاشکرا بوون. پەیوەندی تەلەفونی نێوان بەرپرسێکی مەهەپە و ئەو ژنەی تەقینەوەکەی ئەنجامدا، ئاشکراکرا، بەڵام زوو کپکرانەوە. لێرەدا دیارە کە سیناریۆیەکی تاریک هەیە. هیچ هەڵوێستێکیش بۆ ئاشکراکردنی راستیەکان دەرنابڕدرێت و ئەوەش جێگەی گۆمانە."
جێگەی باسە هەر ئەمڕۆ ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند، هەموو سات و کاتێک، دەکرێت، سوپای وڵاتەکەی دەست بە ئۆپەراسیۆنی سەر رۆژئاوای کوردستان بکات.
